ناونیشان: گۆڕان ببێتەوە ئۆپۆزیسیۆن
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #31-10-2016#
ئەو هێرشەی ڕۆژانی ڕابردوو میدیای گۆڕان کردیانە سەر #مەلا بەختیار# سەیر نەبوو. بۆ ئەوانەی وا تێگەیشتبوون گۆڕان مۆدێلێکی نوێی حیزبایەتییە و تەنیا هەر ئەوە نییە کە ناوی ئۆرگانە کۆنەکانی گۆڕیبێت، ئەوە سەلما کە حیزبی کوردی ناوی پارتی بێت یان یەکێتی یان گۆڕان هەر یەک شتە: کۆمەڵێک کەسن خۆیان لە کۆمەڵێک کەسی دیکە بە شایستەتر دەزانن کە دەسەڵات و دارایی ئەم میللەتەیان بکەوێتە دەست و بەکەیفی خۆیان تەخشانی بکەن. ئەگەر وانییە مەلا بەختیار چیی گوتبوو کە حیزبێکی گۆڕانخواز وا لێی بووە ورچی بریندار؟
پوختەی قسەکانی مەلا بەختیار دوو شت بوون: یەکەمیان، ئەوەی ئەم قەیرانە سیاسییەی لە کوردستان درووست کرد، ڕاستە بەشێکی پارتی بوو، بەڵام بەشە گرنگترەکەی سەرۆک پەڕڵەمانێکی لامل بوو کە ڕەنجی شەونخوونیی حیزبەکانی لە دانووستاندا بە یەک کاژێر بەبا دا. دووەمیش، ئەو نموونەی پەڕڵەمانتاربوونەی کە پێیوایە دەتوانێ لەسەر حیسابی حیزبێک بگاتە پەڕڵەمان و لەوێش حیسابی توورێکی تەڕی پردێ بۆ حیزبەکەی نەکات، لە دیموکراسیترین دیموکراسییەکانی دنیاشدا جێگەی نابێتەوە و نییە.
مەلا بەختیار لە هیچییەک لەو دوو شتانەدا قسەی ناڕاستی نەکردووە. کەسانی نزیک لە کاک نەوشیروان پێیانگوتم ئەویش ڕۆژی 19ی ئاب نەیدەویست کۆبوونەوەی پەڕڵەمان بکرێت، بەڵام سەرۆکی پەڕڵەمان قسەی هەموانی ڕەتکردبووەوە و ئەوەی کرد کە بینیمان دەرهاویشتەکەی چی بوو. یەکێک لە سادەترین دەرهاویشتەکانیش ئەو کۆچە بەکۆمەڵە بوو کە بەهۆیەوە دەیان کورد بوونە خۆراکی دەریا.
من هەمیشە پێم گرنگ بووە گۆڕان هەبێ و ئێستاش پشتیووانی لە مانەوەی گۆڕان و جووڵانەوەی هاوشێوە لە کوردستان دەکەم، بەڵام هێشتاش تێناگەم بۆچی گۆڕان بوونەوە بە ئۆپۆزیسیۆنی جاران هێندە بەزەحمەت دەزانێت. ڕاستییەکەی نابێ چیدیکە کوردستان بەهۆی خۆپێکەوەگرێدانی پارتی و گۆڕان لەو چەقبەستووییە سیاسی و یاساییەدا بژیت کە ئێستا تێیدا دەژیت. مادام ئەو دوو حیزبە ناتوانن پێکەوە کاربکەن و ڕەنگە لایەنی دیکەش هەبن کە وەک گۆڕان بن، ناکرێ حکومەت بەهۆی ئەو ناکۆکییانەوە پەکی بکەوێت.
سیناریۆی گونجاویش، وەک چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پێشنیازم کردبوو و ئێستا مەیلیش بۆ جێبەجێکردنی هەیە، ئەوەیە کە پارتی و یەکگرتوو و ناوەندی بڕیار سەرلەنوێ ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ فەرمانڕەوایی بکەن و گۆڕان و کۆمەڵ و ڕەنگە باڵی زۆرینەی یەکێتیش ببنە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و چاودێریی حکومەت بکەن. [1]