ناونیشانی بابەت: دەشتی کەڵهوڕی: سروودی (نیشتمان) دوابەرهەمی هونەرییم نابێ بۆ کوردستانەکەم
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
هونەرمەندی سترانبێژ #دەشتی کەڵهوڕی#، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ خزمەت بە هونەری گۆرانیی کوردی دەکات. هونەرمەندەکە جگە لە گۆرانیی عەشق و ئەوینداری، چەندین بەرهەمی سروود و گۆرانیی بۆ پرسە نیشتمانییەکان و کارەساتەکانی ئەنفال و #هەڵەبجە# و کۆبانی گوتووە و لە چەند ڕۆژێک پێش ئێستاشدا، تازەترین بەرهەمی هونەریی خۆی، کە دووەمین سروودە بۆ خاک و نیشتمانەکەی، دەچڕێت و پێشکەش بە وڵاتەکەی دەکات.
سەبارەت بەم بابەتە، دەشتی کەڵهوڕی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی دەنگخۆش، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بۆ (باسنیوز) گوتی: ” (سروودی نیشتمان) دووەمین بەرهەمی هونەریمە بۆ وڵاتەکەم، کە بەتایبەت پێشکەشی نیشتمانی بکەم و بۆ خاک و جوانییەکانی نیشتمانەکەم دەیچڕم و بەرهەمێکە تەواو جیاوازە لە کارەکانی پێشوومدا.
هونەرمەندەکە ئاماژەی بەوەش کرد: ئەم سروودە بەرهەمی ماندووبوونی یەک ساڵمە، کە خۆشبەختانە لە 17ی 5ی 2023، لەسەر خەرجیی تایبەت بە خۆم بڵاو کرایەوە. ئەم سروودە لە هۆنراوەی سەید نووح عینایەتییە کە خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ئاواز و گوتنەوەی خۆمە و محەمەد سادقی، میکس و ماسترینگی بۆ بەرهەمەکەم کردووە، بەرهەمەکە لە شاری تاران کاری موزیکی بۆ کراوە و دابەشکردنی موزیک لەلایەن سەعدی فەیزییەوە بووە و ئەحمەد ڕەمەزان کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. خۆشبەختانە دوای بڵاوبوونەوەی، لەلای خەڵک بەگەرمییەوە پێشوازیی لێ کرا.
لە کۆتاییدا دەشتی کەڵهوڕی گوتیشی: ئەم سروودە نابێتە دوا بەرهەمی هونەریم بۆ وڵاتەکەم، بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا بەرهەمی جوانتر پێشکەش بە وڵاتەکەم دەکەم، چونکە بۆم گرنگە وەک هونەرمەندێک بە بەرهەمی هونەری خزمەتی خاکی #کوردستان# بکەم و هیوادارم خەڵکی وڵاتەکەم بە ڕێژەیەکی زیاتر پێشوازیی لە سروودە نیشتمانی و کوردستانییەکان بکەن.
$بیۆگرافیای هونەرمەند$
هونەرمەند ناوی عەلی حەسەن مەلا ئەحمەدی کەڵهوڕییە، لە عاشقبوونی بۆ مەقامی دەشت، ناوە هونەرییەکەی بە دەشتی هەڵدەبژێرێت و لەبەر ئەوەی لە هۆزی کەڵهوڕە، ناسناوی (کەڵهوڕ) بۆ تەواوکەری ناوەکەی دادەنێت و چەندین ساڵە لەنێو خەڵکدا بە هونەرمەند (دەشتی کەڵهوڕی) ناسراوە. دەشتی، لەدایکبووی شاری کەرکووکە، بەڵام لە کەلار ژیانی بەسەر بردووە و ماوەی زیاتر لە 24 ساڵە لەدەرەوەی وڵات دەژی. دەشتی کەڵهوڕی هەر لە منداڵییەوە هەست بە سەرهەڵدانی هونەری گۆرانیبێژی لەنێو ناخی خۆیدا دەکات و هەر لەو کاتەوە لەنێو خێزان و هاوڕێیانی گۆرانیی دەچڕێت، بەڵام ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بە شێوازێکی تەواو دەستی بە هونەری گوتنی گۆرانیی کردووە و زۆربەی کارە هونەرییەکانیشی نیشتمانیین. ئێستا یەکێک لە گۆرانیبێژە بەنێوبانگەکانی کوردە، کە لە بواری کلاسیک و پۆپیی کوردیدا کار دەکات. سەرەتای دەرکەوتنی دەشتی لە ڕێگەی تیپی سەمفۆنیای هوڵەندییەوە بووە کە لەو کاتەدا پێکەوە چەندین گۆرانیی فۆلکلۆری کوردییان لە ڕۆژی نەورۆزدا پێشکەش کردووە، وەک (ئەمشەو شەوی بەراتە) و (دوێنێ تا درەنگ) . کۆی بەرهەمە هونەرییەکانی کەڵهوڕی 24 بەرهەمە، کە تا ئێستا زیاتر لە 16 دانەیان کلیپیان بۆ کراوە. دەشتی کەڵهوڕی بە زمانی کوردی و بە زاراوەی سۆرانی و بادینی و کەڵهوڕی گۆرانیی گوتووە، کە زۆربەیان لە ئاوازی خۆیەتی و تێچووی زۆربەی گۆرانییەکانیشی لە ئەستۆی خۆی بووە. جگە لەمە، کەڵهوڕی شیعر دەنووسێت و چەندین ئامێری مۆسیقا دەژەنێت، وەک (تار، سێ تار، عوود) ، هەرچەندە کەڵهوڕی دوورە لە وڵات، بەڵام هەمیشە لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانی خزمەتی وڵاتەکەی کردووە و تازەترین بەرهەمی هونەریشی سروودێکە بە ناوی (نیشتمان) ، کە بۆ خاک و نیشتمانەکەی گوتووە و پێش چەند ڕۆژێک بڵاو کرایەوە، پێشتریش دەشتی کەڵهوڕی چەند سروودێکی بۆ ئەنفال و هەڵەبجە و کۆبانێ بڵاو کردووەتەوە.[1]