ناونیشان: پارتی و گۆڕان ڕێکناکەون
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #28-11-2016#
گەڕێکی نوێی سەردانی نێوان لایەنەکانی باشووری کوردستان دەستپێدەکاتەوە. شەقام حەماسێکی وای بۆ ئەو سەردانانە نییە، چونکە کۆبوونەوەی زۆر کران و ئەنجامیان نەبوو. ئینجا کێشەی بژێوی و بێ کارەبایی و بێ ئاوی خەمی لەپێشتری خەڵکن و کەم کەس هەیە بڕوای بەوە هەبێت کە ڕێککەوتنی حیزبەکان بتوانێ کێشەی ژیانیان بە کونفەیەکوونێک چارەسەر بکات. بەڵام دیسانیش ناکرێ و نابێ دەستپێکردنەوەی ئەو سەردانانە بەبێ باسکردن و شیکردنەوە تێپەڕن.
ئەوەی کە پارتی دەچێتە لای لایەنەکان دەستپێشخەری نییە، چونکە هەر دەبووایە وابێت. پەیامی کاک مەسعود، ڕاستە وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، بەڵام سەرۆکی پارتیشە و ئەگەر حیزبەکەی خۆی بەرنامەی بۆ بەکردەوەکردنی نێوەڕۆکی پەیامەکە نەبێ، حیزبەکانی دیکەش نایانبێت.
بەڵام پارتی ئەم جارە لە پێگەی هێزەوە دەست بە دانووستاندن دەکاتەوە: لەلایەکەوە لە شەڕی دژی #داعش#دا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی براوەیە و ناوچەیەکی فراوان، بە #شنگال# و باشیکیشەوە-ی کەوتووەتەوە دەست. بەمەش سنووری قەڵەمڕەوی زۆر فراوان بووە. لەلایەکی دیکەشەوە تەجرەبەی دوو ساڵی ڕابردوو دەریخست کە بۆ نموونە گۆڕان ناتوانێ سیستمی سیاسی لە کوردستان پەکبخات، بەڵام ئەگەر حیساب بۆ پارتی نەکرێت، پارتی دەتوانێ حیزبی دیکە لە سیستمەکە بکاتە دەرەوە و بەردەوامیش بێت لە فەرمانڕەوایی.
هێندەی لە قسەی ژێر لێوی بڕیاردەرانی پارتی تێگەیشتبین، جارێکی دیکە ئەو حیزبە و گۆڕان بە سواری یەک کەشتی ناچنەوە نێو دەریا پڕ شەپۆلەکەی فەرمانڕەوایی لە کوردستان. ئەو ڤیتۆیەی پارتی لەسەر ڕێککەوتنی فراوان بەبەشداریی گۆڕان دایناوە، بۆ نموونە یەکێتی ناتوانێ لەسەر پارتی دایبنێت. هەروەها ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕانیش هێندە کەمی لێ جێبەجێ کراوە کە ڕەنگە سبەی یەکێتی دنیایەک پاساوی بەدەستەوە بێت بۆ ئەوەی بەبێ گۆڕان سواری کەشتییەکە بێت.
گرنگترین پاساو ئەوەیە کە ڕەنگە ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر حوکمڕانی بەشێکی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی چارەسەر بکات. ئەویش بەوەی کە باڵی ناوەندی بڕیار لە پشکی یەکێتی لە پۆستەکانی #هەولێر# بەشی چاکیان پێبدرێت و باڵی زۆرینەش لە #سلێمانی# بە هەژموون و دەسەڵاتی خۆیەوە بمێنێتەوە. ئەوکات نە ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی لە سلێمانی پێشێل دەکرێت و نە هەولێریش لەلایەن یەکێتییەوە بەیەکجاری ڕادەستی پارتی دەکرێت.
هەروەها وەک لە ڕاگەیەنراوەکەی کۆمەڵدا دەرکەوت، ئەو حیزبەش خۆی بە گۆڕانەوە نابەستێتەوە و وەک حیزبێکی خاوەن بڕیار دەیەوێ دانووستاندنی سەربەخۆی لەگەڵ پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی دیکەدا هەبێت بۆ ڕێککەوتنی نوێ لەسەر فەرمانڕەوایی لە کوردستان. پارتیش لەسەرەتاوە هەروا مامەڵەی لەگەڵ کۆمەڵ کردووە و وەزیرە سەرکەوتووەکەی ئەوانی وەکوو وەزیرەکانی گۆڕان نەناردەوە ماڵەوە. بەپێچەوانەوە ڕۆڵی تۆختریش بووەوە. بۆیە ڕێی تێناچێت کۆمەڵ ئەگەر لە کۆتاییدا ناچاربوو هەڵبژێرێت، لەجیاتی سواربوونی کەشتییەکە، بیر لە بژارەی دیکە بکاتەوە.
لەو نێوانەدا یەکگرتوو پێگەیەکی تایبەتی هەیە. ئەو حیزبە لەوەتەی هەیە زۆرتر لە بارهەڵگرێک چووە کە باری شووشەی پێیە و دەیەوێ لە کەمترین تاسە بدات بۆ ئەوەی کەمترین شووشەی بشکێ. لە دانووستاندنەکانیشدا چاوەڕوان دەکرێت هەر وابن. واتە نە دڵی پارتی دەشکێنن و نە دڵی گۆڕانیش.
بەڵام لە کۆتاییدا لەنێوان گۆڕان و پارتیدا، بژارەی دووەمیان هەڵدەبژێرن. ئەوەی کە پارتی یەکەمجار سەردانی یەکگرتوو دەکات، دەکرێ دوو هۆکاری هەبێت: یەکەم، پاش ڕووداوی کوژرانی کادیرە باڵاکەی یەکگرتوو، پارتی هەموو هەوڵێک دەدات دڵی یەکگرتوو ڕابگرێت و پێشیوایە کوشتنی کادیرەکە بۆ لەباربردنی ئەو لێکتێگەیشتنە نوێیەیە کە دوای هاتنی سەڵاحەدین بەهائەدین وردەوردە خەریکە لەنێوان پارتی و یەکگرتوودا درووست دەبێت.
بەکوورتییەکەی وەک کورد دەڵێت: مانگ لە سەرلەئێوارەوە دیارە. هەوڵی پارتی لە دەستپێکردنی ئەم دانووستاندنانە ئەوەیە کە ڕێککەوتنێکی نوێ بکات و گۆڕانی یان تێدا نەبێت، یان گۆڕانێکی تێدابێت کە بە مەرجەکانی پارتی ڕازی بێت. ئینجا دەکەوێتە سەر حیزبەکانی دیکە، بەتایبەتیش یەکێتی، کە گرێکوێرەکە دەکەنەوە یان توندتری دەکەن. [1]