ناونیشان: چاویلکەی تاران لە چاوی ئەنقەرەیە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #09-01-2017#
سەرۆکوەزیرانی تورکیا و شاندێکی باڵای دەوڵەتەکەی هاتنە #هەولێر# و کاربەدەستانی کوردستان پێشوازییەکی پرۆتۆکۆڵیی دەوڵەتییان لێکردن. ئەو وێنانەی لە ژووری کۆبوونەوەکانیانەوە هاتنە دەرەوە وایان پیشاندا کە بڕیارسازانی دوو دەوڵەت پێکەوە دانیشتوون نەک دەوڵەتێک و هەرێمێک. بۆچی ئەنقەرە لە پێشوازیی شاندی کوردستان ئاڵای کوردستان دادەنێت و پێشی ئاساییە لە هەولێر جڤینەکانی بە میدیایی بکرێن، بەڵام تاران ئەمە ناکات؟
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە چل ساڵەی تەمەنی نزیک دەبێتەوە، چل ساڵی ڕێکە پەیوەندی لەگەڵ شۆڕشی باشووری کوردستان هەیە. هاوکارییەکانی ئەو دەوڵەتە بۆ حیزبەکانی باشوور بە هەر مەبەستێک بووبێت، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە هێندەی تاران سەرکردایەتیی باشوور دەناسێت، هێندە ئەنقەرە نایانناسێت.
کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا، ئەو مامەڵە ئەرێنییەی ئێران لەگەڵ حکومەتدا کردی، بە مامەڵەی نەرێنی و هیسترییانەی ئەنقەرە بەراورد ناکرێت. هەر لەسەرەتاوە مەتڵەبی هەردوو پایتەخت ڕێگەگرتن و سەرکوتکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بوو. بەڵام تاران لەوە واوەتریش ڕۆیشت و دەستی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەردەدا. لە ساڵانی شەڕی براکوژیدا ڕۆژێک لای پارتیی دەگرت و ڕۆژێک دەبووە پشتیووانی یەکێتی. هەندێکجاریش هەردوولای بەرانبەر یەکدی ڕادەگرت و نەیدەهێشت کەسیان لەوی دیکەیان بەهێزتربن. زووزووش شاندی سەرکردایەتییەکانیانی لە تاران و #ورمێ# و #کرماشان# کۆدەکردنەوە و هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە.
ئەجێندای تورکیا لەسەرەتاوە لە دەوری لێدانی #پەکەکە# لە باشوور و کەمێکیش پاراستنی مافی تورکمانەکان دەخولایەوە. ئەوەبوو پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی حکومەتی کوردستان و لەسەرەتای نەوەتەکاندا پەکەکەیان بە شەڕ لە سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیا دوورخستەوە و هێنایانن بۆ سنووری دەوڵەتی ئێران لەدیوی پشدەر.
ململانێی نێو دەسەڵاتە جیاوازەکان لە تاران ڕەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەو دەوڵەتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە. بۆیە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا جار هەبووە سوپای پاسداران ئەجێندایەکی بۆ باشوور هەبووە کە وایکردووە لە یەکێتی نزیک ببێتەوە و وەزارەتی ئیتیلاعاتیش ئەجێندایەکی دیکەی هەبووە و وایکردووە لە پارتی نزیک ببێتەوە. هەندێکجاریش بەپێچەوانەوە بووە.
تورکیاش پەیوەندیی لەگەڵ پارتی و یەکێتی و حیزبە تورکمانییەکان بەهێز بووە. بنکەی ئینجەرلیکیش ئەو شوێنە بوو کە هەرێمی کوردستانی لێوە دەپارێزرا، بەڵام ئەوەی بەر لە هاتنی ئاکەپە بۆ حوکمڕانی، بە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلدا تێپەڕیبێت و بە حاجی ئۆمەرانیشدا چووبێتە ئەودیو، دەزانێ جیاوازیی مامەڵەی فەرمیی هەردوو دەوڵەت ئاسمان و ڕێسمان بووە.
لەم ساڵانەی دواییدا هەموو وێنەکە پێچەوانە بووەوە. ئەنقەرە پەیوەندیی ئابووری و سیاسی و تەنانەت پەروەردەیی و فەرهەنگیی خۆی گەیاندە ئاستێک لەگەڵ هەولێر کە چیدیکە بەوەی تاران بەراورد ناکرێت. ئێستا ئەنقەرە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی کوردستاندا دەکات و قازانجیشی لێدەکات، بەڵام تاران بەجێماوە و هێشتا لەجیاتی حکومەتی کوردستان، مامەڵەی زۆرتر بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی لەگەڵ حیزبەکان دەکات.
خاڵە هاوبەشەکانی هەولێر و تاران زۆرزۆرتر بوون لەوانەی هەولێر و ئەنقەرە، بەڵام تاران چاویلکە کۆنەکەی ئەنقەرەی بۆ سەیرکردنی هەرێمی کوردستان لەچاو کردووە و ئەنقەرەش چاویلکە کۆنەکەی تارانی پێیە. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە تورکیا بەفەرمیتر و بە قازانجی ئابووریی گەورەترەوە لە هەولێرە و تاران لەو نێوانەدا غائیبە. [1]