ناونیشان: ڕۆژاوا لەسەر کەلی شەیتان
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #16-01-2017#
ژمارەیەک کەسایەتیی عەشایەری ڕۆژاوای کوردستان داوایانکردووە پەیەدە و پارتەکانی نێو ئەنەکەسە و ئەوانی دیکە پێکەوە دابنیشن و ڕێبکەون. وەک بڵێی بۆنی ئەوەیان کردبێت کە ئەو گۆڕانکارییانەی ئەمساڵ لە سووریا و ڕۆژاوای کوردستان ڕوو دەدەن هی ئەوە نین ڕێگە بدەن نە پەیەدە لەسەر تاکڕەوییەکانی بەردەوام بێت و نە ئەنەکەسە و حیزبەکانی دیکەش بە دانیشتن و بێکاری لە هەولێر و ئیستەنبوڵ و عەنتاب بتوانن هیچیان بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە پێ بکرێت کە لە ڕۆژاوا درووستبووە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەو لایەنانە و بەتایبەتیش پەیەدە و ئەنەکەسە بەشی ئەوەندە ئیرادەیان بەدەست خۆیانە کە بتوانن پێکەوە خۆیان بۆ ئەو گۆڕانکارییانە ئامادە بکەن؟ یان هەر لە بنەڕەتدا تێگەیشتوون کە چ مەترسییەکیان لەسەرە؟
نەخشەی سەرلەنوێ داڕێژراوە لە سووریا و ڕۆژاوا وردەوردە خەریکە ئاشکرا دەبێت. تورکیا بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات تەنیا ئامانجی ڕێگەگرتن لە پێکەوەبەستنەوەی کانتۆنەکانی سەر بە پەیەدە نییە. ئامانجی ئەوەش نییە کە ڕێگە بگرێت لەوەی شانازیی دەرپەڕاندنی داعش لە ڕەققە بەتەنیا بەر هێزەکانی سووریای دیموکرات بکەوێت. هەروەها بەتەنیا ئەوەش نییە کە وابکات یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە سنووردار ببن.
ئامانجەکە لەوە فراوانترە و وەک دەردەکەوێت ئۆپۆزیسیۆنی سووریی سەر بە تورکیا چاوی لە کۆنترۆڵکردنی کانتۆنی عەفرینیشە و بۆ ئەمە موبارەکەی ڕووسیشی وەرگرتووە. نرخی ئەو موبارەکەیەش ئەو ڕێککەوتنە بووە کە تورکیا لەگەڵ ڕووسیا لەسەر حەڵەب و ناوچەکانی دیکە کردی. تورکیا لەمەدا زیرەکیی نواند، چونکە لەجیاتی ئەوەی لەسەر چارەنووسی پەیەدە و کانتۆنەکانی لەگەڵ ئەسەد ڕێککەوتن بکات، لەگەڵ ئاغای ئەسەد، کە پووتینە، ڕێککەوتنی کرد. بۆیە ئێستا مۆسکۆ ڕێگە بەخۆی دەدات لەجیاتی پەیەدەش قسە بکات و بڵێت پەیەدە بەشداری لە دانووستاندنەکانی ئاستانەدا ناکات.
ئەگەر هات و ئۆپۆزسیۆنی سووریای سەر بە تورکیا عەفرینی کۆنترۆڵ کرد و داوای لە پێشمەرگەی ڕۆژاوا کرد بچێتە ئەو ناوچانە و بیانپارێزێ، دەبێ ئەنەکەسە و پێشمەرگە چی بکەن؟ وەڵامەکە ڕوونە: ئەگەر پەیەدە پابەندی ڕێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک بووایە و پێشتر ڕێگەی دابووایە ئەنەکەسە بەبێ کێشە بەشداری لە حوکمڕانیی ڕۆژاوای کوردستاندا بکات و پێشمەرگە و شەڕڤان پێکەوە سوپایەکی یەکگرتوویان پێکهێنابووایە، ئەوکات پێشمەرگەی ڕۆژاوا هیچ پاساوێکی نەدەبوو بۆ شوێنگرتنەوەی یەپەگە لە عەفرین و ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا. بەڵام ڕەنگە ئێستا پێشمەرگەی ڕۆژاوا پاساوی ئەوەیان بەدەستەوە بێت کە هێزێکی شەڕدیتەن لە دژی داعش و کاتێک پێویست بکات ئامادەن خاکی ڕۆژاوای کوردستان بپارێزن و بەڕێوەی ببەن.
لەلایەکی دیکەوە لە شنگالیش کە هاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستان، هەم حکومەتی کوردستان و هەم حکومەتی ئێراق و هەم ئەمریکاش بەڕاشکاوی داوای دەرچوونی پەکەکە دەکەن لەو ناوچەیە. ئەمە دەبێ ڕووبدات و پێناچێ حکومەتی کوردستان لەو داوایەی پەشیمان ببێتەوە. بەوشێوەیەش کانتۆنەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەکەونە ژێر گەمارۆیەکی چڕتر لەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا تێیدا بوون.
ئەو زانیارییانەی لە دیمەشقەوە دێن، باسی ئەوە دەکەن کە حکومەتی سووریا لەئێستاوە ژمارەیەک کەسایەتی و لایەنی کوردیی دەرەوەی بەنهێنی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی لەسەر بەشداریکردنیان لە حکومەتێکی نوێی سووریدا دانووستاندنیان لەگەڵ بکات. وەک باس دەکرێ دیمەشق دەیەوێ بۆ ناو بەشداری بە هەندێک لایەنی لاوازی کوردی بکات و پشت لە ڕێککەوتنە تاکتیکییەکەی لەگەڵ پەیەدە و پەکەکە بکات.
بەوجۆرە بێت، ئەو قسەیە لە ڕاستی نزیک دەبێتەوە کە دەگوترا ڕووسیاش و ئەمریکاش پەیەدە بۆ ماوەیەکی کاتی لە شەڕی دژی داعش و دژی لایەنەکانی دیکەی شەڕی سووریا بەکاردەهێنن و هیچ گەرەنتییەک نادەنە ئەو کیانەی لە ڕۆژاوای کوردستان ئاوای کردووە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییەشدا، دەبێ بڵێین کەسایەتییە عەشایەرییەکانی ڕۆژاوای کوردستان پێشنیازێکی نیشتمانپەروەرانە و واقیعبینانەیان کردووە بۆ پەیەدە و ئەنەکەسە و لایەنەکانی دیکە. چونکە تاکە ڕێگە بۆ پاراستن و بەسەرپێوەهێشتنەوەی ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان ئەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتییەکی هەبێت نوێنەرایەتیی هەموان بکات و هەولێریش بتوانێت بەبێ سڵەمینەوە پشتیووانیی لێبکات. ئیتر دەبێ چاوەڕێ بین بزانین پەیەدە و ئەنەکەسە ڕێکدەکەون یان هەریەکەیان بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانەدا درێژە بە سوارییە کەللەڕەقانەکەی ساڵانی ڕابردوویان دەدەن لەسەر کەلی شەیتان و بەوهۆیەوە ڕۆژاوای کوردستان بەرەو هەڵدێر دەبەن. [1]