ناونیشان: ترەمپ گاڵ دەهێنێت یان پەمۆ؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #30-01-2017#
لەوەتەی شەڕی دژی #داعش# دەستی پێ کردووە، کورد شانازی بە یەک شتەوە دەکات، ئەویش ئەوەیە کە بەقەولی خۆی، لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەکات. بەڵام پێناچێ لە جیهانەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی نوێی ئەمریکادا حیسابێکی جیاواز بۆ کورد کرابێت. بۆیە لە یەکەم هەفتەی سەرۆکایەتییەکەیدا بڕیاری دا ئێراقییەکان، بە کوردیشەوە، بۆیان نییە سەردانی ئەمریکا بکەن.
واتە ئەو کوردەی ئەگەر خۆیشی پێشمەرگە نەبێ و کەسێکی نزیکی لە بەرەی شەڕ بێت بۆ ئەوەی لەجیاتی جیهان شەڕی تیرۆر بکات، لە چاوی ترەمپ و ئیدارەکەیدا لێی چاوەڕوان دەکرێت کە سەردانی ئەمریکای کرد، ببێتە تیرۆریست! هەر بەڕاست سەردەمی ترەمپ هیچ ڕەحمەتی بۆ کورد تێدا دەبێت؟
کاک #مەسعود بارزانی# لە نوێترین هەڤپەیڤینەکانییدا بەئاشکرا باسی ئاشنایەتی سەرکردایەتیی کوردستان و ئەندامانی ئیدارەکەی ترەمپ دەکات. کەسێکی ئاگادار پێیوتم: تەنانەت لەگەڵ ترەمپیش پەیوەندیی دۆستایەتی تووندوتۆڵ هەیە و سەرکردەیەکی ناسراوی کوردستان هاوڕێیەتی. بەڵام دوو شت گرنگن: یەکەم، سەرۆک ترەمپ لەگەڵ ترەمپی بازرگان چەندە جیاواز دەبێ و چەندەش پەیوەندییە کەسییەکان بە گرنگتر دەزانێ لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان؟ دووەمیش، ئەمریکای سەردەمی ترەمپ، کە بانگەشەی کەمتر سەرقاڵبوونی ئەمریکا بە کێشەکانی دەرەوە و زۆرتر خۆسەرقاڵکردن بە کێشە نێوخۆییەکان دەکات، تاچەند بەلایەوە گرنگ دەبێت کە کوردستان لەم ناوچەیەدا بپارێزێ و بۆ هەنگاوی ئاییندەیی گەورە پشتی بگرێت؟
شۆڕشی کوردستان بیرەوەریی تاڵی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکای سەردەمی حەفتاکاندا هەیە. خۆ ئەوکاتیش کیسینجەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دۆستی کورد بوو، بەڵام بەرژەوەندیی ئەمریکای پێ لە چارەنووسی شۆڕشەکەی مەلا مستەفا پێ گرنگتر بوو. ئێستا گەرەنتی چییە کە ترەمپ و تیلەرسن لە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمریکی و ڕووسیدا پشت لە کورد نەکەنەوە؟
لەم ماوەیەدا خەریک بوو پارتی و یەکێتی ڕێکدەکەوتنەوە. هاووڵاتیی هۆشیاری کوردستان دوو هەستی جیاوازی بۆ ئەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە هەبوو: یەکەم، ڕێککەوتنەکە دەیتوانی وڵات لەو قەیرانی حوکمڕانییە دەربهێنێت کە کوردستان تێیکەوتووە، دووەمین هەستیش ئەوەبوو کە نە پەراوێزخستنی گۆڕان کارێکی ڕاستە و نە بێمنەتیی پارتی و یەکێتیش وادەکات ئەو مەودا کەمەی ئازادی کە هەیە بمێنێ. وادیارە پاش دەستبەکاربوونی ترەمپ ئەو ئومێدە کەمتر بووەتەوە و پارتی و یەکێتی زۆر گەرم نەماون لەسەر ڕێککەوتن. هەندێک کەسی ئاگادار دەڵێن ئێران نایەوێ ئەو دوو حیزبە ڕێکبکەون، چونکە لە تاران بێمنەتتر و لە واشنتن نزیکتر دەبنەوە.
بۆ ڕۆژاوای کوردستانیش لە ئیدارەی ترەمپ چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵی دڵنیاکەرەوەی تورکیا و نزیککەرەوەی لایەنەکانی ڕۆژاوای کوردستان لەیەکدی ببینێت. ڕەنگە بۆیەش شاندێکی ئەنەکەسە بانگهێشت کرابێت بۆ واشنتن، تا لەو وردەکارییانە ئاگاداربکرێنەوە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ ڕۆژاوای کوردستان کردوونی بە پلان و بڕیار.
هێشتا زووە بەدڵنیاییەوە بڵێین ترەمپ ڕەحمەت دەبێ بۆ کورد یان زەحمەت، بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین کە ترەمپ لێی چاوەڕوان دەکرێت بەپێچەوانەی تەواوی سەرۆکەکانی ئەمریکا و ئیدارەکانیانەوە لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیکببێتەوە و شتی پێشبینینەکراو بکات. با چاوەڕێ بکەین و بزانین ئەوەی ترەمپ دەیکات گاڵمان بۆ دەهێنێت یان پەمۆ؟ [1]