چەرمۆ لانکەی شارستانییەت
#شوان خورشید#
شاری #کەرکووک# یان ڕەوا تر بڵێین ناوچەی کەرکووک جگە لە دەشتاییە بە پیت و فراوانەکەی بۆ کشتوکاڵ و سامانه ژێر زەویەکەی و ستراتیژی ناوچەکە لە ڕوی ئاڵوگۆڕی پیشەسازی و، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەبینین دەیان ناوچەی گرنگی پڕ لە شارستانییەتی لێ قوت بوەتەوە، کە دەرخەری مێژوی دێرینی شار و ناوچەکەیە وەک قەڵا و قشڵە و منارەی #داقوق# و قەیسەری و دەیان کڵێسە و مزگەوت و، باڵەخانەی جوانی بێ ئەندازە، لە هونەری پڕ لە چێژی بیناسازی، لێرەدا قەڵای جەرمۆ یان شوێنەواری چەرمۆ دەخەینە بەر دید، کە وەک هەمیشە نەک بۆ کەرکووک بەڵکوو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی جێگای شانازیە، چونکە بۆ یەکەم جار کشتوکاڵ لە چەرمۆ سەری هەڵداوە و، ژیان لەوێوە دەسی بەهەنگاو نان کردو.
قەڵای چەرمۆ لە چلەکان لەلایەن فەرمانگەی پاشماوە دێرینەکانی ئێراقەوە دۆزرایەوە، لە ساڵی 1948ی زاینی نێردەیەکی هاوبەشی شوێنە مێژوییە دێرینەکانی سەر بە ئامۆژگای ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا و زانکۆی هارفۆرد، بەسەرپەرشتی ئەندازیاری بە ئەزموون (ڕۆبەرد بریدوود) شارەزا لە زانستی نەژاد و شارستانی پێش مێژوو، سەرەڕای ئەوەی ئەندازیارێکی لێ هاتوی ئاوەدانی بوو، بە یارمەتیی (لیند بریدوود) هاوسەری کە پسپۆڕی هەبووە لە توێژینەوەی پاشماوە دێرینەکانی پێش مێژوو، لەگەڵ وێنەگری نێردە خاتوو (سارلوت ئۆتن) بە هاوکاری (فەرەج بەسمەچی) نوێنەری کارگێڕی پاشماوە دێرینەکانی ئێراق، ئەم گرووپەی نێردەکە بۆ توێژینەوە لە پاشماوەی چەرمو لە 24-05-1948 زاینی دەستیان بە لێکۆڵینەوەو پشکنین و هەڵکەندنی شوێنەوارەکە کرد، بە تایبەتی لە باکووری گۆشەی گردەکە، ماوەی هەفتەیەک کاریان لێی کرد، تا دووبارە لە ئەیلولی 1950ی زاینی دەست کرایەوە بە پشکنین و هەڵکەندنی شوێنەوارەکە بەردەوام تا ساڵی 1955، نێردەکە گەیشتنە ئەو ئەنجامەو بۆیان دەرکەوت ئەم شوێنەوار نشینە، لە 16 چینی نیشتەجێ بوون پێک هاتووە، بە جۆرێک تا قوڵای 23 پێ پاشماوەی کۆنی لێ دۆزرایەوە، قەڵای چەرمو پانزە کیلۆمەتر کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی #چەمچەماڵ# و 35کیلۆمەتر ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکووکەوە، لێرەدا پاشماوەی دێیەکی کۆنی لێ دۆزرایەوە بە ڕووبەری 1400مەتر چوارگۆشە، بەرزیشی لەسەر ئاستی دەشتاییەکەی دەوروبەری 23 پێیە، دوای دۆزینەوەی دەرکەوت کە ڕوبەرەکەی 90 بە140مەترە، لەبەرزترین لوتکەی گردێکەو کەوتۆتە نێوان ڕێگای سەرەکی کەرکووک – #سلێمانی# و دەستە چەپیشی ڕێگای چەمچەماڵ- سەنگاوە، پاشماوەکەی بە 7مەترە لە بەرزترین لوتکەی گردەکەی کە لەسەری بنیات نراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەوتۆتە سەر دۆڵێک یەکێک لە لقەکانی ڕوباری عوزێمی پیا تێدەپەڕێت ئەویش ڕوباری داقوقە، چەرموو واتە سپی تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لە ناوچەی چەمچەماڵ دێیەکی نیزیک بەم شوێنەوارە هەیە بە قەڵای چەرمو ناودەبرێت، سەبارەت بە دیاریکردنی مێژووی شارستانییەتی جەرموو، کە بە پشکنینی (ڕادیۆ کاربۆن ) ئەنجام دراوە مێژوەکەی بۆ ساڵی (6750) ی پێش زاین ئەگەڕێننەوە، بەڵام بەهۆی لێدانی تیشک لەسەر گوێچکەی ماسییەکانی ناوچەکە ساڵی (4750) پێش زاینی بۆ دانراوە، هەرچەند شارەزایانی بوارەکە، بەزۆری لەسەر ڕای یەکەم کۆکترن، لێکۆڵەرەوەکان توانیویانە 16 چینی ئاسەوار یان نیشتەجێی لێ بدۆزنەوە، هەندێک لە ئاسەوارناسان پێیان وایە ژمارەی ماڵەکانی چەرمۆ خۆی لە 50ماڵێک داوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی 300 کەسێک بوونە.
ڕای جیاواز لەو نێوەندەدا هەیە هەندێک لە شیکەرەوان پێیان وایە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 150کەس بوەو لەگەڵ ژمارەی خانوەکانیان 25 تا 30 خانویەک بووە، چەرمو بە یەکێک لە کۆنترین مەڵبەندەکانی مرۆڤ دادەنرێت لەم چەرخانەدا، کە (میتاڵ) واتە مەعدەن بەکار هاتووە، بە تایبەتی مسگەری و مس لێرەوە پەیدا دەبێت مرۆڤ پێی ئاشنا دەبێت، 16 چینی شارستانی لە چەرمو دۆزراوەتەوە کە هەر چینەی هی چەرخێکە، لە چینی یەکەوە هەتا چینی دە، هی سەردەمەکانی بەردە، واتاهەر بەرد بەکار هاتووە لە ژیانی ڕۆژانەیان دا، لە چینی یانزەوە گڵ پەیدا دەبێت، کەواتە چینەکانی دوای لە چەرخەکانی گڵ و میتاڵ دایە، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە لە چاخی بەردینەوە ئاوەدان بووە کە نیزیکەی دەهەزار ساڵ پێش زاین دەکات، بە گشتی چەرمو وێنەی لادێیەکی پێشکەوتو پڕ بە پیت و بەرەکەتی چەرخەکانی شەش، حەوت هەزار ساڵی پێش زاینە لە کەرکووک، یەکێکە لە کۆنترین شوێنە ئاوەدانەکانی جیهان، کە یانزە چینی ژێرەوەی هیچ شوێنەوارێکی گۆزەکاری تێدا نییە، ئەمەش سەردەمی کۆنی سەردەمی بەردینی نوێ دەگەیەنێ، کە دەتوانین بڵێین چەرمو دەچێتە سەر چاخی بەردینی نوێ، لە ڕوی ئابووری، چونکە نێردە هاوبەشە ئەمریکیەکە لە ئەنجامی هەڵکۆڵین و پشکنین بۆی دەرکەوتووە چەرمو لە 16 چینی نیشتەجێ بوون پێک هاتووە کە زیاتر لە 400ساڵی خایاندوە، لە چینی یەکەمەوە تا چینی یانزە چینی و قاپ و قاجاغی قوڕینی لێ نەدۆزراوەتەوە، ئەمەش سەرەتای نیشتەجێبوون لە سەردەمی بەردینی کۆن دەگەیەنێت، بەڵام پێنج چینەکەی کۆتای قاپ و قاچاغ و چینی سەخسی قوڕێنی لێ دۆزراوەتەوە، نزیکەی ملیۆنک پارچە دەبن، سێ یەکی ئەو پارچە دۆزراوانەی چەرمو ئێستا لە بەغدان و بەشێکیشیان بردرانە شیکاگۆ تا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە چینی هەرە ژێرەوەی قاپ و قاچاغی لە بەردەستێ و بەردی گڕکانی تورکی (زجاج الترکی) لێ دۆزراوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەرەخات کەوا شارستانییەتی چەرمو هەنگاوی بازرگانی بۆ دەوروبەر ناوە، بۆیە بە هەموو مانایەک دەگەینە ئەو ڕاستییە کەوا چەرمو ئەو مەڵبەندەی ناوچەی کەرکووکە بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە کاری کشتوکاڵی و پیشەسازی و تەنانەت نیشتەجێ بوونیش دا، سەرقافڵەی دەوروبەر بوونە، چونکە بۆ یەکەم جار لە مێژوی مرۆڤایەتی کشتوکاڵ لە چەرمو کراوە و پاشماوەکانی گەواهی ئەوە دەدەن کەوا پێشکەوتنیان لە چ ئاستێک دا بوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پڕۆفیسۆر (بریدوود ) بێت نەتەوەکانی چەرمو تەنیا لە ژورویی میزۆپۆتامیا گیریان نەخواردوە، بەڵکوو بڵاوبوونەتەوە بە گوێی ڕوبارەکان دا، بەرەو خوار بۆ داهاتنی گڵێنەو گڵ، جگە لەوە ناوچەی کەرکووک هەر لە ئاسۆی شارستانی بەردینەوە بەردەوام بوەو لێکپچڕانی تێدا نەبووە، شوێنێکی وەک چەرمو لە ناوچەی کەرکووک گەواهی ئەو ڕاستییەن، هەروەها لە ڕووی هونەری بیناسازی یان بیناکاری سەرەتایەک بوو تا گۆتی لۆلۆی و سۆمەری و ئەکەدی لە پێدەشتەکانی کەرکووک گەشەکردنێکی هونەری بیناکاری و، نەخش و نیگار ببێتە پیشەی خەڵکی ناوچەکە، بەهۆی ئەو شۆڕشە پیشەسازی و کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتییەی لە چەرمۆدا سەری هەڵدا، کە دەتوانین گونجانی باری ئاو هەوا بە کارێکی گرنگی گەشەکردنی هونەری بیناکاری دابنێن، چونکە ئەگەر ئاو و هەوای لەبار نەبوایە خەڵکی چەرمو بیریان لە هونەری بیناکاری نەدەکردەوە، ئەگەر زەویەکی بە پیت و پڕ لە بەرەکەتیان لە چەرمۆ شک نەبردایە بیریان بەلای کشتوکاڵەوە نەدەچو، بۆیە دەبینین وەک شارەزایانی ئەو بوارە لێکیان داوەتەوە چەرمو گرنگی خۆی هەبوە لە نەخشی ناوچەکەو پێشکەوتنەکانی ئەو سەردەمە.[1]