ناونیشان: ئاڵای کوردستان لە تاران
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #20-02-2017#
لەوەتەی کۆنسوڵخانەی سعودیە لە #هەولێر# کراوەتەوە، بەرپرسانی ئێرانی کێچ کەوتووەتە کەوڵیان. هێندەی بەو کۆنسوڵخانەیە نیگەرانن، هێندە بە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و بەریتانیا و تەنانەت بەو هەواڵانەش نیگەران نین کە باسی ئەوە دەکەن ئەمریکا بودجەیەکی گەورەی بۆ درووستکردنی باڵەخانەی کۆنسوڵخانەکەی لە هەولێر تەرخانکردووە. فەرماندەیەکی باڵای سوپای قودس هەفتەی ڕابردوو بە ناڕاستەوخۆ کۆنسوڵخانەی سعودیەی لە هەولێر بەوە تۆمەتباردەکرد کە هەوڵی بووژاندنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دنەدانی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات.
هەرچەندە ئێران دەستی بە داوی سیاسیی زۆرترەوەیە لە ئێراق و هەرێمی کوردستانیشدا لەچاو تورکیا، بەڵام ئەو گەرموگوڕییەی لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئەنقەرەدا لە میدیادا هەستیپێدەکرێت، هەمانشت لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و تاراندا هەستی پێناکرێت. زۆرکەس ئەوە بەوە لێکدەدەنەوە کە پەیوەندییەکانی دوو پایتەختەکەی دوایی خراپن و هەردوولا لە میدیاکاندا حاشایی لێدەکەن، بەڵام هەن دەڵێن پەیوەندییەکان بەو خراپییە نین و جیاوازییەکە ئەوەیە کە هەرچی هەیە لە پشت پەردەوەیە.
لەو دیدارەدا کە بارزانی و زەریف و شاندی کوردستان و ئێران لە میونشن هەیانبووە، ئێرانییەکان بۆ جاری دووەم بارزانییان بانگهێشتکردووە سەردانی تاران بکاتەوە. لەو هەڤپەیڤینەدا کە لەم ژمارەیەی هەفتەنامەی (رووداو) دا بڵاوبووەتەوە، فەرەیدوون عەبدولقادر ئاشکرایدەکات کە جاری یەکەم هۆکاری نەچوونی بارزانی بۆ تاران بەهۆی ڕازینەبوونی ئێرانەوە بووە بە دانانی ئاڵای کوردستان لەکاتی پێشوازیکردن لە بارزانیدا. وادیارە ئێران بەتەمایە ئەم جارە ئاڵاکە دابنێت، بۆیە بانگهێشتەکەی لە میونشن دووبارەکردووەتەوە.
ئەو نموونەیە و لێدوانەکانی فەرماندەکەی سوپای قودس دەریدەخەن کە کێشەی هەولێر و تاران لەوەدایە کە هەردوولا لەیەکدی نیگەرانن و نەیانتوانیوە لەو کەناڵە دیپلۆماسییانەوە کە لەنێوانیاندا هەیە نیگەرانییەکانی یەکدی بڕەوێننەوە. بۆیەش ئەگەر بە لێدوانی ئاغای ویلایەتی-ی ڕاوێژکاری خامنەیی و لاریجانی-ی سەرۆکی پەڕڵەمان و فەرماندەکانی سوپا بێت، بەقەولی ئێرانییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر تەنانەت بیرکردنەوە لە سەربەخۆیی کوردستانیش لە سیمی ئاخیری داوە و بەگاڵتەش قبووڵیناکات باسی بکرێت. کردنەوەی کۆنسوڵخانەی سعودیەش بە یەکێک لە ئاماژەکانی گەشکردنەوەی باسی سەربەخۆیی و بەوهۆیەوە درووستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاساییشی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانێت.
درووست لەمکاتەدا کە هەڕەشەکانی ترەمپ و نەتانیاهۆ و هاوپەیمانە ئیقلیمییەکان بۆ سەر ئێران زیاتردەبن و تۆنی دەنگی ئێرانیش بەرانبەر ئەمریکا و ڕۆژاوا ڕۆژبەڕۆژ نەرمتر دەبێت، ڕەنگە کاتێکی باش بێت شاندی کوردستان بچێتە تاران و نیگەرانییەکانیان بڕەوێنێتەوە. هەقیقەتیش ئەوەیە کە قەت باشووری کوردستان، ئەگەر بشبێتە دەوڵەت، ناتوانێ لەسەر بنەمای دوژمنایەتی و هەڕەشەدرووستکردن لەسەر دەوڵەت و وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران لەم ناوچەیەدا بەئاسوودەیی بژیت.
بۆ ئێرانیش ئەو کاردانەوانەی لەمڕۆژانەدا لە زاری بەرپرسانییەوە سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان دەبیسترێت، بیرخەرەوەی قۆناخی دامەزراندنی کۆماری ئازەربایجانە لەپاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت. ئەوکات ئێران بەهۆی هەبوونی ئازەرییەکانەوە لە ئێران و لەترسی جووڵانی هەستی نەتەوەیی ئازەرییەکان، هەڵوێستی نەرێنیی هەبوو بەرانبەر کۆمارە تازە دامەزراوەکەی ئازەربایجان. لەو نێوانەدا تورکیا قازانجیکرد و ئێستا تازە بە تازە ئێران خەریکە هەڵەکانی لە کەیسی سەربەخۆیی ئازەربایجاندا ڕاستدەکاتەوە. [1]