ناونیشان: سیاسەتی هەڵەدنی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #27-03-2017#
هیچ حیزبێک لە کوردستان وەک یەکگرتوو خراپی بەسەرنەهاتووە. هەڵوێستی ڕاشکاوی هەبێ پێیدەڵێن تووندیت و کوا میانەڕەوییەکەت؟ شلی بکاتەوە پێیدەڵێن حیزبێکی بێوەیت و هەر ئەوەت لێ چاوەڕوان دەکرێ. ئەمە بەڕوونی بە کاردانەوەکانی پاش قسەکردنی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە پەڕڵەمانی کوردستانەوە دیارە. لە هەندێک قۆناخدا یەکگرتوو ناچاربووە دوو ڤێرژنی هەبێ، یەکێکی ئەملا و یەکێکی دیکەی ئەولا. کەچی بە هەردوو بارەکەشدا ڤێرژنی لایەک ڤێرژنی لایەکەی دیکەی تووشی ئیحراجی کردووە و ڕیس بووەتەوە خوری.
ئەبووبەکر هەڵەدنی لەژێر کاریگەریی بیرکردنەوەی زاڵ لە #سلێمانی# بەپێچەوانەی ئەو دەستپێشخەرییانەی بەمدواییانە مامۆستا سەڵاحی ئەمینداری حیزبەکەی بۆ ئاشتکردنەوەی لایەنەکان دەیکات، پێشنیازێکی بۆ یەکێتی کرد. پێشنیازەکەش ئەوەیە کە یەکێتی کارتی وزە و کارەبا بەرانبەر پارتی بەکاربهێنێت و پیشانی پیرمامی بدات کە ئەگەر بیەوێ دەتوانێ وای لێبکات ڕادەستی ئیرادەی ببێت. قسەکانی هەڵەدنی پارتییەکانی زۆر تووڕە کرد و وەک هەمیشە هەندێکیان کەوتنە سەرکۆنەکردن و تەنانەت سووکایەتیش بەو سەرۆک فراکسیۆنە یەکگرتووە. بەڵام ئەوەی کەس لەسەری ڕانەوەستا، ئەوە بوو کە کێ لە کام ژینگەدا و لەژێر کاریگەریی کام بیرکردنەوەی زاڵدا ئەو پێشنیازەی کردووە.
واز لە ڕابردووی یەکێتیدۆستانەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بهێنن و ڕاستییەکی دیکە بهێننە پێشچاوی خۆتان: لە سلێمانی شەڕی هەموو لایەنەکان لەسەر بردنەوەی دەنگی ئەوانەیە کە ناتەبان لەگەڵ پارتی. بۆ نموونە سەرکردەیەکی یەکێتی، با ناوی #قوباد تاڵەبانی#ش بێت، کاتێک لە #هەولێر# دادەنیشێ و ئیش دەکات هەمان ئەدەبیات و هەمان خیتابی میدیایی بەرانبەر پارتی نییە کە بۆ نموونە فەرید ئەسەسەرد لە سلێمانی هەیەتی.
یان هەڵسووڕاوێکی باڵای گۆڕان لە هەولێر کاتێک بەرپرسێکی مامناوەندی پارتی سەردانیان دەکات، لە بەردەم کامێرا دەڵێت گەورەتان کردین، بەڵام هەڵسوڕاوێکی دیکەی گۆڕان لە سلێمانی، لەبەرئەوەی دەزانێ دەنگدەری سلێمانی قسەکانی دەبیستێتەوە، کاتێک شێخ ئەدهەم دەچێتە پرسەی شوعلە خان، دەموچاوی گرژدەکات و بەساردی میوانە پارتییەکانی بەڕێدەکات. کۆمەڵیش هەروایە و عەبدولسەتار مەجیدی کشتوکاڵ و سەرکردەیەکی دیکەی کۆمەڵ لە سلێمانی وەک یەک شیر و تیر لە پارتی و بارزانی ناسوون.
هەڵەدنیش لەسەر یەکگرتوو، ئەمما سلێمانییەکەی، حیسابە و ئاساییە پێشنیاز بۆ یەکێتی بکات. وەکچۆن ئاساییە ئەبووبەکر هەڵەدنییەک درووستبێت، بە ڤێرژنە هەولێرییەکەی کە لە کۆبوونەوەی داخراودا بە پارتی بڵێت دەبێ پێکەوە سنوور بۆ مەددی شیعی و ئێرانی دابنێین.
شتێکی گرنگتر ئەوەیە حیزبەکانی دیکە دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە هەرچەندە لەم وڵاتەدا حیزبی دیکەش درووستبن و هەبن، ئەوانەی دەتوانن ئەم ڕەوشەی هەمانە تێکبدەن یان سەریبخەن هەر پارتی و یەکێتین. ڕەنگە ئەمە بەدڵی من و تۆ نەبێ و نەشمانەوێ نە دانی پێدابنێین و نە قبووڵیشی بکەین، بەڵام کاک ئەبووبەکر زووتر لە من و تۆ تێیگەیشتووە، بۆیەش لەجیاتی ئەوەی پێشنیاز بۆ حیزبەکەی خۆی بکات، پێشنیاز بۆ یەکێک لە دوو حیزبە غەزەبەکەی کوردستان دەکات. خۆی سیاسەتیش هەر ئەوەیە: هونەری مومکینات، ئینجا بە ڤێرژنە سلێمانییەکەی!
[1]