ناونیشان: ئاغازادە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #10-04-2017#
ماوەماوە لەگەڵ هاوڕێیانم ڕێمان دەکەوێتە سلێمانی. هەرجارێک کە دەچم، شتێکی نوێ دەبیستم کە لە کوردستان نیگەرانترم دەکات. باسی ئەم جارە چالاکیی ئاغازادەکانە. ئەو ئاغازادانەی تەنیا لە سلێمانی نا، بەڵکوو لە کەرکووک و هەولێر و دهۆکیش هەن، بەڵام لە سلێمانی خەڵک کراوەتر قسەیان لەسەردەکات و لێیان بێزارترە.
ڕەنگە بپرسیت: ئاغازادەکان کوڕی ئاغاکانی سەردەمی کۆنن؟ نەخێر. ئەو دەستەواژەیە لە نیوەی دووەمی هەشتاکانەوە کەوتووەتە نێو ئەدەبیاتی میدیا و کۆمەڵگەی ئێرانی و نزیکەی سی ساڵ دواتر بەشێوەیەکی مامۆستایانە گوازراوەتەوە باشووری کوردستان، بەڵام هێشتا لە میدیادا باسی ناکرێت و وەک دەستەواژە نەکەوتووەتە سەر زاران.
لە ئێرانی پاش جەنگ لەگەڵ ئێراق، فەرماندە ئازاکان و وەزیر و کاربەدەستە دەستڕۆیشتووەکان چاویان لە چنینەوەی بەری ڕەنج و ماندووبوونیان بوو. هەندێکی کەمیان ئەمەیان پێ زوڵم بوو و بیروباوەڕەکەیان ڕێگەی نەدەدان بەرەو گەندەڵی بچن، بەڵام هەندێکی دیکەیان فێڵی شەرعییان بۆ گەندەڵی دۆزیبووەوە. ئەویش ئەوەبوو کە لەجیاتی ئەوەی بۆخۆیان گەندەڵی بکەن، کوڕ و خزمە نزیکەکانیان سوودیان لە دەسەڵات و پەیوەندییەکانیان وەردەگرت و ماڵباتەکانیان دەوڵەمەند دەکرد. ئەگەریش ئاشکرابووایە، کابرای بەرپرسی خواناس بێگوناە دەردەچوو، کوڕ یان خزمیشی گەندەڵ و 'لاسار دەردەچوو.
بەنێوبانگترین نموونەی ئەو ئاغازادانە کوڕەکەی هاشمی ڕەفسنجانییە کە سەرەڕای گیران و ئاشکرابوونی گەندەڵییەکانی، بەڵام باوکی تا مردیش هەر وەک پیاوە باشەکە لەنێو خەڵکدا مایەوە.
کۆمەڵگەی ئێرانی کۆمەڵگەیەکی زیندووە. ئێستا ئاغازادەکانی ڕیسوا کردووە و لەنێو خەڵکدا دەناسرێنەوە. با هەر خاوەنی یانەی وەرزشی و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و جلوبەرگی بووگاتی و دۆستی کچی جوان جوان و ڤیللاگەلی شاهانە بن و هەر ڕۆژەی لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ڕۆژێکی دیکە لە دوبەی ببینرێن، بەڵام لەنێو خەڵکدا بە سووکایەتییەوە پێیاندەڵێن ئاغازادە و حورمەتیان نەماوە.
لە کوردستان ئەمە بەپێچەوانەیە. لێرە ئاغازادە و وردە ئاغازادە هێندە زۆرن و وا دەستیان لە هەموو شتێک گیرکردووە کە نازانیت کێیان لەکوێ بدۆزیتەوە و چییان لەسەر بزانیت و کەسیش وەک پیاوی خراپ تەماشایان ناکات. بەپێچەوانەوە کێبڕکێیە لەسەر ئەوەی کێ زووتر دەبێتە برادەریان. چاوت بە ڤیللایەکی جوان دەکەوێ، دەپرسیت: ئەمە هی کێیە؟ یەکێک پێتدەڵێت هی فڵان بەرپرس و کۆنە تێکۆشەرە، کەچی دە کەسی دیکە سوێندت بۆ دەخۆن کە وانییە و هی ئەو نییە. قسەی هەردووکیشیان ڕاستە. چونکە ڤیلاکە هی خۆی نییە و هی جەنابی ئاغازادەی کوڕیەتی، کە دواجار هەر دەبێتەوە بە هی خۆی.
ئەم جارە لە سلێمانی ناوی هەندێک بەرپرسی باڵا و خوارتریان هێنا کە خۆیان لەنێو خەڵکدا بە پیاوی ماندوو و پاک و دوور لە گەندەڵی ناسراون، بەڵام کوڕ و برازا و خوارزاکانیان هەریەکەیان شاگەندەڵێکن. ئەم دیاردەیە خەریکە وردەوردە بە کۆپیکردنەوەی زیرەکانەی ئەزموونی ئێرانی، لە هەموو کوردستان جێگە دەگرێت. هەرچەندە لەسەرەتای نەوەتەکانەوە دیاردەکە هەبوو، بەڵام ئەوکات لەسەر ئاستی زۆر باڵا و سنووردار بوو. کەچی ئێستا پێت سەیر نەبێت ئەگەر کوڕی بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتێکیش ڕێگە بەخۆی بدات ببێتە ئاغازادە و کەڵک لە پەیوەندی و دەسەڵاتەکانی باوکی یان ئاغاکانی سەرووی باوکی وەربگرێت. [1]