شەوی ڕابردوو #29-05-2023#لە ماڵی #فوئاد حسێن# وەزیری دەرەوەی ئێراق لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی کۆبوونەوە بەمەستی گفتوگۆ لەسەر دوا گۆڕانکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجە لە لیژنەی دارای پەڕڵەمانی ئێراق.
سەرەتا بە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لەگەڵ فواد حسێن کۆبوونەوەیەکی داخراوی دوو قۆڵیان ئەنجامداوە. پاشان نوێنەری هەموو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چوارچێوە پێشنیارێکی نوێیان داوەتە پارتی سەبارەت بە نەوتی هەرێم. پێشنیاری ئەوە کراوە ئەگەر بوودجە پەسەندکرا لەئەنجوومەنی نوێنەران و هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێم بەردەوام بوو ئەوا هەرێم 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی ئێراق بکات و وەزارەتەکە وەکوو قەرەبووی دەست پێنەکردنەوەی هەناردە لەناوخۆدا بیپاڵێوێت و یان ڕێگای نوێی هەناردەی بۆ بدۆزێتەوە و تا بتوانێت ئەو نەوتەی ئێستا حکومەتی ناوەند دەیپاڵێوێت بیخاتە سەر هەناردەی نەوتی بەسرە و قەرەبوی هەناردە نەکردن بکاتەوە.
لە کۆبوونەوەکە بەرپرسانی پارتی ڕایانگەیاندووە پێشنیارەکە دەگەیەننە حکومەتی هەرێم و وەڵامی چوارچێوە دەدەنەوە و لایەنەکانی چوارچێوە پابەندی خۆیان بەڕێکەوتنی نێوان #هەولێر# و #بەغدا# نیشانداوە. [1]