دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە نادەستووری بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمان، ئەمە نیگەرانی #یەکێتیی نشتیمانیی کوردستانی# بەدوای خۆیدا هێناوە و خۆیان بە زەرەرمەندی یەکەمی ئەو بڕیارە دەزانن، هاوکات مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەش لەڕیگەی بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنەوە داوای لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی خۆیان کردووە کە بەهیچ شێوەیەک گرنگی بەو بڕیارەی دادکای فیدراڵی نەدەن.
لەسەرەتای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە نادەستووری بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمان، تارادەیەک ئەم بڕیارە بووە جێگەی خۆشحاڵی بەرپرسانی یەکێتی و لەدەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئەو حزبەوە گرنگی زۆری پێدرا، بەڵام دوای چەند ساتێکی کەم مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ڕێگەی بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی ئەو حزبەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی ئاگادارکراونەتەوە کە لێدوان لەسەر ئەو بابەتە وەرنەگرن و گرنگی بەو بابەتە نەدەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، نیگەرانی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بە یاسا کۆنەکە بەڕێوەدەچێت کە هەرێمی کوردستان یەک بازنەییە و هەروەها کورسی کۆتاکانیش وەک خۆیان دەمێننەوە و پارتی دەبێتەوە بە خاوەنی 11 کورسی کۆتاکان، ئەوەش جێگای نیگەرانی یەکێتییە کە ماوەیەکی زۆرە شەڕ لەسەر ئەوە دەکات لە کورسی کۆتا بەشی ئەویش بدرێت.
بەشێکی دیکەی نیگەرانی یەکێتی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە کە بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمان بە ڕەزامەندی سەرۆکی پەڕڵەمان بووە کە لەسەر یەکێتی ماڵە و هەروەها پەڕڵەمانتارانی یەکێتیش دەنگیان بەو درێژکردنەوەیە داوە، بۆیە لە ئێستادا تەنیا هیوایە بەدەستی یەکێتییە و هەبێت ئەوەیە کە سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێراق لە پشکی یەکێتییە، بەڵام پێناچێت ئەو پۆستەش بتوانێت فریای یەکێتی بکەوێت و لە نیگەرانییەکانی کەمبکاتەوە. [1]