ناونیشانی پەڕتووک: ئەسپەنجیر
ناوی نووسەر: #تەیفور بەتحایی#
شوێنی چاپ: ستۆکهۆڵم
چاپخانە: دیجیتاڵ
ساڵی چاپ: 2018
ژمارەی چاپ: یەکەم
ئەسپەنجیر ڕۆمانێکی کوردییە، لە نووسینی تەیفور بەتحایی، ساڵی 2018 نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە. ئەسپەنجیر درێژەی ڕۆمانی ژیان بەدەم زریانەوەیە.
ژیان منداڵی ژنێکی لایەنگری شۆڕش و پێشمەرگەیەکە، کە دوور لە دایک و باوکی و لەکن ژنێک بەناوی ئامە، لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک شاری سنە، لە دوای شەڕی نێوان پێشمەرگە و حکوومەت و گرتنەوەی شار و لادێیەکان لەلایەن ڕژیمەوە، گەورە دەبێت. ئەسپەنجیر بەسەرھاتی ھەموو تەمەنی ژیانە.
زمانی ڕۆمانەکە سادە و ڕەوانە و گرینگییەکی زۆری بە ناوەرۆک و گواستنەوەی واقیع داوە، ھەروەھا دەربڕینێکی ڕەخنەگرانەی ھەیە سەبارەت بە شۆڕش و حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەوڵ دەدات لایەنە شاراوەکان بخاتە بەر دیدە. ڕەوتی ڕۆمانەکە هێڵییە؛ لێ سەرەتا و کۆتایی ڕۆمانەکە بە یەکەوە بەستراوەتەوە، کە ئەوە ھێمایەکە لە شارەزایی نووسەر و تیوەگلانی خوێنەر لە دەقەکەدا. ڕۆمانەکە لە زمانی یەکەم کەسی تاکەوە (واتە ژیان خۆی) دەگێڕدرێتەوە، ھەڵبەت لە ھەندێک شوێنیشدا کەڵک لە مۆنۆلۆگ وەرگێڕاوە. دەقی ڕۆمانەکە سۆرانییە بەڵام گفتۆگۆی نێوان کەسایەتییەکانی سەر بە ناوچەی سنە، ئەردەڵانییە.
تەیفور بەتحایی ڕۆمانەکەی لەژێر ناوی (اسپنجیر) وەرگێڕاوەتە سەر فارسی و ساڵی 2019 بڵاوی کردووەتەوە.
ژیلا فەرەجی ژیان بەدەم زریانەوە و ئەسپەنجیری، بەناوی «زندگی در باد» وەرگێڕاوەتە سەر فارسی و ساڵی 2020 لەلایەن چاپەمەنیی ناوەندی فەرھەنگیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە لەندەن بڵاوکراوەتەوە. [1]