مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ڕابیعەی ئێراقی ڕایگەیاند (ژمارەیەک پەڕڵەمانتاری عەرەب و تورکمان، لە هەردوو پارێزگای #کەرکووک# و #نەینەوا# سکاڵایان دژی هەرێم تۆمارکردووە بەهۆی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکووک و نەینەوا).
گەرعاوی، ئاشکرای کردووە ”سکاڵاکە دژی دەرهێنانی نەوت و دەست بەسەرداگرتنی کێڵگەکانە لەلایەن هەرێمەوە لەو دوو پارێزگایە. داوا دەکەن کێڵگەکان بۆ ئەو دوو پارێزگایە بگەڕێتەوە و سکاڵاکەیان ڕەوانەی دادگای فیدڕاڵی کردووە”.
سکاڵای پەڕڵەمانتارانی عەرەب و تورکمانی کەرکووک و نەینەوا، دوای سکاڵایەکی کۆمپانیای نەوتی باکوور دێت کە ئێستا لە دادگای کەرخە بۆ گێڕانەوەی هەرسێ کێڵگەی کۆرمۆر و خوڕمەڵە و جەستان بۆ ژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیای نەوتی باکوور.
ئەو پەڕڵەمانتارانە هەوڵ دەدەن بڕگەیە لە ماددەی 14ی پڕۆژە یاسای بودجە جێگیر بکەن کە چیتر هەرێم نەتوانێت کەڵک لەو کێڵگانە وەربگرێت. بەو پێیەی ئەو کێڵگانە ناکەونە سنووری ئیدارەی هەرێم، بەڵکوو لە سنووری ماددەی ”140”ن. [1]