ناونیشانی بابەت: ڕوانگەی چینی بۆ نەزمی نوێی جیهانی
ئامادەکردن: #سیڤان سەعید#
ساڵی 2017 لە کۆنفرانسی ئاساییشی میونخ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرجی لاڤرۆڤ گوتی: ئیدی سەردەمی یەک قوتبی بەسەرچووە. چیدی ناتۆ لە بن باڵی ئەمریکادا ناتوانێت مانۆرەکانی خۆی پێکبهێنێ و هەر دەوڵەتێکی خواست بێزاری بکات. بە زمانێکی دیکە، واتە کاتی ئەوەیە کە نەزمی جیهانی دیسانەوە پێناسە بکرێتەوە. پشتیووانی چین بۆ ڕووسیا و فراوانکردن و بەهێزکردنی بەرەی وڵاتانی (بریکس) ؛ ئەمریکا و ڕۆژاوای دونیای خستە بەردەم گژانێ (تحدى) یەکی نوێوە. ئەوە ڕاستە کە ڕۆژاوای دونیا باش دەزانێ کە سەردەمی تاکجەمسەری بەسەر چووە؛ بەڵام نە دەتوانێ ئەو ڕاستییە قبووڵ بکات و نە دەشتوانێ خۆی بۆ ئامادە بکات. ئەم چەند ساڵەی دەیەی دووەمی سەدەی 21 تا ڕادەیەک لە زەمانی دوای جەنگی جیهانی دووەم دەچێ. مەبەستم ئەو وەرچەرخانی هێزەیە کە ئەمریکای کردە سەروەر و بڕیاربەدەستی دونیا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە 1945ەوە.
بەڵام وەرچەرخانی ئەم جارە لەوەدا جیاوازە کە هێزێک دەبێتە سەروەری دونیا کە ناخوازێ ببێتە یەکەم و تەنیا هێزی باڵادەست لە دونیادا. سەرچاوەی ئەم جۆرە نزیکبوونەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ قووڵایی کولتوور و مامەڵەی چینییەکان لەگەڵ کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان نەتەوە و دەوڵەتەکانی دونیا. ڕاستە چین هێزی بێشووماری سەربازی و تەکنۆلۆجیای شەڕی بەهێزی زۆرە، بەڵام ئەوەی هێزی مەزن دەداتە چین و دەیکا بە «برای گەورە» لە گرووپی بریکس و هەموو ئەو وڵاتانەی کە ناچارن یان بە خواستی خۆیان لەنێوان چین و ئەمریکادا خۆیان یەکلایی بکەنەوە، چین هەڵدەبژێرن؛ بریتییە لە هێزە نەرمەکەی چین. هێزی نەرم چییە؟ ئەگەر هێزی نەرم بریتیبێ لە هێزی گفتوگۆ و بڕواپێهێنانی بەرانبەر لەجیاتی بەکارهێنانی توندوتیژی؛ ئەوە چین هەنگاوێک لەوە زیاتریش دەڕوات لەبەرانبەر ڕاکێشانی وڵاتان بە لای پڕۆژەکەی خۆیدا.
ڕاستە چین هێزی بێشووماری سەربازی و تەکنۆلۆجیای شەڕی بەهێزی زۆرە، بەڵام ئەوەی هێزی مەزن دەداتە چین و دەیکا بە «برای گەورە» لە گرووپی بریکس و هەموو ئەو وڵاتانەی کە ناچارن یان بە خواستی خۆیان لەنێوان چین و ئەمریکادا خۆیان یەکلایی بکەنەوە، چین هەڵدەبژێرن؛ بریتییە لە هێزە نەرمەکەی چین.
عیمران خانی سەرۆکی پێشووی پاکستان لە 2020 گوتی؛ ئەگەر ناچارمان بکەن لەنێوان چین و ئەمریکادا یەکیان هەڵبژێرین، بێگومان چین هەڵدەبژێرین. هەر ئەوەش بوو یە هۆی لادانی لە دەستەڵات و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنیشی. ئەو وتەیەی عیمران خان بۆ سعودیە و میسر و زۆربەی وڵاتانی ناسەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆی دونیاش ڕاستە. ئێستا گرووپی بریکس تەنیا پێنج وڵاتی چین، ڕووسیا، بەرازیل، هیندستان و ئەفریقای باشوور نین. گرووپەکە ساڵانە مەزنتر دەبن و پەیوەندییە سیاسی، ئابووریی و تەنانەت سەربازییەکانیشیان پتەوتر دەکەن. لەپاڵ بریکس، چین هەروەها سەرکردایەتیی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهاییش دەکا، کە دیارە هەر ڕۆژ ئەو ڕێکخراوە لە فراوانبوون دایە.
لەوە ترسناکتر بۆ ڕۆژاوا؛ لەقبوون، یان لانی کەم لاوازبوونی، بنکە ئابوورییەکەیەتی کە دیارە ئابووری هۆکارێکی یەکلاکەرەوەیە لە بەخشینی هێز بە ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. دراوی چینی (یوان) وا خەریکە جێگەی دراوە قوورسەکەی ئەمریکا (دۆلار) لەق دەکات. نەک تەنیا (یوان) تەنانەت (ڕوپێ) ی هیندی خەریکە دەبێتە بنکەی مامەڵە ئابوورییەکانی نێوان هیند و چەندین وڵاتی دونیا. با لەوەش گەڕێین کە هیندستان ئێستا گەورەترین وڵاتی دونیایە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەڵام وا چەند ساڵێکە جێگەی بە فەرەنسا و بەریتانیای مەزن لەقکردووەو لەدوای ئەڵمانیا و چین و ئەمریکا، بووەتە چوارەمین مەزنە ئابووریی جیهان. ئەگەرچی هیندستان لەرووی خۆشگوزارانیی زۆرینەی زۆری هاووڵاتییەکانی خۆیەوە لە ڕەوشێکی باشدا نییە، تارادەیەک لە ڕەوشی سی ساڵ لەمەوبەری چین دەچێ؛ بەڵام ئەوە ڕاستییەکە و دەتوانرێت ببینرێت کە هیندستان لەسەرڕێگە ڕاستەکەیەو موعجیزەی گەشەی هیند لە موعجیزەکەی چین کەمتر نابێ. بە دڵنیایی نابێ ئەوە لەبیر بکرێ کە هەریەک لە چین و هیندستانیش لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا سەدان کێشەی جیاواز هەن. ئەوە بابەتێکی دیکەیە کە لەحەوسەڵەی ئەم نووسینەدا نییە.
=KTML_Bold=پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا سیحری ئەو گەشە ئابووریی و مەزنبوونە سیاسییە لەکوێوە سەریهەڵداوە؟=KTML_End=
ڕوانگەی چینی و لەوێشەوە ڕوانگەی هاوکارەکانی یاخود هاوپەیمانەکانی چین بۆ نەزمی نوێی جیهانی چۆنە؟ دەتوانم بەکوورتی دوو خاڵ بخەمەروو. یەکەم چین خۆی بە زلهێز نازانێ… بانگەشەی سەروەری بەسەر دونیاوە ناکات. کاتێ چینیەکان و دوای ئەوانیش ڕووس و هیندەکان دەڵێن سەردەمی تاکجەمسەری بەسەرچووە، مەبەستیان لادانی ئەمریکا و جێگەگرتنەوەی خۆیان نییە بۆ باڵادەستیی بەسەر وڵاتان و گەلانی دونیاوە. مەبەستیان پایماڵکردن و بێکاریگەرکردنی ڕۆژاوا و دەستکەوتە کولتووریی و ئابووریی و تەکنەلۆجییەکانیان نییە. ئەوە ڕۆژاوایە کە ناتوانێ قبووڵی بکات کە جگە لە سیستمی بانکی و سویفتی ئەمریکی دەکرێ ڕووسەکان و چینییەکانیش سویفتی خۆیان بەکاربێنن. ئەوە ڕۆژاوایە کە لە تەنگەی تایوان دەیەوێ تەنگ بە چین و لە دەریای ڕەش تەنگ بە ڕووسیا هڵبچنێ. دووەم؛ ئەگەرچی لە ناوخۆی چیندا جۆرێکی جیاواز لە بەڕێوەبردن هەیە کە جێگەی ڕەخنەی ڕۆژاواییەکان و دیمۆکراتخوازەکانی دونیایە؛ بەڵام ڕەفتاری چین لەگەڵ هەموو دەوڵەتە فەرمییەکانی دونیا ڕەفتارێکی زۆر ڕێزمەندانەیە. چین هەرگیز بڕوای بە دەستتێوەردانی ناوخۆی هیچ وڵاتێکی فەرمی نییە. با لەوە بگەڕێین کە ئەوە چەند باشە یان خراپە بۆ ڕەوشی گەلێکی بێ دەوڵەتی وەک کورد لە تورکیا و ئێران بۆ نموونە، بەڵام ئەو جۆرە لە مامەڵەی یەکسان و ڕێزداری بۆ سەروەری (ئەگەر سەروەرییەکی لاواز و فەرمیش بێ) وڵاتان بووەتە مایەی ڕاکێشانی هەستی دەوڵەتان و گەلان بۆ گۆڕینی ڕوانگەی خۆیان بەرانبەر بە چین و کولتوورە بەهێزەکەی و ئابوورییە زەبەلاحەکەی.
هێزی نەرمی چین کارێکی کردووە کە وڵاتان نەک ترس بەڵکوو خواستیان هەبێ بۆ مامەڵەی ئابووری و سیاسی لەتەک چیندا. نەک ئایدیۆلۆجیای سیاسی، چین کولتوور و فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی بە بنەمادەگرێ بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دونیا.
هێزی نەرمی چین کارێکی کردووە کە وڵاتان نەک ترس بەڵکوو خواستیان هەبێ بۆ مامەڵەی ئابووری و سیاسی لەتەک چیندا. نەک ئایدیۆلۆجیای سیاسی، چین کولتوور و فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی بە بنەمادەگرێ بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دونیا. بۆ نموونە لە هیچ جێیەکی دونیادا چین بانگەشە بۆ ماویزم و سەرۆک ماو ناکات. بەڵام لە زۆربەی زانکۆکانی دونیا و لە خانەکانی بیردا ( ثینک تانک) چین سەرمایەگوزاری لەسەر باسی فەلسەفەی ئاشتیخوازانەی چین دەکا. نەک سەنتەری سەرۆک ماو، سەنتەری کۆنفیوشز (کۆنگ فوتزە) لە دونیادا دادەمەزرێنێت.
بەکوورتی و بە کوردی، دەتوانم بێژم کە ڕوانگەی چینی بۆ نەزمی نوێی جیهانی ڕوانگەیەکی سەلامەتتر و ئاشتیخوازانەترە لە ڕوانگەی ڕۆژاوایی. لەسەر بنەمای هاوکاریی نەک ڕادەستبوونی کولتورە جیاوازەکان بە یەک کولتور و یەک ئایدیۆلۆژیا. بە مانایەکی دیکە، ڕوانگەی چینی بۆ مامەڵەی نەتەوە و دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتر ڕوانگەیەکی دیموکراتیکترە لە ڕوانگەی ڕۆژاوایی. ئەم قسەیە زۆر نا مەئلوفە بە مێشک و تێڕوانینی ئێمە بۆ چین و بۆ ڕۆژاوایش. بەڵام هەر خودی بەسەرچوونی تاکجەمسەری و هەوڵی خۆڕێکخستنەوەی دونیا لە یەکێکی فرەجەمسەردا و دەرکەوتنی چەندین هێزی وەک ڕووس، هیند، بەرازیل و بە دڵنیایی مانەوەی بەهێزی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپایش، نیشانەی دەسپێکی سەردەمێکی جیاوازترە لە سەردەمی تاکجەمسەری کە لانی کەم لە دوای جەنگی ساردەوە لە ئارادا بوو. بە پێچەوانەی هەندێک نووسەر و بیریاری ڕەشبین کە بروایان بە هەڵگیرسدانی جەنگی ماڵوێرانکەر هەیە؛ دەتوانم بێژم کە سەردەمی فرەجەمسەری ئاشتیخوازانەتر و سەقامگیرتر دەبێ لەوەی کە لە سی ساڵانی ڕابردوودا بینراوە. دڵنیام ڕۆژاوا و ئەمریکا بە ئاسانی ڕازینابن بەو وەرچەرخانە. بەڵام حیکمەتی چینی و هاوکاریی وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ چین، لە ڕادەی خەتەریی و گژانێیەکانی وەرچەرخانەکە Transformation کەمدەکەنەوە. دەتوانم یەک ڕستە بکەم بە بەڵگەی ئەو ئارگەمێنتەم. چین لە هەموو وڵاتانی دونیا ئامادەترە بۆ گۆڕانکارییە جیاوازەکانی دەیەی سێیەمی سەدەی 21، تەنانەت گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەی دونیاش. وەکوو کورمانج دەبێژن: بڵا ئەم ل بەندا بن و بنێرن کا چ دبە. [1]