ناونیشانی بابەت: یەکێتیی نەتەوەیی لە دونیابینیی کەجەکەدا
ئامادەکردن: #سیڤان سەعید#
نزیکبوونەوە و تێگەیشتن لە مژاری یەکێتیی نەتەوەیی بەو جۆرەی کە پێویستە زۆر واتادار دەبێت، بەڵام هەتا ئێستا تەنیا بە ڕووکەش و چەند پەیڤێکی ڕەونەقدار و فریودەر گوزارشی لێکراوە. چەندین ڕەهەندی گرنگی هەیە کە زۆر کەم و سنووردار دەستی بۆ براوە. پێویستە کەجەکە بەڕوونی خەڵک تێبگەیەنێ مەبەستیان لە یەکێتیی نەتەوەیی چییە، یاخود چیتر ئەو بانگەشەیە نەکەن. لەجیاتی ئەوە، باشترە هەوڵبدرێت بۆ بەهێزترکردنی دژایەتیکردنی سیستەمە داگیرکەرەکانی کوردستان و دۆزینەوەی ساحەیەکی جیا لەو ساحەیەی کە سیستەم دەستنیشانیدەکات، کە ئەوە مەرجی سەرەکییە بۆ بوونیادنانەوەی نەتەوە و سەفەربەرکردنی تاک و گرووپە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە چەمکی نەتەوە و یەکێتیی نەتەوەیی بە مانا فراوانەکەی.
یەکێک لەو کارانەی کە ئۆجالان و هاوڕێکانی کردوویانە، دۆزینەوەی ڕێگایەکە بۆ بنکەنکردنی پایەکان و بەتاڵکردنەوەی سیحری دەوڵەت و دەستەڵاتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە. ئەگەرچی ئەم کارە زۆر بە شێوەیەکی کەم دەبینرێت و کاریگەریی لەسەر کەمینەیەکی خەڵکی ناوچەکەو تەنانەت کوردانیش درووستکردووە؛ بەڵام لانی کەم، لە چل ساڵی ڕابردوودا و هەتا ئەمڕۆ؛ هەنگاوە سەرەتایییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتیکردنی دەستەمۆبوون و ڕازیبوون بە مەکر و سیحرەکانی سیستم هەڵنراون. وتەیەکی زۆر پڕمانا هەیە دەڵێ “هەرگیز سەرت نەوی مەکە، چونکە ڕەنگە ئیدی هەرگیز دەرفەتی سەربەرزکردنەوەت نەمێنێ.” شەڕکردنی ڕاستیی و بەرهەمدار لەگەڵ سیستمی ناڕەوا و بێدادیدا، بریتییە لە دۆزینەوەی ڕێگا و ساحەیەکی جیاواز لەو ساحەیەی کە دوژمن بۆت دیاریدەکات.
کاتێک لەسەر خاکی فەلەستینییەکان دەوڵەتێکی ناڕەوا درووستدەکرێ بە ناوی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەسەر ناوی خەباتی ڕزگارییخوازی گەلی فەلەستین شێوە خەباتێک پێشدەخرێت کە ڕاستەوڕاست دڵخوازی دەوڵەتی ئیسرائیل و سیستەم بە خۆیەتی. هەرکاتێک فەلەستیینییەک بەردێک بگرێتە عەسکەرێکی ئیسرائیلی و سەری بشکێنێ، دەوڵەت بە شێوەیەکی دیموکراتییانە و شارستانییانە دێت چەند منداڵ و ژنێکی فەلەستینی دەکوژێت و دەیانیشیان دەستگیردەکات، دوای ئەوە گەلی فەلەستین دەڕژێنە سەرجادە و داوای ئازادکردنی گیراوانی ئەو بوویەرە دەکەن. دواتر لەسەر ناوی دیموکراسیەت و دەوڵەت و یاسا، دادگایییەکی دادپەروەرانەی ئەو خەڵکە دەکەن کە بەناهەق بەردیان وەشاندووە و سەری عەسکەرێکی دەوڵەتیان شکاندووە. ئیدی ئەم گەمەیە درێژەدەکێشێ و چەندبارە دەبێتەوە. ئەوە کتومت بریتییە لە ڕادەستبوون بەو ساحەیەی خەباتکردن، کە دوژمن بۆ فەلەستینییەکانی دەستنیشاندەکات.
ڕەوشی کوردانیش بە هەمان شێوە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا کتومت گەمەکردن بووە لەناو ئەو ساحەیەدا کە سیستەم دایناوە. بۆ تاقە یەک کاتژمێریش نەیتوانیوە لە ئەمر و بازنە و ئیرادە و پلانی سیستەم دەربچێ. سیستەمیش هەمیشە ئەو یاخیبوونانەی کە کورد تاکلایەنە ناوی ناون شۆڕش، خستۆتە سەر ئەو بارەی کە ویستوویەتی. هیچکام لە جووڵانەوەکانی شێخ سەعید و سەید ڕەزا و ئیحسان نووری پاشا و سمکۆ و پێشەوا قازیی و دواتر پارتە تەقلیدییەکانی لە وێنەی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و هەموو موشتەقاتەکانی لە پارچەکانی کوردستان و دواتر یەکێتی و لەم دوایییانەدا گۆڕان و پارتە کۆمۆنیستیی و ئیسلامییەکانیش، هیچیان بۆتاقە ڕۆژێکیش نە ویستوویانە و نەتوانیویشیانە یەک هەنگاو لەو بازنەیەی کە سیستەم کێشاویەتی بچنەدەرەوە.
کەجەکە، کە بەرهەمی هەوڵ و کارەکانی ئۆجالان و هاوڕێکانییەتی، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ساحەیەکی دیکە بۆ خەباتکردن. بۆ دەرچوون لە ئەمری سیستەم و هەوڵدان بۆ ڕوخاندنی سیستەم. لەم ڕێگەیەشدا باج و بەدەلی زۆر دراوە و ڕۆژانەیش ڕووبەڕووبوونەوەی بێئامان لەلایەن هەموو پارچە و بەش و لقەکانی سیستەمەوە بۆ بەدیلگرتن و دەستەمۆکردنی ئەو بزاوتە، بەدیدەکرێت. لە هەمووی بێبەختتر، لەژێرناوی کوردایەتیی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورددا هەوڵی ئەم ڕادەستبوونەی بزاوتی ئازادیخوازیی کوردستان دەدرێت و هێز و گرووپە تەقلیدییە کوردییەکان دەبنە ئەکتەری چالاکی ئەم هەوڵانەی سیستەم بۆ ڕادەستگرتنی ئەو بزاوتە کوردستانییە.
لەم هەلومەرجە زۆر دەگمەنەی ڕەوشی کوردستاندا، کەجەکە وەک هێزێک کە ڕادەستبوون قەبوڵناکات لەبەرانبەر سیستەمدا؛ دەکەوێتە ڕەوشێکی یەکجار دەگمەنە وە. لەلایەک بەئاشکرا دەبینێ کە زۆرینەی هەرەزۆری گرووپ و هێزە کوردییەکان نەک تەنیا ڕادەست بە سیستەمە داگیرکەرەکان بوون، بەڵکوو بە شێوازی جیاواز و هەرکەس بە نۆرە و بە ڕادەی توانای خۆی لە خزمەتی سیستەمدایە. لەلایەکی دیکەیشەوە ڕۆژانە کەجەکە بانگەشە و داوای بەدیهێنانی خەونێک دەکا کە ئەگەر بە چاوی ئاسایی و بە ئەقڵی باو تەماشای بکەین، نزیکە لە مەحاڵەوە. ئەوەی کەجەکە و #پەکەکە# ناویانناوە {یەکێتی نەتەوەیی} و لانی کەم سی ساڵە بانگەشەی بۆ دەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن؛ ئەو شتە مەحاڵەیە کە ئێستا خەڵکانێکی حەیرانکردووە و پرسیاری ئەوەی درووستکردووە کە ئەو یەکێتیی نەتەوەیییە چییە کە چەندین ساڵە کەجەکە داوایدەکا؟
ئەگەر یەکێتیی نەتەوەیی بریتیبێت لە کۆکردنەوەی هێز و توانای پارت و گرووپە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان لەژێر چەترێکدا کە تەمسیلی ئیرادەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی هەموو یان زۆرینەی خەڵکانی کوردستان بکات؛ ئەوە یەکەم لە مەحاڵ مەحاڵترە و دووەمیش خۆکوشتنی سیاسییە بۆ هەندێک لەو پارت و گرووپانە. مەحاڵە لەبەرئەوەی زۆرینەی هەرەزۆری ئەو پارتانەی کە لەلایەن کەجەکەوە داوای یەکێتیی نەتەوەییان لێدەکرێت، خۆیان دەستەمۆ و دەست لەسەر سنگی سیستەمێکن کە بزاوتی ئازادیخوازیی کوردستان بە تیرۆریست و دژە مەدەنیی و دژە سیستەم دەزانێت. ئایا مەحاڵ نییە داوا لە پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ئێراق بکرێت کە دەست لە گوێڕایەڵی و هەماهەنگی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەڵبگرێت و لەپێناوی پاراستنی لانی کەم گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان (نەک کەمپی پەنابەرانی #مەخموور#یش) لەژێر تۆپباران و فڕۆکەی تورکییدا؛ تەنیا نارەزاییەک دەرببڕێت؟ لەو سۆنگەیەوە کە پارتی دەستەمۆیەکی سیستەمە و لەدوای ساڵانێکی درێژ لە نەویکردنی سەرییدا، تازە دەرفەتی سەربەرزکردنەوەی لەبەرانبەر سیستەمدا نەماوە؛ سادەیی و نەزانییە ئەگەر کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستێکی وەهای لێبکات.
کەواتە ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی بریتیبێت لە هەماهەنگیی و هاوکاریی نێوان کەجەکە و پارتی، بۆ نموونە، وەک دوو هێزی جیاواز لە کوردستاندا، ئەوە یەکێکە لە مەحاڵی مەحاڵەکان. تەنیا کاتێک ئەوە ڕوودەدات، ئەگەر یەکێکیان ڕادەست ببێ بە ئیرادەی ئەوی تریان. ئەزموونی پەڕڵەمانی کوردستان لەدەرەوەی وڵات (پە کە دە وە) و (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و هەوڵەکانی خودی ئۆجالان لە سی ساڵی ڕابردوودا، ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە. بە بروای من ئەم جۆرە هەوڵە بۆ بەدیهێنانی ئەو شتەی پێیدەڵێن یەکێتیی نەتەوەیی وەک جووتکردن وایە لە ئاودا. مومکین نییە لەگەڵ هێزگەلێکی دەستەمۆی سیستەمی داگیرکاردا هیچ یەکێتییەک بێتە ئاراوە. بێگومان دەشێ وەک تاکتیکی سیاسی و لەسەر بنەمای دانووستاندنی ڕۆژانەی ژیانی پراکتیکی، لەنێوان ئەو دوو جۆرە دونیابینییەدا، هەماهەنگی تاکتیکی بکرێت. وەک ئەوەی کە لەکاتی هێرشی #داعش#دا سەرۆکی پارتی #مەسعود بارزانی# بەناچاری دەچێتە لای فەرماندەیەکی هێزەکانی پاراستنی گەل (شەهید تێکۆشەر) لە مەخموور و داوای هاوکاریی دەکات. بەڵام هەمان بارزانی دوای شەش مانگ لەسەر چیایەکی دوور لە شەنگال لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئیعلانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەریلاکان بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبوون لە ڕزگارکردنی گەلی ئێزدیدا.
بەڵام ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی بریتیبێت لە درووستکردنەوەی نەتەوەیەکی هۆشیار و زانا، کە قەبوڵکردن و ڕێزگرتنی ڕەنگاوڕەنگییی و جیاوازییە ئایینی و مەزهەبیی و جڤاکیی و زمانیی و زاراوەیی و پاشانیش سیاسییەکانی هەر چوار پارچە لێکدابڕاوەکەی کوردستان بەهەندبگرێت و ڕوو بە سەربەخۆیی و ئازادیی خەڵک و دواتر خاک و بەرەو بوونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیک و فرە ڕەنگ بۆ خەڵکە جیاوازەکانی کوردستان بە ئامانج بگرێت؛ ئەوە بە دڵنیایی کەجەکە لەسەر ڕێگەیەکی هەرچەندە دوور و دژواریش بێ، بەڵام شایانی بەردەوامیی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئاستەنگێکە کە بێتەڕێی. حەتمەن ئاستەنگی یەکەم و کۆتایی بریتییە لە سیستەمە داگیرکارەکانی کوردستان بە هەموو لق و بەشەکانییەوە و لە ناویشیاندا هێزە دەستەمۆ و خزمەتکارەکانی سیستەم. چەمکی نەتەوەی دیموکرات لە فەرهەنگی کەجەکەدا گوزارشە لەو خەیاڵەی کە بە زمانێکی سادە دەکرێ پێی بڵێین یەکێتی نەتەوەیی. ئەم چوارچێوەیە فراوانتر و فرە-رەهەندترە لەو چوارچێوە تەقلیدییەی کە کورد وەک یەکەیەکی ئەتنیکی (قەوم) ببینێت. ئەو نەتەوەیەی کە لە فەرهەنگی کەجەکەدا هەیە، خەڵکی جیاواز و فرە ڕەنگی کوردستان دەگرێتەوە نەک تەنیا کوردەکان.
ئەوەی کە لەم نێوەندەدا جێگەی ڕەخنەیە لە هاواری کەجەکە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی، ئەو ناڕوونییەیە لە وتارەکەیدا دەرهەق بەم باسە. ئەگەری مەبەستی جۆری یەکەمە و دەخوازێ هێزە دەستەمۆکان لە چنگی سیستەم دەربازبکات و لەگەڵیاندا لەژێر چەترێکدا کۆببێتەوە؛ ئەوە هەڵەیەکی ستراتیژیی و نەزانییەکی ئاشکرایە. ئەگەر مەبەستیشی هۆشیارکردنەوەی خەڵکە و دەربازکردنیانە لەو بازنەیەی کە سیستەم تێیدا بەدیلیگرتوون و لەخۆبێگانەی کردوون؛ ئەوە جێگەی مشتومڕی ورد و هەروەهایش جێگەی ئومێدێکە بۆ پاشەرۆژ. ئەوەندەی من تێدەگەم لەو ڕەوشە، لە حاڵی هزریی و خەیاڵدا کەجەکە باسی جۆری دووەم دەکات. لە پراکتیکیشدا؛ بە شێوەیەکی سنووردار و بەپێی دەرفەت و ئیمکانی خۆی، سەرگەرمی درووستکردنی جۆری دووەمە لەو یەکێتیی نەتەوەیییەی کە لەسەرەوە باسمکرد. خەریکی پێکەوە لکاندنەوەی لانی کەم هزری و مۆراڵی ئەو پارچە لەیەکتر دابڕاوانەی کوردستانە کە سیستەمە داگیرکارەکان بە هەزاران شێوە لە یەکترییان دابڕییون و کردوونیان بە نەیار و تەنانەت دوژمنی یەکتریش. کەم نین ئەو وتار و دەنگە نەشازانەی کە کار لەسەر سووکایەتیکردن و بەنەیارناساندنی بەش و پارچە و گرووپە ئیتنیکیی و ئایینی و زمانیی و زاراوەیییەکانی کوردستان دەکەن. دڵنیام کاتێ دەنووسم کەجەکە خەریکی ئەم کارەیە ئەو هەموو لەمپەڕ و سنووردارییەی ئیرادە، هێز، توانا و ئاگایی مێژوویی و سیاسیی و ئەخلاقیی و تەنانەت ویستی خەڵک و کادرانی کەجەکەیش دێتە بەرچاوم کە چەند کارێکی دژوار و نارەحەت و سەختە. بوونیادنانەوەی کەسایەتیی تاک و دەستەجەمعیی نەتەوەیەکی تا ئەوراددەیە بریندار و لەخۆبێگانەکراو (ئاسیمیلەکراو) شتێکە لە مەحاڵەوە زۆر نزیکە.
نزیکبوونەوە و تێگەیشتن لە مژاری یەکێتیی نەتەوەیی بەو جۆرەی کە پێویستە زۆر واتادار دەبێت، بەڵام هەتا ئێستا تەنیا بە ڕووکەش و چەند پەیڤێکی ڕەونەقدار و فریودەر گوزارشی لێکراوە. چەندین ڕەهەندی گرنگی هەیە کە زۆر کەم و سنووردار دەستی بۆ براوە. پێویستە کەجەکە بەڕوونی خەڵک تێبگەیەنێ مەبەستیان لە یەکێتیی نەتەوەیی چییە، یاخود چیتر ئەو بانگەشەیە نەکەن. لەجیاتی ئەوە، باشترە هەوڵبدرێت بۆ بەهێزترکردنی دژایەتیکردنی سیستەمە داگیرکەرەکانی کوردستان و دۆزینەوەی ساحەیەکی جیا لەو ساحەیەی کە سیستەم دەستنیشانیدەکات، کە ئەوە مەرجی سەرەکییە بۆ بوونیادنانەوەی نەتەوە و سەفەربەرکردنی تاک و گرووپە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە چەمکی نەتەوە و یەکێتیی نەتەوەیی بە مانا فراوانەکەی. [1]