ناونیشانی بابەت: چەمکی ئازادی لە دنیابینیی کەجەکەدا
ئامادەکردن: #سیڤان سەعید#
دەڵێن گالالیۆ گوتویەتی هیچ کەسێک نییە کە بتوانێ شتێک فێری کەسێکی دیکە بکات، بەڵکوو تەنیا هاوکارییکەسەکە دەکات بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەوەی کە لە هەناوی دایە. لە ماهییەتدا، ئازادیش بەهایەکە کە هیچ کەسێک ناتوانێ بەتەواوی خاوەنداریی لێبکات. کەس ناتوانێ بیبەخشێتە کەسێک یان گرووپێک. بەڵکە تەنیا هاوکاریی کەسەکان دەکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەو میقدارە سنووردارە ئازادییەی کە لە هەناویان دایە. کەجەکە لەو ڕاستییە باش تێگەیشتووە کە تەواوی هێزی دنیا بخەیتە کار بۆ ئازادکردنی کۆیلەیەک، ئەگەر نەتوانیت لەو پنتەی ناو هەناویەوە دەستپێبکەی بۆ ئازادبوون، ڕەنجەکەت بەخەسار دەچێ. بۆیە لە فەرهەنگی کەجەکەدا چەمکی ئازادی مانایەکی جودای هەیە لەوەی کە زۆربەمان تێیگەیشتووین. کاتێک ئەحمەدی موفتیزادە لە زیندان دەردەکەوێت؛ هاوڕێکانی دەڵێن ئازاد بووە. کاک ئەحمەد بە زمانە شیرینەکەی خۆی پێیان دەڵێ؛ مەیەژن ئازادبوگە، بێژن مەرەخسبوگە لە زیندان. موفتیزادە دەڵێ؛ (تەواو قودرەت عاڵەم بکەفێتە کار بۆ زیندانکردنی کەسێکی ئازاد، ناتوانن زەڕڕەیەک لە ئیرادەی ئازادی کەمۆکەن) . ئەم جۆرە لە ئازادیی شتێکی ناوەکییە. لە هەناوی مرۆڤەکان دایە. پەیوەندی بە شوێن و جەستە وە نییە. زۆر جاران ئۆجالان لە زیندانەوە بە هاوڕێ و خەباتکارانی بزاوتی ڕزگارییخوازیی کوردستان دەڵێ (بڕۆن خۆتان ئازاد بکەن، خەمی منتان نەبێ) . بەم پێوەرەی ئازادی کە لە هزری خەباتکارانی کەجەکەدا هەیە، ئەو دەیان هەزار خەباتکارەی کە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک و ئێران و وڵاتەکانی دیکەیشدا هەن، تەنیا بە لاشە دەستگیرکراون، ئەگینا بە ڕۆح و ئیرادە ئازادن. لە هەمان کاتیشدا ئەو ملیۆنان کوردەی کە لە ئەنجامی (ترس یان تەماح) ڕادەستی ویست و ئیرادەی داگیرکەران بوون و وابەستە بە جۆرێک لە ژیانی کۆیلەیەتی مۆدێرن بوون؛ ئەگەر چی بە ڕواڵەت ئازاد بن و بتوانن بە تەیارە گەشتی وڵاتانیش بکەن، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەوانە ئازاد نین.
لە فەلسەفەی کەجەکەدا، ئەگەر کەسێک بیەوێ بگاتە پلەی ئازادبوون، دەبێ بتوانێ بەسەر سێ جۆر لە ترسدا زاڵ ببێ. یاخود دەکرێ بڵێین دەبێ لە ململانێی ژیاندا سێ دۆخی سرووشتیی و زۆر بەهێز لە ژیانی خۆیدا ببەزێنێ. یەکەم دەبێ ئەوکەسە ترسی نان پەیداکردن لە خۆیدا ببەزێنی. پێویستە خەمی نان و خواردن و ئیسراحەتی مادیی و ژیانی ئاسایی نەمێنێت. ئەمە مانای ئەوە نییە کە نەژی و نان نەخوات. مانای تەمبەڵیی و وازهێنان لە کار و پەیداکردنی مەعیشەتیش نییە. بەڵام نابێ بە هیچ شێوەیەک ترسی لە نان و ئیسراحەت هەبێ. نابێت لەپێناویاندا هیچ تەنازولێک بکات. دووەم دەبێ غەریزەی زایەندی بەتەواوی لە خۆیدا کۆنترۆڵ و هاوسەنگ بکات. ئەمەش مانای ڕەبەنی و دەست لە زایەند (سێکس) بەردانی تەواو نییە؛ بەڵکوو مانای ئەوەیە کە بەهۆی زایەندوە بە هیچ شێوەیەک هیچ تەنازولێک لە خەبات و هەوڵدان بۆ ژیانی ئازاد نەکات. مانای ئەوەیە نەبێتە کۆیلەی ئەو جۆرە لە ژیان کە بازاڕی سەرمایەداری ڕەواجی پێداوە و بە ناوی ئازادییەوە نیشانی خەڵک دراوە. ئەگەر چی هەزاران کوڕ و کچی گەریلا هەر بەکردووەو و بەراستیی مەسەلەی زایەندییان وەلاناوە، بەڵام ئەوە ڕەوشێکی تایبەتە و تەنیا ئەو کەسانەن کە خۆیان وەقفی ئەو بزاوتە ئازادییخوازە کردووە. کۆی گشتیی خەڵک و زۆرینەی خەباتکارانی ناو سیستەمی کەجەکە پەیڕەوی لە ژیانی ئاسایی و هاوسەرداریی و هاوژینی دەکەن. بەڵام ئەو کەسانەی کە دەتوانن بگەنە پلەی ئازادبوون، ئیدی زایەند و سێکس لەلایان بە هیچ جۆرێک نابێتە ڕێگر لە بەردەوامییان لەسەر ڕێگەی ئازادی. سێیەم و لە هەموویان گرنگتر، ترس لە مردن. کەسانێک کە دەخوازن ئازاد بن، دەبێ مردنیان تاقیکردبێتەوە و سیحر و ترسی مردنیان بەتاڵکردبێتەوە. هەرکەس لە مردن بترسێت ناتوانێت ڕێبواری ڕێگەی حەقیقەت و ئازادی بێت. ئەم بۆچوونە زۆر دژە لەگەڵ تێگەیشتنە ئایینییەکەدا کە بە حساب مردن دەبێتە مایەی ڕادەستبوونی مرۆڤ بە حەقیقەت. تەنانەت هەندێ شرۆڤەی ئایینی وشەی یەقین بەرانبەر وشەی مردن دادەنێن. لە ڕاستیداترس لە مردن مرۆڤ وێڵ و گومرا دەکات. دەیکاتە کۆیلە. کەسێک لە مردن نەترسێ دەتوانێ بەرەو ئازادبوون بروات.
لە قۆناغێکی دیکەدا، کەسانێک کە ئازادبوون یان لەسەر ڕێگەی ئازادیی بەردەوامبوون؛ ئەگەری ئەوەیان هەیە کە بتوانن ئەو ماتەوزەیەی ئازادیی کە لە هەناوی خەڵکدا هەیە، هۆشیاری بکەنەوە و وەک خۆیان خەڵکی سەر ڕێگا بخەن بۆ ئازادبوون. ئەو جۆرە لە ئازادیی کە لە هزری کەجەکەدا هەیە، بە ڕواڵەت و بەپێوەری باو ئازادیی نییە. چونکە پڕە لە بەرپرسیاریی و هەوڵدان، پڕە لە شەونخوونیی و وردەکاریی. بۆیە پێناسەیەکی ئازادیی لەو هزری کەجەکەدا یەکسانە بە بەرپرسیارییەتی. کەسانی بەرپرسیار ئازادن. ئەم جۆرە لە ئازادیی ڕاستەوراست دژی فەوزا و بێ سیستەمیی بێ پێوەرییە. لە ڕاستیدا کەسێک ئەگەر خەمی نان و سێکس و مردنی نەبێ، ئیدی هیچی دیکە نامێنێ شەڕی بۆ بکات جگە لە بەهایەکی مرۆیی مەزن کە ئازادییە. جارێکی دیکەیش دەخوازم ئەوە بڵێم کە لە سەرەتای درووستبوونییەوە تا ئەمڕۆ، کەجەکە تەنیا یەک ئامانجی هەبووە کە بریتییە لە تەواوی وجود و کەینونەی ئەو بزاوتە؛ ئەویش ئازادییە. کەجەکە بروای وایە، کاتێ مرۆڤ ئازادبوو، ئیدی دەتوانێ جارەنووسی خۆی دیاری بکات. دەتوانێ شێوازی ژیانی خۆی هەڵبژێرێ. ئەوی کە ئێستا لە کۆمەڵگەدا دەیبینین شێوازێکە لە ژیان کە بۆمان دیارییکراوە؛ بەسەرماندا سەپێنراوە، لەلامان شیرینکراوە، ناچارکراوین بەدوایدا ڕابکەین. کەچی زۆرجار ئەو جۆرە لە ژیانی ناچاریی و زەلیلیی و پڕ لە درۆیەمان بە ناوی ئازادییەوە پێ دەفرۆشنەوە.
کەجەکە لەتەک چەمکی ئازادییدا و بۆ شکڵگرتن و پێگەیاندنی ئازادیی، چەمکی بەرخۆدان پێشدەخات. کەسێک بیەوێت ئازاد ببێ و لە مردن و نان و زایەند نەترسێ، ئیدی ژیانی یەکپارچە دەبێتە بەرخۆدان. دەستەواژەی (بەرخۆدان ژیانە) ڕاست گوزارشتە لەو دۆخەی کە مرۆڤێکی ئازاد تێیدا دەژی. ئیدی ژیانی هەمووی بووەتە بەرخۆدان. لەم نێوەندەدا، ناوی ساکینە جانسز بەرجەستەی یەکانگیربوونی چەمکی ئازادیی و بەرخۆدان دەکات. لە زینداندا بەرخۆدانێکی وەها بەرجەستە دەکا، کە جەللادەکان دڵنیا دەکاتەوە کە ئەو کەسەی لە ڕاستیدا ئازادە ساکینەیە نەک جەللادەکان. ئەوەیشی کە زیندان و کۆیلە و بێئیرادەیە جەللادەکانن نەک ساکینە.
لە مەیدانی پراکتیکدا، دیسان مەسەلەکە بەو ڕەهایییە نییە کە بتوانرێت کەسێک یان کۆمەڵێک خەڵک بەتەواوی خۆیان داببڕن لەو دنیایەی کە کۆیلەیی و زەلیلی بەنرخی ئازادیی بە خەڵک فرۆشتووە. بەڵام هیوا و ئومێدی ئازادبوون هەمیشە لە فەرهەنگی ئەو بزاوتەدا هەبووە. وەک چەندین جاری دیکەیش نووسراوە، تاکە ئامانجی نەگۆڕی کەجەکە لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ تەنیا بریتی بووە لە ئازادی. ئەوەش بووەتە مایەی سەرڕێگاخستنی ئەو تەڤگەرەی کە بڕیاریداوە ئەو پنتەی ئازادی لە هەناوی خەڵکدا بدۆزێتەوە و ئاشنایان بکات بەئازادیی. [1]