ناونیشانی بابەت: نەتەوەی دیموکراتیک، دەوڵەتی سەربەخۆ لە دونیابینیی کەجەکەدا
ئامادەکردن: #سیڤان سەعید#
کەجەکە لەدوای ئەو گۆڕانکارییەی کە لە دونیابینی ئۆجەلان و هاوڕێکانییدا هاتەکایەوە، دامەزرا. گۆڕانی فەلسەفیی و ئایدیۆلۆژیی بووە مایەی گۆڕانی تێروانینیان بۆ چەمکێکی زۆر هەستیار و گرنگ کە چەندین ساڵە هزر و مێشکی هەموانی پێوە سەرقاڵە و وەک لوتکەی ئامانجی نەتەوەیی دەدرێتە قەڵەم؛ دەوڵەت. دەوڵەت وەک ڕۆحی ڕەهای نەتەوە. وەک فریادڕەس و ناسنامەی نەتەوە. وەک خەون و هیوا و ئومێدی تاکەکانی هەر نەتەوەیەک دەدرێتە قەڵەم. بووەتە شتێکی پیرۆز و نکۆڵی لێنەکراو. لە خەیاڵی خەڵکدا بووەتە سەرچاوەی ئازادیی و سەربەستیی تاکەکانی نەتەوە. لەم پێناوەدا، تاکەکانی نەتەوە دەست لە خۆشیی و بەرژەوەندی و هەموو پڕۆژەیەکی ژیانی خۆیان بەردەدەن و دەچن بەرەو پیری بەرژەوەندیی و سەروەری نەتەوەکەیانەوە و دەوڵەتەکەیان دەپارێزن. گەرچی ئەم خەیاڵە تەنیا لە بۆشایی و لە ناخودئاگای خەڵکی کورددا جێگیربووە و هەرگیز نەبووەتە پڕۆژەیەکی جدیی، لانی کەم لە وێنەی پڕۆژە عەەبیی و تورکییە نەژادپەرستەکانی دەوروبەر کە لە ڕاستیدا هەموویان بەشێک بوون لە پڕۆژەیەکی ئیستیعماریی و بە هیچ جۆرێک ناکرێ بە ناوی بزاوتی ڕەزگاریخوازیی ڕاستەقینەوە بەناوبکرێن، بەڵام لانی کەم ئەم خەیاڵە بۆ خەڵکی کوردستان بووەتە مایەی پێهەڵگرتنێکی ناڕێکخراو لە پراکتیکی بزاوتی ڕزگارییخوازیی کوردیدا. دەستەواژەی “یا کوردستان یا نەمان” دەرهاویشتەی ئەو خەیاڵەیە کە دەخوازێ دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ لە وێنەی دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکەدا بۆ خەڵکی کوردیش بێتە بوون.
بەدەر لەو هەموو ناڕوونیی و تێنەگەیشتنە لە ماهییەت و چەمکی دەوڵەت لە لای خەڵکی کوردستان، دەتوانین مەسەلەی دەوڵەت وەک گرێیەکی دەروونی بەناو بکەین. لەبەرئەوەی کە قەت دەوڵەتیان بە هی خۆیان نەزانییوە، خەڵکی کوردستان هەمیشە لە هەمبەر دەوڵەت دڕدۆنگ و دژ بوون. هەمیشە لە دەوڵەت قاچاخ و بێمتمانە بوون. لە هەمانکاتیشدا، هەمیشە بە حەسرەتی ئەو ڕۆژە بوون کە ئەوانیش وەک ئەو دەوڵەتانەی کە لەسەر ناوی عەرەب و ئێرانیی و تورکەکان ئاواکراوە، ببنە خاوەنی ئەو شتەی کە ئەوان هەیانە و ئەمانی لێ بێبەشکراوە. لەسەر ئاستی سیاسیی و ئیرادەی سیاسیی زۆرینەی حیزبە جیاوازەکانی کوردستانیش، بەهۆی وابەستەیی بەردەوامیان بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە، هەرگیز ئیجازەی ئەوەیان نەدراوە کە لانی کەم لە پەیڕەوو و پرۆگرامی پارتەکەیشیاندا ئاماژە بەو خەونەی خەڵکی کوردستان بکەن. بۆ نموونە پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ئێراق کە ئێستا دەستەڵاتداری یەکەمی هەرێمی کوردستانی باشوورە، لە هیچ قۆناغێکی ژیانی خۆیدا باسی لە دەوڵەتی کوردیی نەکردووە وەک ئامانجێکی نەتەوەیی. هەرگیز لە کۆنگرەکانی خۆیدا لە ئۆتۆنۆمی بۆ ئێراق تا فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان بەرەوژووری داوانەکردووە. ئەو هات و هاوارەی ڕیفراندۆمی 2017 جگە لە پڕۆژەیەکی دەرەکیی و دنەدانی خەونی کوردەکان بۆ مەبەستی شەخسیی و حیزبیی و هەواڵگریی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان هیچیدیکە نەبوو. هەر بۆیە تا ئەمڕۆیش زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان کە خەون بە دەوڵەتی کوردییەوە دەبینێ، جگە لە خەیاڵ و خەونێکی بێهودە جگە لە شکست هیچی لێ سەوز نەبووە و هەنگاوێک نەچۆتە پێش.
لەگەڵ ئەوەی کە خەڵکی کورد نەبووەتە خاوەنی دەوڵەتێک لە وێنەی دەوڵەتەکانی دەوروبەر، بەڵام لە پراکتیکدا، هەموو تاڵیی و ناشیرینیی و ستەمە جیاوازەکانی دەوڵەت و بێدەوڵەتیشی چەشتووە. چ زوڵمی دەوڵەتەکانی داگیرکەری کوردستان و چ پراکتیکی هەرێمی ئۆتۆنۆمەی کە لە باشووری کوردستان دامەزراوە، ڕاستەوراست پراکتیک و وێنەی دەوڵەت نیشاندەدات. خەڵکی کورد زیهنییەتی دەوڵەتی پراکتیک کردووە. کەوابوو خەونێکی یەکجار بێمانایە خەڵکی کورد پێی وابێ ئەگەر لەجیاتی هەرێمی کوردستان ئەو کیانە ناوی دەوڵەتی کوردستان بێ لەوەی ئێستا هەیە باشتر دەبێ. لەوەش زیاتر، بگرە بێماناتریش ئەوەیە کە زۆرینەی کەسانی سیاسیی و ئەکادیمی و بە حساب شارەزا باس لە هەلومەرجی ناوچەیی و سیاسیی دەکەن لە موستەحیلبوونی بەدیهێنانی ئەم خەونەدا. لە ڕاستیدا کێشەی سەرەکیی لەم بوویەرەدا، نائامادەیی خەڵکی کوردستان و بێئاگایییانە لەوەی کە دەیانەوێت و لە بەرژەوەندییان دایە، دوای ئەوەیش وابەستەیی و ناکارایی کاراکتەرە سیاسییەکانی کوردستانە کە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین لەپێناوی گۆرانکارییەکی گرنگ لە زیهن و ئاگایی خەڵکدا، پێگە و بەرژەوەندیی شەخسیی و بنەماڵەیی و حیزبیی خۆیان لەدەستبدەن. خەڵکی کوردستانیش ئەو ئاگایی و تێگەیشتنەیان نییە کە شۆڕشێکی زیهنیی و سەرتاپاگیر بکەن و خۆیان لەو ڕەوشی وابەستەیی و ژێردەستییەی دەوڵەتان و پارتە سیاسییەکانی وابەستە بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان ڕزگاربکەن و ئەو سیستەمە شکستخواردووە ستەمکارە ڕابماڵن. بۆیە هەتا ئێستایش بازاڕی وتاری دەوڵەت و خەونی درووستبوونی دەوڵەت هەر لە برەو دایە.
ئێستا کەجەکە دێت و ئەم سیحرە بەتاڵدەکاتەوە و دەڵێ ئەو بتەی کە بەو شێوەیە پیرۆزکراوە و خەڵکانی تر هەیانە و گیرۆدەی بوون، کورد کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا چانسی دەسکەوتنی ئەو بتەی نەبووە، باشتر وایە بەدوای ئەو دەستکەوتە بێخێرەدا ڕانەکات. ڕەتکردنەوەی دەوڵەت لەلایەن کەجەکەوە لەسەر ئاستی هزریی و ئایدیۆلۆژی شتێکی ستراتیژیی و ڕاستگۆیانەیە. مەسەلەکە تاکتیک و قۆناغبەندی خەبات و ئەو شتانە نییە. داڕێژەرانی هزری کەجەکە پێیان وایە دەوڵەت نەک فریادڕەس، بەڵکوو سەرچاوەی نەهامەتییەکان و دەردەسەریی و خوێنڕێژییەکانی دووسەد ساڵی ڕابردوو، خودی دەوڵەت خۆیەتی. لەوە خراپتر، کاتێ دەوڵەت لەسەر بنەمای یەک ڕەنگ و یەک ناسنامە دادەمەزرێت (دەوڵەتی نەتەوەیی یان دەوڵەتی دینیی) ئیدی کارەساتەکە چەند بەرابەر دەبێ. لە پەڕتووکەکانییدا کە بەناوی پارێزنامە لە زیندانی ئیمراڵیی نووسراون، ئۆجەلان زۆر بە دوورودرێژی لەسەر ڕەخنەی دەوڵەت ڕادەوەستێ و قسە لە بێچارەیی خەڵک و کۆیلەیی خەڵک بەهۆی سیستەمی دەوڵەتەوە دێنێتە زمان. مێژووی دوورودرێژی نووسراوی بە حساب خەڵک، هەرگیز مێژووی خەڵک نەبووە، مێژووی دەوڵەت و دەستەڵاتداران بووە.
کەجەکە ئەو شۆڕشە هزرییەیە کە دەیەوێ هەموو ئەو چەمکانە دیسانەوە پێناسە بکاتەوە و بیانخاتەوە جێگەی ڕاستیی خۆیان. چەمکگەلی لە وێنەی سیاسەت، مێژوو، ئایین، شۆڕش، ئازادیی، خەڵک و نەتەوە پێویستیان بە ڕەخنەکرد و دووبارە پێناسەکردنەوە هەیە. کاتێک ئەو چەمکانە بە مانا تازەکانیان کە هەمیشە قابیلی گۆڕان و سەرڕاستکردنەوەی بەردەوامن، دێنە بەر باس و هەوڵی پراکتیک کردنیان دەدرێت، ئیدی سیحرەکانی دەوڵەت و ستەمکاریی بەتاڵدەبنەوە و ئیمکانی بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد و شایستە بە خەڵکی کوردستان دێتەدی. لێرەدا با دیسان ئەو پرسیارە بکەینەوە کە ئایا بە دەستهەڵگرتن لەو دەوڵەتە ستەمکارەی کە سەد ساڵە ستەمکاریی و شکستی خەڵک تۆماردەکا، کەجەکە وازی لە سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان و هەوڵدان بۆ ئازادبوونیان هێناوە؟ وەڵامی پرسیارەکە بەئاسانی نەخێرە، بەڵام تێگەیشتن لەو وەڵامە ئەوکاتە مانادارە کە لە چەمکی ئازادیی و سەربەخۆیی تێبگەین لە دیدگای کەجەکەوە. لەلایەکی دیکەیشەوە، لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی سیاسەتی واقیعییدا، کەجەکە لە هەوڵ دایە بۆ دەستخستنی ستاتۆیەک بۆ خەڵکی کوردستان. ناو و فۆرمی ئەو ستاتۆیە هەرچییەک بێ، ناوەرۆک و ماهییەتەکەی دەبێ پارێزەری ئازادیی و سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بێ. ئەوە ڕاستییەکی دەستلێبەرنەدراوە لەلایەن کەجەکەوە.
لە پڕۆسەی درووستکردنی دەوڵەتدا، لە سەدەی ڕابردوودا، هیچ حسابێک بۆ خەڵکانی ناوچەکە نەکرا. بەڵام لە پڕۆسەی بوونیادنانی نەتەوەدا لەلایەن کەجەکەوە، هەموو حسابێک بۆ ناسنامەی خەڵکی کوردستان دەکرێ. بابەتی ناسنامەی خەڵک گرنگترین پایەی ئازادیی و بوونیادیی ئەو نەتەوەیەیە کە کەجەکە هەوڵی بۆ دەدات. مانای نەتەوە لە فەرهەنگی کەجەکەدا، بریتی نییە لە نەتەوەی کڵاسیکی تاک-رەهەند لە وێنەی نەتەوەی تورک و عەرەب کە سەریکێشا بۆ فاشیەت و ڕەگەزپەرستییەکی ماڵوێرانکەر لە ناوچەکەدا. نەتەوە بریتییە لە یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەی فرە-رەهەندی هەموو ناسنامە ئێثنیکیی و ئایینی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ناو چوارچێوەی کوردستانی گەورە. بریتییە لە هەماهەنگیی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان و داننان بە یەکتریدا و مافی ژیان و چالاکیی هەموو ناسنامە جیاوازەکان هەرکەس بە ڕەنگ و دەنگی خۆی. ناوی کەجەکە ( کۆما جڤاکێن کوردستان) بۆ خۆی هەڵگری ئەم فەرهەنگەیە. بوونیادنانی نەتەوەی کوردستان کە هەموو خەڵکی کوردستان بگرێتەخۆ، ئەو کیانە کۆمەڵگەیی و جڤاکییەیە کە لەلایەن کەجەکەوە ڕۆژانە هەوڵی بۆ دەدرێت. بۆ قایمکردن و مسۆگەرکردن و بەردەوامیدان بەو کیانە، کەجەکە چەمکی دیموکراتیک دەکاتە پاڵپشتی ئەو هزرە. بەڵام ئەم چەمکەیش دیسان هەمان ئەو دیموکراتیکە نییە کە لە دنیای باودا هەیە. نەتەوەی دیموکراتیک لە فەرهەنگی کەجەکەدا، بانگەشەی دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆی ڕادیکاڵ دەکا کە هەمیشە لە گۆڕان و خۆنوێکردنەوە و ڕەخنە لەخۆگرتندا بێ. نزیکەی دە ساڵێک لەمەوبەر کاتێ ئەم هزرانەم دەخوێندەوە و دەمخواست ڕاڤەیان بکەم، زۆر زەحمەت بوو تەنانەت بیر لە پراکتیککردنیشیان بکەمەوە، بەڵام ئەگەر کەموکوورتیش بن، ئێستا لە ڕۆژاڤای کوردستان ئەم هزرانە لە حاڵی پراکتیک و خۆنوێکردنەوەی ڕۆژانە دان. ئەوە ئومێدێکی گەورەیە کە بتوانین بڵێین پڕۆژەکەی کەجەکە و بوونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیکی خەڵکی کوردستان شتێکی مەحاڵ نییە.
بانگەشەی یەکێتیی نەتەوەیی بە مانای بوونیادنانی ئەو نەتەوە دیموکراتیکەی کە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بتوانن لە یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەدا بگەنە فۆرمێک لە خۆبەڕێوەبەریی و سەربەخۆیی لە بڕیارە تایبەتەکانی ژیانی خۆیاندا و هەماهەنگیی لە بڕیارە چارەنووسسازەکانی نەتەوەدا؛ ئەوە پڕاوپڕ ئەو بانگەشەیەیە کە کەجەکە دەیخوازێ. ئەم بانگەشەیە لەسەر ئاستی هزر و پراکتیکیش ئەوەیە کە لەلایەن کەجەکەوە ڕۆژانە باسی لێوە دەکرێ. مەخابن زۆرینەی خەڵک، (لەناویشیاندا هەندێ کەسی چالاکی ناو سیستمی کەجەکەیش) وادەزانن یەکێتیی نەتەوەیی بە مانای قەبوڵکردنی ئەو وابەستەیی و پاشڤەرۆیی و گەندەڵیی و خیانەتە زۆرانەی کە هەندێ لە پارتە سیاسییە کڵاسیکە کوردییەکان لە ڕابردوو ئێستایشدا تێوەیگلاون. هەر بۆیە هەندێکەس بانگەوازەکانی کەجەکە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی بە شکانەوە و پەشیمانبوونەوەی کەجەکە تێدەگەن لە هەمبەر ئازادیی و دژایەتیی وابەستەیی و ستەمکاریی. هەندێکی دیکەیش وەک تاکتیکی سیاسیی و ئیدارەدانی ئەو ڕەوشەی تێدەگەن. لە ڕاستیدا کەجەکە دەیەوێ بە شێوەیەکی واقیعی ئیدارەی ئەو ڕەوشە نالەبارەی خەڵکی کوردستان بکات کە لە ئەنجامی پراکتیکی ئەو پارتە وابەستە و نەریتییانەوە گیرۆدەی بووە. بەڵام هەرگیز ڕادەستی ئەو جۆرە سامناکە لە ژیان و پراکتیکی سیاسیی و هزری ئەو پارتانە نەبووە و نابێ، چونکە ئەوە ڕاستەوڕاست دژی تەنیا مەبەستەکەی درووستبوونی سیستەمی کەجەکەیە کە ئازادییە. هەرکاتێ کەجەکە ڕادەستی ستەمکاریی و وابەستەیی بوو، ئیدی مانایەک بۆ بانگەشەی ئازادی نامێنێتەوە. وەک لە بەشی پێشوودا ئاماژەم پێکرد، دەکرێ ئەم بۆچوونانە جێگای ڕەخنە و ناڕوونی و ڕەتکردنەوە بن. بۆ تێگەیشتنی باشتر خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەدەبیاتی کەجەکە و ئەو پەڕتووکانەی کە لەو بارەیەوە نووسراون. بەتایبەت پەڕتووکەکانی ئۆجەلان زۆر ڕوونکەرەوەی ئەو سیستمە و ئەو دونیابینییەن. لەبەشی داهاتوودا، هەوڵدەدەم لەسەر چەمکی ئازادیی هەڵوێستەیەک بکەم. [1]