ناونیشانی بابەت: کەجەکە چییە؟ لە چ قۆناغێک دایە؟
ئامادەکردن: #سیڤان سەعید#
لە ماوەی دەساڵ (2005-2015) لە ڕاگەیاندنیداوەک سیستەمێکی نوێ لە بزاوتی ئازادیخوازیی کوردستاندا، کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) گەیشتە ترۆپکی خۆی. لەلایەنی جڤاکییەوە گۆڕانێکی زۆر مەزن بەسەر بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستاندا هات. کاراکتەرە جیاوازەکانی کەجەکە لە هەموو مەیدانەکاندا چالاکانە بەرەوپێشچونیان بە خۆیانەوە دیت. دەتەپە و بەدەپە و دواتریش هەدەپە لە باکوور و لە تورکیا بوون بە ڕۆژەڤی بەرچاوی خەڵک و دەوڵەتیش. دەوڵەتی تورک ناچارکرا بێتە سەر مێزی گفتۆگۆ لەگەڵ کورد. لە ڕۆژاڤا ڕێڤەبەریی خۆسەری دیموکراتیک دامەزرا و دەزگا و سازییە فرە چالاکییەکان لەناو خەڵکدا بوون بە ڕاستینەی ڕۆژانەی ژیانی ئاسایی خەڵک. پەژاک بەهێزتر بو. کۆدار دامەزراو چەندین ڕێکخراو و دەزگای جۆربەجۆر لەسەر ناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاواکران. هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە باکوور و پاراستنی خەڵک (یەپەگە) و پاراستنی ژن (یەپەژە) لە ڕۆژاڤا بوونە هێزی تۆکمە و جێگەی باوەڕی خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش. فریاکەوتنی گەریلا و شەڕڤانان لە کارەساتی شەنگال بووە هۆی جێگەخۆشکردنی بزاوتی ئازادیخوازیی کوردستان لە باشووریش. نەک هەر خەڵکی باکوور و ڕۆژاڤا، بەڵکوو خەڵکی ڕۆژهەلات و باشوور وردە-وردە هیوا و ئومێدی خۆیان بە سەرکەوتن و فراوانبوونی ئەو سیستەمەوە گرێدەدا. ئەم بویەرانە بوونە هۆی ئەوەی کە هەندێ خەڵک کەجەکە تەنانەت وەک بەدیلی یەکێتیی و پارتییش لە هەرێمی کوردستاندا لە ئاییندەیەکی نزیکدا ببینێت.
بە پێچەوانەی خواستی کەجەکە و خەڵکیش، لە دوای 2015وە ئیدی کۆمەڵە بویەرێک بوونە مایەی گۆڕانێکی بەرچاو لە گەشەکردنی پێشڤەچونە خێراکانی کەجەکەدا. هەم خەڵک و هەمیش شارەزایانی ڕەوشی کوردستان و ناوچەکە کەوتنە بارودۆخێکی ناڕونەوە لە هەمبەر تێگەیشتنی ڕەوشەکە. لە سۆنگەی تێنەگەیشتن لە سرووشتی کاری کەجەکە و پێشتریش لە سرووشتی کاری پەکەکەدا، خەڵک ناچارمان بە تەخمین و بە پێوانێک تەماشای ڕەوشی کەجەکە بکەن کە لەجیاتی ڕۆشنکردنەوە، دەبێتە مایەی سەردەرگومیی و ڕێلێونبوون. لەوەش خراپتر، ڕایەداران و چالاکوانانی کەجەکە، جگە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو، نەیانتوانی وەڵامگۆیەکی ڕون بن بۆ تێگەیاندنی خەڵک و ڕای گشتیی لە ڕەوشەکە. ئەوەی من تێبینی دەکەم ئێستا لە ناوەندی نووسراو و بینراوی کوردیدا، هەرواش لە ئەنجامی گفتوگۆ و گوێهەڵخستن بۆ گوفتار و حەز و مەیلی خەڵک؛ کۆمەڵە پرسیار و نیگەرانییەک هەیە لە کەجەکە و لە تێگەیشتن لە کەجەکە کە مایەی لێوردبوونەوەیە و شایانی هەوڵدانە بۆ شرۆڤەیەکی تاراددەیەک ڕۆشنکەرەوە لەسەر کەجەکە. دەبێ ئەوەش بڵێم کە هەتا ئێستا و تا ئاییندەیەکی دوریش، باندۆر و کارییگەریی کەجەکە لەسەر گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە هەر هەیە و هەرواش درێژەی دەبێ. بۆیە ناچارین هەم ڕەخنە و هەم هەڵسەنگاندن بکەین بۆ ئەو بزاتە کاریگەرەی کە لە هەموو مەیدان و بوارەکاندا بوونی کارییگەریی هەیە و تاراددەیەکی زۆر جێگەی ئومێدی خەڵکی کوردستانە. ئەم وتارە بە چەند بەشێک دەخوازێت گفتوگۆ و شرۆڤەی هەندێک پرسیار و گومان بکات، کە لەدوای ساڵی 2015ەوە وردەوردە کەڵەکە دەبن لەسەر کەجەکە.
کوردایەتی و خەیاڵی کوردستانییبوون یان برایەتیی گەلان:
ئایا کەجەکە لە ئێستادا خەریکی کوردایەتییە؟ چۆن دەڕوانێتە چەمکی کوردایەتیی؟ بەر لە وەڵامی ئەوپرسیارە و هەر پرسیارێکی دیکەیش، پێویستە ئەوە بڵێم کە، کەجەکە وەک حیزبێکی سیاسیی نییە تاکوو ناچار بمێنێ هەمیشەو بۆ هەر بویەرێک هەڵوێستی هەبێت. کەجەکە سیستەمێکی کولتوریی و جڤاکییە کە بووەتە مایەی بوونیادنانی جۆرێک لە دنیابینیی کە دو خاڵی گرنگ بە بنەما دەگرێت. یەکەم ئازادیی خەڵک. دوەم خۆبەڕێوەبەریی خەڵک. بەڵام ئەم جۆرە لە ناساندنی کەجەکە هەڵگری ئیشکال و گرفتگەلێکی سیاسیی و جڤاکییە. بە شێوەیەکی سەرەکی ئیشکالەکە لە ناڕوونیی ئەو تێگەیشتنەوە درووستبوە کە لە دنیای سیاسیی و ئەکادیمیی باودا هەیە و دەیەوێ شرۆڤەی بزاوتێکی بەرفراوانی وەک کەجەکە بکات. لەوەش زیاتر، کەجەکە بۆ خۆی شێوەیەکی کراوەی خەباتی نەتەوەیی و مرۆیییە کە پێوان و هەڵسەنگاندنەکانی جیایە لەوەی کە لە دنیای باودا هەبوە. وشەی شۆڕش و خەبات لە دنیابینیی کەجەکەدا مانای قوڵی فەلسەفییان هەیە و لەسەر بوونیادێکی جیاواز لەو تێگەیشتنەی کە تا هەنوکە چەمکگەلی لە وێنەی شۆڕش و خەبات و ئازادیی و سەربەخۆیی بە دنیای ئێمە ناساندوە.
لێرەوە ئیشکالی تێنەگەیشتن و بەهەڵە خوێندنەوە لە هەمبەر کەجەکە دێتە بەردەممان. بۆ نموونە پرسیاری ئەوەی کە ئایا بۆچی کەجەکە تەداخول ناکات لە ڕەوشی پڕ لە قەیرانی باشووردا؟ ئایا کەجەکە باشوور و ڕۆژهەڵات بەکاردەهێنێ بۆ مەرامی شۆڕشەکەی لە باکوور و ڕۆژاڤای وڵات؟ ئایا کەجەکە کاری بەسەر دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییەوە نییە و دەیەوێ خەڵکی کورد لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا بژین و خزمەتی ئاڵاو ناسنامە و دەوڵەتی عەڕەب و تورک و فارس بکەن؟ ئایا کەجەکە مەبەستی لە برایەتیی گەلان چییە؟ بۆچی بە ناوی برایەتیی گەلانەوە تەنازول و موساوەمە لە کورد بوون و سەربەخۆیی کورد دەکات؟ ئەم پرسیارانە و چەندانی دیکەی هاوشێوەیشیان نەک تەنیا پرسیاری خەڵکانێکن کە لە دڵەوە هیوا و ئومێدێکی نەتەوەیی و خەیاڵی ئازادییان بە کەجەکەوە بەستوە، بەڵکوو پرسیار و جێگای مشتومڕی هەندێک لە سیاسییەکان و ئەکادیمییەکانیشن. زۆرینەی ئەوانەش کە ئەم پرسیارانە دێنن و دەبەن، لە گۆشەنیگای باوی ڕوانین بۆ چەمکی ئازادیی و سەربەخۆیییەوە تەماشای کردار و خەیاڵی سیاسیی و جڤاکیی کەجەکەییش دەکەن، بۆیە؛ بەناچاری دەگەنە ئەنجامێکی نێگەتیڤ و تا ڕادەیەک تۆمەتبارکردنی خەبات و شۆڕشی کەجەکە بە دژە-ئازادیی و دژە-سەربەخۆیی. بێگومان لەم نێوەندەدا دەستی نەیاران و دوژمنانی ئەو سیستەمە بە هەموو جۆرێکیش لە کاردایە بۆ برەودان بە ڕەخنەی کەجەکە و تیشکخستنە سەر ئەو ڕەخنانەی کە بە تێگەیشتنە باوەکە دێنە بەر باس و ناساندنی ئەوجۆرە تێگەیشتنە وەک ئەسڵی ڕاستییەکان.
لە ڕاستیدا کەجەکە بۆ یەک مەبەست دامەزراوە ئەویش هەر ئەوەیە کە لە ڕۆژی یەکەمەوە ئۆجالان و هاوڕێکانی لەسەر بنەمای ئازادی کۆبوبوونەوە. ئەمە تاکە نەگۆڕێکە لە دنیابینیی و سیاسەتی کەجەکەی ئێستا و پەکەکەییشدا. بڕوام وایە ئەو بزاوتە هە تا ئەمڕۆ لەسەر هەمان نەگۆڕ بەردەوامە. بەڵام لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی خۆیدا زۆر جاران تاکتیک و ستراتیجی گۆڕیوە بۆ گەییشتن بە مەبەستەکەی. ئۆجالان و هاوڕێکانی کاتێ لە ئەنقەرە لە چەپی تورک بێهیوابوون کە بتوانن وەڵامگۆی داواکەی ئەوان بن کە بریتی بو لە ئازادیی بۆ خەڵکی کوردستان، ئیدی هێڵی خۆیان جیاکردەوە و لە ئەنقەرەوە هاتنەوە بۆ چیاکانی کوردستان. دەستەواژەی (کوردستان میتینگەیە) بووە تیشکۆی دەسپێکردنی خەباتی پەکەکە بۆ ئازادیی خەڵک و خاکی کوردستان. لە مێژوی خۆیدا، بزاوتی ئازادیخوازیی کوردستان هەمیشە لە لێگەڕین و بەدواداچونی حەقیقەتدا بووە و نەترساوە لە شرۆڤە و ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن، هەر بۆیە؛ لە ڕێگای خەباتی خۆیدا، چەندین جار گۆڕان لە ناو و ناوەرۆک و پەیڕەو و پراکتیک و تاکتیک و ستراتیجیی ئەو بزاوتەدا دەبینرێت. ئەگەر لە ڕۆژگارێکدا پەکەکە وەها تێگەیشتبێ کە هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی سۆسیالیستی کوردستان دەبێتە مایەی ئازادیی خەڵکی کوردستان، لە قۆناغێکی دیکەدا هەمان بزاوت بڕوای وابوە کە ئازادیی خەڵک بە دەوڵەتدا تێناپەڕێت، بەڵکوو لە ئەنجامی پێکەوەژیانی ئارەزومەندانەی نێوان گەل و نەتەوە و گرووپە جیاوازەکاندا لە چوارچێوەی یەکێتییەکی دیموکراتیک و ئازادیخوازدا تێپەردەبێ.
ئەگەر ئەو خەیاڵەی کە ئێستا کەجەکە هەیەتی لە هەمبەر برایەتیی گەلان نەتوانرێت پڕاوپڕ پراکتیک بکرێت، دیسان وەک و پرەنسیپ و هزر و خەیاڵ، دەشێ زۆر بە بیرۆکەیەکی دیموکراتیک و ئازادیخوازانە پێناسەبکرێت. ئەو ڕەوشەی ئێستا لە هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (باڕۆس) دەگوزەرێت تا ڕادەیەکی زۆر بەرهەمی خەیاڵ و دونیابینیی کەجەکەیە. لەوەش زیاتر، چەقی هێز و توانای کادیرانی کەجەکەیە لە ڕۆژاڤا ئەو ڕەوشە بەڕێوەدەبات.
تێگەییشتنی کەجەکە لە دەوڵەت وەک ئایدیا و وەک پراکتیکیش، ئەو بزاوتەی گەیاندۆتە قەناعەت کە شێوازی دەوڵەت و پراکتیکی دەوڵەت کە سەرمایەداریی و ستەمکاریی بەبنەما دەگرێت لەگەڵ هزری ئازادیخوازانەی کەجەکەدا یەکناگرێتەوە. نموونە گەلی زۆر لە دنیادا هەن کە پراکتیکی دەوڵەت چ کارەسات و کۆڵەوارییەکی پێشکەش بە مرۆڤایەتیی کردووە. بە تەماشاکردنی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ئەو ڕاستییە ئیدی هیچ ناڕوونییەکی لەسەر نامێنێ کە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، تورکیا، ئێراق و سووریاش چ ماڵوێرانییەکیان نەک تەنیا بۆ خەڵکی کورد بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکانی ئەم ناوچەیە خوڵقاندوە. ئەوەندەی من تێدەگەم، کەجەکە بە ڕاست و درووستی دەخوازێ بڵێ: ئەگەر دەوڵەتێکی کوردی لە وێنەی دەوڵەتەکەی ئەتاتورک و ئەردۆغان، یان لە وێنەی شا و خومەیینی، یان دەوڵەتە شکستخواردوەکانی ئێراق و سووریا ڕۆژێک لە ڕۆژان درووستببێ، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە خاوەنداریی لێبکات. بەڵکوو پێویستە لە دژی وەها دەوڵەتێک خەباتیش بکا هەروەک چۆن ئێستا لە دژی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی ناوچەکە خەبات دەکات.
بەڵام ئەم قسەیە لەبەر چاوی خەڵک و لە گۆشەنیگای باوی دنیای ئێمەوە لە پراکتیکدا جێگەی دردۆنگیی و ناڕوونییە. با لەوە گەڕێین کە خەڵکی کوردستان حەز و مەیلیان بۆ هەبوونی دەوڵەتێکی کوردیی هەیە و ئەم تێزەی کەجەکە نیگەرانیان دەکا. لە ڕاستیدا ئەرکی کەجەکەیە کە ئەو خەڵکە تێبگەیەنێ لەو ڕاستییە و تەنازول نەکات بۆ ئەو نیگەرانییە نابەجێیەی کە هەندێ خەڵک هەیانە و هێزە دژەکانی ئەو بزاوتەییش بەکاریدەهێنن وەک چەکێک لە دژی کەجەکە و دونیابینییەکەی. پێویستە کەجەکە هەر وەک ئۆجالان بەئاشکرا ئەو دونیابینییە بێنێتە زمان و سڵ نەکاتەوە لە هێرشی نەیاران لەسەر ئەو مژارە. لەگەڵ ئەوانەشدا، با بڕوانینە ئەوەی کە کەجەکە لە ڕێی ئەو سەدان و هەزاران دام و دەزگایانەی خۆیەوە ڕۆژانە لە هەڵسوکەوت و مامەڵە دایە لەگەڵ هەموو ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردستان و لەگەڵ دەوڵەتە زەبەلاحەکانی دنیاش لە ناوچەکەدا. ئێمە چۆن لەم ڕەوشە تێبگەین؟ ئایا ڕێڤەبەریی خۆسەر لە ڕۆژاڤای کوردستان لە دژی خەیاڵی خۆی لە سووریا لەگەڵ ڕژێم خەریکی دانووستاندنە؟ ئایا هەدەپە لە پارلەمانی تورکیا چی دەکا؟ ئایا هەوڵی کەجەکە بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە ئەمریکا و ئەوروپا بۆچییە؟ ئایا مامەڵەی کەجەکە لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان چ مانایەکی هەیە؟ لە هەمویشی سەیرتر، هاواری کەجەکە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی چ مانایەکی هەیە؟ لە ڕاستیدا وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە بریتییە لە یەک ڕستە: سیاسەت لەسەر بنەمای ‘یان هەموو یان هیچ’ ناکرێت. ئۆجالان دەڵێ “لە سەرەتای خەباتی پەکەکەدا نەماندەزانی کە سیاسەت لەسەر بنەمای یان هیچ یان هەموو ئیمکانی نییە، بۆیە؛ لەجیاتی نزیکبوونەوە لە مەبەستەکەمان کە ئازادییە، ڕۆژانە دورتر دەکەوتینەوە و لە ساحەی دوژمندا شەڕماندەکرد.” گرنگ ئەوەیەکە شۆڕشگێڕ بتوانێ دوژمن کەمەندکێش بکاتە ساحەکەی خۆی. کەجەکە لەسەر ئاستی جڤاکیی و درووستکردنەوەی کوردی نوێ، و مرۆڤی نوێ (بە زمانی خۆیان مرۆڤی باڵا) ، ڕۆژانە و بەبێ تەنازولکردن لەو پڕۆسە پەروەردەیییە تۆکمەیەی کە بە بنەما گرتویەتی لاینەداوە. بەڵام لەسەر ئاستی سیاسەت و مامەڵەی واقیعیی لەگەڵ ڕەوشەکەدا؛ کەجەکە تا ئەمڕۆ بەبێ موساوەمەکردن لە پرەنسیپەکانی خەباتی خۆی و مەبەستەکەی کە ئازادییە، مامەڵەی لەگەڵ ئەکتەرە دەوڵەتیی و نادەوڵەتییەکانیش کردووە و دەکات.
ئەو چوارچێوە ئیدارییەی کە کەجەکە دەیخوازێت دابمەزرێ -کە دەکرێ ناویشی دەوڵەت بێ- پێویستە دیموکراتیک بێ و لەسەر بنەمای یەکسانیی و ئازادیی نێوان هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی خەڵکدا بێ و لەڕوی جێندەرییشەوە یەکسانیی هەبێ. نابێ ناوی کیانی دەوڵەت یان هەر فۆرمێکی تری ئیداریی کوردیی، عەرەبیی، تورکیی و عیبریی یان ئیسلامیی، کریستیانی و یەهودیی یان لەسەر بنەمای ڕەگەز و ڕەنگ و ئینتیمای کولتوریی و سیاسیی بێ. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، پێویستە بڕیاربەدەستانی ئەو قەوارەیە خەڵک بن و ئەوانەی کە بەڕێوەبەری قەوارەکەن تەنیا وەک کارگوزارێک کە هەمیشە ئامادە ببن بۆ لێپرسینەوە (موسائەلە) . بە مانایەکی دی، پێویستە هێزی خەڵک فراوان و زۆر بێت و هێزی بەڕێوەبەران کەم و بەرتەسک. پێویستە بڕیار و پێشنیاز و گوتەی کۆتایی، بۆ خەڵک بێ. کەجەکە بۆ خۆی باوەڕی بە ئەندامێتی نییە. کەجەکە بروای بە چەمکی وڵاتییبوون هەیە. ئەوانەی خەباتی کەجەکە بۆ ئازادیی بە بنەما دەگرن و هەوڵی بۆ دەدەن و پێی ڕازین، ڕاستەوخۆ وڵاتیی ناو سیستەمی کەجەکەن. ئەو کیانەش کە کەجەکە دەیەوێ دایبمەزرێنێ دەبێتە کیانێک کە دیسان ئازادیی و یەکتر قەبوڵکردن بە بنەما بگرێت. گفتوگۆی ئەم مژارە زۆر درێژە. خوێنەر دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ئەدەبیاتی کەجەکە و ئەو پەڕتووکانەی کە لەو بارەیەوە نووسراون. بەتایبەت پەڕتووکەکانی ئۆجالان زۆر ڕونکەرەوەی ئەو سیستەمە و ئەو دونیابینییەن. لەبەشی داهاتودا، هەوڵدەدەم لەسەر چەمکی دەوڵەت نەتەوە و نەتەوەی دیموکراتیک هەوڵوێستەیەک بکەم. [1]