ناونیشان: ناڵ و بزمار و یەکێتی
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون:#24-04-2017#
یەکێتی لەم ڕۆژانەدا سەری لە یار و نەیار شێواندووە. ئەوانەی کوێرانە یەکێتین دەڵێن یەکێتی لەسەر ڕێبازی مام دەڕوات و باش دەزانێ سیاسەت بکات، بەڵام یەکێتییە ڕاستگۆ و ڕاشکاوەکان دەڵێن خۆشمان نازانین خەریکی چییە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەرچەندە یەکێتی لە ناڵ دەدات و لە بزماریش، بەڵام ناڵبەند دەردێکی گەورەتری هەیە و بەو قەرەباڵغی درووستکرنە خۆی لە خۆیەکلاکردنەوە دەدزێتەوە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو لەو هەڵسەنگاندنە ڕۆژانەییانەدا کە بۆ دۆخی کوردستان دەیکات و دەینێرێت بۆ بەڕێوەبەرانی ڕووداو، ئەنجامگیریی ئەوەی کردووە کە یەکێتی و یەکگرتوو پێکەوە دەتوانن گوشار لەسەر پارتی و گۆڕان بکەن و لە کەلی شەیتان بیانهێننە خوارەوە. ئەمە ڕاستە، بەڵام چەندە جێبەجێ دەکرێت وەستاوەتە سەر ئەوەی کە کەی یەکێتی دەگاتە قەناعەت، خۆی یەکلایی بکاتەوە.
لەو شاندە باڵایانەی یەکێتیدا کە سەردانی گۆڕان دەکەن، هەمیشە هیرۆ ئیبراهیم و کەسانی نزیک لەو ڕۆڵی میحوەرییان هەیە. لەوانەی پارتیشدا کاک کۆسرەت برا گەورەیە. جارێکیان لەوەڵامی پرسیاری ئەوەدا کە بۆچی هێرۆخان لە کۆبوونەوە لەگەڵ پارتیدا بەشدار نابێت، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی گوتی هێرۆخان لەبەر نەخۆشی ناتوانێ بەشدار بێ، کەچی هەر هەمان هێرۆخان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان دەبێتە گوێزی ساخ.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە یەکێتی باش دەزانێ بەردەوامبوونی ئەو دۆخە قەیراناوییەی ئێستای کوردستان لە قازانجی ئەودایە و پێیخۆشە هەروا بەردەوام بێت. ئەگینا دەتوانێ بەلایەکیدا بخات. بەڵام ئەگەر لەگەڵ پارتی پێکبێت، هەرچەندە دەستکەوتە سیاسی و ئیداری و داراییەکانی دەپارێزێ و دەبێتە شەریکی ئەوەش کە دێت، بەڵام هێشتا ئەزموونی تۆڵەکردنەوەی دەنگدەرە دژەپارتی و دژەبارزانییەکانی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لەبیر نەچووەتەوە و دەزانێ چۆن گۆڕان ئەمەی لەدژ بەزیرەکی بەکاردەهێنێت. ئەگەریش یەکێتی لەگەڵ گۆڕان ڕێکبکەوێت، جگە لەوەی شەراکەتی خۆی لەگەڵ پارتی لەسەر دەستکەوتەکانی دەخاتە مەترسییەوە، بەو هەموو باڵ و ناکۆکییانەوە کە هەیەتی وەک نێچیرێکی بریندار دەکەوێتە دەست پڵنگێکی بێبەزەیی کە ناوی گۆڕانە و بەئاسانی دەتوانێ زەفەری پێ ببات. بژارەی سێیەم کە یەکێتی هەیەتی درووستکردنی بەرەیەکی گوشاردرووستکردنە لەگەڵ یەکگرتوو، کە ئەمەش دیسان لە قازانجی یەکێتیدا نییە و بەدەستی خۆی خۆی بچووک دەکاتەوە و چیدیکە هەم پارتیش و هەم گۆڕانیش کێبڕکێ ناکەن لەسەری بۆ ئەوەی بەلای خۆیاندا ڕایبکێشن.
بۆیە لەم ماوەیەدا جوان دیقەت بدەنە ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی و یەکێتی و گۆڕان و تەنانەت نەخشەڕێگەکەش، لە هەموویاندا یەکێتی وەستایانە ناڵیش و بزماریش دەکوتێ و ناشهێڵێ نە دەستی خۆی خوێنی لێبێ و نە ئەسپە شێی یەکڕیزیش بحیلێنێ! [1]