ناونیشان: دایبی و شیر و پسکیت
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون:#01-05-2017#
دادگاکەی #گەرمیان# کارێکی باشی کردووە کە دزێکی حوکمداوە. داواکاری گشتیش چاکی کردووە کە سەرەڕای لێخۆشبوونی سکاڵاکارانیش، هەر کۆڵینەداوە و مافی گشتیی لە کابرای دایبی و شیردز ستاندووەتەوە، بەڵام ئەم کەیسە دەیسەلمێنێت کە سکی تێری سیستمی دادوەری لە کوردستان ئاگای لە سکی برسیی هەژارێکی نیومووچەخۆری تەمەن سەرووی پەنجا ساڵ نییە. بۆیەش زیادەڕەوی دەکات لە حوکمداندا.
ئەوانەی شارەزای یاسان، سەت لەسەت بڕوایان وایە دادوەر لە کەیسی پیاوە دایبی و شیردزەکەدا کەمترین سزای داناوە کە دەتوانێ بیدات. من ئەو مادانەم خوێندنەوە و لێمکۆڵینەوە کە لەسەر بنەمایان دزەکە سزادراوە. خۆم هێنایە شوێنی دادوەرەکە و تێیگەیشتم ئەگەر بمەوێ یاساکە دەقاودەق وەک خۆی جێبەجێ بکەم، بەڵام دڵیشم بە کابرای سکاڵالەسەرکراو بسووتێت، گەورەترین چاکە کە بتوانم لەگەڵی بکەم ئەوەیە کەمترین سزای بدەم کە دە ساڵ و چەند مانگێکە.
ئەمە یەکێک لە وێنەکانی کەیسەکەیە. وێنەی دووەم ئەوەیە کە فەرمانبەرێکی دەوڵەت هەیە.
تەمەنی پەنجا و دوو ساڵە. منداڵێکی ساوای هەیە کە شیر و دایبیی دەوێت. دەوڵەت مووچەی ڕێکوپێکی ناداتێ و نیومووچەکەشی بەتەواوەتی وەرناگرێت. تەمەنی ڕێگەی پێنادات کاربکات.
کرێنشینە و سێ منداڵی دیکەشی هەن. دۆست و هاوڕێ هاوکاریی دەکەن و کەمێک باری سەرشانی سووک دەکەن، بەڵام هەرواش ناتوانێ کێشەی شیری منداڵە ساواکەی چارەسەر بکات. ئەو فەرمانبەرە لە وڵاتێکدا دەژیت کە هۆشیاریی یاسایی تێیدا زۆر کەمە. بیری بۆ چارەسەرێکی خراپ بۆ کێشەکەی دەچێت. ئەویش ئەوەیە کە شیر و دایبی لە دووکانان بدزێت و هێندەی ئەوەش بیهێنێت کە منداڵەکەی پێویستی پێیە، نەک بچێ بیفرۆشێتەوە. ئەو باوکە دزییەکەی لێ ئاشکرا دەبێ و دەگیرێت. منداڵە ساواکەش شیر و دایبییەکەی باوکی لێ دەبڕێت. ساڵێکی ڕێک باوک دەکەوێتە زیندانەوە.
خاوەن دۆزەکان لێی خۆشدەبن، بەڵام دەوڵەت پێ دەخاتە کەوشێکەوە و دەڵێت دەبێ ئەو کابرایە سزایەک بدرێت کە نەک هەر جارێکی دیکە نەتوانێ شیر و دایبی بۆ منداڵەکەی بباتەوە، بەڵکوو تا گەورەش دەبێ لەگەڵی لە ماڵێکدا نەژیت. باوکە بێ پارە و بێ کەس و ئابڕووبردراوەکە تەنانەت پارێزەرێکیشی نییە داوای مافی بکات و حوکمێکی قوورسی بەسەردا دەدرێت.
وێنەی سێیەم وێنەی ئێمەیە. هاونیشتمانیی وڵاتێکین کە کەیسی گەورە گەورەی گەندەڵی لە میدیاکان و تەنانەت دادگاکانیشدا ئاشکرا دەبن و تاوەکوو ئێستا کەسیان لەسەر سزانەدراوە. داوامان لێدەکەن وڵاتەکەمان خۆشبوێت و خۆشیشماندەوێ، بەڵام ناتوانین دڵنیابین یاسا وەک یەک لە پشت هەموومانە و هەژار و دەوڵەمەند وەک یەک دەپارێزێت. بۆیەش لە هەڵسەنگاندن و کاردانەوەکانیشماندا بۆ کەیسێکی وەک ئەوەی کابرای دایبی و شیردز، لەجیاتی ئەوەی بە چەسپاندنی یاسا و پاراستنی مافی گشتی خۆشحاڵ بین، پێی نیگەران و ناڕازی دەبین. چونکە پێمانوایە ئەو دادوەرانەی نە کەمکردنەوەی مووچە و نە وەرگرتنی نیومووچە نەیگرتنەوە، ناتوانن لەوە تێبگەن کە بۆچی باوکێکی گیرفان بەتاڵ، لەپاڵ بژارەکانی دیکە بۆ دابینکردنی شیر و دایبیی منداڵەکەی، بەرەو ئەوە دەچێت بە ڕێگەی نایاسایی ئەمە بکات. ئەمەش درووست ئەو چیرۆکە فەرەنسییەمان بیردەهێنێتەوە کە کاتێک خەڵک لەبەر هەژاری و نەبوونی نان ڕژابوونە سەرشەقام، شاژن گوتبووی مادام نان نییە، بۆچی ناڕۆن پسکیت بخۆن؟ [1]