ناونیشان: گۆڕان پاش نەوشیروان
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون:#22-05-2017#
هێشتا کاک نەوشیروان بەخاک نەسپێردرابوو یەکێتی لێبووردنێکی گشتیی بۆ هەڵسوڕاوانی گۆڕان دەرکرد. هەرچەندە لێبووردننامەکە لە ڕواڵەتدا بەجدی نووسرابوو، بەڵام نێوەڕۆکەکەی هەم نوکتە بوو، هەم گاڵتەپێکردنیش. چونکە یەکێتییەک کاتێک کاک نەوشیروان لەژیاندا مابوو ئامادە نەبووبێ ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان جێبەجێ بکات، چۆن پاش مردنی دەتوانێ داوای یەکگرتنەوە لەو بزووتنەوەیە بکات؟
لەو پەیامانەدا کە هەڵسوڕاوە باڵاکانی گۆڕان لەو چەند ڕۆژەدا ناردوویانە، بەڕوونی گوتراوە کە دەیانەوێ دەست بە بزووتنەوەکەیانەوە بگرن و تەمای چوونە نێو یەکێتییان نییە. هەرچەندە بەقەولی کاک نەوشیروان عیبرەت لە جێبەجێکردندایە، بەڵام بەڕاستیش هەر ئەوە لە گۆڕان چاوەڕێ دەکرێت. چونکە ڕێی تێناچێت یەکێتییەک کە بەدەستی باڵباڵێن و باڵادەستیی فڵان بنەماڵە و دوورکەوتنەوەی فڵان سکرتێری گشتییەوە دەناڵێنێ، هێندە پڕۆژەیەکی ئایدیاڵ بێ کە گۆڕانەکان ئارەزوو بکەن لەگەڵی ببنە یەک حیزب. دواییش دەستەواژەی یەکگرتنەوە زۆرتر بۆ ئەوە بەکاردێت کە لەنێو حیزبێکدا ئینشیقاق ڕوویدابێ و دوایی هەردوولا ئاشت ببنەوە و ئینشیقاقچییەکان بگەڕێنەوە. ئەگەر گۆڕان بەو دەستەواژەیە ڕازی بێت، کەواتە لە ساڵی 2009 وە درۆی لەگەڵ جەماوەر و دەنگدەری خۆی کردووە.
بە بڕوای من کاتێک کاک نەوشیروان مابوو چانسی یەکگرتنی گۆڕان و یەکێتی لەئێستا زیاتر بوو. چونکە پاش #مام جەلال# تەنیا کاک نەوشیروان دەیتوانی کۆتایی بەو یەکترشکاندنی ئەو پەنجانە بهێنێ کە لەنێو سەرکردایەتیی یەکێتیدا هەبوو، بەڵام ئێستا کە ئەو نەماوە، بۆ گۆڕانەکان چوونە نێو یەکێتی هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئاشبەتاڵکردن لە حیزبەکەیان.
کەواتە گۆڕانی پاش کاک نەوشیروان چیی بەسەردێت؟ ئەگەر دوور لە جۆش و خرۆشی چەند ڕۆژی پرسەکە سەیری بکەین، لە باشترین حاڵەتدا دەتوانین پێشبینیی ئەوە بکەین کە گۆڕان دەمێنێ، بەڵام گۆڕانە بەهێزەکەی جاران نابێت. ڕەنگە زۆر لە کۆنە یەکێتییەکان ببنەوە یەکێتی و ڕەنگە ئەو گەنجانەی دەشمێنن ببنە هێزێکی مەدەنیی بێ دەرەتان و بێ پشتیوان. بەڵام ئەوەی لە بەخاکسپاردن و دواتر پرسەی کاک نەوشیروانیشدا لەلایەن خەڵکەوە کرا، پیشانیدا کە هێزێکی گەورەی جەماوەریی ناڕازی هەیە و سەرگەردانبوونیان زیانی لە کۆکردنەوەیان لەژێر یەک چەتردا زیاترە بۆ هەموان.
بۆیە ئێستا مەیدان ئاوەڵایە بۆ ئەوەی جووڵانەوەیەکی نوێی ناڕازی لە کوردستان دەستپێبکات کە سوودی لە هەڵەکانی هەشت ساڵی ڕابردووی گۆڕان وەرگرتبێ و لە ئەزموونە باشەکانیشیەوە فێرببێت. جووڵانەوەیەکی وا ڕێگە دەگرێت لەوەی گەنجان پەرتەوازە و ڕادیکاڵیزە و سەرگەردان ببن. هەروەها نەشبنە سووتەمەنیی ئاگرێک کە وڵاتی خۆیان بسووتێنێ، بەڵام بۆ ئەمە سەرکردەیەکی بوێر و ناڕازی و قسەڕۆیشتوو پێویستە کە بەداخەوە پێناچێ جارێ نە لەنێو یەکێتی و نە لەنێو پارتی و گۆڕانیشدا هەبێ و هەڵکەوێ. [1]