ناونیشان: #پەکەکە# و حەشد لە #شنگال#
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون:#05-06-2017#
زانیارییەکی باڵکێش کە لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی #حەشدی شەعبی# لە باشووری شنگال ئاشکرا بووە، ئەوەیە کە پەکەکە لەلایەکەوە هەندێک ناوچەی بۆ حەشد چۆڵ کردووە و لەلایەکی دیکەشەوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەو ناوچەیەدا بووەتە دیوارێک بۆ ڕێگەگرتن لە پەڕینەوەی حەشد بۆ نێو خاکی سووریا. ئەمە هەمان ئەو پەکەکەیەیە کە هەم کوردستان و هەم حکومەتی عەبادی و هەم هێزەکانی هاوپەیمانانیش پێیانگوتووە دەبێ لە ناوچەی شنگال بکشێتەوە و ناکشێتەوە. جا پرسیار ئەوەیە: بۆچی پەکەکە ناتوانێ و نایەوێ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە چۆڵ بکات، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، بە خواستی خۆیان دەیانەوێ و دەتوانن ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشد چۆڵ بکەن؟
هەڵسوکەوتەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی پەکەکە لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان نیشانەی ئەوەن کە خەریکە گۆڕانێک، ئەگەر بەشێوەی تاکتیکیش بێت، لە سیاسەتەکانی پەکەکەدا ڕوودەدات. ڕەنگە ڕاستتربێت بڵێین ڕووسووڕاندنێک بەرانبەر ئەمریکا و پشتتێکردنێک بەرانبەر ڕووسیا و ئەسەد و ئێران هەیە. ئەو پەکەکەیەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر سنوور شەڕی دەکرد و لەو ناوچەیە دەریدەکردن، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ هێزە دەوڵەتییەکانی ئێران تووشی پێکدادان بووە و وێنەی گەریلا شەهیدەکانیشی بڵاوکردەوە. ئاساییشی پەیەدە لە قامشلۆ ڤیدیۆی جڤینێکی بڵاودەکاتەوە کە تێیدا باسی پیلانێکی ئێرانی و سووری دژی ڕۆژاوای کوردستان دەکات. وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە ڕێگەی میدیاوە #هەسەدە#ی ژێر هەژموونی پەکەکە بەوە تۆمەتبار دەکات کە ڕێگەی بە هێزەکانی #داعش# داوە لە ڕەققە دەرکەون. ئەمریکاش بەئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە چەکەکانی گەیشتوونەتە دەست هێزەکانی #یەپەگە# لەکاتێکدا دەشزانێت درێژکراوەی پەکەکەیە. بەڵام لەو نێوانەدا لە شنگال فەرماندەیەکی یەبەشەی سەر بە پەکەکە ئاشکرای دەکات کە هەندێک ناوچەی کوردانی ئێزدییان بەخواستی خۆیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کردووە. هەر لە هەمان شنگال بەرپرسێکی دیکەیان دەڵێت مانەوەی ئەوان لەو ناوچەیە وایکردووە حەشد نەتوانێ بچێتە نێو خاکی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان. جا لەوەش باڵکێشتر لێدوانی سەرۆکوەزیرانی تورکیایە کە بەبێئەوەی لێدوانی ئاگرینی لەسەربدات و ڕەتیبکاتەوە و پێی نیگەران بێت، دەڵێ ئەمریکا لە هەموو وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ڕەققە، کە هەسەدەی ژێر هەژموونی پەکەکە جێبەجێی دەکات، ئاگاداری کردوونەتەوە.
لێکدانەوەیەکی نزیک لە واقیع بۆ ئەو گۆڕانکارییانە ئەوەیە کە پەکەکە بەشێوەی تاکتیکی بڕیاری دابێت خۆی لە پەیەدە و یەپەگە و هەسەدە بێبەری بکات. بەوهۆیەشەوە دەستی ئەمریکا ئاوەڵا بکات بۆ ئەوەی ناوچەیەکی جێی نفووزی خۆی لە سووریا درووست بکات. لەو مامەڵەیەدا هەم پەکەکە قازانج دەکات هەم ئەمریکا، هەم نیگەرانییەکانی تورکیاش لە قەوارەی ڕۆژاوای کوردستان کەمتردەبنەوە. بەوهۆیەوە پەکەکەش ئەوەی لە ڕۆژاوا بەدەستیهێناوە ناکاتە پارووێک کە پاش داعش، دیمەشق و تاران و مۆسکۆ بتوانن قوتی بدەن.
ڕەنگە هەمان بیرکردنەوەی تاکتیکی وایکردبێ پەکەکە هەوڵبدات لە شنگالیش خۆی وا بهێنێتە پێشەوە کە دەتوانێ دیوارێکی ئەمریکادۆست بێت بۆ ڕێگەگرتن لە فراوانتربوونی قەڵەمڕەوی ئەو حەشدی شەعبییەی کە تورکیا و ئەمریکا پێی سەخڵەتن، بەڵام هەمان ئەو پەکەکەیە نایەوێ لەگەڵ حەشد تووشی پێکدادان بێت و دەزانێ ئەوان وەک پێشمەرگە نین و هیچ ئیعتیبارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی نییە ڕێگەیان لێبگرێت بۆ ئەوەی هێزێکی نائێراقی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەربکەن. لەلایەکی دیکەشەوە شەڕی نفووزی پەکەکە لەو ناوچەیە لەگەڵ پارتییە نەک حەشدی شەعبی. ڕەنگە ئەمەش ڕوونیبکاتەوە کە بۆچی بۆ پەکەکە کشانەوە لە چەند گوندێک بۆ حەشد زیانی زۆر کەمترە لە کشانەوە لە ناوچەیەکی فراوان بۆ پێشمەرگە. [1]