#لاهور شێخ جەنگی#، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەڕڵەمانی کوردستان بە نایاسایی لە قەڵەمدا، ناتوانێت بە ناوی یەکێتییەوە لیست بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕڵەمانی کوردستان درووست بکات.
یەکێک لە کارتەکانی لاهور شێخ جەنگی ئەوە بوو بە پشت بەستن بە بڕیاری دادگای ئاساییشی #هەولێر#، بتوانێت لیستێک بەناوی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕڵەمانی کوردستان پێشکەش بکات.
ڕۆژی 30 ئایار، دادگای فیدڕاڵی ئێراق، بەهۆی سکاڵایەکی د. یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پێشووتری پەڕڵەمان، بڕیاری پەڕڵەمانی کوردستانی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی ڕەتکردەوە و سەرجەم ئەو بڕیار و یاسایانەشی لە دوای 6ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن پەڕڵەمانی کوردستانەوە پەسەندکراون بە نایاسایی لە قەڵەمدا و سەرجەمیان هەڵوەشێندرانەوە.
بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ماوەی یاسایی تەواو بووە، هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕڵەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئێراقەوە بە زیانی لاهور شێخ جەنگی دەشکێتەوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆن، لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی ناناسێت و بە پشت بەستن بڕیارێکی دادگای کەرخی بەغدا #بافڵ تاڵەبانی# وەک سەرۆکی یەکێتی ناسێندراوە. بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای کەرخیش بێت لاهور شێخ جەنگی ناتوانێت کەڵک لە ناو و لۆگۆی یەکێتی وەربگرێت بۆ هەڵبژاردنەکان. [1]