ناونیشان: پاساوهێنانەوە بۆ تاوانکارییەکانی دوژمنان
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون:#10-04-2023#
هەرچەندە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی ڕەگ و ڕیشەی قووڵ و لەمێژینەیان هەیە، بەڵام بەپێی هەلومەرج و بارودۆخی سیاسی بەرزی و نزمی زۆری تێکەوتووە. جاری وا هەبووە ژینگەی سیاسی بە ئەندازەیەک یارمەتیدەر بووە بۆیان کە ڕووداو و پێشهاتی زۆر مەترسیدار ڕووبەڕوویان بووەتەوە، بەڵام بەسەریاندا زاڵ بوون و نەیانهێشتووە بچێتە سەر خەرواری کێشە کەڵەکەبووەکانیان. لە هەندێک زرووف و زەمانیشدا کێشە و ناکۆکییەکی بچووکی نێوانیان گەیشتووەتە لێواری بەریەککەوتن و تەقینەوە. لە هەردوو ئەم حاڵەتانەشدا ڕۆڵی کارەکتەرە سیاسییەکان زیاتر لە ئەندازەی هەلومەرجە سیاسییەکان ڕەنگدانەوەی هەبووە.
باڵاکردنی ناکۆکی و کێشەکانی ئێستایان، دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ و دەستبادانی یەکدی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراق لە ئۆکتۆبەری 2022، هێشتا تای ئەو پڕۆسەیە بەرینەداون و نەیانتوانیوە تێیپەڕێنن. لەو کاتەشەوە هەرچی پێشهاتێکی سیاسی هاتبێتەپێش هەر ئاوی کردووەتە ئاشی ناکۆکییەکانیانەوە. تەنانەت ئەو ڕووداوانەش کە پێویست بوو یەکیان بخات و بەیەک هەڵوێستی و یەک وتارییەوە ڕووبەڕووی ببنەوە، پەرتەوازەتری کردوون.
ڕووداوی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی #سلێمانی# لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 7ی نیسان. ئەو کاردانەوە و ڕاگەیێندراوانەی نێوان ناوەندە حیزبی و کارەکتەرەکانی پارتی و یەکێتیی لەناو حکومەت دژ بە یەکدی، ئاماژەی زۆر مەترسیدارن. لەبری ئەوەی حکومەت بە یەکهەڵوێستی و پارتی و یەکێتی پێکەوە ڕووبەڕووی ئەو مەترسی و هەڕەشە ئەمنییانە ببنەوە کە گەیشتووەتە شوێنی هەستیاری وەکوو فڕۆکەخانەکان، کەچی کەوتنە هێرش و پەلامار بۆسەر یەکدی.
هەرچەندە ئەمە یەکەم هێرشی درۆنی نییە بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی کوردستان، پێشتر چەند جارێک بە درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر. بەڵام هیچ کات وەکوو ئەم ڕووداوە حکومەتی نەکردە دوو لەتەوە و پارتی و یەکێتیی یەکدییان پێ تاوانبار نەکردووە. نازانم ئەمە ناو بنێم بەدبەختی کورد یا شانسی دوژمنەکانی.
لە ڕووداوەکانی پێشووتری هێرش و پەلاماردانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و هەریر لەلایەن ئێرانەوە، ئەگەر یەکێتی لە دڵەوە پێشیان خۆش بووبێت، بەڵام بۆ ڕای گشتی و لە ڕاگەیێندراوی فەرمیی حیزبەکە و لێدوانی هەر کارەکتەرێکیاندا سەرکۆنەی لایەنی ئەنجامدەری تاوانەکەیان کردووە. هیچ کات پارتی و هەندێک دام و دەزگای حیزبی و حکومییەکانی بەرپرسیار نەکرد کە بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی ئەوانەوە پەلاماری فڕۆکەخانەی هەولێر دەدرێت. بەڵام لە ڕووداوی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لێدوانی گوتەبێژی حکومەت نالۆژیکییانە بوو. حکومەت هەر ڕەخنە و سەرنجێکی هەیە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی، ڕێگەی دیکە زۆرە بۆ چارەسەرکردنی. بەتایبەت بەهۆی ئەوەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە فڕۆکەخانەکانی کوردستان زیاتر لەژێر پابەندێتیی یاسا و ڕێسا و چاودێریی بەغدان و دەکرێت هەر کەموکووڕی و کێشەیەک هەبێت لەوێوە چارەسەر بکرێت. نەک پاساو بۆ پەلاماردان و هێرشی دوژمنانی کورد بهێندرێتەوە و وا لێکبدرێتەوە کە خراپ مامەڵەکردن و خراپ بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکە هۆکار بووە بۆ ئەوەی تورکیا هێرشی بکاتە سەر. بەتایبەت لەم ڕووداوەدا کە پلانەکە بۆ بەئامانجگرتنی مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیکموکرات بووە و وەفدێکی هاوپەیمانەکان هاوەڵێتییان کردووە.
ئەگەر ئەم پاساوە بۆ تورکیا بە لۆژیک بزانرێت، کەواتە دەبێت هەمان لۆژیک بۆ ئێرانیش وابێت کە بە درۆن و مووشەک هێرشی دەکردە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریر. ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە، نەخوێندنەوە و نەبینینی ستراتیژییەتی وڵاتە داگیرکەرەکانە لە مامەڵەیان لەگەڵ تاکە قەوارە کوردییەکە. ئێران و تورکیا هیچ پاساو و مافێکیان نییە بۆ پەلاماردانی کوردستان، ئەوەی دەیڵێن و دەیکەن بە پاساوی کارە دوژمنکارییەکانیان، بۆ ڕووپۆش و شاردنەوەی نییەتی ڕاستەقینەیانە کە دوژمنایەتیکردنی کوردە لە ناوچەکە. ناکرێت پارتی و یەکێتی لە دژی یەکدی ئاو بکەنە ئاشی ئەو چەواشەکارییەی دوژمناندا.
یەکێتیی هەرچەند لە پارتی نیگەران بێت و ناکۆکی و کێشەکانیان چەند قووڵ ببێتەوە، هەق نییە ڕێگە بە خۆی بدات پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، ببەستێتە سیاسەتی پارتییەوە لە مامەڵەی لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەروەها پارتیش بە هەمان شێوه، نابێت وا بیر بکاتەوە پەلاماری تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سلێمانی بەهۆی مامەڵەی یەکێتییەوەیە لەگەڵ پەکەکە.
پێویستە کورد لەو ڕاستییە تێبگات، ستراتیجی دەوڵەتانی نەتەوەی سەردەستەی ناوچەکە بە جۆرێکە، بە هەماهەنگی بیکەن یان بە جیاجیا، ڕێگە لە باڵاکردنی کورد دەگرن. ئەگەر پەکەکە نەک لە باشوور نەبوایان، بەڵکوو هەر بوونیشیان نەبوایە، لە هەلومەرجێکی وەکوو ئێستادا تورکیا تورکمانەکانی کەرکووک و کفریی دەکردە بیانوو بۆ پەلاماردان و لەشکرکێشییەکانی بۆ ناو قووڵایی باشووری کوردستان. هەروەها ئەگەر دیموکرات و کۆمەڵە نەک لە باشوور نەبوایان، هەر بوونیشیان نەبوایە، ئێران مەقام و مەرقەدی شیعەیەکی دەکردە پاساو و بیانوو بۆ پەلاماردان و دەستوەردانەکانی.
دەبوو ئەم ڕووداوانە پارتی و یەکێتیی بەئاگابهێنێتەوە لە ئاستی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بیانخاتەوە سەر ڕێگەی پێکەوە هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتیی تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە، بەڵام پێدەچێت کینە و گیانی تۆڵەکردنەوەیان لە یەکدی هەڕەشە و مەترسییەکانی دیکەی بیربردبنەوە. [1]