ناونیشان: هێزی نەرم لە #هەولێر#ەوە تا ڕۆما
نووسەر:#بەختیار شاخی#
ڕۆژی دەرچوون:#14-04-2023#
ڕۆژی پێنجشەممە #13-04-2023# ، بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بوو. ئەو پێشوازییە فەرمی و شکۆدارەی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا، چەندە بۆ کوردستانییان پڕ بایەخ و مایەی دڵخۆشی و ئومێد بوو، هێندە و زیاتریش لای یار و نەیارانمان مایەی ڕامان و خوێندنەوە بوو. ڕاستییەکەی، ئەو پێشوازییە لە ئاستی سەرۆکی وڵاتاندا بوو، ئەویش وڵاتانی کاریگەر، نەک هەرێمێک کە هەندێ لایەن خەونی خراپی پێوە دەبینن.
لەو ماوەیەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان خرابووە ژێر گوشاری ئابووری و سیاسی، بڕیاری ڕاگرتنی نەوتی کوردستان و هاوکات هەندێ لێدوان و ڕاپۆرتی ئامانجدار و هەوڵی لاوازکردنی پێگەی هەرێم، نەیتوانی ئیرادەی هەرێمی کوردستان بشکێنێت. جووڵەی دیپلۆماتیکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و دەرەوە، هاوکات مامەڵەی خێرا و وردی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆخی تازە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەردەبازی ژیرانە بوون و نیشانەی پێگەیشتنی سیاسی و ئەزموونی فەرمانڕەوایی لە هەرێمن.
بەڕەچاوکردنی ئەو دۆخە، بۆ من وەک چاودێڕێک، دیدارەکانی 13ی4ی 2023، بیرخەرەوەی دیدارەکەی #02-12-2017# بوو، ئەو ڕۆژە کوردستان لە دۆخێکی سەختی ئابڵوقەی دیپلۆماتیک و هەڕەشە و خۆگیڤکردنەوە و پەنجە ڕاوەشاندنی سێشەممانی سەرۆکوەزیرانی ئەوسای ئێراق و داخستنی فڕگە و سنووردا بوو، بەڵام لەو ڕۆژەدا سەرۆک ماکرۆن، لە کۆشکی ئێلیزێ، بە پێشوازییەکی نایاب و شکۆدار لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان بوو، بە بەغدا و هاوپەیمانەکانی گوت: هەرێمی کوردستان بۆ دنیای ئازاد گرینگە و دەیپارێزین.
لە دیدارەکانی ڕۆما، لەگەڵ پاپا و سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و سەرۆکی پەڕڵەمانی ئیتاڵیا و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، زۆر بابەتی جێی سەرنج باس کران، زۆریان هەمان پەیامیان بۆ هەموولایەک تێدا هەیە کە گرینگیی هەرێمی کوردستان و پشتیووانیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان پێشان دەدات، هاوکات بۆ ناوخۆی هەرێمیش دەبێ پەیامی تێدا بێت، پەیامێک کە سەرۆکی پەڕڵەمانی ئیتاڵیا لە دیدارەکەدا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت: گەلى کوردستان دەبێ شانازیی بە خۆیەوە بکات.
ئەم پەیامە بۆ تاکی کوردستانی زیاتر لە واتایەکی هەیە، گەلێک کە ڕووبارێک خوێنی لەپێناو ئازادیدا بەخشیوە و دژی ژێردەستەیی ڕاپەڕیوە و وەک بەرپرسانی وڵاتان دەڵێن، لەجیاتیی هەموو دنیای ئازاد بەرەو ڕووی تیرۆر وەستا و گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی لەسەر خاکی کوردستان تێکشکا، بۆ دەبێ بڕوای بە هێز و توانای خۆی و چارەنووسی خۆی لاواز بێت؟ تاکی کورد کە دەبینێ لە دەوڵەتانی گەورە و گرینگی دنیادا بەو شێوە فەرمییە و وەک سەرۆکی وڵاتان پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و پەیامی پشتیووانیی بەرپرسانی پلەیەکی ئەو دەوڵەتانە لەبارەی کوردستان دەبیستێت، بۆ دەبێ هەستی خۆبەکەمزانینی هەبێت و هێشتا خەریکی خۆخۆری و یەکترشکاندن بێت؟ بۆ دەبێ ئەو پێگەیە و ناوبانگی جوانی هەرێمی کوردستان لە پێکەوەژیان و ئازایەتیی پێشمەرگە نەبنە هۆی شانازی و پێکەوە هەوڵی بەهێزترکردنی نەدەین؟
دەبێ لەبیرمان بێت کە ئەگەرچی لە دوای ڕاپەڕین، بەتایبەتی دوای کۆڕەو، پاراستنی خەڵکی کوردستان تەنیا لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستی و بەهاناوەهاتنی گەلێکی ئاوارە و لێقەوماو بوو، بەڵام ساڵانی دواتر، ئەوە لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێهاتەکانی کوردستان و حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و ئەزموونێکی دیموکراسی بوون کە ناوبانگی هەرێمیان بەرز ڕاگرت و دواتریش لە تێکشکاندنی #داعش# گەیشتە لووتکە. ئێستایش، هاوکات لەگەڵ پاراستنی سەرجەم ئەو بەها بەرزانە، پێویستە پایەکانی باڵاکردنی هەرێمی کوردستان پتەوتر بکرێن.
جموجۆڵی ئێستای دیپلۆماتیکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوتەریب لەگەڵ دانووستانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، شانبەشانی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان لەناو پێکهاتەکانی کوردستان و فەرهەنگی لێبوردەیی و ئاشتیخوازی، بنەمای سەرەکیی هێزی نەرم (soft power) پێکدەهێنن، هێزێک کە بۆ بەردەوامیی پشتیووانیی دنیای ئازاد و پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافە دەستوورییەکان و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و یەکگرتوویی کۆمەڵگەی کوردستانی، تا دابینکردنی سەقامگیری و خۆشبژێوی زۆر پێویستە. [1]