ناونیشان: دیوە شاراوەکەی ئیسلامۆفۆبیای رۆژئاوا!
نووسەر: #نووری بێخاڵی#
ڕۆژی دەرچوون: #26-04-2023#
خەریکە پرسی هەڕەشە و مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی #داعش#، جارێکی دیکە دەکرێتەوە سەردێڕی ڕۆژنامە جیهانییەکان. ئەو سەردێڕە ڕۆژنامەوانییانەش، دوای ئاشکرابوون و دزەکردنی (کە وێدەچێ دزەپێکردنی بەمەبەست بن!) ڕاپۆرتە نهێنییە هەواڵگرییە نوێیەکان گەرم دەکرێنەوە و بازاڕیان گەرم دەکرێت.
بۆ نموونە، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێی هەواڵگریی ئەمریکی، ئەو ڕێکخراوە سەرقاڵی هەوڵەکانییەتی بۆ دەستخستنی زانیاریی تەکنیکی و شارەزایی، بە مەبەستی درووستکردنی چەکی کیمیایی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هاوکات ئامادەکاریکردن بۆ بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییە ئێراقییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕزگارکردنی نزیکەی پێنج هەزار زیندانیی ڕێکخراوەکەیان لە سووریا.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هەوڵ و ئامادەکارییانە، بەشێکن لە پلانی داعش بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و ئاسیا و ناویان ناوە پلانێکی مەبەستدار.
بەهەرحاڵ، قسەی ئێمە لێرە لەسەر ڕاستی و ناڕاستیی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە نییە، بەڵکوو باسکردنە لەسەر پرسی بابەتی ڕۆژاوا و ئیسلامۆفۆبیا، کە دەیانەوێ وا نیشانی کۆمەڵگەکانی خۆیان و جیهانی بدەن، گوایە لەم بابەتە تۆقیون. کەچی ئەوەی کە دەگوترێت ئیسلامیی تووندڕۆ و پەڕگیر هەڕەشەیە بۆسەر ڕۆژاوا و بووەتە، یان ڕاستتر کراوەتە فۆبیا، لە نوکتەیەک زیاتر، هیچی دیکە نییە!
ڕاستە کەم تا زۆر و لە شوێنکاتی جیاوازدا، ئەم ڕەوتانە مەترسییان بۆسەر وڵاتانی ڕۆژاوا درووست کردووە، بەڵام مەترسییەکەیان کوورتخایەنە و زۆرجاریش کردەوە تیرۆریستییەکانیان لەو وڵاتانەدا، پەرچەکردارن، نەک ستراتیژ!
ڕاستییەکەی، ئەوە ڕۆژاوا نییە لە بەردەم هەڕەشە و مەترسیی ئیسلامیی تووندڕۆ، تیرۆریست، جیهادی و ڕادیکاڵدایە، بەڵکوو ئەوە کۆمەڵگەکانی موسوڵمانن، کە وەک ڕابردوو، ئێستا و لە داهاتووشدا، ئامانج و قوربانیی یەکەمی ئەم هەڕەشە و مەترسییەن، لەناویشیاندا کوردستان!
=KTML_Bold=چۆن؟=KTML_End=
بەپێی هەموو ڕووپێوی و ئامارەکان، ڕێژەی موسڵمان لە هەموو یەکێتیی ئەوروپا ناگاتە 5%ی کۆی دانیشووانی وڵاتانی ئەم یەکێتییە، ئەمە و ئەو ڕێژەیە لە ئەمریکا لە 1٪ کەمترە، کەچی لە میانی وتاری سیاسی و میدیاییاندا، دەیانەوێ ئەم ڕەوتە تووندڕۆ و تیرۆریست، جیهادی و ڕادیکاڵانە وەک مۆتەکە و خێوێکی ترسناک، نیشانی کۆمەڵگەکانیان بدەن! سەیر ئەوەیە، لەکاتێکدا لە ڕووسیا ڕێژەی موسڵمان دەگاتە 10٪ ، بەڵام قەت نەمانبیستووە ڕووسیا ئەمەی وەک هەڕەشە و مەترسی بۆسەر خۆی سەیر کردبێت و بکات!.
ئەم ئامار و ڕووپێوییانە بەراورد بە گەورەکردنی مەترسی و هەڕەشەکان بۆسەر ڕۆژاوا لەکاتێکدان، کە ڕێژەی موسڵمانان لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامی، ئەگەر سەت لە سەتیش نەبێت، ئەوا زۆرینەیە و لەو نێوەدا هەر گرووپە ئیسلامییەکان نا، بگرە موسڵمانە ڕەشۆکییەکەش بەردەوام ئەوە بە چاوی خەڵک و خوا دادەنەوە، کە لە زۆرینەش زیاترن!
هەر بۆ نموونە، بە وردبوونەوە لە مێژووی درووستبوونی (یان درووستکردنی!) ئەو ڕەوتانە لە (ئیخوان) ەوە بگرە تا دەگاتە (تاڵیبان و داعش) و ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژاوا لەو یارییەدا، مرۆڤ لە نهێنیی گەورەکردنی قەبارەی ئەم ترسە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا بۆسەر خۆیان و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان و خۆڵکردنە چاوی موسڵمانی ڕەشۆکیی سادە و ساویلکە و خۆشباوەڕی کۆمەڵگەی ئیسلامی، هەندێ سەرەداوی بۆ دەردەکەون، یان لەوە تێدەگات کە کورد وتەنی: کەر لە کوێ کەوتووە و کوندە لە کوێ دڕاوە!
کەواتە، بەپێی ئەو ڕێژە بەرزەی موسڵمانان لە کۆمەڵگەکانیان، کە جوگرافیا سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان سەرچاوە و سەرزەمینی دەرکەوتن و گەشەکردنی ئەو گرووپانەن، تەنیا خودی ئەو کۆمەڵگەیانەی ئیسلامن، کە قوربانیی یەکەمی ئایدیۆلۆژیا پەڕگیر و سیاسەتە تووندئاژۆ و هەڕەشە و مەترسیی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەو گرووپانەن!
=KTML_Bold=بۆچی کۆمەڵگەی کوردستان؟=KTML_End=
هاوشێوەی هەموو کۆمەڵگە موسوڵمانەکان، کۆمەڵگەی کوردستانیش لەو هەڕەشە و مەترسییە هەنووکەیی و ئاییندەییانەی ئیسلامییەکان، نەک هەر بەدەر نییە، بگرە مەترسییەکە لێرە دووقاتە، بەتایبەتی کاتێ ئەو کۆمەڵگەیە پشت دەکاتە باوەڕ و ئایینی نەریتیی خاوێن و بێ گەرد و تۆزی سەردەمی سادەیی دایک و داپیر، باوک و باپیرانمان و ڕیشی خۆی دەداتە دەستی ئیسلامی سیاسی و گرووپە هەمەڕەنگەکانی، کە هەر مۆدێلێکیان ئەوەی دیکە ڕەت دەکاتەوە. هاوکات دۆخی ئەو کۆمەڵگەیە هێندەی دیکە دەشێوێت، کە کوێرانە دەبێتە شوێنکەوتەی وتاری ئەو واعیز و بانگخوازانەی لە پزدانی ئەو گرووپانە کەوتوونەتە خوارەوە!
لەم ڕوانگەیەوە، لەناو کۆمەڵگە ئیسلامەکاندا، کۆمەڵگەی پەرتەوازە و لێکترازاوی کوردستان، یەکێکە لەوانەی بە جیددی لە بەردەم ئەگەری گەورەتربوونی ئەو هەڕەشەیەدایە.
مەترسیە گەورە و ڕاستەقینەکەی ئیسلامییەکان لەسەر ئێستا و داهاتووی کوردستان ئەوەیە، کە هێز و توخم و ڕەگەزی ئەوەیان تێدایە ببنە جێگرەوەی دەسەڵات و سیستمی سیاسی، چونکە جگە لەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان ناڕاستەوخۆ هاوکارە لە گەشەکردنی ئیسلامییەکان، وەکووتر زەمینەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کۆمەڵگەی کوردستانیش، خاکێکی زۆر بە پیت و لەبارە، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی زۆر دوور نا (ئەگەر نەشڵێین نزیک) ، ئیسلامییەکان بەڕە لەژێر پێی حیزبە حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستان دەربهێنن!
هەڕەشەکە لەوێدا زیاتر و گەورەتر دەردەکەوێت، کە وێڕای زەمینە کۆمەڵایەتییەکە، ئەو هێزە سیاسی و حوکمڕانانەی کوردستان، سەرەڕای بانگەشەکانیان بۆ دیموکراسیەت و ئازادی و کرانەوە، نەک هێشتا ئازایەتیی ئەوەیان نییە دەوڵەتداری و ئایین، سیاسەت و ئایین، پەروەردە و ئایین لە یەکتری جیا بکەنەوە، بگرە لەپێناو بەردەوامیدان بە دەسەڵات و فراوانکردنی ئۆتۆریتەی سیاسیی خۆیان، ڕۆژ دوای ڕۆژ پشی پشی بۆ گرووپە ئیسلامییەکان دەکەن و بیریان دەچێتەوە، یان لەبیری خۆیانی دەبەنەوە، کە هەر ئەم هاوکارییە ناڕاستەوخۆیەیان (هەندێک جاریش ئاشکرا و ڕاستەوخۆ!) وا دەکات، سبەی ڕۆژ گرووپە ئیسلامییەکان بەر لە کۆمەڵگەی کوردستان، سەری هێزە سیاسییە حوکمڕانەکانی بخۆن!
ئەرێ بەڕاست، تا هەنووکە کەس لە خۆی پرسیوە ئاخۆ کۆمەڵگەی ئایینسالاری ئاشتیخوازی خاوەن پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی تووندوتۆڵی سەردەمی (مەولانا، شێخ مارفی نۆدێ، مەلای گەورە، شێخ محەمەدی خاڵ، مەلای مودەریس، مەلا وەرتی…) و دەیان ئایینپەروەری منەوەری دیکەی هاوشێوەیان، بۆ بەم ڕۆژە ڕەشە گەیشت؟
بەداخەوە، لەسای پشی پشی و موجامەلەی حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان بۆ تیرە و تایەفە و هۆز و خێڵ و ئاغا و کوێخا و گرووپی کۆنەپارێز و هێزی تاریکپەرست، ئێستا تخووبێکی دەزوولەیی و بۆشاییەکی خۆڵەمێشی، کۆمەڵگەی ئێمە لە ئاستە کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتوورییەکەی لە کۆمەڵگەی (رەققە و موسڵ) ی داعش و ئەفغانستانی (تاڵیبان) جیا دەکاتەوە و هیچی دیکە! [1]