ناونیشان: دەرچوونەوەی ئەردۆغان، بەریەککەوتنی تورکیا و ناتۆ
نووسەر:#عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون:#16-05-2023#
تورکیای نوێ وەک منداڵێکی نابەکام لە منداڵدانی دەوڵەتە نەخۆشەکەوە درووست بوو. بە سەرەتایەکی پڕ لە قەیران و کێشەی ئاڵۆزەوە بووە میراتگری خەلافەتێکی تێکشکاو، بەڵام بەهۆی دابەشبوونی جیهان بەسەر دوو جەمسەردا و بەرپابوونی جەنگی ساردی نێوان ئەم دوو جەمسەرەی جیهان، پێگە جوگرافییەکەی تورکیا بایەخێکی زۆری بۆ ئەم دەوڵەتە تازە دامەزراوە لەڕ و لاوازە پەیداکرد.
حوکمڕانانی ئەوکاتەی تورکیا هەر زوو لە بایەخی پێگەی جوگرافیای وڵاتەکەیان گەیشتن و ژیرانە ناکۆکی و ململانێکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانیان قۆستەوە و دوای سێ ساڵ لە درووستبوونی (ناتۆ) ، بوونە ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە سیاسی و سەربازییەی ڕۆژاوا. بەدرێژایی حەوت دەیەی ڕابردووی ئەندامێتییان لە ناتۆ، لە ڕووی خۆپڕچەککردن و گەشەپێدانی توانای سەربازی و پیشەسازیی سەربازییەوە سوودێکی زۆریان لە ناتۆ بینیووە.
هەروەها بەهۆی ئەندامێتی لە ناتۆ، تا ئەندازەیەک و لە هەندێ هەلومەرجدا ڕۆڵی نوێنەرایەتیی ناتۆی گێڕاوە بەسەر ناوچەکەدا، ئەمەش پێگەیەکی بەهێزتری پێبەخشیوە و پێگەی جەمسەرێکی هەرێمایەتی داوەتێ. لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە تورکیا سوودی زۆری لەو ئەندامێتییەی پەیمانی ئەتڵەسی بینیووە. لە هەموو ئەوانەش گرنگتر بۆ تورکیا ئەوەیە بەهۆی ناتۆوە خەسڵەتی کێشەیەکی گەورەی ناوخۆی وڵاتەکەی لەپێشچاوی جیهان گۆڕیووە بۆ شەڕی تیرۆر. لەکاتێکدا کێشەکە پرسی ماف و ئازادی میللەتێکی خاک داگیرکراوە. بەهۆی ئەو هاوپەیمانێتییەوە جیهانی ڕۆژاواش کە پڕوپاگەندەی دیموکراسی و ئازادی گەلان و مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام چاوی خۆیان لە ئاستی ئەو زوڵم و ستەمکارییەی تورکیا داخستووە.
لەبەرانبەر ئەو سوودە زۆر و لە ژمارە نەهاتووانەی تورکیا لە ناتۆ، ناتۆ سوودێکی ئەوتۆی لە تورکیا وەرنەگرتووە. بەتایبەتی لەدوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤێت و کۆتایی جەنگی ساردەوە، هیچ خزمەتێکی بە ناتۆ نەکردووە. تەنانەت لەو ڕووداو و پێشهاتانەشدا کە وەک شەڕی ناتۆ لە ناوچەکە بەرپابوون، تورکیا ڕۆڵی تێیاندا نەگێڕاوە.
نە لە جەنگی هاوپەیمانەکان دژ بە ئێراق بۆ دەرکردنی لە کوێت لە ساڵی 1991، نە لە شەڕی هاوپەیمانان دژ بە ڕژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە 2001، نە لە شەڕی هاوپەیمانان لە ڕوخانی ڕژێمی #بەعس# لە ئێراق لە 2003. ئەم سێ ڕووداوە ڕاستەوخۆ وەک جەنگی ئەندامانی ناتۆ وابوون، بەڵام تورکیا لە هیچ کامیاندا بەشداریی سەربازی نەکردووە و تەنانەت ڕێگەی نەدا خاکی وڵاتەکەشی بەکاربەرن دژ بە ئێراق.
لەم ساڵانەی دواتریشدا سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستی #داعش# لە نزیکترین دەروازەی جەستەی تورکیاوە کە وەک هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی وێناکرا. تورکیا ڕۆڵی نەبوو لەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی دژ بە داعش درووست بوو، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی ئەندامانی ناتۆ لەو هاوپەیمانێتییە بەشداربوون. تورکیا تەنیا خۆی پڕوپاگەندانەی ئەوە دەکات کە بەشداریی شەڕی دژی داعشی کردووە، ئەگینا هەموو وڵاتانی دیکەی ئەندام قسەی جیاوازتریان هەیه.
لەڕووی کردارییەوە تورکیا پابەندێتییەکی ئەوتۆی بە ناتۆوە نەماوە. تاکە شتێک ڕایەڵەی پێکەوەبەستنەکەی هێشتووەتەوە ئەوەیە کە لەلایەک تورکیا دەیەوێ دەستکەوتەکانی کە بەهۆی ناتۆوە بۆی دەستەبەر بووە، وەک خۆی بمێنێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی سەرهەڵدانی خولێکی دیکەی ناکۆکی و ململانێ لەنێوان ناتۆ و ڕووسیا، ناتۆ و چینەوە، وڵاتانی ڕۆژاوا ناخوازن تورکیا بکەوێتە بەرەی ڕووسیا و چینەوە. تا ئێستاش تەنیا ئەوە تورکیای لە ناتۆ هێشتووەتەوە.
سیاسەتی ئەردۆغان لە سێ بۆ چوار ساڵی ڕابردوو، یاریکردنەکانی لەنێوان ناتۆ و ڕووسیا، بەتایبەتیش دوای کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس 400ی ڕووسی، مانایەکی بۆ ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ نەهێشتووەتەوە. ئەوەی هۆکار بوو کە ناتۆ بڕیار لە دەرکردنی تورکیا نەدات دوای ئەو سەرپێچییانە لە پرەنسیپ و ئامانجەکانی ناتۆ، چاوەڕوانی وڵاتانی ڕۆژاوا بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا لە ئایاری 2023.
چاوەڕوانی ئەوە بوون بەهۆی داتەپینی دۆخی ئابووریی تورکیا و ئینشیقاقی ناوخۆی حیزبی ئاکپارتی و جیابوونەوەی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو حیزبە، دابەزینی پێگەی جەماوەری ئەردۆغان و ئەو سیاسەتەی لە ناوچەکە پەیڕەوی دەکات، لە هەڵبژاردن بکەوێت، چونکە وڵاتانی ڕۆژاوا هێشتا هیچ بەدیلێکیان بۆ پێگەی جوگرافی تورکیا نییە، دەخوازن ئەردۆغان بڕوات و تورکیایان لە دەست نەچێت. بەڵام لە ئەگەری دەرچوونەوەی ئەردۆغان بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی، سەرکردایەتی ناتۆ دەخاتە بەردەم حوکمی بڕیاری دەرکردنی تورکیاوە لە ناتۆ.
هەرچەندە لەخولی یەکەمدا هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی ڕێژەی 50+1 بەدەستبهێنن و ببنە سەرۆککۆماری تورکیا، بەڵام بەپێی ئاماژەکان جارێکی دیکە ئەردۆغان شانسی ئەوەی هەیە لە کۆشک بمێنێتەوە. بەوەش ئەردۆغان دەستکراوەتر دەبێت لە ئیدارەدانی ئەو گۆڕانکارییانە لە سیاسەتی تازەی تورکیا بە ڕووی چین و ڕووسیادا، چونکە پێش هەڵبژاردن ئەردۆغانیش بە هەستیارییەوە ئیدارەی ئەو ستراتیژە نوێیەی دەدا. بەڵام بە دەرچوونەوەی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی، ترسی لەدەستدانی کورسی و دەسەڵاتەکەی نامێنێت. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتووی نزیکدا پەیوەندی تورکیا و چین و ڕووسیا، لە پەیوەندی سیاسی و ئابوورییەوە بچێتە قۆناخی پەیوەندی و هاوپەیمانێتی سەربازیشەوە.
بەمەش هیچ ڕێگایەک لە بەردەم ناتۆدا نامێنێتەوە جگە لە خستنە دەرەوەی تورکیا لەو هاوپەیمانێتییە سیاسی و سەربازییەی کە 70 ساڵە تورکیا بێئەوەی هیچ ببەخشێت، بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە لەبەری دەچنێتەوە.
ئەوەی بۆ کوردیش وەک پێشهات لە دەرچوونەوەی ئەردۆغان و لە ئەگەری خستنە دەرەوەی تورکیا لە ناتۆ چاوەڕوان کراوە ئەوەیه، کە لەناوخۆی تورکیا پێدەچێت ستەمکاری بەرانبەر بە کورد زیاتربێت، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆک، بە هێز و پشتیووانی تورکە فاشیست و ڕەگەزپەرستەکان لە کۆشک دەمێنێتەوە. هیچ شاراوەییەک لەوەشدا نییە ئەوان بوونی کورد وەک نەتەوە بە مەترسی ستراتیژی دەبینن و هەرچیان پێبکرێت بۆ لاوازکردن و سڕینەوەی درێخی ناکەن. بۆیە چاوەڕوانکراوە کورد بکەوێتەوە بەر خولێکی دیکەی دەورانی نکوڵیکردن. هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بەرانبەر بە ڕۆژاوای کوردستان و باشوور زیاتر پەرە دەسێنن. چاوەڕوانکراوە هاوپەیمانێتی هەرێمایەتی دژ بە کورد لەنێوان تورکیا و ئێران بێتە ئاراوە بۆ لەباربردنی هەر دەرفەتێک بۆ کورد درووستبێت.
لەبەرانبەر ئەمەشدا و لە ئەگەری دەرکردنی تورکیا لە ناتۆ، دەرگای نێودەوڵەتی زیاتر بۆ کێشەی کورد دەکرێتەوە. ئەو وڵاتانەی ڕۆژاوا کە پێشتر بۆ موراعاتی تورکیا و لەژێر کاریگەریی پەیوەندییە سیاسی و هاوپەیمانێتییە سەربازییەکانیان لەگەڵ تورکیا، چاویان لە ئاستی تاوان و ستەمی تورکیا بەرانبەر بە کورد داخستبوو، گوێی خۆیان کەڕ کردبوو لە بیستنی هاوار و ناڵەی سووتانی میللەتێک، ئەگەری پێچەوانەبوونەوەی هەڵوێستیان و دەستگرتن بە کێشەی کوردەوە وەک ئامرازێک و بەکاربردنی لە ململانێکاندا، چاوەڕوانکراوە.
هەر دوورکەوتنەوە و درووستبوونی هەر کەلێنێک لەنێوان تورکیا و ڕۆژاوا، لە دوورمەودادا بە قازانجی کورد دەکەوێتەوە. ئەوەی بەپلەی یەکەم کاریگەریی هەبووە لەوەی جیهانی ڕۆژاوا سیاسەتی دووڕوویی بەرانبەر بە پرەنسیپەکانی خۆیان و کێشەی کورد پەیڕە و بکەن، نزیکی و پەیوەندی تورکیا بووە بە جیهانی ڕۆژاواوە. بۆیە بە دوورکەوتنەوەی تورکیا، هاوکێشەی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە کێشەی کورد دەچێتە قۆناخێکی باشترەوە.
[1]