ناونیشانی بابەت: ئەنجام و کاریگەرییەکانی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا
ئامادەکردن: #فرسەت سەید شکور#
دەیان ملیۆن دەنگدەری تورکیا ڕۆژی یەکشەممە 14ی ئایار، بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەڕڵەمانی تورکیا چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
ھەڵبژاردن لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان، بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت، واتا ئەنجامەکان زوو یەکلایی دەبنەوە و مشتومڕەکانیش کەم دەبنەوە، ڕەنگە وڵاتێکی وەک (سوید) کە دوو پارتی سیاسیی ڕکەبەری دەکەن و پاش دەنگدان ھەموو شت کۆتایی دێت نموونەی ئەو دەیان وڵاتە بێت کە ئاسان لە ھەڵبژاردنەکان دێنە دەرەوە و لێکەوتەکانی ھێندە قوورس نەبن.
ھەرچی ھەڵبژاردن لە تورکیایە نەک لەناوخۆ بەڵکوو لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش کاریگەرییەکەی خێرا درووست دەکات، بەوپێیەی تورکیا دووەم گەورەترین ھێزی ناتۆیە و لە ڕووی جوگرافییەوە پێگەیەکی ستراتیجی گرنگی ھەیە و بەشێکی کاریگەرە لە ھەموو گۆڕان و تەکانە سیاسییەکانی جیھان، بۆیە ھەڵبژاردنەکەشی چاوی زۆر لەسەرە.
ئەم ھەڵبژاردنەشی بە یەکێک لە ھەرە کاریگەرترین ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی دادەنرێت، چونکە 100 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر درووستبوونی کۆمارەکەدا ئەمە دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاری، جەنگ، کودەتا، قەیرانی ئابووری ھتد.. قۆناغێکی نوێیە.
=KTML_Bold=ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لە گەڕی یەکەم:=KTML_End=
#ڕەجەب تەیب ئەردۆغان# سەرۆک کۆماری تورکیا و کەمال کلیچدارئۆغڵو ڕکەبەری سەرەکی لە هەڵبژاردنی گەڕی دووەمدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، دوای ئەوەی ئەردۆغان ئاستی چاوەڕوانییەکانی باشتر بوو، بەشێوەیەک کە بەپێی ڕاپرسی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و کۆمپانیا گەورەکانی توێژینەوە، دەبوو ئەردۆغان لەم ھەڵبژاردنە بە سانایی شکست بھێنێت بەڵام ھەرچەندە نەیتوانی بگاتە ئاستی (50%) بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕاستەقینە لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیدا سەربکەوێت بەڵام لە ھەمانکاتدا، لانی کەم گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتی لە سوودی خۆی یەکلایی کردەوە.
لە =KTML_Bold=ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا؛ =KTML_End=
ئەردۆغان 49.51%ی بەدەستهێنا لەبەرانبەر 44.88%ی کلیچدارئۆغڵو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک
سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە دواین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە داوە؛ ژمارەیەکی کەمی دەنگەکانی دەرەوەی وڵاتیش ماوە تاوەکوو ھەژمار بکرێن.
ھەرچی ھەڵبژاردنی پەڕڵەمانییە کە بە یەکجار لەگەڵ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بەڕێوەدەچێت؛ ئاکەپە و ھاوپەیمانی زۆرینەی پەڕڵەمانیان بردەوە و لەمەدا بەسەر ڕکەبەرەکانیان سەرکەوتووبوون.
کاندیدێکی دیکەی ئەم ھەڵبژاردنە کەسێکی ناسیۆنالیستییە؛ سینان ئۆغان، (5.17%)ی دەنگەکانی بەدەستهێنا بەڵام ڕێژەی دەنگەکانی زۆر لە دوای ڕکەبەرەکانییەوەیە و ئەو ئەگەر بیەوێت گرەوی ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خۆیدا دەبێت، دەبێت لە بەرەی ھاوپەیمانی کۆمار یان میللەتدا خۆی جێبکاتەوە.
=KTML_Bold=ڕێژەی بەشداری خەڵک لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیا=KTML_End=
ڕێژەی بەشداریکردنی فەرمی گەیشتە ژمارەیەکی پێوانەیی 88.9%.
کلچیدار ئۆغلو لە هەژماری خۆی لە تویتەر بە لایەنگرانی ڕاگەیاندووە کە “بێ ئومێد مەبن. “ئێمە هەڵدەستینەوە و پێکەوە ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام دەدەین”. ئەم لێدوانەی سەرۆکی ھاوپەیمانی میللەت دوای ئەوە دێت کە ئەو چاوەڕوانی دەکرد ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە لە گەڕی یەکەمدا بە قازانجی ئەو یەکلایی ببێتەوە.
تورکیا کە 85 ملیۆن کەسی تێدایە لەم قۆناغەدا بەھۆی گۆڕانکارییە سیاسیی و ئابوورییەکانی جیھانەوە بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا گوزەر دەکات و ڕێژەی ھەڵاوسان و شێواوی بازاڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمە جیا لەوەی کە ھێشتا کاریگەریی بوومەلەرزەکە وێرانکەرەکەی ڕابردووی لەسەردا ماوە.
=KTML_Bold=جیاوازی ئەم ھەڵبژاردنە و ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی تورکیا=KTML_End=
چەندین جیاوازی ئەم ھەڵبژاردنەی تورکیا لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی وڵاتەکەدا بەدی دەکرێن، بەشێوەیەک ئەم جارە پارتە سیاسییەکان لە چەند ھاوپەیمانیەکدا خۆیان کۆکردووەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا 35 پارتی سیاسیی بەشداری سەرەکی ئەم ھەڵبژاردنەن.
یەکێک لەو ململانێ دیارانەی کە لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیادا ڕەنگیداوەتەوە، بەشێوەیەک کە زۆرینەی ئەوانەی کە بەرگری لە شەریعەتی ئایینی و بنەماکانی ئایبی ئیسلام دەکەن دەچنە ڕێگەکەی “ڕەجەب تەیب ئەردۆغان” چوونکە ئەو خۆیشی باگراوندێکی ئایینی ھەیە و دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە دەنگەکانی کۆبکاتەوە، ھەرچی جەھەپەیە بە پێچەوانەوە و لەم ڕێگەیەدا جیاواز ھەنگاو دەنێن و زیاتر مەیلی بەرەو سیاسەتەکانی خۆراوادایە.
یەکێک لەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی ئەردۆغان بووەتەوە؛ ناکۆکییەکانییەتی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپادا، بەوپێیەی ئەوان پێیان وایە کە ئەردۆغان لە کۆمەڵێک پرسدا تاکلایەنانە ھەنگاو دەنێت، بەتایبەتیش لە بابەتی ئیدارەدانی سنوورەکان و کۆچبەران لەلایەک و بابەتی ئەمنی و وزەش لەلایەکی دیکە، ھەموو ئەمانەتە بووەتە ھۆی نەمانی متمانە لەنێوان سەرۆککۆمارەکەی تورکیا و وڵاتانی ڕەخنەگر لە سیاسەت و ھەنگاوەکانی.
=KTML_Bold=“پێگەی کورد لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیا”=KTML_End=
ئەوەی جێگەی ئاماژە بۆ کردنە؛ پێگەی کوردە لەم ھەڵبژاردنەی تورکیادا، کورد لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لە ڕێگەی (ھەدەپە) وە کۆمەڵێک قۆناغی باشی تێپەڕاند بەتایبەت لەو کاتەی کە بەربەستی ھەڵبژاردنی تێپەڕاند بووە ژمارەیەکی کاریگەر لە تورکیادا، بەڵام ناڕوونی لە سیاسەت و زۆر گۆڕانی ئەجێندای سیاسیی ئەم پارتە وایکردووە کە لای دەنگدەرانی کوردیش بێ ئومێدییەک درووست بێت، ئەگەرچی ھەدەپە بەھۆی ھەندێک سزای دادگەی دەستووری تورکیاوە ناتوانێت بەشداری بکات بەڵام لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشدارە، سەڕەرای ھەموو ئەو ئاڵنگارییانەی کە لەپێش پارتە سیاسییە کوردییەکەدان بەڵام بەپێی بۆچوونی چاودێران و شارەزایانی دۆخی کورد لە تورکیا؛ دەبوو وردتر لەم بەباتەدا مامەڵەیان بکردایە، چونکە پاڵپشتی و خۆ یەکلاییکردنەوە بۆ جەھەپە و ھاوپەیمانێتییەکەی بەبێ وەرگرتنی ھیچ گرەنتییەک کە ئەوەی ھەیە تەنیا دروشمە و بەڵێنی و بەڵگە دۆکیۆمێنتی نییە، ئەوەش داھاتوویەکی ناڕوون و تاریک دەکاتە چاوەڕوانی کوردانی باکوور و دەنگدەرانی بەشێوەیەکی گشتیی. [1]