ناونیشانی بابەت: ئەخلاق لەنێوان شکاندن و پاراستنی یاسادا
ئامادەکردن: #سپێدە ساڵحی#
=KTML_Bold=خوێندنەوەی ڕووداوی خانمە یاساناسەکە:=KTML_End=
لە ڕۆژانێکەوە کە کۆمەڵگە و جڤاکە سەرەتاییەکان شکڵیان گرتووە و یاسا لە سەرەتاییترین و بەدەویترین حاڵەتی خۆیدا بووە، تاکوو زاڵبوونی سیستەم و حوکمڕانیی یاسایی لە دەوڵەت-شارە کۆنەکان و ئاکرۆپۆلیسەکانی جیهانی کەونارا و تا ئەو ساتەش لە چاخی ڕۆشنگەری بیرمەند و یاساناسی فەرەنسی، واتە مونتسکیۆ “روح القوانین”ی نووسی پێبەندی مرۆڤ بە یاسا و پاراستنی و هەورەتر لادان و شکاندنی وەکوو دوو خواستی مەدەنیی مرۆڤ دەرکەوتووە و تا ئێستەش بەردەوامە. لەڕاستیدا یاسا تەنیا یەک ئەرکی نییە، ڕەنگە بکرێت بڵێین؛ جومگە سەرەکی و بنەڕەتییەکی شارستانییەتی مرۆڤ لە هەموو سەردەمەکاندا لەسەر کۆڵەکەی یاسادا خۆی دەرخستووە و کرۆکی پێکهاتی شارستانییەتەکان لەسەر گرێژەنەی یاسادا خۆی ساغ کردووەتەوە.
لەم سۆنگەیەوە یاسا تەنیا کۆمەڵیک بکە و مەکە و ئەمر و نەهی نییه، کە هاووڵاتییان بەپێی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن لەلایەن دەسەڵاتەوە پێڕەوی لێ بکەین یان لێی لا بدەن، بەڵکوو یاسا پێناسەی مانا و بوونی مرۆڤ و هاووڵاتی و شارستانییەت و ماف و هەموو ئەو گرێدراوانەی دیکەی مرۆڤ لە ساحەی مێژوودایە کە وەکوو جیهانبینی دەخرێتە ڕوو، وەکوو کۆمەڵێک ڕێوشوێنی یاسایی لەلایەن حکوومەتە دیموکرات یان دیکتاتۆرەکانەوە جێبەجێ دەکرێت، مەرج نییە حکوومەتە دیکتاتۆرەکان حەتمەن سەرچاوە یاساییەکانیان بەتاڵ بێت لە بڕگە و کڵاوڕۆژنە دیموکراتیکەکان و مەرجیش نییە لە وڵاتە دیموکراتیکەکانیشدا ئەگەری فیچقەکردنی خوێندنەوەی دیکتاتۆرانە و سەرپەڕانە بۆ یاسا لە ئارادا نەبێت. بەم تێڕوانینە یاسا و بڕگە یاساییەکان لە سەرتاپای مێژوودا هەڵگری ڕاڤە و تەئویلی جۆراوجۆرن و پێبەندبوون و هاوکات لادان لێی وەکوو دیاردەیەکی ئاسایی دەخوێنرێتەوە و لە ڕاستیدا ڕاز و داینەمۆی گەشە و زیندووبوونی کۆمەڵگەکان هەر ئەمەیه، کە بە نیسبەت یاساوە کە ڕێوشوێنەکانی ژیان و ئابووری و سیاسی و…یان دیاری دەکات بێلایەن و کەمتەرخەم نەبن و بە داکۆکی یان ناڕەزایەتی هەڵوێستی مەدەنی و هاووڵاتییانەی خۆیان بخەنە ڕوو.
لەبیرمان نەچێت یەکێک لە سەرپێچییە گەورەکان لە یاسا لادانەکانی فەیلەسووفی گەورەی یۆنانی سوکرات بوو کە بە پێچەوانەی ئەو دۆخە باوەی عورف و یاسا (بەپێی وتەی ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکردبوو) لەگەڵ گەنجاندا دەکەوتە ڕاگۆڕینەوە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان و بە نیسبەت ئەو شتەی کە دەعیەیان هەبوو دەیزانن، نەزانییانی خۆیا دەکرد و به و شێوەیە خزمەتی بە مەعریفە دەکرد! ئەگەرچی مێژووی مرۆڤ هیچ کات لەوانە نابوورێت کە بڕیاری کوشتنی سوکراتیان بە کۆمەڵێک پاساوی بێبنەماوە دەرکرد، بەڵام ناکرێت لەمەش چاو کلا بکەین کە جۆرە ناباوی و دژەباوییەک هەبوو لە چالاکیی فەلسەفیی سوکراتدا! و بەداخەوە سزاکەی به و شێوە نامرۆڤانە و دڕندانەیە کەوتەوە. یاساکان پێناسەکەری جیهانبینیەکن بۆ مرۆڤ و جیهان و کۆمەڵگە و خودا. لە هەموو قۆناغەکانی دەرکەوتنی یاسادا ئەم چوار جەمسەرە بە ماناکانی سەردەمی خۆیان ڕۆڵیان گێڕاوە. لە ئێستەدا تێڕوانین و جیهانبینیی سەلەفیزم لە ئەفغانستان وادەکات یاسای باڵاپۆشی و وانە نەخوێندنی ژنان و دەرنەکەوتنیان بە تەنیا لە شوێنە گشتییەکان زاڵ بێت، چون پێناسەی ئەو یاسایە واتە گریمانەکانی بۆ مرۆڤ لەسەر کۆڵەکەکانی گوناه، شەهوەت، شەیتان و…ڕۆنراوە، ئەمە لە حاڵێکدا بەهۆی جیاوازیی لە تێڕوانین و جیهانبینی ئەم یاسایە بۆ ژن لە فەرەنسه، کە خۆی بێشکەی شۆڕشە کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانه، تەواو و سەد لە سەد جیاوازە لەوەی ئەفغانستان، بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ڕێگەی ئەکتێک و نیشانەیەکی ناڕەزایەتی (لابردنی سەرپۆش و باڵاپۆشیی زۆرەملی) بۆ پێناسە و تێروانین و جیهانبینی بۆ ژن و کۆمەڵگە و جیهان و خودا، ئێستەش تەنگی بە دامەزراوە یاسایی و نایاساییەکان هەڵچنیوە!
بەگشتی دژایەتیی مەدەنی دژی یاسا و پاراستنی خودی یاسا هەر دووکیان دەکرێت وەکوو کردەی ئاوەزمەندانە و پاساوهەڵگر بخوێنرێنەوە و مێژووی وڵاتان پڕە لەم ململانێ و کێشمەکێشە کە لە دواجاردا لە خزمەت پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاریی سیاسی و دادپەرەوەری بووە. ئەمە دیمەنە ئاوەزمەندانە گشتییەکەی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی تاکەکانە بە یاساتەوەر و دژەیاساوە لە مێژووی مرۆڤدا، بەڵام ئێمە نابێت هەر جۆرە لادان لە یاسا بە ئاوەزمەندانە بخوێنینەوە و لەڕاستیشدا لە ڕووی لۆژیکییەوە شتی وا هەر مومکین نییە. لەم ڕۆژانەدا خاتوونێک لە ناو سەیارەکەیدا کە پێشوەخت و پلان بۆ داڕێژراو ڤیدیۆی مۆبایلەکەی کردووەتەوە و لە بازگە و سەیتەرەیەک نێزیک دەبێتەوه (من کارم بەوە نییە سەیتەرەکە کوێیە، پێشتر دەرهەق بەم خانمە کاری نایاسایی کراوە یان هەر شتێکی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە) کە داوای هەوییەکەی لێ دەکەن هەویەی ڕادەست دەکات و دواتر ( بە وتەی خۆی!) ئەفسەرەکە لێی دەپرسێت کوردی یان عەرەب و ئەویش هەڵدەکوتێتە سەریان کە بۆیان نییە ئەوەی لێ بپرسن، و یاسایی نییە، ئەو ئێراقییە و تەواو! با لە هەموو دەلالەتە دژە نیشتمانییەکەی ئەم هەڵوێستەی ئەم هاووڵاتییە تێپەڕین، ڕەنگە ئەو ئازاد بێت دژە کوردستانیش بێت! (لە سایەی سەری بەناو دیموکراسییەکی خوار و خێچ کە تەنیا هەر لە کوردستان هەیە! شانازیکردن بە ئێراقی و ئێرانیبوون وەکوو بۆتۆکس و فیلەری لێ هاتووە!) و بێینە سەر ئەمەی کە بۆ پرسیارکردنی کوردی یان عەرەب دەشێت نایاسایی بێت؟
ئایا دۆخی ئەمنیی و ئاساییشی کوردستان هێندە بێ دوژمنە و لەلایەن داگیرکەر و ناحەزی ناوخۆییەوە دەورە نەدراوە کە ئێمە ئەو پرسیارە بکەین؟ ئایا پرسیاری عەرەب یان کورد بوون بەشێکە لە کردەیەکی نایاسایی؟ ئەگەر نایاساییە ئەو هەموو لێخوڕین و قیژەقیژ و تێخوڕینەی ئەو بۆ ئەو پاسەوانانەی کە ڕەنگە مووچەی سەری مانگیشیان لە کاتی خۆیدا نەگات یاساییە؟ ئەگەر یاساییە ئایا ئەخلاقیشە؟ لێرەدایە سنوورەکانی نێوان لادانی ئاوەزمەندانە لە یاسا و ڕەخنەگرتن لێی لە دەمهەراشی و بۆڵەبۆڵ و بێئەخلاقیی دژی کۆمەڵگە و چوارچێوە یاساییەکان جیا دەبنەوە و ئێمە تێدەگەین کێ هاووڵاتییەکی دەرەوەستە و کێ خۆی لە سەرووی هەموو شتێکەوە تەنانەت یاساش دەبینێت!
ئەمە جگە لە وەهمێکی باو لە ناو هەندێ چین و توێژی یاساشکێندا هیچی دیکە نییە، با وای دانێین هەموو ئەو شتانەی کە ئەم بەڕێزە ئەنجامی دا یاسایی و لە جێی خۆیدا بووە، بەڵام بۆچی دوای دوو کاتژمیر ڤیدیۆیەکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکاتەوە و بە ئیهانە و سووکایەتیکردنەوە لەبارەی هەرچی یاسا و بەڕێوەبەر و کێ و کێی دیار و نادیار قسە دەکات، ئەمە بێڕێزییەکی تەواوە بە جومگەیەکی سەرەکی کۆمەڵگە و هاووڵاتی کوردستان و ماف وایە بۆ ڕوونبوونەوەی کۆی بابەتەکە و وەڵامدانەوەی ئەو بەڕێزە سکاڵایەکی یاسایی لەلایەن دادوەری گشتییەوە لەسەر تۆمار بکرێت تاکوو هەر کەسێک بۆی نەبێت بە دەم بنێشت خواردنەوە سووکایەتی و ئیهانە بکات بەوانەی کە خزمەت بەم نیشتمانە دەکەن! بێگومان ئەوەش ڕوونە ئەگەر سبەی ڕۆژ دەرکەوت هەڵەیەک لەلایەنی بەرانبەر بووە دەبێت دیسان ڕێزی یاسای هەرێمی کوردستان بگیرێت! بێ ئەخلاقیکردن لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە یاسا ئاسمان و زەمینیان فەرقە! [1]