ناونیشانی بابەت: نەورۆز و شوناسی سیاسی
ئامادەکردن: #سپێدە ساڵحی#
نەورۆز بۆ زۆرێک لە وڵاتان چ ئەوانەی خاوەنی وڵاتی سەربەخۆن و چ بۆ ئێمەی کورد کە هێشتا لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازیداین، دەشێت وەکوو دالێکی ناوەندی بێت. بە و مانایە نەورۆز سەرەتای ڕابوون و سەرهەڵدانە، کاتێک ئێمە باس لە دالێکی ناوەندی دەکەین ئەمەشمان بە گریمانە داناوە کە کۆمەڵێک مەدلوول و دەلالەتی جیاواز و لە هەمانکاتدا بزۆز و بگۆڕ پەیوەست بەم دالە ناوەندییە لە ئارادایە و بەردەوام لە هەموو باس و خواس و وتارێکی شوناستەوەرانەماندا دێتەوە پانتاییەکەوە و خۆی بە بیر دێنیتەوە. خاڵی تاڵ و ئایرۆنیی بابەتەکە لەوەدایە بەپێی گێڕانەوەکان و ڕەچەڵەکناسییەکان، نەورۆز لە ناوچەی نێوان دوو ڕووباران واتە مێزۆپۆتامیا سەرچاوەی گرتووە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کورد و ڕووداوەکانی ژیانی کاوەی ئاسنگەر و زوحاکی مار لە شان گرێدراوە، بەڵام ئەو وڵاتانە هیچ دانێک بەم دالە ناوەندییەی کورددا نانێن.
ئەمە تەنانەت لە شانامەی فیردەوسیشدا کە بە شێوەیەکی سەرەکی سەرچاوە و ژێدەری زمانی و مەعنەوی و فیکریی ئێرانچییەکانە هەروا هاتووە، لە شانامەشدا کاوەی ئاسنگەر وەکوو کوردێکی یاخی درەفش یان ئاڵای یاخیبوونی دژی خوێنخۆری و خوێنمژییەکانی دەسەڵاتی زوحاک هەڵدەکات و لە ئەنجامدا دەبێت بەهۆی داڕمان و لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتە. کۆنترین دەق کە بە زمانی کوردی باسی نەورۆزی تێدا هاتبێت مەم و زینی ئەحمەدی خانییە کە لەوێش ئازادی و شادیی و خۆشیی کوڕان و کچان دەکات بە هەوێنێک بۆ ئاشنابوون و سەوداسەربوونی مەم و زین و داڕمان و لەگۆڕنانی بەدکار و شۆفار. لە ڕاستیدا لە ناو فارساندا هەوڵێکی زۆر لە خوێندنەوە و شیکارییەکانی شانامە و کاوە و زوحاکدا هەیە کە نەورۆزی کوردانە لەگەڵ نەورۆزی ئێرانیانە جیا بکرێتەوە و لە هەناوی خۆیاندا نوقمی بکەن، نەورۆزی کوردانەش لە تێڕوانینی ئەواندا نەورۆزێکە کە زیاتر پەیوەستە بە بووژانەوەی سرووشت و نوێبوونەوەی تەبیعەت و سەردەرهێنانی ڕووەک و گژوگیا کە ئەمەش وەکوو هەموو پڕۆژەیەکی دیکەیان دەستوەردان و ستەمکارییەکی دیکەیە دژی ڕەمزە مەعنەوی و دالە مانابەخشەکانی کورد. لە شیکارییەکی گشتیی و زاڵی عەجەمان بە نیسبەت نەورۆز لە ناو کورددا ئاوەها دەگوترێت:-
(کاوەی ئاسنگەر کەسایەتییەکی ئوستوورەیی و پاڵەوانییە لە شانامەی فیردەوسیدا، شانامەی ئەبوومەنسووریدا، گەرشاسپ نامە و شانامەی کوردیدا یان کەسایەتییەکی تا ڕادەیەک واقیعیی بووە لە سەردەمی ئەشکانییەکاندا. کاوە ڕەمزی مرۆڤە پێشڕە و و پێشەنگەکان لە چاخی ئاسن و پیشەگەرێتییە پاش حکوومەتی جەمشید و نیشتنی خەرمانەی ئیزەدیی لەسەر پاشایەتیی ئەوە کە ڕاپەڕین و ڕابوونێکی جەماوەریی بە یارمەتیی فەرەیدوون، و خەڵکی هەڵاتوو و ڕزگاربوو لە داوی زوحاک لە دژی دەسەڵاتەکەی هەڵدەگیرسێنێت. کاوە پەیامهێنی دادخوازی، سەربەخۆیی، ئازادی و دژایەتی لەگەڵ لایەنی زاڵ و زۆردار و ستەمکاری سەر دەسەڵاتە کە کاریگەرییەکی قووڵ و بێوێنەی لەسەر کەلتووری ئێرانی و ڕەمزە پاشایەتییەکانی ئێران هەبووە.)
ئەمە ئەو تێڕوانینەیە کە لە دوو توێی هەندێ گشتبێژیدا بە سەر ڕەچەڵەک و نەژادی کاوە وەکوو هێما و ڕەمزی چاخی ئاسن، ئازادی، بوێری و سەربەستی و سەربەخۆبوون، باز دەدات و بە ئاسانی گرێی دەداتەوە بە کولتووری ئێرانی و سیلسیلەی پاشایەتییەکەیانەوە. گەر سەرنج بدەین لێرەدا دالی ناوەندیی (نەورۆزی مێزۆپۆتامیا) لەگەڵ دالێکی ساختە و دەسکردی دیکە بە ناوی (ئێران) دا جێگۆڕکێی پێ کراوە و ئەمەش لەسەر حسێبی نەورۆز و کورد کەوتووە. واتە نەورۆز لێرەدا هۆیەکی جەوهەری و بنەمایی واتە دالێکی سەرەکیی بۆ ئێران نییه، بەڵکوو مەدلوول و دەلالەتەێکە لە ژیر سێبەری ئێران و ئێرانیزم و ئەمەش بۆیە وا بیچمبەندیی کراوە تاکوو پێش بە هەر جۆرە دەرکەوتەیەکی کوردانە و ڕەچەڵەکناسیی نەورۆز بگرێت و ئەگەریش ئەم پڕۆسەیە گەیشتە ئەنجام بنەما و کۆڵەکەی ماڵەکەی نەلەرزێت و دەکرێ بڵێین بڕێک ژیرانە یان فێڵبازانەش ئەمەیان کردووه، واتە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان دەهۆڵیان لێ کوتێنرا و دونیا زانیی نەورۆز دەرکەوتەی مێژوویی ڕۆحی کوردانە ئەوان دەتوانن بڵێن دەی ئێمە بە بێ نەورۆزیش هەر ئێرانمان هەبوو ە لەسەر کۆڵەکەی نەورۆز وڵاتمان بوونیات نەناوە، ئەمە ئەو یارییە قێزەونەیە کە ئەوان دەیکەن.
با دوا ڕستەکانی ئەو تێڕوانینە ساختەکارەش بخەمە ڕوو کە لەسەر بکەری ناو دالە سەرەکییەکە واتە کاوەی ئاسنگەری کوردە:- (خەڵکی کوردستان جەژنی نەورۆز و چەکەرەکردنی گژوگیا و ڕووەکان هاوکات لەگەڵ کۆتایی دەسەڵاتی زوحاک دەزانن و لە ڕێگەی هەڵکردنی ئاگرەوە ئەم بۆنەیە بەرز ڕادەگرن) . ڕاستە نەورۆز و سرووشت و ڕابوون دەژی دەسەڵاتی ستەمکاری زوحاک گۆشە و ڕووبەرەکانی ئەم دالە ناوەندییەن بەڵام لەم ڕستانەی ئەمانەدا کۆنتێکست و زەمینە یان ژێردەقێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە کولتووری نەورۆز بە سرووشت و بیرەوەرییەکی کۆنی کوردان دژی زوحاکەوە گرێ دەدەن و بەم شێوەیە دەیانەوێت لە سیاقێکی مۆدێڕندا ماهییەتێکی بەدەوی بدەن بە نەورۆز ئەمە لە حاڵێکدایە بۆ کەلتووری فارسان لە قەوارەی جەژنی میهرگان وەکوو ئایینێکی پیرۆز و ئاسمانیی و ئەبەدی ڕایدەگەیەنن. لە نەود لە سەدی ئەو باسانەی کە لەسەر کاوە و ڕابوونی دژی زوحاک دەکرێت، قەت باسی ڕەچەڵەکی کاوە ناکرێت بەڵکوو باسی ڕابوونی ئێرانیان دەکرێت و پاش ئەم پڕۆسەی کپکردن و پەراوێزکردنە ئەوەی کە دەبێتە مژار و دالی سەرەکیی فەخر و پیرۆزیی ڕەچەڵەکیی ئێرانیان و سیلسیلەی پاشایەتییانە. هەموو ئەمانە لە پڕۆسەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراوی سیاسیدا هاتووەتە ئەنجامدان و ئەوپەڕی نەرجیسییەت و خۆپەرستی لەلایەن ئەم داگیرکارانەوە لە نووسینەوەی مێژوودا هاتووەتە ئاراوە واتە مێژوو بە تێڕوانینی سیاسییەوە دەستی تێبراوە.
بەڵام بابەتەکە لێرەدا کۆتایی پێ نایەت چون دەرکەوتنی نەورۆز ئێستەش لە کوردستان هەمان بۆن و بەرامەی ڕابوون و هەستانەوەی دژی ستەمکار و زاڵم پێوە دیارە و ئەو نەورۆزەی کە لە داوێنی سرووشت و بە هەڵپەڕکێ و هاواری ئازادی و قریوەی شادیی ژنان و پیاوان بە هەڵپەڕکێ و هەزاران ڕەنگ و جلی ئاڵاوواڵا دەبینرێت لە کوێ و ئەو نەورۆزەش کە بە سفرەی حەوت سین لە ژوورۆچکەیەکی موبیلەکراو دەگیرێت لە کوێ! دیاردەناسیی دەرکەوتەی نەورۆز لە ناو کورد و عەجەمان و بەراوردکردنێکی ئاساییان دەریدەخات کە هێشتا نەورۆز لە ناو کورددا نەک تەنیا دەلالەتە ڕەسەن و ئۆرژیناڵەکەی خۆی پاراستووە بەڵکوو هەمان دالی ناوەندی و ئاڵای بەرزی کاوەی ئاسنگەرە کە دژی هەر جۆرە ستەم و دەسەڵاتێکی جەفاکار ڕادەپەڕێت. هەموو هەوڵێکی دەسەڵاتە پاوانخواز و داگیرکەرەکان ئەوەیە کە نەورۆزی کوردەواری وەکوو ڕێوڕەسمێکی مێژوویی قەتیسبوو لە مێژوویەکی دیاریکراودا بناسێنن، بەڵام لە ڕاستیدا هەر ساڵە کوردان بە نەورۆزی پڕشکۆیان لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا ئەم پلانە پووچەڵ دەکەنەوە، هیچ نەورۆزێکی کوردی نییە کە لەدەرەوەی دروشم و خواست و هەڵوێستی سیاسییەوە بەڕێوە ببرێت، بانگهێشتی زۆرێک لە نوێنەرانی وڵاتان بۆ ڕیوڕەسمی نەورۆز بۆ #هەولێر#ی پایتەخت گرینگییەکی ستراتیژیک و کاریگەریی لەسەر شوناسی سیاسی و کولتووریی ئێمە لە ناو بازنەی دالێکی ناوەندیی بەناوی نەورۆز هەیە، ئەرکی ئێمە کردنی نەورۆزە بە هێمایەکی قەبەتر و گەورەتر لە خواست و ئامانجی سیاسیی ڕوون و پتە و لە هەموو جیهاندا نەک هەر لە ناو کوردستاندا، عەجەمان سەرەڕای هەموو نەرجسییەت و خۆپەرستییان هەر ساڵە بە نەورۆزی باکوو و باشوور سەرسام دەبن و دەحەپەسێن و نەورۆزی ئەمساڵی ئێمە دەشێت بانگێکی بڵند بە پەیامێکی سیاسیی بەرزتر لە ساڵان و ڕەتکەرەوەی هەر جۆرە پاوانخوازی و ناوەندگەرێتییەکی هێزە کۆنەپەرستەکانی ئێرانە دژی کورد و هەموو کەمینە و ڕەنگ و دەنگەکانی ناو ئێران، نەورۆزی ئەمساڵمان سیاسیترن نەورۆز و بەرزترین هاواری شوناسی نەورۆز دەبێت. [1]