ناونیشانی بابەت: ژینا و شۆڕشەکەی؛ ژنانی فارس و کورد
ئامادەکردن: #سپێدە ساڵحی#
لە حاڵێکدا، لە پاییزی ئەمساڵدا وڵاتی ئێران بە پێشەنگایەتی کوردستان ڕابوون و شۆڕشێکی جیاواز و بێ وێنەی ئەزموون کرد و، دەچوو کۆی جومگە و پێکهاتە نەرێتی و کۆنباوەکانی وڵاتی ئێران لەق و لۆق بکات و بەرەو قۆناغێکی مێژوویی پەلکێشی کات، دیمەنێکی دیکە و چەندپاتەکییانە لە کایەی سیاسی و میدیایی هاتە سەر شانۆکەوە و دەیەوێت ڕابوون و شۆڕشەکە بەرەو ئاقارێکی ئایدۆلۆژیک و هەلپەرەستانە بەرێت. لە ڕاستیدا ڕەگ و ڕێشەی ئەم ڕابوونە لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردی جودا نییە، بە تایبەتی گرینگە ئێمە لەسەر لایەنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکەی فۆکۆس بکەین. بە درێژایی دوو سەدەی ڕابردووی مێژووی کورد، ژنانی ئێمە بە هەموو کەند و کۆسپ و بڤە کولتووری و ئایینییەکانەوە بەشێک بوون لە دەرکەوتن و چالاکییەکانی پانتایی گشتیی و لە پشت پەردە و ناو سووچۆڵکەی خانووەکاندا نەبوون، بەڵکوو بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و خەباتی سیاسی و پرسی ئابووریدا بەشدار بوون، ئەمە سەرەڕای ئامادەیی بەهێزیان لە پەروەردەکردنی منداڵ و بەڕێوەبەرایەتیی خێزان لە پلەی ژن و دایکدا. نموونەی ئەم دەرکەوتن و ئامادەبوونە لە باشوور و ڕۆژهەڵات بە ڕوونی دەبینرێت، ئێمە یەکێک لە مێژوونووس، شاعیر، عاریف، ڕۆشنبیر و خۆشنووسەکانمان خاتوو “ماﮪ شەرەف خانمی ئەردەڵان” یان هەمان مەستوورەی ئەردەڵانە، ئەو وەکوو یەکەمین ژنی مێژوونووس لە هەموو جیهاندا ناوی دەبرێت و هەروەها تاقانە ژنێکە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پەڕتووکێکی لەبارەی ئایین لەژێر ناوی (عەقایدی مەستووره) نووسیبێت.
مەستوورە لە سەردەمێکدا لە ئاسمانی تاریک و نووتەکی کولتووری ناوچەکەدا درەوشاوەتەوە کە قەجەرەکان لە ئێران لەوپەڕی دواکەتوویی و دڕندەیی و تووندوتیژیدا بەرەو ڕووی هەر جۆرە دەرکەوتەیەک بە تایبەت دەرکەوتەی ژن بوونەتەوە، لە سەردەمی حوکمڕانیی ئاغا محەمەدخان، فەتحەلی شا و محەمد خانی قەجەردا ژنان تەنیا بۆیان هەبوو لە ژوورۆچکەی ناوەوە واتە (اندرونی) دانیشن و بەشێک بن لە خواستە سێکسییەکانی پاشا و بەس. ژیان و ئامادەیی کەڵەژنێکی وەکوو مەستوورە زۆرزۆرترە لەوەی من تەنانەت لێرە تیشکی بخەمە سەر بەڵام گەشانەوەی ئەو لە ئاسمانێکی تاریکی ئەو سەردەمەدا واتە دوو سەد ساڵ پێش ئێستە دەرخەری ڕەگ و ڕێشەی ڕەسەنی بوونی ژن لە کۆمەڵگەی کوردییە، مەبەست کۆی کەلتووری کوردییە چ لە باشوور و چ لە ڕۆژهەڵات، ڕاستە جیاوازیی و خاڵی جیاکەرەوەیان هەیە بەڵام لە یەک سەرچاوکە و ئاخێزگەوە ئاو دەخۆنەوە. هەر نموونەی مەستوورە کە لە ساڵی 1805ی زاینی لە شاری #سنە# لە دایک بووه، بەڵام لە 1848 لە #سلێمانی# کۆچی دوایی کردووە و ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە سنوورێکی سیاسیی دەسکرد لە زەینی کوردی ئەو سەردەمەدا نەبووە و ئەمە بۆ پێکهات و قەوارەی کەلتووریش هەر ڕاستە.
ئەگەر بمەوێت باسی نموونەیەکی دیکە بکەم بێگومان “لەیلا قاسم” نموونەیەکی درەوشاوەیە لە ئاسمانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خوێندکاریی کوردیدا. ئەو نموونەیەک لە خۆڕاگری و شکۆ و ڕۆشنبیریی ژنانەی ئێمە لە سەروبەندی شۆڕشی ئەیلوول و خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بوو. یان پێشتر و پاشتر لەم دوو نموونەیە “عادیلە خانم”، “بەیان”ی کچە پێشمەرگەی #مەریوان#ی، “خەجێ باوه” و ئەو هەموو ژن و کچانەی لە خەباتی یەک سەدەی دوایی شۆڕشی کوردیدا لە هەموو پارچەکانی کوردستان چەک بە دەست و خامە هەڵگر شەهید بوون و یان چالاکییان نواند و دەینوێنن. مەبەستی من لەم پێشەکییە دەستنیشانکردنێکی خێرای ڕەچەڵەکی ڕەسەن و ڕیشەی قوورس و قاییمی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بوو. تەنانەت ئەگەر سەرنجی ژیانی ڕەوەند و تەنانەت گوندنشینی و پێش مۆدێڕنی کوردیش بدەین لە هۆبە و هەوارەکاندا ڕەشماڵ و دەوارەکان حیجاب و داپۆشێک نەبوون بۆ خێزان و ژنی کورد واتە جیهان-ژینی کورد زۆر لەگەڵ داپۆشین و شاردنەوە و سووسۆڵکەخزاندن نەبووە بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە بەشی زۆری کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا دەبینرێت کە ژن لە ناو پاشخان و حەرەمسەراکاندا وەکوو ئامرازی چێژ و ڕابواردن بینراوە و لەگەڵی هەلسوکەوت کراوە.
هەموو ئەمانە دەلالەتن لە کەلتووری کراوە و خاوەن پوتانشێلی کوردی و ڕوانینێکی شایستە بۆ ژن، مەرج نییە کاتێک دەڵێم ڕوانینێکی شایستە بۆ ژن مەبەستم ئەوە بێت کە ژنان هیچ کێشە و توندوتیژییەکیان لە کۆمەڵگە و قۆناغی پێشمۆدێڕنی کوردەواریدا ڕووبەڕوو نەبووەتەوە، بەڵکوو مەبەستمە بڵێم ڕێگایەک کە ژنی کورد لە بێ وڵاتی و ئاوارەیی و زەختی بێ دەوڵەتیدا بڕیویەتی سەد قات شایستەتر و بەرزەجێترە لەوەی کە لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا ڕووی داوە. وەکوو ڕەگ و ڕیشەی و ڕەچەڵەکناسی ئەمە واقیعە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکەیە و بەڕای من پشک و دەسکەوتێکی مەعنەویی و بێ وێنەیە بۆ ژنی کورد. بەڵام ڕاستییەکی تاڵی دیکە هەیە بە نیسبەت دۆخی ئێستەی ژنانی کورد لە پانتای چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بە بەراورد لەگەڵ ژنانی فارس یان تورک یان گیلەک یان بە گشتی ئەوانەی کە لە ناو بازنەی زمانی فارسی و باوەڕیان بە وڵاتێکی یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک نەتەوە بە ناوی ئێران هەیە، ئەویش نەبوونی هەلی باش و پێویست یان باشتر بڵێم تریبۆن و سەکۆی شیاو و بەهێز بۆ تەعبیرکردن لە خۆیان و دۆخی جیهانی ژنانە و نەتەوەیی و سیاسیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی خۆیانە.
من دڵنیام زۆرێک لە ژنان و کچانی کورد لە زۆر ڕووەوە باشتر و سەرکەوتووترن لەوانەی وا لە میدیا فارسییەکاندا جێگەیان بۆ دەکەنەوە و بەشێکی زۆریان لە خۆڕا دەکرێن بە بڕەند و بەرجەستە دەکرێنەوە، ئەمە بە تایبەتی بۆ ژنانی کورد و بەتایبەتیتر بۆ ئەوانەی پرسی نەتەوەییان لا گرینگە و بەشێک لە ئازار و ڕەنجەکانی ژنی کوردی دەبینین و زۆر بە تایبەتیتر بۆ ژنان و کچان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دۆخی هەستانەوەیەدا زەقتر و بەرمەبەستترە، ئەمەیش لە ڕاستیدا نەک کێشەی خودی ژنانی کورد بەڵکوو کێشەی بەشێکی زۆر لەو ڕەهابینی و ڕەهاخوازییەیەی کە وتاری پیاوسالاریی فارسی ئێرانی بەرهەمی دەهێنێت و ژنانی بە ناو ڕۆشنگەر و زۆرێک لە بەناو فیمینیستەکانیشیان لە ناو کایەیەکی پیاوسالارانەی مۆنۆپۆپلخوازدا بە جووتە چۆپی هەڵدەپەڕن و کۆمەڵی بەهای مردوو و ڕەها بەرهەم دێنن، کە جێگای کوردی تێدا نابێتەوە. بۆیە ئێمە وەکوو ژنی کورد لەم نەبوونەی تریبۆن و سەکۆیەکی بەهێز و پڕ بینەردا ئەزیەت ئەبین و لەو تریبۆنانەی فارستەوەر و ئێرانیخوازدا زۆر جار دەبینین کە ڕاستییەکانی ڕۆڵی ژنی کورد و ژنان بە گشتی لە هەستانەوە و شۆڕشەکەدا بنپێ دەکرێت یان بە ئاڕاستەیەکی سیایی دیاریکراودا دەبرێت و نیشان دەدرێت، بۆ دەربازبوونی ژنی کورد لەم تەنگژەیە و بەدەستهێنانەوەی بەری ڕەنج و ماندووبوون و خەبات و خوێنی لە ئەوانیدیی داگیرکەر پێش هەر شتێک ڕێکخستنی بەهێزی سەردەمیانەمان دەوێت، ڕێکخستنێک کە بوودجە و پلان و ئامرازی وای بە دەستەوە بێت تاکوو نەهڵێڵیت مێژووی کورد و کۆمەڵگەکەی لەلایەن نەتەوە ستەمکار و چەوسێنەرەکانی دیکەوە بشێوێنرێت و بە لاڕێدا ببرێت، هیوادارم ئێمەش وەکوو ژنی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشوور و پارچەکانی دیکە لە ناوە و و لەدەرەوە هەوڵ بۆ ڕێکخستنێکی سەربەخۆ و جیاواز و شایستە بدەین و نەکەوینە ناو کایەی وتاری ئەوانەوە کە خەریکن مێژوویەکی کۆن و بەهاگەلێکی مردوو و بەسەرچوو و بۆگەنمان لە ڕێگەی ژنانی فارسەوە بۆ بەرهەم دەهێننەوە. [1]