ناونیشان: کۆتایی هەژموونی ئەمریکا لە ئێراق؛ پێویستە سەرکردەکانی کورد وریا بکاتەوە
نووسەر: #ڕوەیدە مستەفا#
ڕۆژی دەرچوون:#29-03-2022#
شەڕ لە ئۆکراینا و گرنگیدانی زیاتری ئەمریکا بە سنووردانان بۆ فراوانخوازی و هەڵکشانی هێزی ڕووسیا و چین وایان کردووە هەژموونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ڕۆژبەڕۆژ کەم ببێتەوە. ئەمریکا هەوڵیش دەدات لەگەڵ ئێران ڕێککەوتننامەی چەکی ناوەکی چالاک بکاتەوە، هەم بۆ دابڕینی ئێران لەو دوو زلهێزە و هەمیش بۆ ئاساییشی وزەی ئەوروپا و ڕاگرتنی نرخی وزە لە دۆخێکی جێگیردا. مانای وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی پێویستە چاویان بخەنە سەر ئەو گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانەی ڕوو دەدەن.
ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا چۆنن؟ ئەوە پرسێکی گرنگە. ئەمریکا تاوەکوو ئێستاش هەرێمی کوردستان بە هاوبەش دەزانێت لە هەندێک پرسدا، وەکوو پرسی تیرۆر، نەک هاوپەیمان. پەیوەندییەکانی ئەمریکا پەیوەستن بە بەرژەوەندییەکانەوە، بەتایبەت کە دەبینێت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لەڕووی پێشخستنی دیموکراسی و بەرەوپێشبردنی حوکمڕانیی چاک و بەنیشتمانیکردن و بەپیشەییکردنی هێزەکانی ئاساییش و پێشمەرگە زۆر کوورتیهێناوە. ئەو گۆڕانکارییە خێرایانە پێویستی بە گرنگیپێدان و ئاگاداربوونی زیاتر و وریابوونەوەیە. گۆڕانکارییەکان هێندە خێران، لە چاوەڕوانیی هیچماندا نین، وەکوو ئەو گۆڕانکارییانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەیوەست بە پرسی نەوت و گازی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی ئێراق و هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر #هەولێر#.
خاڵێکی گرنگ؛ ئەمریکا هێرشە مووشەکییەکەی ئاسایی وەرگرت و لە پرسی گاز و نەوتیشدا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت، نەک پشتیووانیی هەرێمی کوردستان بکات. ئەمریکا دژ بە ئاساییکردنەوەی هەر جۆرێکی پەیوەندیی دیپلۆماسییە لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتان لەگەڵ ئەسەد، بەڵام پێدەچێت وڵاتانی کەنداو هەنگاوی دیکە بگرنەبەر. ئایا ئەوە سەرەتای دەرکەوتنی ئەو گۆڕانکارییانە نییە کە شەڕ لە ئۆکراینا لەگەڵ خۆی دەهێنێت؟
لەسەر داوای ئەمریکا بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەردانی ڕیاز و ئەبو زەبیی کرد، بەڵام بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە، چونکە شکستیهێنا لە بەدەستهێنانی دژایەتیی وڵاتانی کەنداو لەبەرانبەر ڕووسیا و پووتین و پەیوەستبوون بە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژاواوە.
سەردانی بەشار ئەسەد بۆ ئیماراتی عەرەبی یەکێک بوو لە یاخیبوونەکانی وڵاتانی کەنداو بەرانبەر سیاسەتی ئەمریکا، ئەمە دوای ئەوەی هەردوو شازادەی جێنشینی ئیمارات و سعودیە ڕەتیانکردەوە بە ویستی ئەمریکا نەوتی زیاتر هەناردە بکەن تاوەکوو ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە گەمارۆکان لەسەر نەوت و گازی ڕووسیا درووستیکردووە.
هەندێک ڕاپۆرتی میدیایی باسیان لەوە کرد، سعودیە قبووڵیکردووە نەوت بەرانبەر یەنی چینی بفرۆشێت؛ یەکێک لەو ڕێککەوتننامانەی لەنێوان سعودیە و ئەمریکا لە سەرەتای حەفتاکان. ئەمە یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە ئەمریکا توانیی لە ڕێگەی دۆلارەوە دەست بەسەر بازاڕی نەختی جیهانیدا بگرێت کاتێک هەموو ئاڵوگۆڕێکی نەوت بوو بە دۆلار، بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەگەر جێیەکیشمان نەبێت، ئەوانەی جێیان هەیە دەنگمان ببیستن، پێویستە داهاتووی کوردستان لە زۆر بەرەوە بپارێزرێت. یەکەم، ئێمە وا شکستمان هێناوە لەوەی لەگەڵ ئەو بەهایانە کۆک بین کە بوونە هۆی پاراستنمان لە 1991ەوە؛ دیموکراسی و ڕێزگرتن لە ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی ژن. کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر پاڵادینۆ چەندان دیداری هەبووە لەگەڵ میدیای سەربەخۆ و چالاکان، ئەمە جێی دڵخۆشییە، بەڵام نابێت سەرکردەکانی کورد ئەوە لەبیربکەن کە نیگەرانییەکانی ڕۆژنامەوان و چالاکان گەیشتووەتە دونیا و دونیاش ناتوانێت چیدی چاوی بپۆشێت، چونکە ئەوان نایانەوێت هەرێمێک بپارێزن کە هەمیشە بەهۆی نەبوونی دیموکراسییەوە لە مەترسیی ئاڵۆزی و ناسەقامگیریدا بێت. ئەمە زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێویستە سەرکردەکانی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبگەن.
هەروەها، ململانێ نێوخۆییەکان لەنێوان هێزە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەم گەلی کورد و هەم دۆستانی گەلی کوردی لەدەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێهیوا کردووە. ئەو ململانێیانە هیچیان لەگەڵ دونیای دیموکراسی و ململانێی سیاسی تەبا نین.
ململانێکان زیاتر وێنەیەکی عەشائیری و نامەدەنیی زۆر ناشیرینیان هەیە کە هەموو کوردستان دەخەنە مەترسییەوە لەبەرانبەر چەند بەرژەوەندییەکی بچووکەوە کە هیچ پەیوەست نین بە بەرژەوەندییەکانی گەلەوە. لەو دۆخە نادڵنیایی و سەرگەردانییەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، کە تەماشای ململانێکان دەکەیت، وا دێنە بەرچاو کە خەریکە دەگەڕێینەوە ڕۆژانی شەڕی ناوخۆ و خراپتریش، تەنیا لەبەرانبەر بردنەوەی پۆستێکی سیمبۆلیک لە بەغدا.
ئەگەر ئۆکراینا بە پشتیووانیی ئەمریکا، ناتۆ، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا نەتوانێت هێرشەکانی ڕووسیا ڕابگرێت و وا شارەکانیان تەختی زەوی دەبن، ئەمە چییە وا دەکات هەندێک سەرکردەی کورد زۆر بێباکانە سیاسەتی نێوخۆیی و ئیقلیمی و دەرەکی ڕێکدەخەن و پێیانوایە داهاتووی کوردستان ئاساییشە؟ سەرۆکی ئۆکراینا زیلینسکی میدیای ڕۆژاوای داگیرکردووە لە بەرژەوەندیی خۆی و زۆربەی پەڕڵەمانەکان ڕێزیان لێ ناوە، بەڵام نەیتوانیوە ئەوروپا و ئەمریکا و ناتۆ ڕازیبکات بە هەرێمی دژەفڕین، ناشتوانێت. ئەی چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە مەترسیی هێزە ناوچەییەکان و مەترسییەکانی تیرۆر بمانپارێزێت ئەگەر ڕووداوەکان بە ئاڕاستەی خراپدا ڕۆیشتن؟ بینیمان لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران کەس بە ویستی هەرێمی کوردستان ناجوڵێتەوە.
تاکە ڕێگە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ سەرکەوتن و بەردەوامیدان بە پێشکەوتنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بەهێزکردنی دامەزراوەکانە و کردنیانە بە دامەزراوەی نیشتمانی و دیموکراتیک لە پەڕڵەمانەوە بیگرە بۆ دەزگای دادوەری و ئاساییش و پێشمەرگە و بازاڕ و نەوت و گاز. درووستکردنی پەیوەندی لەسەر بنەمای دوولایەنەی هاوبەش لەگەڵ دراوسێکان و دونیا، ڕێگە ڕاستەکەیە. پێویستە هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر سیاسەتی نەیارانەی دراوسێکان پراگماتیک و ستراتیجیک بێت، بەرژەوەندییە دوورمەوداکان و ئاساییشی هەرێمی کوردستان نەکاتە قوربانیی ویستی حیزبی و هەندێک بەرژەوەندیی کەسیی ئابووری. ئەمە مانای وانییە هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئێران و تورکیا، بەڵکوو تەنیا هەڕەشەکان وەربگێڕێت بە دەرفەت لە ڕێگەی درووستکردنی پەیوەندیی هاوسەنگ و نەبوونی بە لایەنگری هیچ هێزێکی ناوچەیی لە دژی لایەنێکی دیکە. [1]