ناونیشان: کێشەکانی پارتی و یەکێتی چین؟
نووسەر:#ڕوەیدە مستەفا#
ڕۆژی دەرچوون:#01-11-2022#
هەشت ساڵان بووم کوردستانم بەرەو بەریتانیا بەجێهێشت. ئەوکات منێکی منداڵ لەو کێشانە تێنەدەگەیشتم کە لەنێوان یەکێتی و پارتی دا کوردستانیان بەرەو ماڵوێرانییەکی گەورە برد. نەوەیەکمان گۆڕی، دونیا گۆڕا، ئەو گۆڕانکارییانەی لە سی ساڵی ڕابردوودا ڕوویانداوە چاوەڕواننەکراو بوون، کەچی کێشەکانی پارتی و یەکێتی هیچ نەگۆڕاون. ئێستاش بە هەمان ئاوازی ئەوکات درێژە بەو کێشانە دەدەن کە لە ڕاستیدا کێشەی دوو هێزی سیاسی خاوەن ئایدیۆلۆژیای جیاواز نین. جیاوازییەکە تەنیا ئەوەیە کێشەکان چیتر لە ڕێی ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان و ڕۆژنامەی کوردستانی نوێی یەکێتی و ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێراق و ڕۆژنامەی برایەتی\خەباتی پارتی نابیستین، بەڵکوو کێشەکان هاتوونەتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەی دەبێ ئەو کێشانە چی بن؟
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ گەورە بەرپرسێکی حکومەتی بەریتانی گفتوگۆیەکم هەبوو. وەک من و هەر دانیشتوویەکی هەرێمی کوردستان، داد و بێدادی بوو لە دەست ئەو سیاسەتی دینامیکیەتە بێتامانەی کێشەکانی یەکێتی و پارتی. لای کەسانی بیانی ئەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن خێڵەکیانەن. تۆنی میدیاکانی ئەو دوو هێزە و هێزەکانی دیکەش بەگشتی لای ئێمە زۆر بێزارکەر و بەڕاستی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئەم چەرخە یەکناگرنەوە. تەنانەت سیاسەتمەدارەکانیش زۆر تۆنێکی ناسیاسی بەکاردێنن کە نامۆیە بەبەها باڵاکانی کۆمەڵگەی ئێمە و هەر کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندووی دونیا. بەردەوامی ئەو تۆنە لەنێوان هێزەکان و سیاسەتمەدار و ئەندام پەڕڵەمانەکان، بەڕاستی ڕۆژ دوای ڕۆژ مەترسی لەسەر پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتیش درووست دەکات. بە بڕوای من کێشەکان زۆرن، بەڵام دەتوانم دوو هۆکار باس بکەم؛ ڕێز و متمانە. لەنێوان یەکێتی و پارتیدا، نە ڕێز و نە متمانە لە ئاست پێویستی نین، بەڵام خۆشبەختانە، ڕای گشتی کوردستان لێی بێزارە، ئەوەش تاکە هیوایە.
لە سەردەمی ڕۆمانەکاندا، ئەوان دەیانوت کە لە سیاسەتدا دۆست و دوژمن نین، تەنیا بەرژەوەندی هەن. کاتێک لە کێشەکانی پارتی و یەکێتی دەکۆڵینەوە، پێویستە لەوە بڕوانین کام لە بەرژەوەندییەکان بەریەککەوتوون لەبەرئەوەی ئەگەر پرسەکە بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان نەبێ، لە ڕاستیدا ئێمە کەمتر کێشە ئایدیۆلۆژییەکانی پارتی و یەکێتی دەبینین، تەنانەت لەسەر ئاستی پڕۆژەیاساش\پۆڵسی. لە پەڕڵەماندا ئەو دوو هێزە ئەو پڕۆژانەی پێشکەشی دەکەن هیچ ئاماژەیەکی جیاوازی ئایدیۆلۆژی قوڵیان تێدا نییە، ئەو جیاوازییانەی لە ڕابردووشدا کەمێک هەستی پێ دەکرا، ئێستا نەماوە. ئێمە هیچ بەریەککەوتنێک لەنێوان یەکێتی و پارتی نابینین کە یەکیان بانگەشەی نەریتپارێزی و ئەوی تریان بانگەشەی پێشکەوتنخوازی بکات. نابینین لە پەڕڵەماندا ئەو دوو هێزە هەڵگری دوو بەهای دژبەیەکی چەپ و ڕاست بن. ئەوەی دەیبینین گەمەی سیاسی هەرزەکارانەیە کە وزەی خۆیان و کۆمەڵگە بەفیڕۆدەدەن.
من نامەوێت بەراوردی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان بکەم، دوو کەیسن ناکرێ بەراوردیان بکەین، بەڵام دەکرێ هەندێک سرووش لە یەکتری وەربگرین. ناکرێ ئێمە لە 2022 خەریکی ئەو گەمە سیاسییە هەرزەکارانە بین و کۆمەڵگە و سیاسەت و ئابووری و پەروەردە و تەندرووستی لەبیر بکەین، لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا، سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی لیبرەڵ دیموکراسی پێیانەوە دەناڵێنێ و ئەوروپا و ئەمریکا و بەتایبەت بەریتانیا پێیدا تێدەپەڕن، هێشتاش دەبینین سیاسەت چەندە لە پێشکەوتن دایە. هەر بۆ نموونە، کێ بیری دەکردەوە سەرۆکی شارەوانی لەندەن کەسێکی بە ڕەگەز پاکستانیی موسڵمان بێ و سەرۆک وەزیران کەسێکی بە ڕەگەز هیندیی هیندۆس بێ کە تەنیا کەمتر لە حەفتا ساڵ هەردوو وڵات لەلایەن بەریتانیاوە داگیرکرابوون. من نامەوێ بەراورد بکەم، دەزانم وەک بەراورد دەردەکەوێ، دەمەوێ بڵێم ناکرێ دوای سی ساڵ ئێمە بگەڕێینەوە خاڵی دەستپێکردن.
من دژی هەبوونی کێشە نیم، بەڵێ دەبێ کێشە لەنێوان هێزەکان و کەسەکانیشدا هەبن، بەڵام دەبێ کێشەکان لەسەر پرسی گشتیی و باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردنی ژیان بن. کێشەکان دەبێ لەسەر زیاتر گەشەپێدانی تەندرووستی و پەروەردە بن، ئەوکات کێشەکان و ململانێیەکان دەبنە دەرفەت نەک وەک ئێستای هەرێمی کوردستان کە کێشەکان زیاتر کەسی و حیزبین لەسەر بەرژەوەندی و پۆست و پارە و هێزی زیاترن.
یەکێتیی ئەوروپا، بەریتانیا، ئەمریکا و هەر وڵاتێک کە هەرێمی کوردستان بە هاوپەیمانی دادەنێت، لەو کێشە ناوخۆییانە بێزارن. ئەگەر هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو سیاسەتە سەرەتاییە کە بەلای ڕۆژاواییەکانەوە خێڵەکییە، بەردەوام بێت، هیچ دوور نییە ئەوانەی لە سی ساڵی ڕابردوودا وزە و توانای دارایی و هەواڵگریی و سەربازییان لەپێناو هەرێمەکەماندا خەرج کرد، ڕووبەڕووی پرسیاری ناوخۆیی ببنەوە لەلایەن باجدەرانەوە کە بۆچی پشتیووانیی بەردەوامبوونی هەرێمێک دەکرێت کە ناتوانێ کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات. هیچ وڵاتێک نایەوێت سی ساڵ یارمەتیی دارایی و سەربازیی هەرێمێک بدات و هەمیشەش خەریکی ئەو کێشە ناوخۆییانە بێت کە سی ساڵە چارەسەر نەکراون. بەرپرسانی کورد لە دیدار و ڕووداوە جیهانییەکان بەشدار دەبن، بەڵام تەنیا بۆ کەڵک لێوەرگرتنی ناوخۆیی بەکاریدێنن، بەبێ ئەوەی هیچ پڕۆژەیەکیان پێبێت دەگەڕێنەوە. هیچ وڵاتێک و سەرکردەیەک لەدەرەوە بەهێز دەرناکەوێت ئەگەر لە ناوخۆدا خەڵک و حکومەت و دەزگاکانی بەهێز نەکات. [1]