ناونیشانی بابەت: شوناسێکی لەت لەت لەنێوان قەسری شیرین و تاراندا
ئامادەکردن: #سپێدە ساڵحی#
کیومەرسی عەباسی ناسراو بە قەسری لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، قەسری لە شاری مێژوویی و کەونارای قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە.
(بە بۆنەی کۆچی دوایی قەسریی شاعیر)
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 28ی گەلاوێژی 2022 ) کیومەرسی عەباسی ( ناسراو بە قەسری لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، قەسری لە شاری مێژوویی و کەونارای قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. ڕەنگە بەراوردێکی هەڵە و دور بێت لە ڕاستی کە قەسری لەگەڵ شامی #کرماشان#ی و مامۆستا عەلی ئەشرەفی نەوبەتی یان پەرته و بەراورد بکەین بەڵام هەموو ئەمانە سەر بە جوگرافیایەکی کەلتووری و زمانی بوون کە دوفاقێتی و دووزمانێتی تێیدا زاڵ بوو، لە ئەنجامیشدا تاکزمانەبوون بە شێوەیەکی ڕێژەیی سەرکەوت و دەسەڵاتی فەرمی و نافەرمی ئێران هەمووی کەوتە خزمەتی یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک ئایین کە ئەویش فارسی و فارس و شیعە بوو.
ئەوان لە ناو ژینگەیەکی بۆردومانکراو بە وتاری ئێرانچێتی و شیعەگەرێتیدا ژیان، لە ئەنجامیشدا بە چەندین هۆکار ملیان دا بەڵام نە بە تەواوەتی.
له و هۆکارانه:
1- پەرتخستن و پەراوێزخرانی ناوچەکانی خوارینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە #ئیلام# و کرماشان لە بازنەی چالاکیی وتاری ناسیۆنالیزم و کوردایەتی بوو.
2- گرنگیی ژیۆپۆلەتیک و ئیکۆنۆمیکی ناوچەکانی خوارینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی نەوت و غاز و بەروبومی کشتوکاڵ و توخمەکانی دیکەی ئابوورییەوە.
3- ئەو ناوچانە لە ڕووی ئایدۆلۆژیکەوە بۆ وتاری ئایدۆلۆژیی سیاسیی دەسەڵات چ وەک شیعەگەرایی و چ وەکوو ئێرانچێتی، گرنگ بوون و کەوتنە ژێر باندۆر و سێبەری ئەو وتارانەوە.
ئەم هۆکارانە بوون بەهۆی ئەوەی کە زمان و کەلتووری کوردی له و ناوچانە بکەوێتە ژێر کاریگەریی زمانی فارسی و بە شێوەیەک بچێتە ژێرزەمینی زەینی ناوشیار و خەیاڵدانێکی شەرمنۆکەوە کە دەسەڵات سەرکوت و پاشەکشێی پێ کردبوو، ئەوان لە ڕێگەی میدیا و هێزی ئابووری و دەسەڵاتی ئیداری و دامەزراندن و پێوەرەکانی و…ئەم هەژموونییەیان بە سەر زمان و کەلتوور و ناوشیاری کوردانی خواری ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەپاندبوو بۆیە دەشیت بڵێین ئەو سیاسەتەی کە لە #سنە# و #مەریوان# گیرایە بەر بە بەراورد لەگەڵ ئەو سیاسەتەی کە لە خوارینی ڕۆژهەڵات گیرایه بەر، لەگەڵ ئەوەی کە هاوبەشی و هاویەکی لە تاکتیکدا هەبوو بەڵام لە ستراتیژ و ڕێگەچارە بۆ داگیرکردنی زەین و خەیاڵ و ڕۆحی دەستەجەمعی جیاواز بووە واتە لێرە بە شێوەیەکی نەرم و ئایدۆلۆژیک دەجووڵانەوە و هەر وەک دەسەڵات بڵێت “ئەم مرۆڤانە بەشێک لە خۆمانن ئەوە نییە حەزرەتی عەلی و ئیمام حسێنیان به لاوە پیرۆزە و لە ڕۆژانی تاسووعا و عاشوورا لە ئێمە خراتر و دڵشکاوتر دێنە ڕێوڕەسمەکانەوە” شتێک کە لە خوارینی ڕۆژهەڵات دەیتوانی وەک مەترسی و هەڕەشە لە هەمبەر دەسەڵاتدا قوت بێتەوە وشیاریی نەتەوەیی بوو کە ئەوان لە ڕێگەی دانانی ئیسلامی شیعەی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر ناسیۆنالیزمی سونیی موکریانگەرا (کە دەوڵەت بەم مانا و دەلالەتە بڵاوی دەکردەوە!) توانییان شوناسی کوردی لەم ناوچانە بلەرزێنن و پاشەکشێیەکی کاتیی بە ڕۆحی سەربزێو و یاخی و سەرکێشی کوردایەتی بکەن، ڕۆحێک کە بنیاتنەری شۆڕشی سەرنجابییەکان و ئەدەبی بەرزی یارسان و گۆران بووە لە درێژایی مێژوودا، بەڵام بە هێزی سەختی دەسەڵات و هێزی نەرمی دامودەزگا کەلتووری و ئایینی و ئیدارییەکانی کۆمار، هەم توانی ڕۆحی کەونینەی گۆران لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی کوردستان داببڕێت و هەمیش تا ڕادەیەک توانی زمانی کوردیی بخاتە پەراوێزەوە و دابڕانێک لەنێوان جاف و کەڵهوڕ درووست بکات کە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتیش هەنگاوی ناوە و زۆر جار خەڵکی ئەم ناوچانە بەهۆی ئەو باوەڕ و تێگە ئایینی-سیاسییە کە دەسەڵاتی کۆماری جێگیری کردبوو، لەسەر سادەترین شتەکان لە دژی یەک دەوەستانەوە، هەر لە شەڕی دەستەویەخەوە تاکوو درووستکردنی ناو و ناتۆرەی جۆراوجۆر دژی یەکدی، درووستکردنی ئەم دابڕانە لەنێوان کرماشان و #جوانڕۆ# و ڕوانسەر و بە گشتی هەورامان و هەروەها لە قۆڵی سەرەوەش لەنێوان کرماشان و سنە و… درێژەی هەمان سیاسەت و جێگیرکردنی وتاری (جیاوازی درووست بکە و دەسەڵاتداری بکە) بوو، درووستکردنی ئەم فەزا دەروونی و سیاسی و کەلتوورییە وای کرد دووزمانەبوون لە کرماشان پەرە بستێنێ، دووزمانەبوونێک کە لە سنە و سابڵاخ و جوانڕۆ و مەریوانیش هەبوو! بەڵام بە شێوەی دیکە و نەیتوانی جومگە سەرکییەکانی جیهان-ژینی خێزانی و خەڵک و نەریتی کوردانە ببەزێنێت! (ئەگەرچی لە سنە بەڕادەیەک ئەم دیاردەیە هاتووەتە ئاراوە) بەڵاملە ناوچەکانی خوارینی ڕۆژهەڵات کە لەژێر مەترسی سڕینەوە و نەدیوگرتنی زمانی وەکوو یەکێک لە کۆڵەکە و توخمە سەرەکییەکانی شوناس بوون، ئاڕاستەکە بەرەو (تاکزمانێتی) لە هەموو جومگەکانی جیهان-ژینی کورددا هاتە ئاراوە تا شوێنێک کە باوک و دایکێک لە ماڵەوە پێکەوە بە کوردی کەڵوڕی قسە دەکەن بەڵام لەگەڵ منداڵەکەیان (هەر لە ماڵەوە) بە فارسی قسان دەکەن، ئەگەریش لێیان بپرسیتبۆ وایە؟
دەڵێن بەڵکوو لە قوتابخانە بە فارسییەکی بێ گرێ و گۆڵ و بێگەرد قسە بکات، بەڵام ئەمە وەڵامی ڕاستەقینەی ئەو دژوازی و کێشەی سایکۆلۆژییە نییە بەڵکوو بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کە لەسەر ئاستی شاری کرماشان کراوە، زۆرینەی ئەوانەی کە بە فارسی قسە دەکەن، کوردن و کوردیش دەزانن بەڵام دەڵێن بە باشی نایزانین، و هەروەها زۆرینەی ئەوانەی کە فارسی قسە دەکەن هۆکارەکەی نەک بە کوردینەزانین و کوردینەبوون بەڵکوو بە کەمبینینی کورد و زمانی کوردی و سەربینینی فارس و زمانی فارسی دەزانن، کە ئەمەش کاری سەدان ساڵەی میدیای دەسەڵات و دەسەڵاتی میدیایە، ئەمە هاوکێشەیەکە کە تا ئێستەش بەردەوامە و بە سەرمایە و خەرجکردنی ملیاریی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە کەلتوورییەکانی تێڕوانینی ئێرانشاریی هەر لە سەردەمی ڕەزای یەکەمی پاڵەوییەوە تاکوو ئێستای کۆماری ئیسلامیی بەردەوام بووە، بەڵام سەرەڕای هەناسەدانی کەلتووری کوردانە و پێکهاتی خێڵەکیی کوردانە و جلوبەرگ و ئەدەبی زارەکی لە گوندەکان و هەندێ لە گەڕەکە پەراوێزنشینەکانی ناو شاری کرماشان، ئەوەی وەک جێگەی هیوای و دڵخۆشی ماوەتەوە شانامەخوێنی و ئەدەبی زارەکی و هەروەها شاعیرانی غەزەڵنووس و غەزەڵبێژ و نوێ و مۆدێڕنه، ئەگەرچی هەوڵی دیکە هەیە لەسەر ئاستی ڕۆمان و چیرۆک بە زاراوەی کەڵهوڕی لە ئیلام و کرماشان بەڵام شتێک کە خەڵی گرینگ و تەورەی بنەمایی زمانە (شیعره) شیعر نەمریی زمانە و زایەڵەی ئەبەدیی ناوشیاری نەتەوەیه، ئەگەر نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو تەنیا دەقی فیزیا و ماتماتیکی بەرهەم هێنابا ڕەنگە ئێستا بۆ بابەتێکی میدیایی یان ئەدەبی تووشی کێشەی گەورە ببایات بەڵام شیعرئامێزبوونی وجوودی مرۆڤ و بە تایبەتی مرۆڤی کۆمەڵگەی کوردی ئەم زمانەی بە نەمری هێشتۆتەوە، لە سەردەمێکدا کە زیلکان لەگەڵ هەر منداڵ و ژنێکدا وشە و ڕستە و چێرۆک و ڕۆمانێکیان لە زمانماندا دەکوشت، دەیانکرد بە ژێر خۆڵەوە، شیعر مەتەرێزی مانەوە و سەنگەری بەگژداچوونەوەی هەژمونی و تێخوڕینی زمانە سەردەست و داگیرکەرەکانی کوردستان بووە، ڕەنگە ئەمە بۆ هیچ شوێن و هێچ فەزایەکی وەک کرماشان و ئیلام مانادار نەبێت، لەم دەڤەرانەدا جیا لەوەی کە زمان تا ڕادەیەکی زۆر و بە شێوەیەکی ئاڵۆز لە ئاستە فەرمی و گشتیی و سەرشەقامییەکەشدا پاشەکشەی پێ کراوە و خەرمانەیەکی دزێوی دەسەڵاتی پێوە پێچراوە و زمانی فارسیی وەکوو زمانی پیرۆزی فارس-شیعە جێگیر کرد، لە ئاستە هەرە ناوەکی و هەناوەکییەکەیدا واتە لە ناو ماڵان و بەکارهێنانی زمان لە ئاستی سادەترین هەستەکانی ڕۆژانە، ڕەسەنترین و ئۆرژیناڵترین هەستەکان مەترسی خرایە سەر، هەر بۆیە شیعری کوردی لە کرماشان توانیویە و دەتوانێت بچێتە ناو خانەکانی ناوشیار و مێشک و هەستەکانەوە و ململانێی ئەو ڤایرۆسە زمانی و کەلتووری و ئایینییەی فارس – شیعە بکات، لە ناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا شاعیرانێک سەریان هەڵدا کە شیعری کوردی و خەیاڵدانی کوردانەیان بەزیندوویی ڕاگرت و گەشاندیانەوە لەوانە شامیی کرماشانی و مامۆستا عەلی ئەشرەفی نەوبەتی بە نازناوی پەرته و کرماشانی لە هەرە دیارەکانن کە بە دوو زمانی فارسی و کوردی شیعریان وتووە، ڕاستە ئەم دوو شاعیرە کوردە بە دوو زمان کە هەوراز و نشێوی زۆریان بڕیوە و لە فەزای هێرش و دەسەڵاتی زمانی سەردەست بۆ لەناوبردنی زمانی داگیرکراو و ژێردەست، شیعریان وتووە بەڵام لە دواجاردا لانی زمانی کوردییان بەر نەداوە یان باشترە بڵیین زمانی کوردی وازی لەوان و خەیاڵدان و نەست و هەستیان نەهێناوە! ڕەنگە ئەمە بۆ شاعیرێکی وەک شامی کرماشانی کە دیوانی (چەپکە گوڵی) بەرچاو و دیارە و بۆ پەرته و کرماشانی کە (کوچەباغی ها) ی دیارە نیشاندەری ڕۆحی بەرخۆدەری کوردانەی ئەوان بێت لە ئاستی زماندا، ئەگەرچی ڕاستەوخۆش وتاری سیاسییان دیاری نەکردووە و دەرەوەستی خۆیان لە ئەدەبدا پیشان نەدابێت بەڵام کوردبوونیان لە نیشانە و ئاماژەی هەڵخێزراو لە خەیاڵدان و نەستی دەستەجەمعییان دیار و زەقە بەڵام بۆ شاعیرێکی وەک کیومەرسی عەباسی ناسراو بە قەسری کە لەدایکبووی شاری قەسری شیرینی هاوسنوور لەگەڵ باشووری کوردستانە و لە ساڵی 1941ە چەندین بەرهەمی بە زمانی فارسی و بەرهەمێکیشی بە زمانی کوردی لەژێر ناوی (حەسەن ختام) دا هەیە و بەردەوامیش شیعرەکانی لە گۆڤار و بڵاڤۆکەکاندا بڵاو کردووەتەوە، بەرهەمە فارسییەکانی بریتین لە ( (ئایەتە زەوینییەکانی ئاواز) ) ، ( (کەناریی لە ناو قەفەسدا) ) و بژاردەی ئەدەبی هاوچەرخ ژمارە 40) ) و وەک وتم پەڕتووکی (حەسەن ختام) کە شیعر و غەزەلە کوردییەکانی لەخۆ گرتووە، دەنگدانەوەیەکی تایبەتی پەیدا کردووە و لە ڕاستیدا نموونەی غەزەلی داهێنەرانە و ڕچەشکێنن بە زمانێکی پاراوی کوردی و بە زاراوەی کەڵوڕین و بە دڵنیاییەوە لە نەست و هەست و وشیاریی شاعیرانە و کۆمەڵایەتی و زەینی کۆییدا ڕەگی داکوتاوە و دەبێت بە بنەمایەک بۆ وشیاریی نەتەوەیی و شوناسمەندانەی کورد بەڵام ئەم شوناسسازییە لەسەر بنەمای وشیارییەکی وا نەبووە کە ئێمە بەرجەستەی بکەینەوە بەڵکوو هێندە هەڵقوڵاوی شیعر و جیهانی نەست و ناوشیارە، پێداگری لە کوردبوون نییە.
بانگهێشتکردنەوەی کورد لە قووڵاییەکانی مێژوو و لە ناو زماندا نییە بەڵکوو زایەڵە و هاواری زمانی کوردییە لە جیهانێکدا کە گەلەگورگی زمان و کەلتوور و ئایدۆلۆژیاکان خوێنئاڵینیان کردووە و ئەو بە هاوار و نەوای عەشق و جوانی دەگەڕێتەوە، جوانییەک کە سەدان ساڵە کروتەنی ڕۆحی ئەدەبی یارسان و گۆرانی تەنییەوە، شیعرەکانی (هەی بڕشن هەی بڕشن، پاپا چ کەی خەرامان، به و تا دووارە ئەی دووست یارەیل جەم بکەیمن…) لە ناودارترین و درەوشاوترین غەزەلەکانن بەڵام ئەمە تەنیا لایەنی شوناسی ئەم شاعیرە کوردە نییە و لایەنی لێڵ و تاریکی شوناسی پەیوەستبوونی باوەڕمەندانەی بە دەسەڵات لە ئاستە ئەدەبییەکەیدایە، شیعر وتن بۆ ئیمام حسێن و ئامادەبوون لە بەردەم ڕێبەری دەسەڵاتی سیاسیی کۆمار لە کۆڕێکی ئەدەبیدا بێگومان ناکرێت وەک لایەنی شایستەی بەرگری لە دیدی ڕەخنەی ئەدەب و شیعرەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ یاخێگەرێتی و دژەدەسەڵاتبوون هەیە لێ بکرێت، بەڵام ئەو لایەنە زمانییەی قەسری، دەشێت لە داهاتووی مێژووی ئەدەب و شوناسی کوردیدا چەند لاپەڕەیەکی بەر بکەوێت، دەشێت ئەو بەشە لە قەسری زیندوو ڕابگرین کە زایەڵەی کوردانەی پاراستووە و بە زمانی کوردی جوانی و یاخیگەرێتی کۆمەڵایەتی و تەنانەت هەندێ جار سیاسیش وەک ئەم نموونەیە ( مەی مەی بکەیم و چیو شیخ بیشیم مەی حەرامە/ئێمەیش لەی فەنەیلێ ئاخوندییە بەڵەیمن) ) بە گوێی هەست و نەستی ئێمە دەداتەوە.
ئەو لە شیعرێکیدا دەڵیت ئەگەر مردم لە تاران مەمنێژن بەڵکوو بمبەنەوە بۆ قەسری شیرین ڕەنگە ئەمە ئەو زایەڵە ناوشیارانەیەی شاعیر بێت کە پێبەستبوونی بە زێدی باپیرانی نیشان دەدات و ڕەنگە ئەگەر بە هەند و ئەرێنی وەریبگرین شیاوتر بێت! چون زێد و نیشتمان هەر پەیوەندییەکی دوور و نیزیکیان پێکەوە هەبووە و دەبێت!
=KTML_Bold=ڕۆحی کوردانەی هەرمان و نەمر بێت=KTML_End=. [1]