ناونیشانی بابەت: سێوی مێخەکڕێژی ڤالانتاین
ئامادەکردن: #سپێدە ساڵحی#
(خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانە)
“کوورتەیەک”
بۆنەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا شادەماری یادکردنەوەی ساتێکی تایبەتن، لە ڕوخساری ڕووداوێکدا خۆیان مانیفێست دەکەن و دواتر ئەم ڕووداوە لە بەستێنی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، دەلالەت و ئاماژەی مانایی جیاواز پەیدا دەکات نموونەی ئەم بۆنە و یادکردنەوەیە ڕۆژی ڤالانتاینە. بەر لەوەی باسی ئامادەیی ئەم یادکردنەوە بیانییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بکەم و نموونەی هاوشێوەی لەم کەلتوورەدا باس بکەم باشتر وایە پێشینە و ڕەچەڵەکناسییەکی ئەم ڕووداوە بخەمە ڕوو، تاکوو هەم بەرچاوڕوونییەک بێت بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییە دەلالەتی و ماناییە لە بەستێنی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکاندا و هەمیش ڕوونبوونەوەی زیاتری هۆکاری ئامادەبوونی ئەم ڕووداوانە و پاڵنەرە سایکۆلۆژی و دەروونناسانەکانی.
=KTML_Bold=“مێژوو و بەسەرهات و فەلسەفەی ڤالانتاین”=KTML_End=
ڕۆژی ڤالانتاین یان ڕۆژی عەشق یان عاشقان، کە ڕۆژی ڤالانتاینی پیرۆز یان جەژنی ڤالانتاینیشی پێدەڵێن، هەموو ساڵێک لە 14ی مانگی فێڤرییە هاوڕێ لەگەڵ 25ی ڕێبەندان یاد دەکرێتەوە. ئەم یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنە وەکوو ڕۆژێکی جەژنی کریستیان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی یەک یان دوو شەهیدی یەکەمینی ئایینی کریستیانییەت بەناوی “قیدیس ڤالینتینا” هاتە ئاراوە و دواتر بەهۆی نەریتە جەماوەری و کۆمەڵایەتییەکانی پاش ئەو، کرا بە جەژنێکی کەلتووری، ئایینی و بازرگانیی گرینگی عاشقانە لە زۆر وڵات و هەرێمی دونیادا. چیرۆکگەلێکی جیاواز و جۆراوجۆر لەبارەی ئەمەی کە بۆچی 14ی فێڤرییە وەکوو ڕۆژی ڤالانتاین هەڵبژێردراوە هەیە. لە وڵاتانی ئیسکاندیناڤیا لە ناوەڕاستی مانگی فێڤرییە کە باڵندەکان جووت دەبن و دواتر زاوزێ دەکەن، بەم هۆیە ئەم قۆناغ و سەردەمە هەر لە کۆنەوە وەکوو سیمبول و ڕەمزی عیشق و زاوزێکردن یاد دەکرێتەوە.
ژمارەیک چیرۆک و گێرانەوەی جۆراوجۆر لە شەهیدبوونی ڤالانتاین لە 14 فێڤرییە هەن، لەوانە چیرۆکێک کە گێڕەرەوەی بەندیبوون قەشە ڤالنتاینی ڕۆمییە بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە و کریستیانیانەی کە لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی ئیمپراتۆریی ڕۆم بوون لە سەدەی سێیەمی زاینیدا. بەپێی نەریتێکی کۆن و سەرەتایی ئایینی کریستیانییەت، ڤالنتایین بینایی گەڕاندۆتەوە بۆ کچە پاسەوانە نابیناکەی خۆی لە زینداندا، ئەو چیرۆکە زۆر و زەبەندانەی دواتر کە زیادکرانە سەر ئەم ئەفسانەیە زیاتر و زۆرتر ڤالانتاین بە عیشقەوە گرێ دەدات: چیرۆکە زۆروزەبەندەکانی سەدەی هەژدەهەمی زاینی زیاتر پەلوپۆ دەدات بە بابەتەکە و دەربڕی ئەمەیە کە قەشە ڤالانتاینی پیرۆز نامەیەکی بۆ کچە پاسەوانەکەی زیندانەکەی بە واژۆی (ڤالانتاینەکەت) وەکوو دواماڵاوایی پێش لەسێدارەدان نووسیوە. گێڕانەوەیەکی دیکە دەڵێت کە قەشە ڤالانتاینی پیرۆز بۆ ئەو سەربازە کریستیانیانەی کە هاوسەرگیرییان لەلایەن کڵێسەوە قەدەغە کرابوو، ڕێوڕەسمی شایی و زەماوەندی بەڕیوە برد.
یەکەمین یادکردنەوەی ڕۆژی ڤالانتاین وەکوو عیشق دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواردەهەم لە ئینگلیز. شوێنێک کە باوەڕی باو ئەوە بوو کە 14 فێڤرییە ڕۆژی جووتبوونی پەلەوەرەکانە.
جەژنی قەشەی پیرۆز؛ ڤالانتاین لەلایەن پۆپ ژێلاسیۆسی یەکەم لە ساڵی 496ی زاینیدا داهێنرا. ژێلاسیۆسی یەکەم ئەم جەژنەی لە 14ی فێڤرییە بۆ ڕێزلێنان و یادکردنەوەی قەشەی پیرۆز؛ ڤالانتاینی ڕۆمی بەڕێوە برد. ئەم ڕۆژە لە سەدەکانی 14 و 15دا تێکەڵ بە عیشقی ڕۆمانسی بوو، واتە کاتێک چەمکگەلێکی وەکوو ئەقین و عیشقی شاسوارەکان بووژایەوە، عیشقێک کە وادیاربوو لەگەڵ (مەلی ئەوین) ی سەرەتای بەهار پەیوەندی هەبوو. لە جەژنی ڤالانتاین لە بەریتانیای سەدەی هەژدەهەم، خۆشەویستەکان بە پێشکەشکردنی گوڵ و شیرینی و ناردنی کارت پۆستاڵی پیرۆزبایی ڤالانتاین، خۆشەویستی خۆیان بۆ یەکتر دەرئەبڕی. ڕەمزەکانی ڕۆژی ڤالانتاین کە هەنووکەش بەکار دەهێنرێت بریتین لە جۆرە جیاوازەکانی شێوەی دڵ، کۆتر و شێوەی کۆپیدۆی باڵدار (خودای عیشق لە ڕۆمی کۆن) .
قەشە ڤالانتاین بە ئەگەری زۆر نێزیکەی سالێ 270ی زاینی کوژراوە. لە حاڵێکدا کە هەندێک لەسەر ئەم باوەڕەن کە ڕۆژی ڤالانتاین، ساڵوەگەڕی مەرگ یان ئەسپەردەکردنی ڤالانتاینە، دەستەیەکی دیکە وا بیر دەکەنەوە کڵێسەی کاتوولیک بە مەبەستی بەکریستیانکردنی نەریتێکی کەونینە و موشریکانە بەناوی لووپێرکالیا کە لە ڕۆمی کۆن باو بووە ئەم ڕێکەوت و بەروارەی هەڵبژاردووە. لە ساڵی 498ی زاینی، “پۆپ ژێلازیۆسی” یەکەم بەڕێوەبردنی جەژنی لووپێرکالیای قەدەغە کرد، ئەو، ڕۆژی 14ی فێڤرییەی وەکوو ڕۆژی ڤالانتاین ڕاگەیاند تاکوو لەگەڵ کردەوە موشریکانە و ئیلحادییەکان ڕووبەڕووببێتەوە. گێڕانەوەکان لەبارەی ڤالانتاین هێندە جۆراوجۆرن کە پێشینە و مێژوویەکی تەواو و ڕوون لەبەردەستدا نییە. هەنووکە کڵێسەی کاتوولیک بەم ئەنجامە گەیشتووە کە لانی کەم سێ قەشەی پیرۆز بەناوی ڤالانتاین یان ڤالینتیوس هەبوون کە هەموویان کوژراون. هەر بۆیە چەندین ئەفسانە هەوڵ دەدەن مێژووی ئەم ئایینەمان بۆ بگێڕنەوە.
بەپێی ئەفسانەیەکی بەناوبانگ لە سەدەی سێیەمی زاینی لە ڕۆمی کۆندا و لە سەردەمی حوکمڕانیی کلودیوسی دووەم. قەشەیەک بە ناوی ڤالانتاین دەژیا، کۆلۆدیوس باوەڕی وابوو پیاوانی سەڵت و ڕەبەن لە چاوەی ئەوانەی کە خێزانیان هەیە و ژیانی هاوسەرایەتییان هەیە، سەربازانێکی گیانبازتر و جەنگاوەرترن، هەر بۆیە پێکهێنانی ژیانی خێزانی بۆ پیاوانی سەڵت قەدەغە کرد. ڤالانتاین باوەڕی وابوو کە ئەم بڕیارە ناعادیلانەیە؛ هەر بۆیە بەشێوەیەکی نهێنی کچانی خۆشەویستی سەربازە ڕۆمییەکانی لە ئەویندارانیان مارە کرد. کاتێک کە کۆلۆدیووس بەم کارەی ڤالانتاینی زانی بڕیاری کوشتنیدا. ئەفسانەیەکی دیکە دەیگێڕێتەوە کە ڕەنگە قەشە ڤالانتاین بە بۆنەی ڕزگارکردن و دەربازکردنی کریستیانیەکان لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆمییەکانەوە کوژرابێت. بەپێی ئەفسانەیەکی دیکە، قەشە ڤالانتاین خۆی عاشقی کچێکی پاسەوانی خۆی بووە لە زینداندا و یەکەمین کارتی ڤالانتاینی خۆی پێش مەرگی بۆ ئەو کچە ناوردووە و لەسەری نووسرابوو (لەلایەن ڤالانتاینەکەت) .
ئەوەی کە ئێمە دەتوانین لەم پێشینە و سەربوردەیە هەڵیهێنجین ئەمەیە کە ئەم بۆنەیە یان ئەم یادکردنەوەیە لە کۆنتێکستێکی ئایینییەوە هەڵقولاوە، کە هەڵگری ڕەهەندی کۆنی مێژووییشە کە وەکوو نەریتێکی موشریکانەی ڕۆمی ناو دەبرێت، بەڵام باسەکە تەنیا ئەمە نییه، ئەوەی کە لە کاتی ئێستادا دەبێت بە دەلالەتی سەرەکیی ئەم ڕۆژە جۆرە ڕێزلێنانێکە لە خۆشەویستی! واتە ئەگەر وێنەکە تۆزێک ڕوونتر ببینین، دەبێت بەمەی کە ئەم ڕۆژە ڕەمزێکی میتاوفۆریک و خوازەییە کە لە شکاندنی تابۆکانەوە دەست پێ دەکات لەلایەن ڤالانتاینەوه، ئیتر بەپێی هەر کام لەو سێ ئەفسانەیە بێت کە هەم کەسەکە قەشەیەکی ئایینی بووە و هەمیش ئەگەری هەڵگرتنی توخمێکی موشریکانەی لە دونیایی ڕۆمی کۆندا تێدایە! کە لە خزمەت خۆشەویستیدا بەکار هاتووە، بۆیە دەبێت بەم ئەنجامە بگەین ئاوا ڕەمزێک کە لە کرۆکی خۆیدا جۆرە شاردنەوەیەک بووە لە ناو دڵی سیستەم و دۆخێکی زاڵدا کە بە گوناە و تابۆ و بڤەیان زانیوە ئێستا بووە بە نەریتێکی جیهانی سەردەم و بەڕاشکاوی یادی دەکرێتەوە، بەڵام ئایا ئەمە هەموو گۆشە و پاڵەکانی ڕووداوەکەیە کە دەیبینین؟ شتێک کە ڕوون و حاشاهەڵنەگرە مانای خۆشەویستی لە دوو جیهانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتدا هاتووتە ناو پاراهەمیشە و چەشنسازییەکی نادرووست و ناڕەسەن. ئێستە ڕۆژی ڤالانتاین لە زۆربەی وڵاتانی دونیا لەوانە وڵاتانی ئەورووپی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تەنانەت لە وڵاتانی وەکوو ئێران، تورکیە، عەرەبستان، مالیزی، چین، ئازەربایجان (باکوو) و میسر، بەرازیل و…بەشێوەی جۆراوجۆر یاد دەکرێتەوە. جیاواز لەوەی کە لە هەرکام لەم وڵاتانەدا جۆرە ڕێگری و لەمپەڕێکی یاسایی بۆ ئەم ڕۆژ و یادکردنەوەیە هەیە، بەڵام پەیامی ڤالانتاین و ڕۆژی خۆشەویستی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا زەبەلاحەکانەوە بە گوێی زۆربەی دونیا دەگات، ئەمە جیا لەوەی دەرخەری هێز و هەژموونی سیستەمی پڕوپاگەندەی ڕۆژاوایە دەرخەری ئەوەشە جیهان حەزی لە ڕۆژێکی وا هەیە و پێویستی بە و ڕۆژە هەیە، بەڵام ئایا بەڕاستی ڕۆژی خۆشەویستی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی چ ماهییەت و دۆخێک و دەلالەتێکیان هەیە؟ ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لە کوێی ڤالانتایندا یەک دەگرنەوە؟
ئەگەر ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی جیهانییە و ڕەهەندەکەی یونێڤێرساڵە ئایا ئێستە ئێمە گەیشتووین بە و قۆناغە لە گەشەی شارستانییەتدا کە کوڕێکی پەنابەری ڕۆژهەڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان بتوانێت دیارییەکی ڕۆژی ڤالانتاین بدات بە کچێکی چاو شینی فەرەنسی و لە عیشقەکەیدا ناکام نەبێت؟ ئایا کچێکی ئەمریکی گەیشتووە بە و ئاستە لە گەشە و ڕۆحی ئەم ڕۆژە کە دیارییەکی ڤالانتاینی بدات بە کوڕە کوردێکی پەنابەری زاخۆیی؟ ئایا ژن وەکوو لایەنی جەوهەریی ئەم ڕۆژە پێگە ڕۆمانسی و بەرزەجێکەی پارێزراوە لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات؟ ئایا خۆشەویستی هیچ مانایەکی ڕاستەقینەی ماوە بە دەلالەتە ئەفلاتوونییەکەی؟ ئەگەر ئەم جۆرە ڕۆژانە ئاوەها جیهانگر و گشتگیرن ئەی ئەم هەموو ناکامی و تووڕەیی و شەڕ و بازرگانی و بەکاڵاکردنی ژن و خەیانەت و…چییە؟ ئایا عیشق دەبێت دیسان پێناسە بکرێتەوە؟… تێڕامانێکی کوورت لەسەر ئەم پرسیارانە دەرخەری ئەوەن کە جیهان ئەم شوێنە ئایدیالە نییە کە ئەم ڕۆژە بتوانێت تەعبیر لە واقعییەتی خۆی بکات و زیاتر یادکردنەوەیەکی نۆستالۆژیکە واتە دەگەین بەم ئەنجامە کە بۆنە ڕەمزییەکان زیاتر حەسرەت و ئۆفکێشانێکن بۆ دونیایەک کە لە کیس چووە و لە ئێستەدا نییە، ئایا ئەم ڕۆژە جۆە غەمگینییەکی لەخۆیدا نەشاردۆتەوە، بۆ سەرچەشن و مانایەکی بەرزی بە ناوی خۆشەویستی کە ئێستە لە کیس چووە و ئێمە لە ڕێوڕەسمێکی سەیر وسەمەرەدا و بە کۆمەڵێک دیاریی جیهانی سەرمایەداری خەریکی شینگێڕێیەکی پۆست مۆدێڕن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانداین؟ ڕۆژی ڤالانتاین ئەوەندەی کە دەنگی غەمگینە بۆ ونبوونی خۆشەویستی و لێڵبوونی جەستە و سۆز و ڕۆحی ژن و پیاو، ئەوەندە زایەڵەی دەربڕینی عیشقێکی ئازاد و ناکۆتا و ئەفلاتوونی نین، ڕەنگە ئەمە قەدەر و جەبر و دەبێتێکی جیهانیی ئێمە بێت کە کۆمەڵێک بەها بەسەرماندا زاڵ بوون کە فەلسەفەی ئەفلاتوونیش دەرەقەتی ڕاستکردنەوەی و ڕوونکردنەوەی نییە.
ڕۆژی ڤالانتاین بەهۆی بەکارهێنەرێ و بەرخۆریی زۆر بە (جەژنێکی سەرمایەدارانە) ش لێک دراوەتەوە و وەکوو هۆکاریک بۆ دەرهێنانی پووڵ و پارە پێناسە کراوە. تێچووی دیارییەکانی ڕۆژی ڤالانتاین لە ساڵی 2019ی زاینی لە ئەمریکادا نێزیکەی 20 ملیار دۆلار بوو. لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا ڤالانتاین زیاتر ڕەمزێکە بۆ بەرخۆرێتی و ئەشرافییەت. ئەگەرچی لە هەندێ وڵاتدا جۆرە بۆنە و ڕۆژێکی ڕەمزی لە کەلتووری نەتەوەییدا زەق کراوەتەوە و دەلالەتەکانی وەکوو ڕۆژی ڤالانتاینە بە گشتی بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ڕۆژی ڤالانتاینە کە وەکوو ناوێک و ڕەمزێک لەو یادکردنەوە و مانایە لە ڕێگەی میدیا و دەزگا زەبەلاحەکانی وەکوو هۆلیڤوودەوە لە بەشێک لە یادەوەری خەڵکی دونیادا چەسپیوە. لە وڵاتی چین ڕۆژیکی هاوتای ڤالانتاین هەیە کە لەژێر ناوی (شەوی حەوتەمەکان) دەناسرێت. لە ئێرانی کۆنیش شتێک بە ناوی سێپەندارمەزگان هەبووە. لە ژاپۆنیش لەژێر ناوی شەوانی حەوتەم نێزیک لەوەی چین یاد دەکرێتەوە و هەروەها لە وڵاتی ئازەربایخان لەژێر ناوی “سونای گەنجە سی” و لە ئیسرائیلیش بە “ئیسرائیل توباو” ناو دەبرێت و لە کەلتووری کوردیشدا سێوی مێخەکڕێژ دەلالەتی تایبەتی خۆی بۆ ئەم بابەتە هەیە.
=KTML_Bold=“سێوی مێخەکڕێژ و کەلتووری خۆشەویستی”=KTML_End=
بۆ دیاریکردنی دەلالەتی هەر چەمک و میتافۆڕ و دەستەواژەیەک، بێگومان زەمینە و پێکهاتی کەلتووری دیاریکەری سەرەکین، یانی ئێمە دەشێت بۆ نموونە لە وڵاتێکدا بەرگری لە ئازادی بکەین کە ئەم چەمک و مانایە هێشتا لە دایک نەبووە و خەریکین شەڕی بۆ دەکەین و دەشێتیش لە وڵاتێکی وەکوو فەرەنسەدا هەر بەرگری لە ئازادی بکەین، بەڵام ئەوەی دووەمیان قۆناغ و پلەی دیکەیە لە ئازادی و ئاسۆ و چاوەڕوانییەکان، مێژوو و کەلتوور و سیستەم و فەلسەفەی ئەم دوو وڵاتە دیاری دەکەن. لەبارەی سێوی مێخەکڕێژەوە ئەگەرچی لێکۆڵینەوەیەکی وردی مێژوویی بەردەست نییە و حیکایەت و ئەفسانەیەکی پتە و و یەکانگیریش بەردەست نییە بەڵام لە هەندی گۆرانی فۆلکلۆردا هاتووە و لەسەر زاری خەڵک و ئەدەبی زارەکیشدا گێڕانەوەی جۆراوجۆرەی لەسەرە بەڵام تێکڕای ئەو دەلالەتانە کە لە گێڕانەوەکان بەدەست دێن سێوی مێخەکڕێژ هێمایە بۆ خۆشەویستی و ئاشتی.
سێو بە بێ مێخەک بۆ سەوقات نابێ
بە ماچێ دووان قیامەت نابێ
هەم سێو و هەم مێخەک لە ڕووی نیشانەناسییەوە ڕەمزی دونیای ژنانەن و بۆ پەیوەندییەکی خۆشەویستی و ئاشتییانە لەگەڵ پیاودا دانراون، پاش ئەوەی کە سێوەکە بە مێخەک ڕێژرا، بیست بۆ سی ڕۆژ دەبێ بوەستی تا هیشک دەبێتەوە، سێوی مێخەکڕێژ بەپێی ئەو سێوانەی بەردەست کەوتوون و ئەو گێڕانەوانەی هەنە نێزیکەی سەد ساڵ زیاتر تەمەن دەکات و خراپ نابێت و و ئێستە وەکوو ڕەمزێکی کەلتووریی کۆنی کورد وردەوردە خەریکە بناسرێت و وەکوو برەندێکیش لەلایەن وەزارەتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دراوە بە کۆمپانیای “vinsev” و لەلایەن دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو ڕەمز و سیموبول و دیاریی کوردی ناسراوە.
1-ئەم سێوە لەلایەن خۆشەویستەوە کە مێیە دەدرێتە دڵدارەکەی کە پیاوە و دەلالەت لە خۆشەویستی دەکات.
2-هەروەها لەلایەن دایکیشەوە وەکوو سۆز و خۆشەویستی دایکانە دەردرێت بە کوڕ.
هیچ گومانێک لە بەرزی و ماناداریی ئەم ڕەمزە مەزنەی کورد نییە. لێرە باسی هەرە گرینگ ئەوەیە ئەگەر سێوی مێخەکڕێژ هێمایەک و ڕەمزێکی کۆنی ژنانە بێت لە جیهانی کوردیدا، بۆ درووستکردنی و خستنەڕووی ئاشتی و خۆشەویستی لەناو کۆمەڵگەدا، خۆیان چەندە ئەم ئاشتی و خۆشەویستییەیان بەرکەوتووە؟ ئایا خۆشەویستی بە بێ ئازادیی هەڵبژاردن مانایەکی هەیە؟ فەلسەفە و تێڕوانینی ژنی کورد لە قەوارەی ئەم سێوەدا کاری کردووتە سەر کۆمەڵگە؟ ئایا قەتڵە نامووسییەکان لە سەردەشتەوە تا سلێمانی و هەولێر کەمیان کردووە؟ ئایا هاوسەرگیریی زۆرەملی کۆتایی پێ هاتووە؟ ئایا کچ یان ژنێک کە بە دڵی خۆی پۆشاکی لەبەر کردووە لە تانە و تەشەری و تەعەلیق و گێچەڵی سیکسی ئەمنییەتی پەیدا کردووە؟ من پێم وایە تاکوو وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاسۆیەکی گەش و ڕوونمان بە دیاری بۆ نەهێنن چ ڤالانتاین و چ سێوی مێخەکڕێژ و هەر بۆنەیەکی دیکە لە چین بێت یان ئەمریکا جگە لە بۆنەیەکی سەرقاڵکەری بێناوەرۆک کە دەکەوێتە خزمەت بازاڕی سەرمایە و هاوکات کایەی میدیایی و خۆراکی کایەکەیان هیچی دیکە نییە، ئەو سێوە دەبێت بە دڵی ئەو ژن و کچانەی کە بە بزماری مێخەک دڵی خۆیان کونکون دەکەن بەڵام ئەوین و سۆز و خۆشەویستی و زامەکانیان دەشارنەوە.
سێوی مێخەکڕێژ دەشێت چ ماناگەلێکی ڕەمزی و نهێنیی دیکەی هەبێت کە نەماندرکاندوون و مێخەکپۆشمان کردوون؟. [1]