ناونیشان: شۆکێکی بێ وێنە لە مێژووی پیشەسازیی نەوتدا
نووسەر:مەحموود بابان
ڕۆژی دەرچوون: 09-04-2020
جیهانی نەوت چەندین شۆکی جیاوازی بینیوە لە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام هەرگیز لە مێژوودا ڕووبەڕووی شۆکی لەم شێوەیە نەبووە کە ئەمڕۆ دەیبینین، ئەمە وێناکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەیە بۆ ئەو دۆخەی کە بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەسەر بازاڕەکانی نەوتدا هاتووە. لە مێژووی پێشەسازی نەوتدا شۆکی وەک ئەوەی ئەم جارە نەبینراوە. ڤایرۆسی کۆرۆنا کاری زۆربەی کەرتە بەکارهێنەرەکانی نەوتی کەمکردووەتەوە یان ڕاگرتووە، لەوانەش کەرتی گواستنەوە، ئەمە وایکردووە خواستی نەوت بە جۆرێک کەم ببێتەوە کە تەنانەت بە کەمکردنەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانیش ڕێکنەخرێتەوە.
5 ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە بە کەمتر لە خەرجییەکەی دەفرۆشرێن
لە 40 ساڵی ڕابردوودا پیشەسازی نەوت 19 شۆکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەکی گشتی بەدرێژایی مێژوو، شۆکی پیشەسازی نەوت لە بەشی هەناردەکردن و بەرهەمهێنان بووە نەک لە خواستدا، چونکە زۆربەی قەیرانەکان پەیوەستبوون بە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتەوە، لەوانەش ئابڵۆقەی وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبوو لە 1973، شۆڕشی گەلانی ئێران لە 1979، داگیرکردنی کوێت لەلایەن ئێراقەوە لە 1990 و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک لە 2017.
شۆکی ئەمجارەی پیشەسازی نەوت دوو لایەنی سەرەکی هەیە کە جیاواز و پێشبینینەکراوە، یەکێک لەو لایەنانە کەمبوونەوەی بەرچاوی خواستە، کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پیشبینیکردووە لەنێوان 12 بۆ 20 ملیۆن بەرمیل نەوتبێ لە ڕۆژێکدا. لایەنی دووەمیان زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاوە لەلایەن سعودیە و ڕووسیاوە، کە دوو بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوتن.
ئێستا ڕۆژانە لە ئاستی جیهاندا نزیکەی 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو بە کەمتر لە بەهای تێچووی بەرهەمهێنانەکەی دەفرۆشرێت کە پێی بەرهەمهاتووە. واتە ئەم کۆمپانیانە لە بەرهەمهێنانی نەوت زیانیان بەردەکەوێت، لە کاتێکدا هۆکاری بەردەوامبوونی ئەم کۆمپانیایانە لە بەرهەمهێنان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕاگرتن و داخستنی بیرەکانی بەرهەمهێنانی نەوت زیانی زۆرتر و درێژخایەنتری دەبێ لەوەی بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوامبن، چونکە داخستن و سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی بیرەکان زیانێکی زۆر بە بیرە نەوتییەکان و سامانی نەوتیی کۆمپانیاکان دەگەیێنێت.
ئەگەری خوار 10 دۆلار
لایەنێکی دیکەی شۆکی ئەمجارەی پیشەسازیی نەوت ئەوەیە کە بەهۆی کەمبوونەوەی خواست و زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت، کۆگای وڵاتان و کۆمپانیاکانی هاوردەکاری نەوت لەسەر ئاستی جیهان پڕبوونە. پڕبوونی کۆگاکان و بەرهەمهێنانی زیاد لە خواست، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت والێدەکات بیر لە ستراتیژی کارکردن و خەرجییەکانیان بکەنەوە، چونکە چیدی دەرەقەتی ئەو نرخەی ئێستای نەوت نایێن کە لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت، لەکاتێکدا ترسی ئەوەش هەیە نرخی نەوتی هەندێک ناوچە بۆ خوار 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزێت.
یەکێکی دیکە لە دەرکەوتەکانی ئەم شۆکەی ئێستا بڕیاری کۆمپانیاکانی نەوتە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و وەبەرهێنان لە 2020. زۆربەی کۆمپانیاکانی نەوت بە ڕێژەی 20% بۆ 35% خەرجییەکانی 2020ی خۆیان کەمکردووەتەوە. گەورەترین کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە ئاستی کۆمپانیا نیشتمانییەکان لەلایەن کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییەوە بوو، بە بڕی 10 ملیار دۆلار، لە ئاستی کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی تایبەتیش کۆمپانیای شیڵ بە بڕی 5 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەم دێت بە 5 ملیار دۆلار.
ساڵانی ڕابردوو وەبەرهێنان لە کەرتی پاڵاوتنی نەوتی خاو و درووستکردنی پاڵاوگەی نەوت بەردەوام ڕووی لە زیادبوون بوو، بەشێوەیەک تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژیکدا بۆ ئەم کەرتە زیادیکردووە. ئەگەر دۆخەکە ئاساییبووایە ئەوە شکانی نرخەکانی نەوت هەواڵێکی ناخۆش نەدەبوو بۆ پاڵاوگەکان، بەڵام ئێستا نەوتی پاڵێوراو لە کۆگاکان دەمێنێتەوە و کۆگاکانی لێ پڕدەکرێت، لە ڕەوشێکی ئاوادا پاڵاوگەکانیش هەست بە شۆکی بازاڕەکانی نەوت دەکەن
بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ئەگەر بازاڕ بەوشێوەیەی ئێستای بەردەوامبێت، ئەوە هەڕەشە لەسەر ئابووری وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت درووستدەکات، بە جۆرێک دەشێت داهاتی کۆتاییدان لە 2020 بە ڕێژەی 50% بۆ 85% کەمبکات، ئەمەش ئەگەر بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوامبێت وادەکات وڵاتێکی وەک ئێراق و نایجیریا نەتوانن لە پێدانی مووچەی مانگانە و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان وەک پەروەردە و چاودێری تەندرووستی.
دابەزینی نرخەکانی نەوت کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گازی سرووشتیش درووستدەکات، چونکە بەگشتی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە پشت کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و هەناردەکردنی گازی سرووشتین. لە زۆربەی گریبەستە نەوتییەکاندا گرێبەستی گازی سرووشتیشی لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش وادەکات تاڕادەیەک پارێزراوبن، بەڵام ئەگەر ئەم ڕەوشەی ئێستا بۆ ماوەی 6 بۆ 9 مانگ بەردەوامبێت و نرخەکانی نەوت لە نزیک 25 دۆلار یاری بکەن، ئەوە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی گاز تووشی دۆخێک دەکات کە نەتوانن خەرجییەکانیان دابین بکەن.
کەمبوونەوەی خواستی سەر گاز وەک کەمبوونەوەی خواستی نەوت بەخێرایی دەرناکەوێت، لەبەرئەوەی گاز پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە کەرتی گواستنەوەوە نییە. ڕێژەیەکی زۆری گازی سرووشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بەکارهێنانی لە کارگەکاندا بووە، ئەوەش تا ئێستا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەکەوتووەتە سەر.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ
بڕیارە ئەمڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە 9ی نیسانی 2020 کاژێر 16:00 بەکاتی ڤێیەننا وڵاتانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی (کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراون) لە ڕێگەی ڤیدیۆ-کۆنفرانس کۆببنەوە، بۆ ئەوەی تاوتوێی کەمکردنەوەیەکی مێژوویی بەرهەمهێنانی نەوت بکەن. بەڵام کەمکردنەوەکە هەر چۆنێک بێت نابێتە دەرچەیەک بۆ دەرچوون لە شۆکێکی لەم شێوەیەی کە ئێستا بەرۆکی پیشەسازی و بازاڕەکانی نەوتی گرتووە و لەگەڵ هیچ شۆکێکی دیکەی مێژووی پیشەسازیی نەوتدا بەراورد ناکرێت. [1]