ناونیشانی بابەت: کاریگەریی ڕیکلامی بازرگانی لەسەر ساخکردنەوەی بەرهەم و خزمەتگوزاری
ئامادەکردن: #وەهاب حەسیب محەمەد#
“دەستپێک”
ڕیکلام یاخود جاڕدان یەکێکە لە زانست و هونەرەکانی سەردەم، بە خاتری باڵادەستی کڵاو شمەک بە سەر بەکاربەردا هیچ بازرگان، جوتیار، خاوەن بڕیار و بەرژەوەندییەک ناتوانێت دەستبەرداری بێت، چونکە دەستە و وەستان دادەمێنن لەنێوان کۆمەڵێک خەسڵەتی بەرهەم و خزمەتگوزارێکاندا وەک کوالێتی “جۆر” نرخ و پێداویستی، لێرەوە ڕیکلام دێت کایەکە یەکاڵا دەکاتەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا ڕیکلام بایەخی فرە چەشن و هەمە لایەنە، چۆن؟ چونکە ڕۆڵی ناوەندگیری لەنێوان بەکاربەر و بەرهەمهێندا دەبینێت. تەکنەلۆژیایش بە خشپەیی خۆیی خزاندۆتە ناو بابەتەکەوە و گشت هۆکارەکانی بەکاردەهێنێت بۆ بڕوا پێ کردن و بەکارهێنانی بەرهەم و خزمەتگوزارییەک لەلایەن بەکاربەرانەوە. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین جاردان هونەرێکە خەڵکی فریوودەدات و باوەڕێکیان لا درووست دەکات پێداگری بکەن لەسەر بەکارهێنانی بەرهەم و خزمەتگوزاریەکی دیاریکراو، ئەم چەند دێرە شیکار ئەو بۆچونانە دەکات.
=KTML_Bold=“چەمکی ڕیکلام”=KTML_End=
جاڕدان، زانست، هونەر و بەڕێوەبردنە، هاوکات هۆکارێکی گرنگە بۆ کارکردنە سەر تاک و ڕای گشتی لەبەرانبەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکی دیاریکراودا، یان بە مەبەستی ڕوو وەرگێڕانی کڕیار و بەکابەرە لەبەرانبەر بەرهەم و خزمەتگوزاریەکی دیاریکراودا یاخود چۆنێتی ڕادەستکردنی ئەو بەرهەمە و دابینکردنی خزمەتگوزارێکە. ڕیکلام بنەما و ڕێسا گەلێکە پسپۆڕی بوارەکە لێی تێ دەگات و لەو ڕێگایەوە هەوڵدەدات ئامانجەکەی بە دیبهێنێت کە زیاتر لە قازانجدا گەڵاڵە دەبێت. هاوکات ڕیکلام هونەرە، پێویستی بە لێهاتوویی و توانای هونەرییە و پشت ئەستوورە بە داهێنان، جاردان ئامرازێکی گرنگە بۆ گەیاندنی تایبەتمەندی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکی دیاریکراو بۆ بەکارهێنەرانی، هەروەها لە ئێستادا هۆکارێکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەگەلێک کە دیارترینیان قازانجە.
=KTML_Bold=“پێناسەی ڕیکلام”=KTML_End=
جۆرێکە لە جۆرەکانی پەیوەندیکردن لەنێوان دوو لایەندا؛ کڕیار و فرۆشیار، فرۆشیار بە نیازە لە ڕێگای گشت هۆکارەکانی پەیوەندیکردنەوە کاریگەریی لەسەر ڕەفتاری کڕیار دابنێت.
ئامرازێکی بازاڕسازی و برەو پێدانە، کۆمپانیایەک بە مەبەستی برەوپێدانی بەرهەم و خزمەتگوزاریەکی دیاریکراو بەکاری دەهێنێت، یان بۆ برەوپێدانی خودی کۆمپانیاکە بەکاردەهێنرێت، مەبەست لەمکارە باوەڕهێنانی بەکاربەر بۆ گردوکۆی بەرهەم و خزمەتگوزارێکانی، هاوکات باوەڕ بەکڕیار بهێنرێت لە ناو کۆمپانیاکانی تردا ئەم باشترین هەڵبژاردەیەتی.
ڕیکلامی بازرگانی: - جۆرێکە لە جاڕدان خواستێک یان پێداویستییەک درووستدەکات، کاتێک بەکاربەر ئارەزووی بەکارهێنانیانی هەبێت، لە ڕێگای ڕیکلامەوە ئەو ئاریشەیە چارەسەردەکرێت، وەک شوێنی خواردنێ”چێشتخانەیەک بە نموونە”، یان بۆ کوێ بڕۆین و چی بکڕێن، ڕیکلامی کارا هەوڵی درووستکردنی ئارەزوویەک دەدات لەگەڵ چارەسەرکردنە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش.
“مێژووی ڕیکلام”
ڕیکلام بەشێکە لە چالاکی ئابووری لە بوارەکانی پیشە سازی، بازرگانی و خزمەتگوزاریدا، بەهەمانشێوە دامەزراوە و ڕێکخراوە قازانج ویستەکان و خیرخوازەکان بەدەرنین لە ڕیکلام بێ ناونیشان و نەناسراون، گشت ئەو هەوڵ و کۆششانەی لەو بوارەدا خەرجدەکرێت بە مەبەستی گەیاندنی پەیام و کارەکانی ڕێکخراوەکەیە بە دەوروبەر و دنیا. دەکرێت جاردان و بانگهێشتکردن لە شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکاندا یەکەم هەنگاوی ئەم بوارە دابنرێت. میسرێکان گەڵای بەردی” ڕوەکێکی ئاوییە بە هێز و بەرزە درێژیەکەی 4تا5 میترە” یان بەکارهێناوە و بە دیواریان لکاندووە، هەروەها بۆ گەڕان بە شوێن بێ سەرو شوێناندا هەمان گەڵا لە یۆنان و ڕۆمادا بەکارهێنراوە، کنە و پشکنینەکان کە بۆ چوارهەزارساڵ بەر لە زاین دەگەڕێتەوە شایەدحاڵی ئەو ڕاستییەن. لە چینی کۆندا جاڕدان سەرەتا زارەکی بووە، لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا کاتێک زۆرینەی خەڵک نەخوێندەواربوون، لە بری نووسین شێوەی کارەکانیان لەسەر پارچە پەرۆیەک دەنەخشاند و بە شوێن کارەکانیانەوە هەڵیاندەواسی. وەگ کڵاو، پێڵاو و تەور و …هتد. لەتەک شۆڕشی پیشەسازیدا ڕیکلام بوو بە هێزێکی سەرەکی لە ئابووری سەرمایەداریدا. ڕاپۆرتێکی data.ai سەکۆیەکی جیهانییە بۆ شیکاری داتا و بازاڕی مۆبایل، ئامارێکی بڵاوکردۆتەوە کە ساڵی 2022 تەنیا لە ڕیکلامی مۆبایلدا سێ سەد و شەست و دوو ملیار دۆلار خورجکراوە، هەمان پێگە چاوەڕواندەکات ساڵی 2023 سێ سەد و سی و شەش ملیار دۆلار لەو بوارەدا خەرجبکرێت.
=KTML_Bold=“گرنگی ڕیکلامی بازرگانی”=KTML_End=
بە درێژایی ڕۆژگار گرنگی جاڕدان لە ئامانجێکدا کۆبووەتەوە کە باوەڕهێنانە بە کڕیار تا ڕوو لە بە کارهێنانی بەرهەم خزمەتگوزاریەکی دیاریکراو بکات، هاوکات هۆکارێک بووە کڕیار چاو نەبڕێتە تەنیا بەرهەم و خزمەتگوزارییەک، بەڵام لەتەک پێشکەوتنی ژیان و تەکنەلۆژیدا گرنگی ڕیکلامیش گۆڕانی بە سەردا هاتووە، ڕیکلام لە ئێستادا تەنیا بانگەشەی سەر دوکان، گۆگا و شوینە جیاوازەکانی کرین و فرۆشتن نییە، تەنانەت بواری ڕۆژنامە و گۆڤار، ڕادوێ و تەلەڤزیۆنیشی تێپەڕاندووە، لە ئێستادا ڕیکلام کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی هەیە، حەز و خواستیان دیاریدەکات، بە هۆکارێکی پەیوەندیش دێتە ئەژمار لەنێوان خەڵک دامەزراوە و ڕێکخراوەکاندا، چونکە لە ڕێگای ڕیکلامەوە بیرۆکە، واتا و زانیاری دەگەیەنرێت بە خەڵک بە تایبەت ئەگەر بابەتەکە پەیوەست بێت بازاڕساییەوە.
=KTML_Bold=“دەتوانین گرنگی ڕیکلام لەم چەند خاڵەدا دیاری بکەین”=KTML_End=
ڕیکلامی بازرگانی بوار بۆ بەکاربەی بە ئامانجکراو دەرەخسێنێت “ئەو کەس و لایانەنانەی ئامانجی ڕێکخراوەکەن وەک کڕیارو بەکاربەر”، کاتێک ڕێکخراوەکە بەرهەم و خزمەتگوزارێکانی لە بازاڕدا دەخاتە ڕوو لە توانایاندایە ئاریشەکانی بەکاربەر چارەسەربکات، کەواتە ڕیکلام هۆکارێکە بۆ بڵاوکردنەوە و گۆکردنی ئەوپەیامە بەخێرایی و لە ئاستێکی بەربڵاودا.
لە ڕێگای ڕادیوێ و تەلەڤزیۆنەوە دەتوانیت دەنگ و ڕەنگت بگەیەنیت بە خەڵک و بە ئاگایان بهێنیتەوە دەربارەی بەرهەم و خزمەتگوزارێکانت، هاوکات شێوازی بە دەستهێنانیان لەلایەن کڕیاران و بەکاربەرانەوە.
نیشانەی بازرگانی:- تێڕوانینی باش بۆ نیشانەی بازرگانی کاریگەریی لەسەر کڕیار دەبێت بە تایبەت ئەگەر فرۆشی ڕێکخراوە ڕوو لە کزی و داکشان بێت، ئەو تێڕوانینە دەتوانێت ئەو کەلێنە پڕبکاتەوە، ئەوکارەش بە پاتکردنەوەی جاردان دەبێت و ئەگەری هەیە دەنگ و ڕەنگت لای کڕیارانی چاوەڕوانکرا دەربکەوێت، بۆ نموونە شایەد فرۆشیاری جۆرێک لە کڕاس بێت لە ناوچە گەشتیارێکاندا دەکرێت لە ڕێگای ڕیکلامی ڕادیوێ یان تەلەڤزیۆنەوە جیاکاری بکەیت بۆ بەرهەمەکەت.
جیاکاری:- تایبەت بە بەرهەم و خزمەتگوزاری لە توانای ڕیکلامی بازرگانیدایە شێوازێکی گونجاو بخاتە ڕوو بۆ جیاکاری لەگەڵ ڕکابەرەکان و، پیشاندانی مەودای باڵادەستی بەرهەم و خزمەتگوزارێکان دیاری بکات. بۆ نموونە ئوتومبیلی ئەڵمانی بەراورد بە سەیارەی یابانی، خزمەتگوزارێکانی ئاسیاسێل بەراورد بە کۆڕەک و ئەوانیتر.
ئامانج:- مەرج نییە ڕیکلامی بازرگانی گەڕان بێت بە دوای کریاڕانێک کە ملێۆنان دولار خەرج بکەن، تەلەڤزیۆن و ڕادیوێ زانیاری ڕادەستی ئەو خەڵکانە دەکەن کە پێکهاتەی کڕیارانی ڕێکخراوەکەن. لەم بارودۆخەدا دابەشکردنی بازار لە بەرژەوەندی ڕێکخراوەکەیە، لە تواندایە شوێنێکی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەم و خزمەتگوزارێکانی. بۆ نموونە درووستکردنی بابەتی ئارایشت بۆ خانمانی سەروو سی ساڵی.
دیاریکردنی ناوچەی دانیشتوان: بارودۆخی بازرگانی لە ڕیکلامی بازرگانیدا لە بەرچاو دەگیرێت کاتێک کۆمپانیاکە مەبەستێتی بگات بە خەڵکانێکی دیاریکراو، دەشێت ئەم کەسانە جیاوازبن بە گوێرەی ڕەگەز، تەمەن، سامان، ئاستی خوێندەواروی و …هتد. بە نموونە درووستکردنی پۆشاک بۆ گەنجان “ئەو کوڕ و کیژانەی تەمەنیان لەنێوان سیازدە بۆ نۆزدە سال” دایە.
=KTML_Bold=“پەیوەندی ڕیکلامی بازرگانی لەگەڵ زانستەکانی تردا”=KTML_End=
لە ئێستادا ڕیکلام تەنیا بانگشەو پیا هەڵدان نییە بە باڵای بەرهەم و خزمەتگوزارییەکدا، بەڵکوو لەپێناو گەیاندنی پەیامەکەیدا دەست و پەنجەی لەگەڵ کۆمەڵێک زانستی دیکەدا نەرم کردووە و لە ڕێگایانەوە دەروونی مرۆڤەکان و کۆمەڵگە و باری داریی خەڵک هەڵدەسەنگێنێت و شیکاریان دەکات، بۆ نموونە زانستەکانی ئابووری، کۆمەڵناسی و دەروونناسی.
زانستی ئابووری لە کێشە ئابوورێکان و چارەسەریان دەکۆڵێتەوە لەم خاڵەوە ڕیکلامی بازرگانی ئاوێتەی زانستی ناوبراو دەبێت بە ناساندن و گرنگی بەرهەم و خزمەتگوزاریەکان بۆ بەکاربەر، هەروەها بایەخدان بەو هۆکارانەی کە خواست لەسەر ئەو بەرهەم و خزمەتگوزاریانە درووست دەکەن. کەواتە پێویستە ئەو بارودۆخە شیبکرێتەوە کە خواست لەسەر بەرهەمێکی دیاریکراو درووستدەکات، بۆ نموونە چەندین جۆر سابوون لە بازاڕدا خراونەتەڕوو هەریەکێکیان خاوەن پێکهاتەو تایبەتمەندی جیاوازە، ڕیکلام بەراورد بەوانیتر، بۆ تایبەتمەندی و جیاکاری جۆرێکیان جاڕ دەدات هەمان بۆچۆنیش بە سەر ئوتومبێل، تەلەڤزیۆن و ڕادیۆدا دەچەسپێت. چونکە لە زانستی ئابووریدا خواست بە تەنیا واتای کڕین تەواو ناکات ئەگەر توانای کڕینی لەپاڵدا نەبێت.
زانستی کۆمەڵناسی لە خووخەسڵەتی کۆمەڵگە دەکۆڵێتەوە، سەرباری پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ڕامیاریەکەی، کۆمەڵگەی ئەمڕۆ کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە، هەر چین و توێژێک لە مەر خزمەتگوزاری بەرهەمەکان تێڕوانینی جیاوازە، لێرەوە ڕیکلام ڕەهەندە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و چین و توێژەکانی لە بەرچاو دەگرێت و کاریان لەسەر دەکات، بۆ نموونە چینی خانەدان و دەوڵەمەندەکانی کۆمەڵگە بە دوای کاڵا و شمەکێکدا وێڵن کە ئەوان جیابکاتەوە لە خەڵکە هەژار و کەم دەرامەت، لێرەوە ڕیکلام خواستی بەرهەمی گرانبەها وکوالێتی بەرزیان لا درووستدەکات و جاڕی بۆ دەدات.
زانستی دەروونناسی لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان دەکۆڵێتەوە، دەروونی کەسەکان و ئەوانیتر بەراورد دەکات، هاوکات لە هۆکارەکانی غەریزە، پاڵنان و هاندان وکاریگەریان لەسەر ڕەفتارو دەرئەنجامەکانی لەسەر کەسانیتر دەکۆڵێتەوە. لێرەدا ڕیکلام کار لەسەر بزواندن و جۆڵاندنی ئەو هۆکارانە دەکات بە یاریکردن بە هێڵ، ڕەنگ و ئەو دیمەنانەی لە ڕیکلامەکەدا گەڵاڵە دەکرێن بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش.
=KTML_Bold=“جیاوازی نێوان پڕوپاگەندە و ڕیکلام”=KTML_End=
پڕوپاگەندە: چالاکییەک یاخود هونەرێکە ئامانجی دەستەمۆکردنی خەڵکە تا بەشێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن ئامانجێ پڕوپاگەندەکە بەدیبهێنێت، کارەکە تەنیا لە بواری سیاسەتدا کوورت ناکرێتەوە، بواری ئایینی “بانگەشەی ئایینی بە نموونە” و ئابووریش دەگرێتەوە. پڕوپاگەندە بەشێوەیەکی گشتی ئامانجگەلێکی هەیە، دیارترینیان هۆشیارکردنەوە خەڵکە سەبارەت بەرهەم و خزمەتگوزاریەکی دیاریکراوی کۆمپانیایەک و تایبەتمەندێکانی.
پڕوپاگەندە: بریتییە لە چالاکییەکی بازرگانی ئامانجی ئاگادارکردنەوە و ناساندنی بەرهەم خزمەتگوزاریەکە تا کڕیار ڕوو لە کڕینیان بکات.
پڕوپاگەندە: ئاڕاستەی گرووپێکی دیاریکراو دەکرێت، ئەو کۆمەڵە زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزاری و بەرهەمەکە هەیە ئەوانیش بەکاربەرانن.
ڕیکلام: بیرۆکە یان پەیامێکە لەوانەیە ڕاست بێت یان دەنگۆ، بەڵام ئامانجی گەیاندنی زانیارییە لەسەر کەسێک یان کێشەیەک و ئامانجی گرووپێکی دیاریکراو.
ڕیکلام: لای خەڵک کار بۆ ناو و ناوبانگی کۆمپانیا دەکات، بەڵام هەوڵدەدات ئەم بایەخ پێدانە لە تەرەفێکی بێ لانەوە بخاتە ڕوو، ئەنجامەکەی زیاد فرۆشی بەرهەم و خزمەتگوزارێکانی کۆمپانیاکەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.
ڕیکلام: زیاتر گشتگیرترە، بە شێوەیەک بێ جیاکاری ئاڕاستەی هەموان دەکرێت، چونکە ئامانجی ڕیکلام برەوپێدان و ناساندنە.
پرۆپاگەندە بە شێوەی بانگەشە، چاپکراو “نامیلکە و برۆشۆر بەنموونە” یان لە ڕێگای کەناڵەکانی تەلەڤزیۆنەوە دەگەیەنرێت بە خەڵکی، بەڵام ڕٍیکلام لێدوان، سەردانی لایەنی بێ لایەن بۆ کۆمپانیاکە و لە ڕێگای کۆنفراسەوە بڵاودەکرێتەوە.
=KTML_Bold=“تەکنەلۆژیاو ڕیکلام”=KTML_End=
تەکنەلۆژیا بەگشت شێوازەکانییەوە دەستی هەبووە لە خێراکردن و بڵاوەپێکردنی ڕیکلامدا، هەروەها لە دیزاین و دیاریکردنی ڕەهەندەکانییدا وەک نووسین، وینە و هەڵبژاردن و تێکەڵکردنی ڕەنگەکان و …هتد، بۆ نموونە تەنیا ساڵی 2022 بە ڕێژەی 14% ڕیکلام لە ڕێگای مۆبایلەوە زیادی کردووە، بەردەوامیش بە کاوەخۆ شێوازەکۆنەکان وەک تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامەکان لە بوارەکەدا کاری خۆیانکردووە و تەکنەلۆژیا پێشەنگ بووە، بەمشێوەیە ساڵی 2018 بایی 155ملیار$ ڕیکلام لە ڕیگای مۆبایلەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2022 ژمارە هەڵکشاوە بۆ 336 ملیار$.
لە تایبەتمەندێکانی ڕیکلام لە ڕێگای تەکنەلۆژیاوە پیشاندانی ڕیکلام و جاردانێتی بۆ ماوەی بیست و چوار کاژێر لە حەوتویەکدا “24/7″، هاوکات لە تواندایە بگەیەنرێت بە زۆرترین کەس و دوورترین جێگا. لە کوردستانیش ڕۆژانە ڕیکلام بۆ چەندین جۆر کاڵا و خزمەتگوزاری بە تەکنەلۆژیا و لە ڕێگای تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕە جیاوازەکانەوە دەکرێت، و مەودای بازاڕو کڕیاران بەردەوام لە فراوان بووندایە، بەڵام هێشتا ڕیکلام لە کوردستانی باشوور هاوشێوەی زۆر جێگای دیکەی دنیا نەبووە بە پیشەسازی، بەڵام لە جوڵەو بزاتێکی خێرادایە.
سەرچاوە: الإعلان التجاری: محمد عبدحسین الإنترنت. [1]