ناونیشان: ئۆپێک پڵەس و هۆکارەکانی پشت ناسەقامگیریی نرخی نەوت
نووسەر: #بەهرۆز جەعفەر#
ڕۆژی دەرچوون: #05-06-2023#
دوای ئەوەی ساڵی (2016) ئۆپێک پڵەس پێکهات، ئەوە یەکەم جار نییە لەپێناو بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا ئەم گرووپە بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان یان ئاستی خستنەڕووی نەوت دەدەن بۆ بازاڕەکانی جیهان. ڕۆژی یەکشەممە (4ی حوزەیرانی 2023) ، کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا بەڕێوەچوو؛ بڕیاریاندا بۆ ساڵی 2024 ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 40.46 ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە. ئۆپێک پڵەس ڕۆژانە بڕی یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەنەوە. ئەمەش لەپێناو سەقامگیریی بازاڕ و هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو، هەروەها بەهۆی بەردەوامیی دابەزینی نرخی نەوت. ئایا ئۆپێک پڵەس سەرکەوتوو دەبێت لە ڕێگریکردن لە دابەزینی نرخی نەوت؟ ئەم بڕیارە بۆ ئێراق چێ دەگەیێنێت؟
=KTML_Bold=چەند خاڵێکی سەلمێنراو هەیە بۆ زانینی پێشوەختە گرنگە:=KTML_End=
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= سەرەڕای ئەوەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و هەوڵەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاک گەیشتوونەتە ئەوپەڕی، بەڵام پێداویستیی جیهان بۆ بەکارهێنانی نەوت و گازی سرووشتی تا دێت زیاد و زیادتر دەکات. بە دیاریکراوی لە ساڵی (2000) دا ڕۆژانە جیهان بۆ پێداویستییەکانی خۆی 75 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەکاربردووە. لە دوایین ڕۆژەکانی 2019دا واتە پێش گەیشتنی کۆرۆنا ڕۆژانە جیهان 94 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکاربردووە. ئەمڕۆکەی (2023) ش هەموو ڕۆژێک جیهان 101 ملیۆن و 89 هەزار بەرمیل نەوت بەکاردەبات.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= هایدرۆکاربۆن بەگشتی و نەوت بەتایبەت زەمینەیەکی هاوبەشن لەنێوان گەلانی جیهاندا؛ واتە سیاسەتی نەوت و گاز تەنیا پەیوەندی بە وڵاتی بەرهەمهێنەر یان خانەخوێوە نییە، بەڵکوو لەهەر حاڵەتێکدا ئەوانی دیکە ماف بەخۆیان دەدەن دەستوەردان یان کۆمێنتیان هەبێت سەبارەت بە پڕۆسە نەوتییەکانی هەر جێگەیەک.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= ئۆپێک 13 وەک وڵاتەکان، پاشان ئۆپێک پڵەس کە لە 13 وڵاتەکە و 10 وڵاتی دیکەی بەرهەمهێنەری دیکە پێک دێت لەدەرەوەی ئۆپێک، بە هەموویان 41 بۆ 44 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنن. واتە؛ کاریگەریی ئۆپێک پڵەس بەسەر ئابووریی وزەی جیهانییەوە، بەسەر دیاریکردنی نرخی نەوتەوە بەڕادەی 41 بۆ 44٪ە. واتە؛ ئۆپێک پڵەس بەتەنیا تاکە فاکتەر نییە کە کاریگەریی دەخاتە سەر نزمی و بەرزی نرخی نەوت. کاتێک تۆ پێشبینی و خەمڵاندن دەکەیت بۆ ئەوەی نرخی نەوت بە چەند (دۆلار) دابنێیت لە بودجەدا بۆ ساڵی ئاییندە، نابێت تەنیا فاکتەری ئۆپێک بە گرنگ بزانیت.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= نرخی وزە، بەتایبەتی بازاڕی نەوت یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە بازاڕێکی سەقامگیر نییە؟ لای خوارەوە ڕوونتر دەبێتەوە؛ لێرەدا، ئێمە نۆ هۆکاری هەمیشەیی دەستنیشان دەکەین بۆ نزمبوونەوەی نرخی نەوت کە بێگومان هەر ئەو فاکتەرانەشن دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی:
- کەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئۆپێک لە بازاڕی وزەی جیهانیدا بۆ نرخ دانان. بە نزیکەیی 41٪ی بەرهەم بریتییە لەو نەوتەی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس هەیانە. 60٪ی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی دیکە بەرهەمهێنەرن و لەدەرەوەی ئۆپێکن یان سووپەر پاوەرن، وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕووسیا.
- بوونی زستانێکی مامناوەند لە بەشە باکوورییەکەی گۆی زەوی، وادەکات خواست لەسەر نەوت کەمتر بێت.
- جیا لە بڕیارەکانی لەنێو ئۆپێک دا دەدرێن، بڕیاردانی ئێراق یان سعودیە وەک وڵاتێکی سەرەکی ئۆپێک بۆ زیادکردنی بەرهەم (خستنەڕوو) ی نەوت. بۆ نموونە ساڵی 2016 ئێراق بڕیاریدا لە 3.3 ملیۆن و 300 هەزارەوە ئاستی بەرهەم بۆ 4.3 ملیۆنی ڕۆژانە بەرزبکاتەوە!. ئەگەرچی ئێراق نەیتوانی و نەگەشتە ئەوەی بۆخۆی دەیویست، بەڵام کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەبوو.
- بوونی سات و سەوداگەرێکی زۆر کە وەک برۆکەر (جامباز- دەڵاڵ) وان. ئەم خاڵە زۆر گرنگە و کەمیش باس دەکرێت. ئەمانە بڕێکی زۆر نەوت دەکڕن جاری وا هەیە بە کەشتییەوە (زیاتر لە هۆڵەندا دەکرێت یان لە فوجەیرەی ئیمارات) یان بەگشتی بەندەرەکانن یاخود لە بازاڕە داراییەکان و بەشێوەی ئۆنڵاین، لەپڕ دەبینی نەوت کەم دەبێتەوە، یان لە پڕ بڕێکی زۆر دەخەنەڕوو بۆ لێدان لە بەهای دراوی وڵاتێک کە خۆیان مەبەستیان بێت. یان بە دەستی دوو نەوتی ناوچەیەکی قەدەخەکراو یان سزادراو دەکڕن بۆ ساخکردنەوەی.
- دیاردە ناوچەییەکان، بۆ نموونە بۆکۆ هەرام لە نەیجیریا گرفت درووست دەکات، #داعش# لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یاخود گەڕانەوەی وڵاتێکی وەکوو ئێران بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، هەرکاتێک سزاکان لەسەر ئێران زیاد بکات کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەیە، بۆ نموونە ڕەنگە وابکات لە ئاوەکانی کەنداو یان حەوزەی قەزوینەوە نەوت درەنگتر بگاتە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە. بۆیە کاریگەریی لەسەربەرزبوونەوەی نرخ دەبێت. هەرکاتیش ئێران دەست بکاتەوە بە بەرهەمهێنان کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخ هەیە.
- ترس لە (چین) ؛ چین گەورەترین وڵاتی بەکاربەری نەوتە، ئەمریکاش گەورەترین بەکاربەرە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمریکا گەورەترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیشی هەیە. بەپێی CEIC Data چین لە ساڵی (2010) دا ڕۆژانە نۆ ملیۆن و 307 هەزار بەرمیلی بەکارهێناوە، بەڵام لە 2023 دا بەکارهێنان و پێداویستیی ڕۆژانە بەرزبووەتەوە بۆ 15 ملیۆن 442 ملیۆن.
- کارەساتە سرووشتییەکان، بوومەلەرزە و سوونامییەکان، لافاو، سەرماوگەرما، نەخۆشی و پەتا و تاعوون.
- دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین (زەیتی سەخەری) گوایە وەک جێگرەوەیەک بۆ نەوتی خاو لە چەندین وڵات وەکوو ئەمریکا و کەنەدا و ئازەربایجان و ئوردون و بەرازیل تادوایی کاریان لەسەر کردووە و زۆریش سەرکەوتوو نەبووە، چونکە تا پلەی 400 بەردەکە گەرم دەکەن و بۆ ژینگە خراپە و تێچوی زۆرە.
- هۆیەکی دیکەی با#سنە#کراوی ناجێگیریی نرخی نەوت، خەزانەکانی نەوتن، بەتایبەتی لە ئەمریکا و یابان و چین گەورەترین ئەنبارەکان هەن، خەزن و ئەمباری دەکەن. گەورەترین گرفتی ئەم خەزانانە (کە ئەمریکا لەژێر زەوی و سەرزەویدا هەیەتی) ئەوەیە ناشەفافە. هەندێک سەرچاوە بە 14 چواردە ملیار بەرمیلی خەزنکراو دەیخەمڵێنن، وڵاتان بە شەفافی و دیاریکراوی باسی ڕێژەی خەزنکراویان ناکەن! هەندێ جار جەمسەرەکان یان هێزە هەرێمییەکان ئەمە بۆ دەست و نینۆککردنی یەکدی بەکاردەهێنن ئەگەر بیانەوێ گەڕ بە یەکدیدا بکەن، سەرەتا لە ڕێگەی گرووپە چەکدار و میلیشیاکانەوە پشێوی لە ناوچەیەکدا درووست دەکەن کە زانییان ئەمە تاڕادەیەک ئامانجی پێکاوە ئینجا بڕێکی نەوتی زۆر دەخەنە بازاڕەوە بۆ ئەوەی نرخ داتەپێت، یان زۆرتر خەزن دەکەن بۆ ئەوەی نرخ بەرز بێت. ئێستا کە ئۆپێک پڵەس بڕیاریداوە نەوت کەمتر بخاتە بازاڕەوە، نرخی نەوت و سووتەمەنی بەگشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرزتر دەبێتەوە. ئەمەش زیانە بۆ ئیدارەکەی بایدن، کاتێکیش ئەمریکا نەتوانێت میکانیزمێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نرخی نەوت بدۆزێتەوە، ناچار دەبێت دەست بۆ نەوتە خەزنکراوەکانی ببات، ئیدی نەوت بەرزتر دەبێتەوە.
=KTML_Bold=کۆتایی=KTML_End=
کۆتاییەکەی ئەوەیە، ئەمریکا بەتایبەت و خۆراوا بەگشتی هێشتا نەیانتوانیوە ڕێگە لە بە گریژنە دەرچوونی نرخی نەوت و گاز بگرن، بۆ نموونە؛ هەر کە لە شوباتی 2022 جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا دەستی پێ کرد، یەکسەر خۆراوا 930 دەماری ئابووری و سیاسی و بانکیی و دیپلۆماسیی ڕووسیای بەئامانج گرت، بەڵام دوای ماوەیەک لە بەردەوامیی جەنگەکە، ڕووسیا دەستیکرد بەوەی وزەی خۆی ڕۆبڵی ڕووسی بفرۆشێت نەک دۆلار؛ ئێستا تورکیا بەشێک لە سەرچاوەی وزەی خۆی بە ڕۆبڵ لە ڕووسیا دەکڕێت، لەگەڵ ئەمەشدا، ئۆپێک پڵەس بە تەنیا ناتوانێت کۆنترۆڵی نرخی وزە بکات؟ نەک هەر لە بەرئەوەی 41٪ی نەوتی پێویست بۆ جیهان ئەوان بەرهەمی دەهێنن، لەبەرئەوەی ناچوونیەکی هەیە لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس، بۆ نموونە دۆخی ئێراق لە هیی ڕووسیا و ئەنگۆلا یان ئوردون و ئازەربایجان و سعودیە ناچێت کە ئەندامن لە ڕێکخراوەکە. ئێراق هێشتا بودجەکەی ڕووناکی نەبینیوە کەچی ئەو بودجەیە سەروو دوو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و #کەرکووک#ەوە، دەبوو بەپێی پلانی ناو بودجەکە ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل هەناردە بکات. جگە لەوەی هەر لە سەرەتاوە ئەم بودجەیە 25٪ کوورتهێنانی تێدایە، (ئەم ژمارەیە چاوەڕوانکراوە کە ڕووبدات لە بودجەکە یان کەمتر یان زیاتر) . جگە لەوەی ئێران داوای 11 ملیار دۆلار قەرزی گاز دەکاتەوە کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هەناردەی ئێراقی کردووە. بەگشتی پێویستە لەم سێ ساڵەدا بە بەردەوامی نرخی نەوت 102 دۆلار بێت، ئینجا ئێراق دەتوانێت خۆی لە بەڵا ئابووری و ناسەقامگیرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی بپارێزێت.
[1]