#پارتی دیموکراتی کوردستان# پێی وایە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ئێراق، بە پشتیووانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی 30ی ئایاری 2023، دادگای فیدڕاڵی ئێراق درێژکردنەوەی ماوەی پەڕڵەمانی کوردستانی بە نایاسایی لە قەڵەمدا و سەرجەم ئەو بڕیار و یاسایانەشی هەڵوەشاندەوە کە لە دوای تەواو بوونی ماوەی یاسایی پەڕڵەمانی کوردستان دەرچوون. بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بێت هەر یەک لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم دەبن بە کار بەڕێکەر.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی حیزب و حکومەت، بێدەنگی هەڵبژاردووە لەبەرانبەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، تەنیا وتەبێژی پارتی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەوان وەک پارتی پشتیووانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن. بێ ئەوەی باس لە یاسایی بوون یا نایاسایی بوونی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە ئەو بڕیارانەی لە دادگای فیدڕاڵییەوە دەدرێن بە پشتیووانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیە بۆ بێهێزکردنی پێگەی حکومەتی هەرێم.
پلانی پارتی ئەوەیە کە چاوەڕێی ڕونکردنەوەکانی دادگای فیدڕاڵی دەکات بۆ ئەوەی ڕێ و شوێنە قانونییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان ڕون بکرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو #فوئاد حسێن#، وەزیری دەرەوەی ئێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، بەناوی پارتییەوە سەردانی دادگای فیدڕاڵی ئێراقی کرد و داوای ڕونکردنەوەی لە دادگای فیدڕاڵی کردووە. بەتایبەت کە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری نا یاساییبوونی درێژکردنەوەی ماوەی پەڕڵەمانی کوردستانی دەرکردووە، بەڵام ڕێ و شوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستانی دیاری نەکردووە. [1]