ناونیشانی بابەت: گێڕانەوەکانی فەرەج پاش کارەساتی ئەنفال: بەشی سێ
ئامادەکردن: #عادل قادری#
دەبێت فەرەج وەکوو مێژوویەکی گشتی ببینرێت ئەگینا میتۆدی سایکۆلۆژیی لە دیاریکردن و دیاگنۆسکردنی ئەم تێکچوونە کوورت دەهێنێت.
گێڕانەوەکانی فەرەج لە گێژەنی ترسی پاش کارەسات پێشمەرگە دژی مەرگ
وەکوو لە دوو بەشی پێشوودا باسم کرد؛ ئەم بێدەنگی و تێکچوونەی کورد (فەرەجی ئەنفالکراو بە نموونە) پێش ئەوەی ببرێتە “عەرعەر” هاتبووە ئاراوە و دەبێ لێرەدا ئێمە کۆ ببینین، نەک تاک، واتە؛ فەرەج وەکوو مێژوویەکی گشتی و دەستەجەمعی ببینرێت ئەگینا میتۆدی سایکۆلۆژیی لە دیاریکردن و دیاگنۆسکردنی ئەم تێکچوونە کوورت دەهێنێت، بۆیە ئێمە دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتر و ناساندنی ئەزموونی فەرەج و هاوڕێکانی لە مەرگ زیاتر بیاندوێنین و زۆرتر بیانخەینە ژێر پرسیاری دەروونناسانەوە و ماف ئەوەیە دەسەڵاتی کوردی بنکەیەکی توێژینەوەیی و شیکاریی تایبەت بەم بابەتە گرینگە بکاتەوە.
ئێستە جیا لەو ئەنجامگیرییە دێینەوە سەر ئەم پرسیارە کە لە بەشی یەکەمدا گەڵالەم کرد کە ئایا لە مێژووی ئێمەدا هەر ئەم لایەنە کپکراو و ئەنفالکراوە ئامادە بووە و بەردەوام تووشی شکست بووین؟ ئەی ڕۆحی بەرگری و بەرخۆدانی کورد لە کوێی ئەم گێڕانەوە و مێژووەدا دەوەستێت؟ پێشمەرگە نوێنەرایەتی چ دەرکەوتەیەکی لە ڕۆحی مێژوویی کورد کردووە؟ لە درێژەدا دەپەرژێمە سەر ئەم بابەتە.
نەوشیروان مستەفا ئەمین لە پەڕتووکی “لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ” لە لاپەڕەی 301دا وا دەنووسێت؛
“ڕۆژێکیان لە (سەرشێخان) پاڵم بە گابەردێکەوە دابوو سەیری شاخەکەی بەرانبەرمانم ئەکرد لە دوورەوە ڕیزێک زەلامم بینی ڕێچکەیان بەستبوو بەرەو سەرشێخان ئەهاتن. ناوچەکە چۆڵ بوو، هاتوچۆی بەسەرەوە نەبوو. چوومە سەر ڕێگاکەیان. باشتر لێیان وردبوومەوە هەموویان بێ چەک بوون و جلی کوردییان لەبەردا بوو. گەیشتنە لای من سەلامیان کرد، منیان نەئەناسی. لێم پرسین؛ بە دوای چیدا ئەگەڕێن لەم شاخە چۆڵە؟.
وتیان؛ بە دوای ئێوەدا ئەگەڕێین.
وتم؛ بۆ ئەزانن ئێمە کێین بەدواماندا ئەگەڕێن؟.
وتیان؛ ئێوە پێشمەرگە نین؟.
وتم؛ بەڵێ ئێمە پێشمەرگەین، فەرموون چیتان ئەوێ؟.
وتیان؛ ئەمانەوێ ئێمەش ببین بە پێشمەرگە!.
وتم؛ ئێمە خۆمان تاقەتمان لە پێشمەرگایەتی چووە خەریکین وازی لێ ئەهێنین.
وتیان؛ ئێوە تاقەتتان چووە ئێمە دەستی پێ دەکەین.
وتم؛ چەکمان نییە بتاندەینێ.
وتیان؛ خۆمان پارەمان لەگەڵ خۆمان هێناوە ئەیکڕین.
وتم؛ نانمان نییە بتاندەینێ.
وتیان؛ خۆمان خەڵکی ناوچەکەین نان پەیدا دەکەین!.
خەڵکی گوندە ڕاگوێزراوەکانی بناری قەندیل بوون تازە پارەی (تعویض) ی دێهاتەکانیان وەرگرتبوو. کە پارەیان وەرگرتبوو یەکسەر هاتبوون بۆ پێشمەرگایەتی. بەخێرهاتنێکی گەرمم کردن. لەگەڵ خۆم بردمن بۆ بنکەکەمان. مام جەلال و ئەوان چاوەڕوان بوون بزانن ئەمانە چین و بۆچی هاتوون. چووم حیکایەتەکەم بۆ گێڕانەوە. وتم؛ ئەم میللەتە بۆیە نامرێ، ئێمە لە خۆمان بێزار بووین ئەوان تازە ئەیانەوێ دەست پێبکەن”.
وەکوو لەم گێڕانەوەیەی “نەوشیروان مستەفا”دا دەبینین، پێشمەرگە تەنیا شتێکی گەورە و تاقانە کە هەیەتی ئیرادەیە نە نان و پارە و نە چەک ڕاکێشەری ئەم ڕیزە زەلامە نەبوون کە لە گوندەکانەوە هاتبوون، ئەگەر ئەم چیرۆکە بکەین بە بنەمای تێفکرین لە دووانەی “جاش و پێشمەرگه” کە سیستەمە داگیرکەرەکانی سەر کوردستان و لە سەرووی هەموویان بەعس بە شیوەی جۆراوجۆر ڕیکیان خستووە پێناسە و تایبەتمەندیی پێشمەرگە دەبێتە خۆڕاگری، بەرگری و خواستی ئازاد و ئارەزووی ئازادی و هی جاشیش دەبێت بە ملکەچی و ڕادەستبوون و ئارەزووی ژیان و ترس لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئازادی ڕاستەقینە! خاڵی زۆر گرینگ و سەرەکی لێرەدا بابەتێکی ئۆنتۆلۆژییه؛ کە ئەویش هەڵوێست وەرگرتن و شوێنگەی هەردووک لەم جەمسەرەیە بە نیسبەت پرس و مەسەلەی “مەرگە”ەوە. پێشمەرگە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەروونیی گەورەی لەگەڵ مەرگدا هەیە و مان و نەمان و… لەپێناو ئازادی و ڕزگاری هاوکێشەی کایەکەیەتی بەڵام جاش ئارەزوو و خەونی ژیان و حەسانەوە (بە هەر نرخێک) ئامانجێتی و هەر جۆرە هەڵوێستە و تێڕامانێک لەسەر پرسی مەرگ تۆقاوی و ترسنۆکیبوونی زیاتر دەردەخات و ئیرادەی دەخەسێنێت. واته؛ مەرگ وەکوو مۆتەکە و ئامێری داگیرکەر بە شەوارەی خستووە و ئەوپەڕی ترسنۆکیی و تۆقاندنی لەسەر ئەم بەرکارە (جاش) زەق کردۆتەوە دەبێ بە و ئەنجامگیرییە بگەین کە جیاوازیی جەوهەریی نێوان ئەم دوانە لێکدژە لە بوێری و سەرکێشی یان ترسنۆکی و ملکەچ لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ مەرگ وەکوو بابەتێکی ئۆنتۆلۆژی و بوونناسانە دایە!.
چ شتێک ئەم دوو جۆرە لە دەرکەتنی ئۆنتۆلۆژیی لە هەمبەر یەکدی درووست کردووە؟ ئایا ئەم دوو جەمسەرە لەدەرەوەی ئیرادەی خۆیان ڕێگای شاخ (پێشمەرگایەتی) و شار (جاشایەتی) یان بۆ دیاری کراوە؟ یان نا خۆیان بە هەموو هەڵچوون و داچوونەکانی دونیای خۆیان ئەم بژاردەیەیان لە بەردەم خۆیان داناوە و ئەو ڕێگایەیان گرتۆتە بەر کە ئیرادەیان بۆیانی دیاریکردووە؟ بۆ تێڕامانی زیاتر لەم پرسیارە ڕۆشنگەرانانەیە دەشێ باسی سیستەمی بەعس و هەوڵی بەعس بۆ کووشتن و کۆنترۆڵ و خەساندنی ئیرادە بکەین. و دواتر ئەم پرسیارە وەڵام دەدەمەوە کە ئایا لەژێر سیستەمی کۆنترۆڵی بەعس ئیرادە بە مانای ڕەها و تەواوی خۆیەوە قەتیس و یەخسیر دەبێت، یان ڕێگای ڕزگاریی بۆ قوربانی ئاوەڵایە ئەگەرچی بە شێوەی ڕەمزی و سەمبوولی بێت! با باس لە سیستەمی کۆنتڕۆڵی بەعس بکەین کە هەوڵیداوە هیچ ئەگەرێک بۆ قوربانی نەهێڵێتەوە و تا ڕادەیەکی زۆریش لە ئاستی پراکتی و شێوەی دەسەڵاتداریدا لەمە نێزیک کەوەتەوە، بەڵام لە ئاستی دەروونی و ئارەزوویی فراوانی بۆ دەسەڵات قوربانی دەیتوانی و توانی ڕووبەڕووی ماشێنی کۆنترۆڵ و یەخسیرکردن ببێتەوە، ئەمە بەم مانایە دێت کە بەعس و قوربانی (کۆنترۆڵکراو) لە پنت و بازگەی مەرگدا یەک دەبیننەوە، هەر کام لەمانە شێوازی مەرگەکە لەژێر ئیرادە و کۆنترۆڵیاندا بێت ئەوە شکستی ئەویدی و کرانەوەی ئەگەرە بۆ بکەر. لە حاڵەتێکدا قوربانی لە بەرکاربوون ڕزگاری دەبێت؟ لە ئاستە واقیعییەکەیدا مرۆڤ بە گشتی لە ناو کایەکانی دەسەڵات لەسەر جەستە و فیزیۆلۆژیای دایە هەندێجار وشیاریی هەیە لەسەر ئەم کایانە و ئیرادە دێنێتە ناو کایەکە و هەندێ جاریش هیچ وشیارییەک نییە و بگرە جۆرێک لە ڕەزامەندیی و چێژیش هەیە کە دەسەڵات بە خەونی بەرخۆریی و چێز و کاڵاگەرێتی بەرهەمیدەهێنێت بەڵاقم قوربانی لە خاڵێکی هەستیاری وشیاری دایە، ئەو بڕیارە درەنگ یا زوو مەرگ ببینێت و بە دیداری شاد بێت و شێوازی هەڵبژاردنی ئەو دیاریکەری کات و شێوەی ئەو دیدارەیە واتە لە ئاستە ڕەمزییەکەیدا قوربانی دەتوانێت ئەگەر درووست بکات و ئەکتی بوێرانە بنوێنێت، واتە قوربانیی بە تێڕامان لەسەر مەرگ دەتوانێت بڕیارێک بدات کە ئیرادەی خۆی تێدا مانیفێست بکات و ئەمەش لە ناو هاوکێشەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ترس و سامی مەرگدا دێتە ئاراوە. ترس ئەو لۆسە و پاڵنەرەیە کە مرۆڤ وەکوو غەریزە هەڵگرێتی، بەڵام دەتوانێت یەخسیر و کۆیلەی بکات یان ئازاد و ڕزگاری بکات. ئەگەر ئەو گێڕانەوانەی “فەرج” بە بیر خۆمان بهێنینەوە، دەبینین؛ کە کەسایەتیی ئەو لەنێوان ترس و ئومێددا هاتوچۆ دەکات، ڕەنگە ڕزگارییی ئەو چانس یان هەڵە یان قەدەر بووبێت، بەڵام گەیشتنەوەی بە کوردستان و بڕینی ئەو هەموو ڕێگایە هەڵگری ئومێدێکیش بووە بە ژیان و هەڵاتن لە تاپۆی ئەو هەموو مەرگ و تەرم و تارماییە و بێدەنگیی ئەو لە ساڵانێکی زۆر و دواتر گێڕانەوەکانی ئەم دێڕانەیان بەرهەمهێناوە کە من دەینووسم. ئومێد لەم ئاستەدا ڕەنگە ئەوەندە نەتوانین بەرگری لێبکەین بەڵام ترسی لە حاڵەتە کۆیلەیی و یەخسیرکەرانەکەی تا ڕادەیەک لەق کردووە ئەگەرچی تا کاتی ئازادیی ئێراق ئەم پیاوە هیچ شتێکی نەدرکاندووە! ئومیدێک لە ناو گێژەنی ترس لە تارماییەکانی ئەنفال و تاپۆکانی بەعس! ئەمە ئەگەرە یان نیوەئەگەر؟ ئەمە ئیرادەیە لە بوون و گەڕانەوەی فەرەج کە ڕۆڵی گێڕاوە یان وەکوو ئاماژەم پێدا چانس و قەدەر و هەڵکەوت و هەڵە؟ لە درێژەدا هەوڵ دەدرێ تیشکبخرێتە سەر ئەم پرسیار و بابەتانە و لە وەڵامێکی لۆژیکی و درووست نێزیک ببینەوە.
وەکوو دەزانین لە ناو سیستەمی و سێبەری بەعسدا و ژیانکردن بە مەرج و پێوەرەکانی بەعس هیچ هیوایەک بەدی نەدەکرا، جیهانێکی ڕەش و تاریک لە فەرمان و ئەمری خوێنین لە سەرەوە بۆ خوارەوە، کە بەرخۆدان و خۆڕاگرییەک لە هەمبەریدا بەناوی “پێشمەرگە” خۆی مانیفێست کردووە. لەو لاشەوە لە هەمبەر ئەم مانیفێستە بەعس موستەشار و جاشی چالاک کرد. لە دووانەی نێوان پێشمەرگە و جاشدا دوو ڕۆحی خودایی و کۆیلەییی دەبینین، یەکیان لە هەمبەر مەرگدا بوێرانە وەستاوەتەوە و یەکیان لە هەمبەر ژیان پشتی لە مەرگ کردووە و خۆی لێ گێل کردووە تا بژیت! بۆ کاتێکی دیاریکراو!
“بەختیار عەلی” لە وتاری لە ئارەزووی کوشتنەوە بۆ ئارەزووی فەرامۆشکردن ل 21 دەڵێت؛ کۆنترۆڵ لە سیستەمی بەعسدا لەسەر دوو چەمک بەندە، یەکەمیان ئەوەیە کە دەبێت هەموو هاووڵاتییەک دڵنیا بێت هیچ جۆرە ملکەچی و پابەندبوون و دڵسۆزییەک بەس نییە بۆ پاراستنی. دووەمیش ئەوەیە هەرگیز بە دوای هیچ تەفسیرێکی لۆژیکی و مەعقولدا نەگەڕێت بۆ مردن و مانەوەی خۆی.
وەک لەم تێڕامانەش دەبینین گرینگترین پرس کە بژاردەی ئێمە لەنێوان ملکەچی و شۆڕشدا (جاش و پێشمەرگە) دەستنیشان دەکات شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ مەرگە. پێشمەرگە ڕاستەوخۆ لە مەرگی ڕوانیوە بۆ بەدیهاتنی ژیانێکی ئازاد و نیشتمانێکی ڕزگاربوو، جاش و موستەشارەکان ژیانیان بە بێ تێڕامان و هیچ جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بوێرانە لەگەڵ مەرگ هەڵبژاردووە. دەکرێ لەسەر ئەمە بوەستین کە ترسان شتێکی ئاسایی و غەریزی مرۆڤە و قوربانیش مافی ئەوەی هەیە بترسێت بێگومان ئەمە ڕاستە، بەڵام خودی ترس بۆ بەرەو هەڵبژاردنێکی ئاواهیی بردوون؟ ئایا تەنیا سەرکەوتنی بەعس درووستکردنی وەها ترسێکی ملکەچکەر و خەسێنەر نەبووە؟ پیادەکەری ڕۆحی کۆیلەیەتی و ڕادەستبوون لە کۆمەڵگەیەکی بێ دەسەڵات و پێشنەکەوتوودا؟ با باسی دیمەنێکی دیکە بکەین و بگەین بە وەڵامی ئەم پرسیارە؛ کێیە دەتوانێت ئەم سیستەمە کۆنترۆڵییە تێک بشکێنێت و لە چ ڕێگەیەکەوە؟
لە بەرگی یەکەمی شایەتحاڵەکانی ئەنفال، نووسینی عارف قوربانی ل 12 ئەم گێڕانەوەیە دەبینین؛
“زابتێکی ئیستیخباراتی عەرەب بۆ سەربازێکی کوردی گێڕابوەوە کە لە کاتی کردە سەربازییەکەی ئەنفالدا ئەم خۆی لەگەڵ مقدم هاشم بووە (زابت استخبارات قیادە قوات کاچمە) ، بە چاوی خۆی بینیویەتی کە لە شوێنێکی کۆکردنەوەی ئەنفالدا لە ناوچەی گەرمیان، ئافرەتێک لە ناو خەڵکەکەدا جوانییەکەی مقدم هاشمی سەرسام کردووە، بە سەربازەکانی وتووە بچن ئەو ئافرەتە بهێنن کاتێ هێناویانە منداڵێکیشی لەگەڵ بووە کە لێی پرسیوە ئەمە چیتە، ئافرەتەکە وتوویەتی کوڕمە، بە سەربازەکانی وتووە خۆی بکەنە ناو سەیارە سۆپەرەکەی خۆمەوە منداڵەکەشی بکەنە ناو خەڵکەکە، کاتێ ویستوویانە ئەوە بکەن ئافرەتەکە ڕازی نەبووە کوڕەکەی لێ جیابکەنەوە، خۆی داوە بە سەریدا بۆیە مقدم هاشم پێی وتوون کوڕەکەشی با لەگەڵ بێت، بە پەل ڕاکێشان خستوویانەتە ناو سەیارەکەی مقدم هاشمەوە و خۆی لە خانەی دواوەوەی سەیارەکەی لەگەڵ ژن و منداڵەکەدا سوار بووە و شۆفێرەکەی و ئەو زابتەی قسەکەی گێڕاوەتەوە لە پێشەوەی سەیارەکەدا بوونە، لە ڕێگە مقدم هاشم دەستی بە سەر ڕانی ژنەکەدا هێناوە…ئیتر ژنەکە حاڵی بووە لەوەی کە نیازی چییە و لە مەبەستی جیاکردنەوەکەشی گەیشتووە، کاتێک کە گەیشتوونە سەر پردێک کە زابتەکە نازانێ ئەو پردە کوێ بووە. ئەڵی ئاوێکی بە ژێردا ئەڕۆیی ژنەکە بەر لەوەی بگەنە پردەکە وتویەتی؛ (شەرع شەرمی لە کەس نییە میزم دێت) . مقدم هاشم فەرمانی کردووە سەیارەکە لەسەر پردەکە ڕاوەستاوە. ئافرەتەکە منداڵەکەشی لە سەیارەکە داگرتووە و گرتویەتییە باوەشییەوە و خۆی و منداڵەکەی لەسەر پردەکەوە هەڵداوەتە ناو ئاوەکەوە و خنکاون. بەم شێوەیە خۆی لەوە پاراستووە دەسدرێژیی بکرێتە سەر…”
لە جەمسەری نێوان فەرەجی ڕزگاربووگ و ئەو ژنەی کە خۆی لە پردەکەدا هەڵداوە دوو ڕۆحییەتی قوربانی دەبینین قوربانییەکی بوێر و قوربانییەکی ترسنۆک، قوربانییەک کە بە هەر شێوەیەک دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ ژیان، قوربانییەکیش دەیەوێت بە هەر شێوەیەک لە ژیانێکی کۆیلەیی و ئەتککراو هەڵبێت ئەگەرچی لە ڕێگەی مەرگەوە! واتە قوربانییەک ویستوویەتی ئەوپەڕی مانا و بەها بە ژیانی خۆی بدات ئەگەرچی بە و شێوەیەش کە لەسەر پردێکەوە بپەڕێتە ناو ئاوێکەوە! ئەمە بەهادایین و ستایشکردنی مەرگ نییە بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەمە ڕیک خودی بەهادایینی ڕەمزی و واقیعییە بە ژیان!
ئەگەرچی جێبەجێکردنی ئەنفال و لەناوبردنی شیرازەی گوند و پێکهاتەی سرووشتی کۆمەڵگەی کوردی وەکوو سەرکەوتنێکی ڕەمزیی بۆ بەعس چاوی لێکرا و کۆمەڵگەی کوردیشی تووشی شکست و نوشستی و خەمۆکییەکی ڕەمزی کرد، بەڵام کەم نەبوون ئەو ئەکت و بژاردانەی کە هەناوی ئەم ماشینە بکوژ و خۆپەرستەی خستبووە تەقوتۆق و تەنگی بە و خووی فاشیستییەی هەڵچنیبووە و هەرجارە و چێژێکی جیاوازی لە ناکامی و شکست بە قوڕگیدا دەکرد.
ئەمە ئەو ئەکتە بوێرانە و سادەیەیە کە بەعس ناکام دەکات لە جێبەجێ کردنی تینوێتی بۆ خوێن و دەسدرێژی و خەون و ئایدیالەکەی لەق دەکات، ئەمە هەمان ڕۆحی بەرگریی و خۆڕاگرییە بە شیوەی ڕەمزی کە دەیان سالە لە شاخەکانی کوردستان هەبووە و مەرگی هەڵۆیی بە ژیانی قاڵاوی بە باشتر زانیوە و مانیفێستی کردووە.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان؛ =KTML_End=
1- نەوشیروان مستەفا ئەمین، لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، دیوی ناوەوەی ڕووداوەکانی کوردستانی ئێراق (1975-1978) .
2- بەختیار عەلی، لە ئارەزووی کوشتنەوە بۆ ئارەزووی فەرامۆشکردن، لێکۆڵینەوەیەک لە سەرچاوەکانی ئەنفالدا، گۆڤاری ڕەهەند.
3- عارف قوربانی، شایەتحاڵەکانی ئەنفال، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، سلێمانی 2003، چاپخانە، شڤان. [1]