ناونیشانی بابەت: گێڕانەوەکانی فەرەج پاش کارەساتی ئەنفال: بەشی دوو
ئامادەکردن: #عادل قادری#
هەڵوێستەیەک لەسەر پەڕتووکی “لە تۆپخانەوە بۆ عەرعەر.
پێش ئەوەی لەسەر هۆکارەکانی ئەم بێدەنگییەی فەرج بڕیارێکی ڕەها بدەین دەبێت زەمینەی سەرەکی ئەم بێدەنگییە و دەمداخستنەی بە پێی ئەو ڕووداوەی کە بە سەریدا هاتووە و بینیویەتی زیاتر شیبکرێتەوە. بە چاوخشاندنێکی خێرا لەسەر گێڕانەوەکانی فەرەج تێدەگەین بەشی دیاری ئەم بێدەنگییە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام ئایا ئەم ترسە هۆکاری سەرەکی و ڕاستەقینەی نەگێڕانەوە و کڕبوونی فەرەجە لە هەمبەر ڕووداوەکەدا؟ بۆ وردبوونەوەی زیاتر لەم بابەتە دەبێ پێناسەیەکی خێرامان لە (PTSD) یان نەخۆشی”تێکچوونی ئێستێرێسیی پاش ڕووداو” هەبێت.
تێکچوونی پاش ڕووداو بەهۆی زەختی دەروونی یان posttraumatic stress disorder جۆرە تێکچوونێکە کە پاش ڕووداوێکی ناخهەژێن و مەترسیداری نێزیک لە مەرگ دێتەئاراوە. ئەم تێکچوونە سەردەمێکی دوورودرێژ لە ناو ئاوارەکان، پەنابەران و سەربازانی پاشماوەی جەنگ باوبووە. کەسانی بەدەر لەمانەش لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووداوانی زۆر ئەستەم یان مەترسیدار بۆ ژیان، پیشە یان کاتە بەتاڵەکانیان تووشی ئەم نەخۆشییە ئەبن. واتە ئەم تێکچوونە حاڵەتێکی دەروونیی زەخت و لێکەوتنی ڕۆحییە کە دەتوانێت لەسەر کەسانێک کە چاودێر یان بینەری ڕووداوە تاڵ و ناخۆشەکان بوون بێتە ئاراوە. بۆ نموونە ئەو ڕووداوانەی کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ئەم تێکچوونە بریتین لە جەنگ، ئەشکەنجە یان ئازاری قوورس، دەسدرێژی سێکسی، کرداری توندوتیژانەی لەڕادبەدەر، ڕووداوە سرووشتییەکان، ئاگرکەوتنەوە و… . ئەم ڕووداوانە بە شێوەی سرووشتی سامناکن و دەبنە هۆی ئەوەی کە کەسەکە ژیانی خۆی لە مەترسیدا ببینێتەوە. هەندێک بەڕاستی لە بەردەم هەڕەشە و مەترسیدا بووگن ئەمە لە حاڵێکدایە کەسانێکی دیکە تەنیا هەستیان کردووە لە بەردەم مەترسی مەرگدان. ئەوەی شیاوی تێڕامانە ئەمە نییە کە ئایا بە ڕاستی مەترسییەک هەبووە یان نا، بەڵکوو شێوەی هەستکردن بە و ڕووداوە یان کاردانەوەی مێشک لە هەمبەر ڕووداوەکەیە کە گرینگە.
تایبەتمەندییەکی گرینگی کەسی تووشبوو بەم تێکچوونە ترسی بەردەوامە لە گەڕانەوە بۆ دۆخی کوشندەی وەکوو پێشوو. بۆیە ئەوان بە تەواوەتی هەوڵ دەدەن تاکوو لە هەر شتێک کە ئەم لێکەوتن و تێکچوونە ڕۆحییە دەخاتەوە یادیان خۆیان بەدووربگرن. تایبەتمەندییەکی دەگمەنی ئەم حاڵەتە ئەوەیە کە کەسانی تووشبوو بەم تێکچوونە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕووداوەکە دێننەوە پێش چاوی خۆیان و ئەم یادهاتنەوەیەش لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان نییە. تەنیا پێویستیان بە پاڵنەرێکی بچووکە و زەمینەیەکی لەباریان تێدایە بۆ نیگەرانی و تووڕەیی زیاتر لە ڕادەی ئاسایی. نیشانەکانی دیکەی ئەم تێکچوونە بریتین لە خەمۆکی، کێشەی یادگە و بیرهێنانەوە و ئازاری جەستەییش. ئەو زەختەی بەهۆی ئەم تێکچوونەوە دەکەوێتە سەریان ڕەنگە کەسانی تووشبوو بەم قەناعەتە بگەیەنێت کە کۆنترۆڵێکیان بە سەر خۆیاندا نییە و ناتوانن ئەو مرۆڤەی کە پێشتر هەبوون بنا#سنە#وە و جۆرێک هەستی نامۆبوونیان بەرانبەر کەسایەتیی ئێستای خۆیان هەیە. باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان لە ژیانی ڕۆژانە، بنەماڵە و چالاکییەکانی کاتی بێکاری نامێنێت و خۆیان لە کۆمەڵگە دوور دەخەنەوە.
ئەگەرچی دوو پێناسەی گشتی بۆ ئەم تێکچوونە لەژێر ناوەکانی سادە و ئاڵۆز هەیە و لەژێر تیشکی ئەم دوو پێناسەیەش لق و پۆپی دیکە کراونەتەوە بەڵام لێرەدا ئەم پێناسە گشتییە و نیشانەکانیم ئاماژە پێدا تاکوو بتوانین زیاتر لە هۆکارەکانی بێدەنگی “فەرج” و ئەو دواندنەی لەگەڵ “عارف قوربانی” لەو پەڕتووکە خراوەتە ڕوو، بکەیەنە بابەتی مشتومڕ و لێدوان.
لە بەشی یەکەمدا من بە گشتی لەسەر ئەوە وەستام کە هۆکاری فەرەج بۆ نەگێڕانەوه، ترس و ترۆمایە کە بە ڕواڵەت وادیارە خودی ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونێک کە هەڵخێزراو لە زەختێکی دەروونی بووە کە بەهۆی بینینی ڕووداوەکە واتە گۆڕەبەکۆمەڵەکان بەسەریدا هاتووە، ئێستە پرسیار ئەمەیە ئەگەر ئەم تێکچوونە ئەو ترس و ترۆمایەی درووست کردووە کە بووەتە هۆی بێدەنگیی و زمانبەستنێکی پانزە ساڵە، ئەی بۆچی پێش ئەنفالبوون و کاتی گواستنەوەیان بۆ ئوردوگای “#چەمچەماڵ#” و بردن بەرەو تۆپزاوا ئەوان هیچ پرسیار و بۆچی و ڕێگرییەکیان لە ئەنفالچییەکان نەکرد؟ ئەم پرسیارەم ئەو مەبەستەی لە پشتە کە بڵێم “ئەنفال” پڕۆژەیەکی لەناکاو نەبوو کە تەنیا بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە لە تەقە و بەرگری و خەباتی پێشمەرگایەتی هاتبێتە ئاراوە (ئەگەرچی بوونی پێشمەرگە وەکوو سیمبولی خەبات و خەون و ڕزگاریی کورد هاندەر بووە لەو قۆناغەدا و من دواتر دەپەرژێمە سەری) بەڵکوو پڕۆژە یان بیرۆکە و ئایدیا یان تەنانەت کولتوورێکی پەروەردەکراو و پەرەپێدراوی دەسەڵاتی ئایدۆلۆژی و سیاسی بووە کە لە سەردەمی کۆنەوە هاتووە و لە قۆناغی مۆدێڕنیتەی #بەعس#یدا بە و پەڕی ئامێر و چەکی لەبەردەست و ماشین و مەکینەی قڕکردن، ڕووخساری خۆی دەرخستووە. هەر بۆیە ئێمە بێدەنگی و بێ¬پرسیاری و بێ¬دەسەڵاتی فەرەج چ پێش کارەساتەکە و چ پاش کارەساتەکە دەبینین، ئەوەی هەیە و بە ڕواڵەت بۆمان دەردەکەوێت ئەمەیە کە پاش کارەساتەکە بێدەنگی و ترسەکە قووڵتر بۆتەوە! یان دەبێ دان بەمەدا بنێین کە ئێمە هێشتا لە وردەکاریی و هۆکار و خشتەی بێدەنگییەکانی فەرەج ئاگادارییەکی ئەوتۆمان نییە تاکوو شیکارییەکی دەروونی و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ بکەین کە لە درێژەدا دەپرژێمە سەری. لە بەشیک لە لێدوانەکەی ناو پەڕتووکەکەدا پێش ئەوەی بەرەو عەرەعەر ببردرێن و ئەنفال بکرێن لە ل 5دا دەخوێنینەوە.
پ:سیستەمی ئەو وڵاتە (سەردەمی بەعس) وابوو لە 18 ساڵیدا دەبوو نێرینە بچێتە ڕیزی سەربازی…کەی بووی بە سەرباز…؟
و: من سەربازیم نەکردووە..
پ: بەهۆی چییەوە…؟
و:هەر فیرار بووم…
لێرەدا خاڵێکی گرینگ دەردەکەوێت، وەکوو لە لاپەڕەکانی سەرەتادا هاتووە فەرەج خوێندەواریی نییە و جیا لەمەش زۆر قووڵ نەبووەتە لە مافی ژیانکردنی خۆی وەکوو ئینسان، بۆیە دەکرێ ئەمەش بپرسین ئەمە سیستەمی دەسەڵاتی سیاسییە ئاوەها مرۆڤێکی گوناهباری درووست کردووە کە بەردەوام هەست بکات هەڵە و تاوان و گوناهێکی کردووە یان مرۆڤەکە خۆی لە خۆیدا هەستی بە گوناهباری هەبووە؟ لەم پرسیار و وەڵامەی سەرەوەدا بە ڕوونی دەبینرێ کە “فەرەج” هیچ هەڵوێستەیەک لەسەر پرسیاری “بەهۆی چییەوە نەچوویە سەربازی” ناکات یانی ناڵێ ڕقم لە ڕژێم بوو، ژیانم پێکهێنابوو یان تەنانەت تاقەتم نەبوو یان هەر شتی دیکە بەڵکوو دەڵی فیرار بووم…ئەو خۆی لە قاڵبی تاوانێکی یاسایی کە ڕژێمێکی دڕندە و دژەئینسان بۆی پێناسە کردووە مانیفێست دەکات و هەوڵیش نادات بە وردەکارییەوە لەسەر ئەوە بوەستێت.
هەر لە لاپەڕەی 5 دا دەخوێنینەوە؛
پ: تاکەی فیرار بووی؟
و: کە موالیدم هاتەوە بۆ سەربازی نەچومە پێشەوە فیرار بووم تا ساڵی 1975 ئەوکاتە بە عائدون خەڵکیان تەسریح دەکرد منیش بە و شێوەیە ڕزگارم بوو لە سەربازی…
پ: دوای شۆڕشی ئەیلوول…ڕژێم دەستی کرد بە ڕاگوێزانی گوندێکی زۆری کوردستان چ لە ناوچە سنوورییەکان و چ لە ناوچە نێزیک بە عەرەب نشینەکان و لە ئۆردووگا نیشتەجێی کرد…ئەم پڕۆسەیە تا شەڕی ئێراق-ئێران بە و شێوەیە بوو…گوندەکەی ئێوەی بەرنەکەوت؟!
و: نەخێر تا ساڵی 1987 گوندەکەمان مایەوە…
پ:هیچ جارێکی تر پەلاماری سوپای ئێراق نەکراوەتە سەرتان؟!
و:هەر ئەو دووجارەی (63 و 65) سوتا و تاڵان کراین. ئیتر تا ساڵی 1980 لە مەترسی بە دوور بووین بەڵام لە 80 بۆ 87 چەند جارێک تەیارە لە دێیەکەی داوە یان تۆپ باران کراوین ماوەیەکیش بەر لەوەی دێیەکە بڕوخێنن هەموو هاتوچۆکردنێک قەدەغە بوو لە دێوە بۆ شار و لە شاریشەوە بۆ دێیەکان بە شە و و بە ڕۆژ چاودێری ڕێگا و بانەکان دەکرا کۆپتەر هەرچی بەدی بکردایە ڕەمی دەکرد ئەو ماوەیەش وەزعمان زۆر خراپ بوو…
پ:بە شێوەی ڕەسمی تەبلیغ کرابوون کە هاتوچۆکردن قەدەگەیە..؟
و:ئارەوەڵا…
پ:کێ تەبلیغی کردن…؟!
و:حکوومەت..
پ:چۆن پیی ڕاگەیاندن بە نووسراو یان هەر بە ڕاگەیاندنی زارەکی…؟
و:چۆن یەعنی…!
یەعنی کەسێک هات نووسراوێکی پێ بێت و بڵی ئەم نووسراوەیە حکوومەت ناردوویەتی کە ئاگادارتان بکەمەوە هاتوچۆکردن قەدەغەیە…یان بە جۆرێکی تر تەبلیغ کران…!؟
و: نا، کەس نەهات پێمان بڵێ…!
پ:ئەی چۆن زانیتان کە ئیتر هاتوچۆکردن قەدەغەیە..کە کەس تەبلیغی نەکردبوون؟!
و: ئێ کاکە تەبلیغ چییە، ئەو بە ئاشکرا جاش و سەربازی ئەهاتنە سەر ڕێگاوبانەکان ڕیگای هاتوچۆیان نادا، کۆپتەر لە ئاسمانەوە سەیارە و تەرەکتەر و بەخوا شوانیشی بدیایا ڕەمی لێدەکرد ئیتر تەبلیغ چییە لەوە زیاتر…
پ:ئەم حاڵەتە ماوەی چەنێ بەر لە ڕوخانی گوندەکەتان بەردەوام بوو..؟
و: لە سێ ساڵ پێش ئەنفالەوە ئێمە ئاوا ژیاین تا بە و دەردە چووین…
وەک دەبینین ئەم دانپێدانان و گێڕانەوانەی فەرج دەلالەت لە شتێکی دیکە دەکات، کە ئێمە دەبێت بە تێڕوانینێکی مێژووییەوە هەوڵ بدەین قووڵاییەکانی ببینین. واتە؛ ئەم بێدەنگی و بێزمانییەی فەرەج و هاوەڵەکانی دیکەی لە ناو سەیارەکە کاتێک بەرەو لیوای “چەمچەماڵ” و لەوێشەوە بەرەو “عەرعەر” بران تەنیا لە ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکان و چرکەساتی پیادەکردنی ئەنفال وەکوو پڕۆژەیەکی پێناسەکراوی قڕکردن و کۆمەڵکوژی نەبووە بەڵکوو ئەم بێدەنگی و کڕبوونە زۆر پێشتر ڕووی داوە و ڕۆحی بەرگری و پرسیارکردن لە چارەنووسی “خود”ی تێدا کوژراوە، با بۆ نموونە سەرنجی پرسیار و وەڵامێکی دیکە بدەین کە تێیدا بە ڕوونی ئەم حاڵەتە دەردەکەوێت؛
پ: کاک فەرەج ئەمە مەسەلەیەکی گرینگە..ڕۆژێک دێت مەسەلەی ئەنفال بایەخی زۆری پێدەدرێت و وەک ئێستا بە فەرامۆشی نامێنێ..بەوردی لەلایەن کورد خۆیەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت..مەسەلەیەکی زۆر گرینگە ڕادەی بەشداری کردنی کورد خۆی لە ئەنفالدا بزانرێ..بە تایبەتیش موستەشارە کوردەکان، کە یەکیان (شێخ موعتەسەم) بوو ئەوەی ئێوەی ڕادەست کرد…بۆیە داوات لێدەکەم لەم وەڵامانە زیاتر لەگەڵ زاکیرەتدا خۆت ماندو بکە بۆ ئەوەی باشتر شتەکانت بیر بێتەوە..من پرسیارم ئەوە بوو کە ئێوە بە (شێخ موعتەسەم) تان وت مەترسیمان لەسەرە..بۆ ئەو وێنانە دەگرن.. بۆ ناومان دەنووسن..بۆ تەحقیق دەکەن..ئەم سەربازانە چی..ئەم شتانەتان نەپرسی؟!
و:ئێمە لەبەر ئەوەی پێمان وترابوو کە بە چەکەوە ڕادەست بین نەشر دەکرێن و لە فەوجەکەدا وەک جاشەکانی تر حیساب دەکرێن..ڕاستیت دەوێ تا ئەو کاتەی چەک کراین و خراینە سەیارەشەوە هەر بڕوامان بە بەڵێنەکەی موستەشارەکە هەبوو تا ناو لیواکەی چەمچەماڵ ئەو کاتەی بە یەکجارەکی نائومێد بووین…
پ:من جارێکی تر دەپرسمەوە لە شێخ موعتەسەمتان پرسی…؟!
و:خەڵکەکە زۆرزۆر بووین لە ناو خۆماندا شتمان زۆر لێک ئەدایەوە و هەزار و یەک پرسیارمان ئەکرد، هەموو ئەوانەی تو ئەیڵێی و ئەبێ چیمان لێ بکەن. سەد جار ئەمانەمان لە یەکتری پرسی…
پ: من مەبەستم خۆتان نییە..ناڵێم لە یەکترتان پرسی یان نا..دەڵێم لە شێخ موعتەسەمتان پرسی…؟
و: من خۆم نەمپرسی…
پ: ئەی کەسێک هەبوو لای تۆ بڵێ خۆم بە شێخ موعتەسەمم وت و وەڵامەکەی وابوو..؟!
و:نەو…
ئەم دەربڕینانە و ئەو شتەی لە مێژووی کورددا بە گشتی هاتوونەتە ئاراوە زمانی بێ پرسیاری فەرەجیان لە گۆ خستووە و ئێستەش لە ژیر زەختی پرسیاری نووسەردا هەندێ ڕۆشنایی دەخاتە سەر هۆیەکانی بێ پرسیاری خۆی و هاوەڵە ئەنفالکراوەکانی، ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە دەشێت ئێمە ئەنفال وەکوو پڕۆسەیەکی مێژوویی و شارستانی دژی کورد ببینین؛ کە لە سەردەمی پێش مۆدێرنەوە هاتووە و لە ڕێگەی مۆدێڕنەیەکی ئامرازیانە و چەکتەوەرانەوە قۆناغی بەرهەست و زەقی خۆی دیاریکردووە و مۆرکی قڕکردن و سڕینەوەی ناوە بە کورد وەکوو شووناسێک لەدەرەوەی خود، وەکوو قەوارەیەک کە وەکوو ئەویدییەکی شەیتان دەناسێنرێت. کەواتە ئەنفال لە ساڵەکانی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیست ڕوخسارە مۆدێڕن و ماشینییەکەی دەرکەوت و پێش ئەوەش بە ژێر دەمامکی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی شۆڤێنیی عەرەبەوە بووە.
ئەم بێدەنگی و تێکچوونەی کورد (فەرەجی ئەنفالکراو بە نموونە) پێش ئەوەی ببرێتە “عەرعەر” هاتبووە ئاراوە و دەبێ لێرەدا ئێمە کۆ ببینین نەک تاک، واتە؛ فەرەج وەکوو مێژوویەکی گشتی و دەستەجەمعی ببینرێت ئەگینا میتۆدی سایکۆلۆژیی لە دیاریکردن و دیاگنۆسکردنی ئەم تێکچوونە کوورت دەهێنێت بۆیە ئێمە دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتر و ناساندنی ئەزموونی فەرەج و هاوڕێکانی لە مەرگ زیاتر بیاندوێنین و زۆرتر بیانخەینە ژێر پرسیاری دەروونناسانەوە و ماف ئەوەیە دەسەڵاتی کوردی بنکەیەکی توێژینەوەیی و شیکاریی تایبەت بەم بابەتە گرینگە بکاتەوە.
ئێستە جیا لەو ئەنجامگیرییە دێینەوە سەر ئەم پرسیارە کە لە بەشی یەکەمدا گەڵالەم کرد کە ئایا لە مێژووی ئێمەدا هەر ئەم لایەنە کپکراو و ئەنفالکراوە ئامادە بووە و بەردەوام تووشی شکست بووین؟ ڕۆحی بەرگری و بەرخۆدانی کورد لە کوێی ئەم گێڕانەوە و مێژووەدا دەوەستێت؟ پێشمەرگە نوێنەرایەتی چ دەرکەوتەیەکی لە ڕۆحی مێژوویی کورد کردووە؟ لە بەشی داهاتوو دەپەرژێمە سەر ئەم بابەتە. [1]