ناونیشانی بابەت: گێڕانەوەکانی فەرەج پاش کارەساتی ئەنفال: بەشی یەک
ئامادەکردن: #عادل قادری#
هەر کات بێینە سەر باسکردنی ئەنفال دەڵێین؛ هێشتا لایەنی شاراوە و نادیاری زۆرە.
(هەڵوێستەیەک لەسەر پەڕتووکی “لە تۆپخانەوە بۆ عەرعەر”)
=KTML_Bold=“پێشەکی”=KTML_End=
ئەوە بنەمایەکی درووستە کە هەر کات بێینە سەر باسکردنی ئەنفال بڵێین؛ هێشتا لایەنی شاراوە و نادیاری زۆرە! ئەنفال هەم لە ڕووی شێوازی جێبەجێکردنییەوە و، هەم لەو ڕووەوە کە بەسەر نەتەوەیەکی بندەست و چارەنووس نادیاردا پیادەکرا و، هەم لەو لایەنەشەوە کە بێدەنگییەکی قووڵ و فراوانی هەرێمی و نێونەتەوەیی بەسەردا سەپێنرا، درووستبوونی ئەو بنەمایەمان بۆ دەچەسپێنن! کاڵفامی و ساویلکەییەکی لێبووردە هەڵنەگرە وای دانێین ئەم پڕۆژەی پاکتاوکردن و ژینۆسایدە بە بێ ئاگاداریی وڵاتانی دەووروبەر و هەندێ موفتی و بڕیاردەری ئایینی و کەسایەتی جیهانیی و عەرەبی و فارسی ڕوویداوە، ئەمە تەنانەت بۆ نەزمی زاڵی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و پێکهاتەی سیاسی و یاسایی جیهانی سەردەست و زلهێزەکانیش ڕاستە، نابێ وابیربکەینەوە ئەنفال دەبێ تەنیا بە پێی هەندێ ماددە و بڕگە و بڕیاری یاسایی خوێندنەوە و شرۆڤە بکرێت، ئەگەرچی هەوڵدان بۆ ئەو دەسکەوتانەی کە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنفال لێکەوتووان و نەتەوەی کورد وەکوو قەرەبوو دەستەبەری دەکات، دەبێ یەکێک لەو کار و تێکۆشانە بەردەوام و ماندوونەناسانە بێت، تاکوو هەم پرسی ئەنفال بکەوێتە ئاقاری کێشە و پرسگرە جیهانی و نێونەتەوەییەکان و هەمیش لەو ڕێڕەوەوە قەرەبووی ڕاستەقینە و شایستەی برینی جەستەی ئەنفال بکرێتەوه، بەڵام هەموو ئەمانەش دەبێ لە پەراوێزی پرسیاری” ئەنفال چییە؟”دا بمێننەوە.
ئەم ڕستە پرسیارییە جیا لەوەی داکۆکیکردنە لەسەر خودی پرسی “ئەنفال” وەکوو کێشەیەکی (مێژوویی-سیاسی) و ئایدۆلۆژیک کە تێڕامان و بیرکردنەوەی زۆری پێویستە، پێداگرییەکیشە لەسەر گێڕانەوەی هەمەلایەنە و لەبننەهاتووی ئەنفال و چرکەسات و هاوار و نەبوون و قیژە و زریکە و لم و شۆڤڵ و موستەشار و نووسەر و پێشمەرگە و بڕیاری سیاسی و ئێران و #بەعس# و و ئەدەب و ئەخلاق و…هتد کە کارەساتێکی وەها مەزن بە بێ هەڵوێستە و تێڕامان لەسەر ئەم لایەن و جەمسەرانە نە مانای ڕاستەقینەی خۆی دەبینێتەوە و نە هۆکارەکانیشی دیاریدەکرێت و، نە شتێک لە ساڕێژبوونەوە دێتە ئاراوە و نەش وەکوو ئەگەرێک لە داهاتوودا پێشی پێدەگیردرێت، بەم ئاڕاستەیەدا و لە ڕووی ئەخلاق و پراکتیکی سیاسییەوە دەشێت بپرسین؛ ئایا ئەگەر وڵاتانی هەرێمی و دەووروبەر و تەنانەت ناوەندە جیهانییە خاوەن بڕیار و بەرپرسەکان لەم بابەتە بە ڕادەی پێویست لەسەر “ئەنفال” و کۆمەڵکوژیی کوردەکان لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا هەڵوێستەیان بکردایات، دۆخی مرۆیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگە نیابەتی و ناڕاستەوخۆ دوورودرێژەکان لە ئێراق، سووریا، یەمەن، فەلەستین، لوبنان، ئەفغانستان و…لە ئارادا بوون؟ دەکرێ پرسیارەکە لەم سیاقە فەرمی و مەکیاجکراوە دەربێنین و ڕاستەوخۆتر و ڕاشکاوانەتر بپرسین؛ ئایا ئەگەر ئەنفال بە ڕادەی پێویست بخوێنرایەتەوە و بوونی کورد وەکوو نەتەوەیەکی بندەست و بێ-دەسەڵات و قوربانی لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر ببینرایا داهاتوویەکی شایستەتر و دوورتر لە شەڕ و مەرگ و ئاوارەیی مرۆڤ و پەنابەریمان نەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ واتە؛ مەبەستمە بڵێم نەخوێندنەوەی ئەنفال و پشتلێکردن لەو هەموو قڕانکردن و پاکتاوکردنە و تەنانەت بەکارهێنانی ئەو دۆخەی کورد لە بەرژەوەندی خۆیان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و جیهانییەوه، ئاوەها دۆخێکی سەرمایەدارانە و دژەمرۆڤانە و بەرژەوەندیتەوەرانەی بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوینی نەوت و پێغەمبەر و کولتووری کەونینەدا سەپاند.
نیشانەی ڕزگارەی هەروەکوو ڕێگای ڕزگاری لەدەرەوە نایەت بەڵکوو لە ناوەوە خەوتووە و دەبێ بێدار بکرێتەوە و تێچووی بۆ بدرێت. ئەم چەند سەرنجە وەکوو پێشەکییەکی پێویست باسم کرد تاکوو زیاتر پێداگر بین لە دانانی لقێکی گەورەی توێژینەوەیی و ئاکادیمی بە ناوی “ئەنفالناسی”، ئەگەرچی ئەم باسە پێشتر ورووژاوە و شتێکی تازە نییه، بەڵام ئەوەی کە چەندە لە پانتای واقیعدا جێبەجێ کراوە و ئەنجامێکی دیار و کاریگەریی هەبووبێت جێگەی مشتومڕی زۆرە. ئەنفال وەکوو هەموو دیاردە مێژووییەکانی ئێمە خراوەتە ناو گەرداوی سەودا و بازرگانییەکی بێ چاو و ڕووەوە، لە بازنەی کایەی سیاسی و حیزبی و تەنانەت خێڵەکیانەدا ماناکانی سنووردار کراون، ئەگەر ئەنفال لەم ئاستەدا بمێنێتەوە بێگومان نەتەوەبوونی ئێمە وەکوو کورد دەچێتە ژێر پرسیاری لەوە گەورەترەوە کە ئێستا هەیە، گەر زامێکی وەکوو “ئەنفال” نەتوانێت کۆبوونەوە و یەکدەستییەکی گەورە بە ناوی نەتەوە و شوناسی گشتی درووست بکات، ئەوا دەلالەت لە نەبوونی ئاوەز و یادەوەری و بوونێکی زیادەیە لە مێژوودا و بیەوێ و نەیەوێ لە ناو کایەکانی هێز و هاوکێشەی زلهێزەکانی شەڕدا لەناو دەچێت، هەموو ئەمانەم وت تاکوو بڵێم “ئەنفالناسی” دەشێت هەم “خودناسی” ئێمە بخەمڵێنێت و هەم “ئەویدیناسی” ئێمە هەراوتر و قووڵتر بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە چاوێک دەخشێنین بە هەندیک لەو دیمەن و ڕستانەی کە “فەرەج محەمەد عەزیز” وەکوو یەکێک لە هەڵاتووان و ڕزگاربووانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی “ئەنفال” لە دیمانەیەکی عارف قوربانی؛ توێژەری ماندوونەناس و چالاکی بواری ئەنفالناسی لە پەڕتووکی”لە تۆپخانەوە بۆ عەرعەر” دەیخاتە ڕوو.
ئەم پەڕتووکە لە قەوارەی 57 لاپەڕە و ساڵێک پاش هێرشی هاوپەیمانان بۆ ئێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس واتە ساڵی 2004 چاپکراوە.
=KTML_Bold=“فەرەج وەکوو ڕزگاربوویەکی ترساو”=KTML_End=
لە شێوازی پرسیارکردنەکانی نووسەر و پێداگریی بۆ گرتنەوەی وەڵام، بیرکردنەوە و وشیارییەکی بەرچاو دەردەکەوێت، ئەمە لە درێژەی دیمانەکەدا و لە چەندین شوێندا خۆی نیشان دەدات، بەڵام شتێک کە لە پشتی ئەم دیمانەیەدا و لەدەرەوەی پەڕتووکەکەدا بە ئاماژە سووکە قامکێکی بۆ ڕاسێندراوە ئەمەیە؛ کە “فەرەج” ئەم دیمانەیەی مەرجدار کردووە واتە لە چەند شوێندا دەڵێت؛ من بە مەرجێک وەڵامی پرسیارەکان دەدەمەوە کە تۆش (عارف قوربانی) ڕەچاوی ئەو شتانە بکەیت پێم وتووی، وەکوو لە دیمانەکەدا دەردەکەوێت ئەو دۆخەیە کە ئێستە وەکوو شایەتحاڵ هەیەتی و لە “ئەمریکا” نیشتەجێ بووە تاکوو بۆ ئەو دۆسییەیە شایەتی بدات، ئەمە لایەنی سیاسی و یاسایی بابەتەکەیە، بەڵام ڕوویەکی هەرە گرینگی ئەم بابەتە لایەنی سایکۆلۆژییەتی کە ترسە و من لە درێژەدا هەوڵ دەدەم ئەو ترسە ڕەمزی و گشتگیرە کە لە کەسێکی ڕزگاربووی ترساو و ترۆماڵێکەتووی گۆڕەبەکۆمەڵەکان مانیفێست کراوە، زیاتر دەربخەم. ئەم حاڵەتە لە دیمانەکەدا لە چەندین شوێندا دەردەکەوێت و (عارف قوربانی) بەوردی لە ئاڕاستەکردنی پرسیارەکانییدا و ئەو “بۆ” لۆژیکی و بەجێیانەدا ئەو ترسە دەردەخات کە سایکۆلۆژیای کەسێکی بە جەستە ڕزگاربوو لە کارەسات و ترۆما و شۆکبوونی پاش کارەسات (posttraumatic stress disorder) بە باشی مانیفێست ئەکات.
دیارە ترس غەریزەیەکی ئاسایی هەموو بوونەوەرانە و بۆ مرۆڤ بە گشتی و بۆ کوردیش بە تایبەتی زۆر ئاساییە، بەڵام چییەتی ئەو ترسە و بەدواداهاتەکانی جێگەی سەرنجی منن و پەیوەندی “ترس” و وشیاری و بوێری و بە گشتی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە ئۆنتۆلۆژیک و بوونناسانەیە بۆ من گرینگە کە مرۆڤ دەتوانێت لە هەمبەر ترس (لە مەرگ، لە کیسدان، دەسدرێژی و…) دا بیخاتە ڕوو و بە هۆکاری دیار و نادیار نایخاتە ڕوو!
=KTML_Bold=لە لاپەڕەی 11ی پەڕتووکەکەدا لە پرسیار و وەڵامێکدا دەخوێنینەوە؛=KTML_End=
پ؛ تۆ خۆت بێخەتا لەسەر چوونت بۆ #کەرکووک# و گەڕانەوەت چەنێ زیندانی کرای!… زاڵمی لەوە زیاتر چی…؟
و:؛ کورە لە چاو ئەنفالەوە ئەوە کوا زوڵم بوو کە لە من کرابوو… ئەوەی لە ئەنفالدا کرا قەت نەبووە و قەتیش زوڵمی وا لە دونیادا دووبارە نابێتەوە… ئەوەی من لە ئەنفال دیم جورئەتی ئەوێ بیگێڕیتەوە.
ئەمە لە ڕاستیدا ڕووە شاراوەکەی ترس و بەراوردکردنێکە لە زمان و نیگای کەسێکی ترۆماڵێکەتوو و ترسێنراوە لەنێوان گرتنێک لەسەر هێنانی ئاڵف (لە قشڵاخەکۆنەوە بۆ کەرکووک بە تەرەکتەر کە 5 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە و 15 مانگی لە ئەبوغرێب و 16 مانگیشی لە موسڵ کێشاوە و دواتر کەوتووەتە بەر لێبوردنێک) و ئەنفال کە دەرخەری ئەو ململانێیەیە، کە دەسەڵات لەگەڵ چەوسێنراو و قوربانیدا کردوویەتی واتە ژیانی بە بێ هۆ دەخاتە مەترسییەوە (گرتن لەسەر هێنانی ئاڵف) و ڕزگاری دەکات (عافوات بەبێ هۆیەکی ڕاستەقینە!) . خودی ئەم کایەیە ترسی لە قوربانیدا کردووە بە تایبەتمەندییەک لە کەسیاتیدا بۆیە ئەو شێوازی چەوساندنەکە وەها شۆکی لێداوە و تۆقاندووتی بیر لە جەوهەری ژیان و بوونی مرۆڤانەی خۆی ناکاتەوە، هەموو ئەو بەها ئینسانیانە کە بوار دەدات بە ئەو کە لە سەرزەمینی خودادا هەناسە بکێشێت لەلایەن بەعسەوە داگیرکراوە و ئەو پێی ڕاهاتووە و هەر لە بەر ئەوەشە ترسەکەی “فەرەج” دەبێ بە ترسێکی دەستەجەمعی و ئۆنتۆلۆژیک نەک تایبەتمەندییەکی تاکەکەسی.
=KTML_Bold=لە لاپەڕەی 15ی دیمانەکەدا و لە پرسیار و وەڵامی دیکەدا دەخوێننەوە؛=KTML_End=
پ؛ جگە لە ئێوە کە لە ناچاریدا پەناتان بۆ بارەگای فەوجی (64) برد، تەنیا چەکداری کوردی لێ بوو. واتا تەنیا جاش لەوێ بوون؟
و؛ تا دوو ڕۆژ بەڵێ…
پ؛ ئەی دوای ئەو دوو ڕۆژە؟
و؛ هەندێ سەربازی دیکە هاتن بۆ لای فەوجەکە و تێکەڵ بە فەوجەکە بوون…
پ؛ ئەو دوو ڕۆژە کە هیچ سەربازی لای فەوجتان نەبوو، هیچ بیرتان لەوە نەکردەوە کە لەوێش خۆتان ڕزگار بکەن؟
و؛ ئێ بۆ کوێ بچین ئەوە باشترین شوێن بوو کە هەڵمانبژاردبوو..!
پ؛ ئەی لەو دوو ڕۆژەدا هیچ جارێک قسەتان لەگەڵ مستەشارەکەدا نەکرد چیتان لێ دەکات…؟
و؛ زۆر خەڵکی لێ بوو ئێمە هەر نەدەگەیشتینە موستەشارەکە تا ئەو پرسیارەی لێ بکەین…
پ؛ ئەگەر بتانویستایا بچن ئەو پرسیارەی لێ بکەن کەس هەبوو ڕێگربێ لە بەردەمتان…؟
و؛ وەڵاهی نازانم. ئێمە هیچ بیرمان لەوە نەکردەوە کە بچین ئەو پرسیارەی لێ بکەین و لێیشی بەگومان نەبووین تا پرسیار بکەین، ئێمە مەمنوون بووین کە داڵدەمانی دابوو…چیمان لێ دەکات، ئێمە پەنامان بۆ بردبوو لە دەستی سوپا بمانپارێزێ ئەویش مەرجی ئەوە بوو کە بە چەکەوە بچین و دەمانپارێزێ، ئەو کاتەی لەوێش بووین و کەس بەڵامان دا ناهات، لای ئێمە ئەوە بوو کە ئەو پیاوە (موستەشارەکە) وەعدی خۆی بردۆتە سەر و پاراستوومانی…
ئەم دێڕانە دەرخەری ترسێکی سیستەماتیک و دەقگرتوو لە هەناوی فەرەجدان، ترسێک کە لە زەمینەیەکی گەورە و درێژخایەنی مێژووییدا درووست بووە، لە ئەنفالیشدا ڕۆڵی خۆی گێڕاوە و بووە بە بێدەنگی قوربانی لە هەمبەر جەللاددا و بە جۆرێک بەشدارییەکی نەخوازراو و هەڵخێزراو لە ترس و ترۆما لەگەڵ ئەنفالکەران. ئەم ترسە نابێ وەکوو ئاوەڵناو و تاوان و تۆمەت و… هتد، بخرێتە پاڵ کەسێکی دیاریکراوی وەکوو “فەرەج” یان هەر ڕزگاربوویەکی دیکە بەڵکوو وەکوو لەسەرەوە تیشکم خستە سەری دەبێ وەکوو تایبەتمەندییەکی گشتی سەپێنراو بە سەر کورد کە جەللاد و سێبەر و شمشێرەکانی لە هەناویدا جێگیریکردووە ببینرێت، ترسێک کە تەنانەت بۆ ئەوەی ڕزگاری ببێت مل دەدات بە گۆڕینی خواست و شێوە ژیانی خۆی (واتە جاشایەتی لە ڕێگەی موستەشارێک) بەڵام ئەوەش دادی نادات، لەمەش گرینگتر بێدەنگبوون و بێ پرسیاربوونی فەرەجە هەر لەو کاتەوە کە سواری سەیارەیان دەکەن بەرەو تۆپزاوا تاکوو کاتی گوللەبارانکردن لە بیابانەکانی عەرعەر.
بۆیە دەڵێم؛ ترسەکە ترسێکی دژە ئۆنتۆلۆژیکە چونکە بە درێژایی ئەم دیمانەیە “فەرەج” و هاوڕێکانی یەک پرسیار یان ناڕەزایەتی ناخەنە ڕوو کە بۆ کوێمان دەبەن؟ چیمان لێدەکەن؟ ماڵ و منداڵمان کوان؟ واتە یان “فەرەج” و هاوڕێکانی قووڵایی ژیان و ڕەسەنایەتی ژیان بەلایانەوە دیار و زەق نەبووە و لە بەردەم سێبەری مەرگدا دەستەوسان و ملکەچ بوون، یان وەکوو ئاماژەم بە لایەنی سایکۆلۆژی و پێوەندی دەسەڵات و کۆمەڵگە دا ئەوان ناوێرن بیر لە شیوەژیانێک بکەنەوە کە لەدەرەوەی سیستەم و سێبەری جەللاد بێت. هەر دوو ڕووی بابەتەکە شیاوی تێڕامانن. بەڵام ئەو بە شێوەیەکی تەوسیفی و باسکارانە دەگێڕێتەوە و دەڵێت؛
– خەڵکێکی زۆری لێبوو (مەبەست لیوای #چەمچەماڵ#ە) … پڕی ژن و منداڵ بوو… تەرەکتەرێکی زۆری لێبوو، شەرواڵی ژن کرابۆ چەنچی عەرەبانەی تەرەکتەرەکەوە، کە ئەو دیمەنەم بینی وەک ئەوە وابوو گوللەیەک بەسەر دڵمەوە بنێن… ئیتر هەموومان نائومێد بووین…
خاڵی جێی سەرەنجی دیکە کە ئەم باسە پشتڕاست دەکاتەوە ئەمەیە؛ کە “فەرەج” ئەم گێڕانەوەیانەی تا ساڵی 2003 کە سەدام ڕووخاوە بۆ هیچ کەس باس نەکردووە (جگە لە سایەقی لۆرییەک نەبێ کە لە بەغاوە بەرەو کەرکووک سواری کردووە و نەیناسیوە و خەڵکی #هەولێر# بووە و یارمەتیی داوە) تەنانەت بۆ هاوسەر و منداڵەکانیشی باس نەکردووە.
=KTML_Bold=لە لاپەڕەی 49دا دەخوێنینەوە؛=KTML_End=
پ؛ …ئەوان تاکەی چاوەڕێی گەڕانەوەی براکانت بوون؟!
و؛ وەڵا ئەوان تا سەدام ڕووخا هەر بە تەمابوون بێنەوە، بەڵام هەر ئەو ڕۆژە کاتێ ئاویان بۆ گەرم کردم و خۆم شۆری… جلەکانی ژێرەوەم خوێنی پێوەبوو. ئەوان زۆر ترسان و کەوتنە پرسیارکردن… ناچار وتم کە بردومانیانە بۆ سجن سەیارەمان وەرگەڕاوە… بەڵام گەڕانەوەکەم بۆ من قوورس بوو مایەی مەترسی بوو چونکە کە بڵاو بێتەوە من گەڕاومەتەوە هەرچی کەسوکاری ئەنفال هەیە ڕووی پرسیار ئەکەنە من کەسوکاریان چی بە سەر هاتووە بەمەدا ئاشکرا ئەبم و حکومەت ئەمگرێتەوە کە چۆن گەڕاومەتەوە…
ئەمە دەرخەری زیاتری ترسی ئەوە لە گێڕانەوە و خستنەڕووی ڕووداوێکی گەورە و کارەساتاوی کە هەم بە سەر خۆیدا هاتووە وەکوو تاک و هەم بە سەر نەتەوەکەیدا! ئایا بێدەنگی وا تەنیا بەرهەمی دەسەڵاتدارێتی و سیستەمی دەسەڵاتی خودایانە و تۆتالیتارانەی بەعسە؟ ئەی بەرگری و هاواری ژیان لە مرۆڤی کورددا نەبوو و نەمابوو؟
=KTML_Bold=پەراوێز و سەرچاوەکان؛ =KTML_End=
1- قوربانی، عارف، لە تۆپخانەوە بۆ عەرعەر، فەرەج؛ ئەو ئەنفالکراوەی دوای گوللەبارانکردنی لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانەوە گەیشتە واشنتۆن، کوردستان، کەرکووک، 2004.
2- کەوە، فریشتە، کارەساتی #هەڵەبجە#، توێژینەوەیەکی سایکۆلۆژی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم 2008.
3- پ: پرسیار، و: وەڵام. [1]