ناونیشانی بابەت: کایەی میدیایی کۆماری ئیسلامی و خوێندنەوەی پەرچەکردارەکان
ئامادەکردن: #عادل قادری#
ئەم ڤیدیۆ کوورتە بەخێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرپەرچدانەوەی توندی و سۆز ئامێزی لێکەوتەوە و کەوتە سیاقێکی دوور لە شیکاری و بەدواداچوونی ڕاستەقینە بۆ بابەتەکە و مەجالی ئەوە نەدرا تاکوو هەموو بابەتەکە بە تەواوی ڕوون ببێتەوە، لێرەدا پەرچەکردارەکان هەر لە سەرەتاوە چەند ئاڕاستەیان گرتە بەر.
1- ئاڕاستەیەی یەکەم؛ کە لەلایەن چالاکانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی ئینستاگرام گیرایە بەر و بریتی بوو، لە بەرگریکردنێکی توند لە جلوبەرگی کوردی و ئیدانە و لۆمەکردنی وتەی پێشکەشکار (کە وەکوو دەڵێن خۆیشی کوردێکی کورمانجی خەڵکی خۆراسانە) ، قوورسایی چالاکیی ئەم ئاڕاستەیە زیاتر لەسەر نومایشکردنی جلوبەرگی کوردی وەکوو هێمای جوانیی و کەونینەبوونی کولتووریی نەتەوەیەک بوو کە لەو ناوەشدا هەندێجار سووکە توانجێکیان دەگرت و جار نا-جاریش هێرشێکیان دەکردە سەر میوانی بەرنامەکە کە بۆچی وا بەرگریی لە جلوبەرگی کوردی کردووە و ئەفسانەکەی پێچەوانە کردۆتەوە، ئەم ئاڕاستەیە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چەند گێڕانەوەی جیاواز و دژبەیەک لەبارەی ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەرەوە هەیە، و بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەمەی کە ئەو هەر بەم پاشخانە کەم یان مامناوەندییە لە زانیارییەوە بەرگریی لە جلوبەرگ و سیپاڵی خۆی کردووه، بەردەوام بوون. نیشانەناسیی پەرچەکردارەکانی ئەم ئاڕاستەیە لە ڕستەگەلی؛ (ئەمنیش کوردم، ئێمەش کوردین، هەموومان شوانین، شوانبوون شانازییە بە وێنەی جلوبەرگی کوردییەوە خۆی دەبینێتەوه) .
2- ئاڕاستەی دووەم؛ بێ ڕێزی بە پێشکەشکار وەکوو نوێنەری کولتووری فارس (نەک پیلانی سیستەمی سیاسی) گرتە بەر و تەنانەت یەکێک لەم شەڕە بەندکەرانە (ل.عەزیزی) چەند خولەکێک دژی ئەو پێشکەشکارە گۆرانی دەڵێت و کولتووری باو و باپیرانی بە ئەندازەی مێژووی کڵاشی هەورامی نازانێت! سەرەڕای ئەوەی لەنێو بەندەکانیشیدا بە لیبۆک و نەفام و…هتد ناوزەدی دەکات، ئەم ئاڕاستەیە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ دژی ئەویدیی کورد لە “ئێران” واتە فارس کەوتنە جوێندان و بەرگریکردن لە کەلتووری کۆنی کوردی و گاڵتەکردن بە کەلتووری فارسی.
3- ئاڕاستەی سێیەم؛ لایەنێک بوو کە لە بنەوەڕا بەشداریکردنی “فەریبورزی” بە هەڵەی گەورە ناوبردووە و لەبنەمادا ڕۆشتن بۆ میدیای سیستەمی کۆماری ئیسلامی وەکوو کارێکی تەواو هەڵە زانیوە کە خودی ئەم لایەنەی ناو ئەم ئاڕاستەیە دەبن بە دوو بەشەوه؛ بەشی یەکەمیان بە نەوایەکی کوردانەوە لەوەی کە هەر سووکایەتییەک بە و میوانە کوردە کراوە مافی خۆیەتی، چونکە بەشێوەیەکی گەوجانە بەشداری بەرنامەی سیستەمێکی سیاسیی زاڵم و گەندەڵ و دژەکوردی کردووە، دەستەی دووەمیش کە من لەم ئاڕاستەیەدا دایاندەنێم لەوانە بوون کە هیچ گومانێکیان لە پیلان و پلانی سیستەمی میدیایی و دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بۆ کورد و کەمینە نەتەوەکان نەبوو بەڵام بێدەنگ بوون تاکوو تۆزێک زیاتر پلانەکە ئاشکرا بێت.
ئەگەرچی هەموو پەرچەکردارەکان لەم سێ ئاڕاستەیدا خۆیان نابیننەوە و، پەرچەکردارەکە هەندێک لە هونەرمەندان و کەسانی غەیری کوردیشی گرتەووە کە بەرگرییان لە جلوبەرگ و هێما کولتوورییەکانی کورد کرد، یان نوێنەرانی کوردی پەڕڵەمانی “ئێران” هەر کام بە سیاق و شێوازی خۆیان کەوتە ناو ئاڕاستەی پەرچەکردارکەناوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا بە گرینگی دەزانم ڕای گشتیی و پەرچەکرداری جەماوەری کوردە نەک ئەوانی دیکە، یان کایەکارانی ڕاستەوخۆی ناو سیستەمێکی دیاریکراوی سیاسی یان میدیایی. دەبێ دان بەوەدا بنێین؛ کە هەموو ئەم پەرچەکردارانە لە ناو کایەیەکی میدیایی مەبەستداردا هاتونەتە گورین و درووستکردن، بە وتەی فەریبورز ئەو فیلمە هی بەرنامەیەک بووە کە دوو ساڵ پێش ئێستا بەڕێوەچووە و ڤیدیۆکە بە مەبەستێکی دیاریکراو قرتێندراوە و ئێستا بڵاوکراوەتەوە. ڤیدیۆکە تەنیا ئەمەیە کە سەرەتا خانمە پێشکەشکار بە خێرهاتنی دەکات و پاشان پیاوە پێشکەشکارەکەش دەڵی؛ ئەم جلوبەرگە شوانییە چییە لەبەرت کردووە ئەویش بە سووکە شۆکێکەوە دەڵێ؛ ئەمە یادگاری سەردەمی کاوەی ئاسنگەرە و هێمای زاڵبوونە بە سەر ستەمکاردا. کە من دیالۆگی تەواوی ئەو بەشەی ڤیدیۆکەم لە سەرەوە باسکرد.
بۆ ئەوەی کە زیاتر دڵنیا بین لەوەی کە ئەمە کایەیەکی سیاسییە و لە ڕێگەی میدیایەکی گشتییەوە بەڕێوەچووە، با سەرنجی ئەمە بدەین کە ئەم کەسە کە بانگکراوە بۆ ئەم بەرنامەیە کێیە و لە چ بوارێکدا ئیشی کردووە؟ ئەم کەسە کە لە چەندین بەرنامەی دیکەدا بەشداری کردووە و لە بەرنامەیەکی دیکەدا کە پێشکەشکارەکە ناوی “ڕەشید پوور”ە هەر بەم جلوبەرگانەوە ئامادە بووە و ڕێز و مەدحێکی تایبەتی جلەکانی لەلایەن پێشکەشکارەوە دەکرێت و تەنانەت هێندە خۆی حەپەساو و تامەزرۆ پیشان دەدات داوای کوڵەباڵەکەی لێدەکات و هەر لە بەردەم کامێراکەدا لەبەری دەکات و دواتریش “فەریبوورز” خۆی دەزماڵە کوردییەکەی ملیشی دەداتێ، لە بەرنامەیەکی دیکەدا کە ساڵی 98ی هەتاوی بەڕێوەچووە پێشکەشکارەکە کە مەلایەک بووە بە ناوی “محەمەد بەرمایی” هەر بەشدار بووە کە دیسان بەشێک لەم بەرنامەیە بە پلان و مەبەستێکی دیاریکراو دەقرتێنرێت و تەنیا ئەم دیالۆگەی نێوان فەریبورز و پێشکەشکارە مەلاکە بڵاو دەبێتەوە کە مەلاکە دەڵێت: ئێ! مەگەر ژنانی کوردیش دەتوانن قسە بکەن؟ واتە مەبەستی ئەوەیە بۆیان هەیە قسە بکەن؟ بە پێی ڕوونکردنەوەکانی “فەریبورز” لەسەر پەیجی ئینستاگرامی خۆی لێرەدا باسی قسەکردنی ژنان بووە لە میحرابی مزگەوت و بەرنامەکە بۆ ڕێزلێنان لە ژنانی پێشڕەوی کوردی بواری کولتوور بووه، کەچی دیسان قسەکان قرتێنراوە و بەردەنگ وا تێدەگات باسەکە نەبوونی هیچ جۆرە ڕێز و مافێکە لە کۆمەڵگەی کوردی بە نیسبەت ژنەوە!
کاتێک ئەم پازێل و بەشانە دەخەینە پاڵ یەکدییەوە دەردەکەوێت؛ کە ئەوەی قوربانییە بە پلەی یەکەم فەریبورزە و پاشان پێشکەشکارەکان، چوون هەر دوکیان خوازراو یان نەخوازراو خرانەتە ناو گەردوونە و سووڕێنەی کایەیەکەوە کە ساڵانی پێش تۆوەکەی وەشێندراوە. بەدەر لە هەموو ئەمانەش دەبێ بزانین کە “فەریبورز” نیشتەجێی یەکێک لە گوندەکانی هەورامانی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ڕێگەی چالاکیی کەلتووری و جلوبەرگ و هونەرە پیشەییەکان لە بواری گەشتیاریی و ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ هەورامان جووڵاوەتەوە، بەم زانیاری و تێگەیشتنەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بۆچی بە پلەی یەکەم گەنجێکی سادەی کورد وەها قوربانی دەکرێت! هەموو ئەم زانیاری و وردەکارییانە پێویستن بۆ ئەوەی ماهییەتی کایەکەمان زیاتر بۆ ڕوون ببێتەوە. کاتێک ئێمە دەبینین لە بەرنامەیەکدا ڕێز لە جلوبەرگی کوردی دەگیرێت و لە بەرنامەیەکی دیکەدا ئیهانەی پێدەکرێت، ئەوا دەبێ تێبگەین شەنکردن بەم بار و بە و باردا لە میدیای “ئێران”یدا بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی سیاسی دایە، ئەگینا ئەو نە پەرۆشی ئەوەیە جلی کوردی ڕێزی لێبگیرێت و، نە عەوداڵی ئەوەشە سەرئێشەی زیاتر بە سووکایەتیکردن بە هێمایەکی کۆنی کولتووری کە خۆی و نووسەران و چالاکانیشی دەزانن مێژوو و دیرۆکی تایبەتی لە پشتە، بۆ خۆی درووست کات بەڵکوو مەبەستێتی گۆڕاو و گۆڕمەنی (متغیر) ی زیاتر و شاراوە بێنێتە ناو کایەکەوە کە لە ناو ئەم هەموو نومایشکردن و خۆنواندن و قەڕەباڵغبوونەی جیهانی مەجازی وتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەو گۆڕمەنی و لایەنە شاراوەیەمان بۆ دەرناکەوێت!
دەبێ ئەوە بڵێم؛ کە ئەم شێوازەی پێناسەکردنی نەتەوەکانی دیکە لەلایەن میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامییەوە هیچ تازە و غەریب نییە و، لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتدارێتی ئەو ڕژێمەدا نواندن و وێناندنەکە لە کورد و نەتەوەکانی دیکە هەر ئەمە بووە بەڵام لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە؛ ئێستە بە چ مەبەستێک ڤیدیۆیەکی دوو ساڵ پێشی بڵاو کردۆتەوە و تەنیا ئەو بەشەی کە هەڵخڕێنەر و ختووکەدەری هەستی گشتیی کوردە لە “ئێران” و “باشووری کوردستان” و تەنانەت کوردانی دەرەوەشدا؟ ئایا دەکرێت ئەم خەیاڵە خاوە قبووڵ بکەین، کە پێشکەشکار لە دەمی دەرچووە و بە هەڵە ئەمەی وتووە؟ ئایا لە میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی کە بە نیسبەت دەرکەوتنی هێما و ڕەمزەکانی نەتەوەکانی دیکە فیلترینگی ورد و توند و تۆڵ دادەنێت، ئەمە ئاساییە ڕوو بدات یان گەڵاڵە و پلانێکی لە پشتە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیاره، سەرەتا دەبێ بزانین ئاوەها کایەیەکی میدیایی بە ئاوەها دەربڕین و گوزارەبەندییەک بەوردی دەیەوێت چی مسۆگەر بکات؟ ئێمە وەکوو مرۆڤ یان وەکوو نەتەوەیەک لە هەمبەر بێ ڕێزی بە هێمایەکی شوناسدا چۆن دەجووڵێینەوە؟ دیارە کاتێک ئەم پرسیارە دەکەین مەبەستمان ڕا و شەقامی گشتیی کوردە نەک تاقمانێکی ورد و، کەمینە لێرە و لەوێ کە هەڵوێستە و خوێندنەوەیان بۆ بابەتەکان لەدەرەوەی ئەو حاڵەتەدا دەگیرسێتەوه. لە ڕۆژگارێکدا کە دونیا بە هەموو دیاردە مۆدێڕن و پاشمۆدێڕنەکان تەنراوە و نەتەوەی کورد وەکوو یەکێک لە نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی جیهان هەر بەشیک لە کولتوور و ڕابردوو و مێژووی خۆی بە شتێکی پیرۆز و شوناسساز دەزانێت ئایا بێ ڕێزیکردن بە و هێما و نیشانانە چاوەڕوانیی لۆژیکێکی زۆر ئاوەزمەندانەی لە پلەی یەکەمدا لێدەکرێت؟ بێگومان وەڵام نەخێرە. ئەم ڤیدیۆیە بۆیە بڵاو بووتەوە کە ڕێک و بە مەبەست هەست و سۆزی نەتەوەیی کورد بڕووشێنێ و لە ئاڕاستەی ئاوەزمەندانە دووری بخاتەوە ئەگەرچی بەشێکی زۆریش لەوانەی پەرچەکرداریان نواند دوی دامردنی کەفوکوڵی ڕووداوەکە ئانووسات زانییان چ باسە و چ کایەیەک دەستی پێ کردووە. ئەم کایەیە چەند ئامانجی سەرەکی هەبووە؛ کە تا ئێستا بەشێکیان بینراون و بە سەرکەوتووییش و بە یارمەتیی کۆرۆنایەکی کۆنترۆڵنەکراو! مسۆگەر بووە.
یەکەم ئەوەی کە بەشێکی زۆری شەقامی کوردی بەم ڕوانگە نیوەچڵەوە سەرقاڵ کرد کە جلوبەرگەکەشتان دەبێ بەرگریی و پێناسەی دووبارەی لێبکرێتەوە واتە؛ دابەزاندنی خواست و پەرچەکرداری نەتەوەیەک بۆ هێمایەکی کۆن و دێرین بەڵام ناتەواو و ناکامڵ، ئەگەرچی زووبەزوو شەقامی کوردی لەمە تێگەیشت بەڵام بەشێکی زۆری جیهانی مەجازی بە وێنەی جلوبەرگی کوردی پڕبوویەوە کە لە خۆیدا باشه، بەڵام چوون پەرچەکردارێکە لە هەمبەر کردار و پلانێکی قرتێنراوی دیاریکراو بۆ خۆی ناتەواوە و کەوتنە ناو داوەکە بوو. ئامانجێکی دیکە لەم کایەیە داشکاندن و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و شەقامی کوردییە لەو هەموو دەسبەسەرکردن و گیرانە کە ڕووبەڕووی چالاکنی مەدەنی و کولتووری و خوێندکارانی کورد لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە #ئیلام# و #کرماشان# و تەنانەت تاران و کەرەجیش بووەتەوە، کە بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تا ئێستە 67 کەس گیراون و بنەماڵەکانیان ئاگایان لە شوێن و جێگەیان نییە، ئایا کاتێک نوخبە و چالاکی سیاسی و مەدەنی کورد دەخرێتە سووچی زیندانەکانەوە و چارەنووسیان نادیار دەبێت ڕەوایە بکەوینە ناو وەها پیلان و پلانێکی میدیایی ڕێوێڵکەرەوە؟ [1]