ناونیشانی بابەت: شوناسی کوردی و سیاسەت
ئامادەکردن: #عادل قادری#
چەمکی (Identity) لە هەر کەلتوور و مێژوویەکدا دەلالەت و مانای خۆی هەیە و بەپێی ئەوەش لە دیسکۆرس (discourse) و مژارە فیکری و ئەدەبییەکانی ئەو کەلتوور و مێژووە دیسان سیستەمێکی تر لە بەرهەمهێنانی مانایی بۆی پێناسە دەکرێت. بەم حاڵەش ئەم چەمکە تایبەت نییە بە دونیای فیکر و ئەندێشەی ڕۆژاوا و تازەش نەهاتۆتە ئاراوە.
دەشێت بوونی ئەم زاراوەیە بگەڕێنینەوە بۆ سەردەمانی زۆر کۆنتر و تەنانەت پێش ئایینەکان و چاخی میت (myth) و ئووستوورەکان، بەشێوەیەکی گشتی و فەلسەفی لە هەر کوێ پرسیار هەبووە ئەم پرسە وجوودی و فەلسەفییەش ئامادە بووە، دەشێت ڕووبەری ئەو پرسیارانەی بەندن بەم چەمکەوە بەربڵاو و فراوان بن، هەر لە ڕوانگەی بوونناسانەوە بگرە تاکوو ڕوانینی سایکۆلۆژی و کۆمەڵناسانە و مێژووییش.
بە نیسبەت کۆمەڵگەی کوردییەوە ئەم زاراوەیە لە فەزایەکی بەتەواوی شۆڕشگێڕانە و سیاسییەوە لە دایک بوو و تا ئەمڕۆش لە دەلالەت و چیگالی (چەمکێکی جیهانی بیرکارییە و بەواتای ڕێژەی قوورساییەک کە لە کێشی هەر شتێک دا هەیە) سیاسی و بەرتەسکی خۆی دانەتەکاوە، کارەساتەکانی هەر مێژوو و کەلتوور و “زمان”ێک تەنیا لەوێوە دەست پێ ناکەن کە زانست و مەعریفە و فیکر بوونی نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەمەش کە یەک ڕەهەندی سامناک و وشک و شۆڕشگێڕانە لەسەر شتەکان ببێتە تاپۆ و سووژەئاسا هەموو شتەکان پێناسە بکات، ئەمەش لە کاتێک دایە تۆ بە واتایەکی سەربەخۆ و فیکری و مەعریفیش سیاسەتمەدارت نەبێت. ئەم دۆخە سیاسییە سامناکە وای کرد کە مرۆڤ و تاکی کۆمەڵگەی ئێمە لە ئەزموونە دەرهەست و مەعریفەخوازانەکەی دووربکەوێتەوە یان هەوڵەکانی لەژێر ئەو فەزا و سێبەرە ڕەشەوە نەبینرێن. نموونەش بۆ ئەم ڕستانە زۆرن.
هەر لە مەحوی و نالی و شێخ ڕەزا و حاجی قادر…تاکوو وەفایی و هێمن و هەژار و کامیلی زەنبیلی و…کە ئێمە دەق و ئەزموونی گێڕانەوەیی ئەم شاعیر و “زمانکار” و بوونەوەرانە دەخوێنینەوە ململانێیەکی قووڵ هەیە لەنێوان ئەزموونە مرۆیی و گشتگیرەکانیان و هەڵوێست و خواست و دەبێت (باید) ە سیاسییەکانیان. هەندێک لەم شاعیرانە توانیان لەو دۆخە بەرزەخییەی نێوان “بوون و نەبوون”دا چەشنێک لە ئێستاتیکا و ڕزگاری بە واتا ئۆنتۆلۆژییە کیرکیگاردییەکەی درووست بکەن. هێمن و نالی و تا ڕادەیەک مەحوی و… ئەمانە لەو فەزا ڕەش و سەپێنراوە ئایدۆلۆژیکەی مێژووی زمان و کۆمەڵگەیاندا ڕوانگەیەکیان سازاند کە پڕ بوو لە جوانی و خەیاڵ و گۆشەنیگای نوێ و شیمانە و ئیمکان بۆ داهاتوو… هیوا… خەون… ختوورە و.
باوەڕم وایە کە ئەم دوو ئەزموونەی کوردستان کە لە پەرانتێزی سیاسیدا هاتنە ئاراوە واتە دوو ئەزموونی شاعیرانی ڕۆژهەڵات و باشوور جیاوازیگەلی تایبەت و بنەڕەتی خۆیانیان هەیە هەر چەندە هاوبەشییەکانیش چ وەکوو خەونی مرۆڤانە و چ وەکوو خەونی تاکێکی “زمانوەر” بە کوردی، نابێت و ناتوانرێت نکووڵی لێبکرێت.
ئەم فەزا گشتییە تا ئێستەش بە شێوەی تر بەردەوامە، بەڵام گۆڕانکاریگەلێک لە وێژمان و گێڕانەوەی نووسەران و شاعیران واتە بە گشتی زمانکارانی کورد هاتۆتە ئاراوە، ئەویش ئەگەر بمەوێت بە شێوەی گشتی باسی بکەم ئەوەیە کە تارادەیەک تێگەیشتن کە سیاسەت مەکۆی خەونە ئینسانییەکانی ئەوان نییە و سیاسەت ڕزگاری درووست ناکات (لانی کەم ئەو سیاسەتەی کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێڕەو کراوە چ وەکوو سیاسەتمەداری کورد و چ وەکوو سیاسەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردستان تێیاندا دابەش بووە) بۆیە بەرەیەک لە زمانکاران و نووسەرانی ئێمە تێگەیشتن وەهمی ڕزگاری کە سیاسەت بۆیان درووستی کردووە فۆرمیتری هەر هەمان وەهمە کە ئایین هێناویەتی، بۆ ئەمەش ڕەخنەی سیاسەت و ئایینیان لە ڕووی فیکری و مەعریفی و ئێستاتیکییەوە کردە ڕێگایەک بۆ دەرچوون لەم قەیرانە و بەدەسکەوتیش بووە و ئەم ڕەوتەش بەردەوامە.
من نامەوێت کاریگەریی فیکر و هزری سیاسی لە چارەنووسی هیچ کۆمەڵگە یان جڤاتێکدا ڕەت بکەمەوە بەڵکوو دەڵێم ئایا هزر و ئەندێشەی سیاسی لای ئێمە لە کوێ دایە؟ لای ئێمە سیاسەت چ بووە تا ئێستە؟ ئێستا دەشێت چۆن بێت؟ وەکوو ئەرەستوو دەڵێ: “ئێمە بە شێوەی زاتی سیاسین”و ئەم وتەیەی ئەرەستوو بە باشترین شێوەی تەعبیرە لە دۆخی کورد. دیسان دەبێت ئەمەش باس بکەم کە من حەز ناکەم هەموو ڕێگاکان بچنەوە سەر سیاسەت، بەڵام کاتێک بەهۆی سیاسییەوە خەڵک و تاک و کۆی کۆمەڵگەی تۆ دەکوژرێن ناچار دەبین زۆرتر لەسەر سیاسەت و دەرکەوتە و ئەکتەکانی ورد بینەوە. ئەمەش کە بۆچی کۆمەڵگەی کوردی بەو شێوە سەیرە سیاسەت زەدە و خەسێنراوە پرسیارێکە کە وەڵامەکە لە ناو دڵی مێژوو و هەڵەمووتەکانی زەمان دایە کە هێشتاش باش ڕێگای دۆزینەوەیمان بۆ ڕوون نەبۆتەوە. لێرەوەیە تۆ کاتێک لەم فەزا “ببیت” (bee) و دواتر “هەبیت” (become) بۆت دەردەکەوێ یەکێک لەو شتانەی کە دەشێت شەڕی لەگەڵ بکەی ئەو بنەوا ئایدۆلۆژیک و ڕەقانەیە کە ئایین و سیاسەت تێیدا درووست کردووی. بۆیە کاتێک تۆ وەکوو بوونەوەرێک یەکەم پرسیاری ژیانت بۆ درووست دەبێت یان یەکەم چێژ و سیحری ژیان و بوون دەتحەپەسێنێت. لەو ساتە دایە شوناسدۆزی و شوناسخوازی لە ناختدا چەکەرە دەکات…ئەمەش شتێک نییە ئاسمانی بێت و تایبەت بە تاقم و توێژێکی بچووک بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤێک کە ئاستێکی نزم لە کنجکۆڵیشی هەبێت ڕوو دەدات، بەڵام گرینگ پاش ئەم ڕووداویە. گرینگ درێژەدان و سیرورییەت (become) و هەبوونەکەیە و دواتر گەیشتن بە ئاستێکی زمان و ئەکتیکاڵ کە تەعبیری لێ بکەیت و بیگێڕیتەوە.
کاتێک لە سەرەتاوە ئەم خواستی شوناسدۆزی و شوناسخوازییە گرێ درایەوە چەند خەونێکی بچووکی سیاسی کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی ئەو کات هەر کەسێک لەم سیرورییەت و هەبوونەدا ڕزگاری نابێت. بۆیە مرۆڤی ئێمە یەکەم شتێک وەکوو بوونەوەر و ناسکارێک لەگەڵیدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە پرسیار نییە بەڵکوو وەڵام و کۆمەڵێک ئایدیایە کە بەتاڵە لە هەر جۆرە گومان و تەژییە لە هەموو حەماسەت و بەرتەسک کردنەوەیەک.
لێرەدایە تێدەگەین قسەکردن لەسەر شوناسی مرۆڤی کۆمەڵگەی کوردی چەندە سەخت و ئەستەمە و چەندە دەبێ لەسەر ڕەهەندانی جۆراوجۆر کار بکەین و چەندەش دەبێت زانیاری کۆن و نوێمان لە بەر دەست بێت. شوناس لە ئێستەی بوونی مندا هەوڵ و ئارەزوو (desire) یەکە بۆ نێزیکبوونەوە و فامی مرۆڤێکی جیهانی…مرۆڤێک کە ئازادە لە ئایدۆلۆژیا بۆرۆکراتیکەکان. جا چ پەڕڵەمان و شارەوانی بێت یان خوێندنگە و زانکۆ بێت. ئازادییەک کە دەشێت ڕێز بۆ دەنگ و بەرهەمی ئەوانیش دابنێت.
شوناس بۆ من ئارەزوویەکە. توانستێکیشە بۆ نەک ڕزگاری بەڵکوو مانا بەخشین بە ژیانێک لە سەدەی بیست و یەکدا کە لە گێژەنی ملیۆنان مایکرۆ حەقیقەتدا دەسووڕێتەوە و وەیلانە دەنوێنێت.
شوناس بۆ من فامی ژیانە بۆ تێگەیشتن لە مەرگ لە ڕێگەی”زمان” و نازمانەوە. زمان لێرەدا بۆ من ڕووبەرێکی بەرین لە خۆ دەگرێت، هەر وەک چۆن نازمانیش وایە بۆم (لانی کەم زمان و نازمان لە پێوەندییەکی قووڵی چەند لایەنە دان و زمان فۆرمێکە بۆ فامی جیهان و نازمان و ئەو شتانەی کە لەدەرەوەی زمانن) زمانی کوردیش زمانی خەون و ختوورە و زام و ڕق و بوغز و حەزەکانی ئێمەیە و ناشێت لە قەوارەیەک بەدەر لەم زمانە زۆر بە قووڵی بژین. دیارە مەبەستم ئەوە نییە ئێمە ناتوانین بە زمانی تر بیر بکەینەوە و ڕوانینمان بگٶڕین و گەشەی پێ بدەین بەڵکوو باسم لەسەر ئەو ڕۆڵەیە کە زمانی زگماک لەسەر شوناسدۆزی هەر لە لانکەوە تاکوو دواتر هەیەتی… بەتایبەتی ئەو سەردەمەی منداڵی و حەوت ساڵی سەرەتا کە ئێمە لە چڵەپۆپەی فێربوونی زمان داین…
تا ئێستەش بۆ من وشەی دایک دەلالەت و هەست و سۆزە واتاییەکەی جیایە لە وشەی motherیان وشەی مادر یان وشەی ام … ئەم تێڕوانینە گشتییەم بۆ پێوەندی لەگەڵ زمانی مەحوی و نالی تاکوو وەفایی و هێمن هەر وایە. واتە بۆ من زمان تەنیا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی یان توخمێکی نەتەوەیی یان کۆمەڵێک نیشانە وەکوو سووسوور دەڵێت نییە، بەڵکوو لەپاڵ ئەمانەشدا خانە و فۆرمێکە بۆ بوون و ئەزموونێکی دیاردە ناسانە (phenomenology) کە دەشێت لە ناو هەر زمانێک و بە پێی ئاستی گەشە و نەشەی مێژوویی و ئایینی و زانستی و فەلسەفی خۆی هەیبووبێت. لە دواجاردا ئەوە دەڵێم شوناس بۆ مرۆڤ شتێکی قەتعی و پێگەیشتوو نییە بەڵکوو ئارەزوویەکە بۆ فام و باڵاکردنی “خود” (self) . ئەگەرچی هیچ ئاسمان و زەمینێکیش نەیگرنە خۆی. [1]