ناونیشانی بابەت: لە هیچەوە بۆ هیچ
ئامادەکردن: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
31 ساڵی حوکم ڕانی، دەسەڵاتدارانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، لە پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێم، پڕە لە کێشەی دژوار و داخراو ئاڵۆز، پڕە لە جیاوازی نێوان شارەکانی نیشتمان، پڕە لە قەیرانی عەقڵی چەق بەستووی حیزبایەتی، بە کۆکتێلی (خانەوادەیی و بنەماڵەیی وخێڵەکی).
هەموو مرۆڤێکی کورد، ڕۆژانە له ناوەوه و دەرەوەی نیشتمان، ئەو هەموو ململانێ نابەجێ و ناپەسەندو جیاوازی و دیاردە نەشیاوانە ی ناو ئۆرگانەکانی (مەڵبەندو لق) و (کۆمیتەو ناوچە)ی حیزبەکان دەبین، چۆن دەنگی ناو هۆڵی پەڕڵەمانی ناساز کردووە؟ چۆن هەموو کایەکانی حکومەتی هەرێم ی لە بناغەوە هەڵتەکاندووە؟
ئەم سەرکردانە، دوور لە هەموو بەهایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤایەتی، بە عەقڵی مەزاجیانەی خۆیان
هەموو توانا ی پسپۆڕی جیاجیای، گەنجانی ئەم نیشتمانەیه خستوەتە پەراوێزەوە، دەیان، سەدان، هەزاران، کادری ( ئینیهازی و ماستاوچی و کاسەلێس و خائین و جاسوس ) و هیچ لە بارا نەبوویان ، لە هەموو ئۆرگانەکانی حیزب و کایەکانی پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێم ، بە پلان و بەرنامەو نەخشە و سیناریۆی جیاجیا دامەزراندووە.
ئەم ئەزموونەی دەسەڵاتدارانی کورد ، بە پێ ی بەرنامه و نەخشە و پلانی داگیرکەرانی نیشتمان، هەموو بەهایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و کولتووری کوردیان سڕیووه تەوە.
ئەم سەرکردانە بە جۆرێک لەگەڵ هاووڵاتییان بوون بە هێڵی تەریب و لە خەڵک دابڕاون، کەس خۆشی ناوێن، خۆشیان لە ناو خۆیان دا، کەسیان یەکتریان خۆش ناوێت و هەموویان دژی یەکترین.
گرێی دەروونی سایکۆلۆجی ئەم دەسەڵاتدارانە، ئەوەندە ئاڵۆزو دژوارە، پڕە لە ڕق و کینه و پاشقول گرتن وسیناریۆ ، ڕەفتارەکانیان ئەوەندە ناڕەوا وناشرین و ناپەسەندە، پڕە لە ناعەدالەتی و غەدر ، پڕە لەرەفتاری ناشرین و پڕە لە مێژووەیەکی شەرمەزاری .
دەیان کەناڵی میدیایا ، لەسەر ئێسک و پروسکی شەهیدانی نیشتمان داناوە، به و هەموو ڕۆژنامەنووسە ماستاوچی ونووسەرە دووفاق و دەربارانە، ڕۆژانە دەیان سەدان هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵ و بەرنامەی سەقەتی بێ سەروبەرو درامای ئاست نزم ی دۆبلاج کراوی بێگانە ی دوور لە داب و نەریتی کوردەواری، دەگەیننە هەموو ماڵەکان، بەو هەموو بەرنامە، ئاست نزمانەیان، ئەوەندەی تر ژیانی گەنجەکانیان، لێڵ و تاریک تر کردووە.
ئەم حیزبانە هەموو ڕۆژێک، بە پێی مەزاجی سەرۆکەکانیان ، هەموو دژایەتی و شەڕو ململانێ ناڕوا و نابەجێ کانیان، لە کەناڵە جیاجیاکانیان و لە شۆسیال میدیاکەکانەوە پەخش دەکەن.
بەم ڕەفتارانەیان ، هیچ خزمەت و گۆڕانکارییەک بە تاکی کورد ناگەیەنن، جگە لە توندو تیژی و ڕق وکینە و پاشقول گرتن و سیناریۆو چاڵ هەڵکەندن بۆ یەکتریی.
ئەم دەسەڵاتدارانە، نوێنەری خانەواده و بنەماڵەکانیانن، هەموو کارەکانیان بە کەسە کاسەلێس ومەقاش و ماستاوچی و پەرپوتەکانی دەوروبەریان هەڵدەسوڕێنن.
لەم 31 ساڵەدا، دەسەڵاتدارانی کورد ، کام هەنگاویان ناوە، ببێ بە مایەی تێرامانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان؟
چ گۆڕانکارییەکییان درووست کردووه؟، تاکی کورد ، شانازی بە کام کارو کرده و هەڵویستیانەوە بکات؟
حوکم ڕانانی کورد بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی، دەیان، سەدان، کێشەی سیاسیی و ئابووری و کلتوریی و دەروونی، هاووڵاتییانیان لە ماف سەرەتاییەکانیان بێ بەری کردووە، کەسێتی تاکی کورد یان بە جۆرێک تێک شکاندوە و ئێستا و ئاییندەی ون کردووە، تف لە ڕابووردوو دەکەن.
ئێستا بە هەر پێوەرێکی دەستووری و یاسایی و ئابووریی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی و دەروونی، ئەم دەسەڵاتدارانە ی هەرێم هەڵسەنگێنین، لە خاڵی هێچەوە، دەگەینە خاڵی هیچ. [1]