ئایا (پارت) ەکان، بەشێک بوون لە کوردانی زازا؟
نووسینی: #لوقمان پۆڵات# .
گۆڕینی شێوەزار لە کرمانجییەوە: #ڕاپەر عوسمان عوزێری#، 07-06-2023
لە مێژوودا گەلێکی ئاریایی هەبوون بە ناوی (پارت) ەکان، کە زمانەکەیان هیندۆئەوروپی بووە. بەڵام، ئێستا گەلێک نییە، نەتەوەیەک نەماوە بەم ناوە بێت. پارتەکان کێن؟ ئایا کورد بوون؟ بەشیک بوون لە زازا یان نا؟ با سەرەتا خوێندنەوەیەک بۆ پارتەکان بکەین، چییان کرد، زمانیان چی بوو، ناوی پاشاکانیان چی بوون..؟
لە مێژوودا هەندێک نەتەوە کە شارستانییەت و لێهاتوویی و دەوڵەت و ئیمپراتۆریەتی گەورەیان دامەزراند، دواتر شکستیان هێنا و ڕووخان و نەمان. پارت یەکێکە لەو نەتەوە ونبووانە. پارتەکان (پارت - پارتاڤا) گەلێکی کشتوکاڵی بوون. زمانی ئەوان زمانێکی ئارییە. ئاخاوتنی پارتەکان وەک - یان زۆر نزیک لە - فارسیی کۆن و زازاکی ئەمڕۆ بووە. هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن دەڵێن پارتەکان دیمیلین، یان کوردانی زازان.
شوێنی نیشتەجێی پارتەکان لە باشووری ڕۆژاوای دەریای عەرەبیدا بوون. دەوڵەت و ئیمپراتۆریەتێکیان لە ساڵی 250 پێش زایین دامەزراند. لە سەردەمی میتریداتی پاشایاندا، دەسەڵاتی خۆیان بەسەر هەموو ئێران و تەنانەت بابلیشدا فراوانتر کرد. سوپای پارتەکان شەڕێکی گەورەیان لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا کرد و لە دەشتی هاران ڕۆمەکانیان شکاند، و پاشەکشەیان پێکردن.
کاتێک مرۆڤ سەیری مێژوو دەکات، دوو دەوڵەت یەک لە دوای یەک، لە یەک کاتدا لەسەر هەمان خاکی فراوان دامەزرابوون کە پێی دەگوترا خاکی ئارییەکان. یەکێکیان بوو بە (پارت)ی و ئەوی تریان بوو بە (ساسان)ی. بە بڕوای هەندێک لە مێژوونووسان، وشەی ساسانی لە بنەڕەتدا (زازانی) یە. لەبەر ئەوەی ئەوروپییەکان کە بە لاتینی قسە دەکەن پیتی (Z) بە (S) دەدرکێنن. بە بڕوای زمانناسان، زمانی زازاکی لە سەردەمی ساسانیەکاندا زمانی فەرمی بووە. زازاکی زمانی خانەدانەکان، ئەرستۆکراتەکان، بیرۆکراتەکان و بەڕێوەبەرانی دەوڵەت بووە.
دەوڵەتی پارتەکان لەلایەن دامەزرێنەری بنەماڵەی ساسانییەکانەوە، (ئەردەشێر) لەناوبرا. ئەردەشێر پاشای (ئارتابانی) تێکشکاند کە پاشای پارتەکان بوو و دەوڵەتی پارتی لەناوبرد، دەوڵەتی ساسانی پەرەپێدا و گەورەتری کرد. خەڵکی پارت گەلێکی جەنگاوەر بوون. هەروەها بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی پارتی ئەرستۆکراتی بەناوبانگ بوون. خانەدانەکان بە ناوی (ئەرشەک) بوو، بەناوبانگترین ئەرستۆکرات بوو لەو سەردەمەدا. ئەو شوێنەی کە پارتەکان حوکمڕانییان تێدا دەکرد، نزیکەی تەواوی خاکی کوردستانی ئەمڕۆیە. واتا لە هەمەدان پایتەختی ئیمپراتۆریەتی میدیا تا ڕووباری فورات لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی پارتدا بووە.
مێژوونووسانی فارس سەبارەت بە زمانی پارتەکان دەڵێن (زمانیان پەهلەوی بوو). دەوترێت پەهلەوی کۆن و زازاکی یەک زمانن. لە سەردەمی پارتەکان ناوچەی خوراسان ناوەندی پارتەکان بووە. لە قەفقاز گوندێک هەیە، دانیشتووانی گوندەکە خۆیان بە (ئێمە پارت) ناودەبەن. زمانی قسەکردنیان زازاکییە. ئەکەدیەکان: پارتەکانیان بە زمانی ئەکەدی ناویان دەبرد (پارتۆ) .
لە سەرچاوە ئاشووریی و هەخامەنییەکان و هەروەها هیرۆدۆت، پارتەکانیان بە (پارتا) ناو دەبرد. لەسەر تەختەگلینە ئاشوورییەکاندا کە لە سەردەمی ئیسارحەدۆنی پاشای ئاشووریدا نووسرابوو، دەوترێت کە (لە ساڵێک پێش لەدایک بوون، ئاشوورییەکان هێرشیان کردە سەر ناوچەی پارت و هەندێک لە پارتەکانیان بە دیل گرت) . لەنێویاندا یەکێکیان هەبوو بە ناوی (زاناسانا)ی پارت.
کاتێک ئیمپراتۆریەتی میدیا لەناوچوو و دەوڵەتی فارس دامەزرا، میدیا و پارتەکان یاخی بوون و دژی دەوڵەتی فارس شەڕیان کرد. هەروەک چۆن بە سەرکردایەتی شێخ سەعید ئەفەندی، کرمانج و زازاکان ڕاپەڕین، و پێکەوە شەڕیان کرد دژی حکومەتی کەمالیستی تورکیا، لەو سەردەمەدا، بە سەرکردایەتی (فراڤەرتیش میدی)، میدییەکان و پارتەکانن ڕاپەڕین و پێکەوە شەڕیان کرد دژی حکومەتی فارس..
ئەو زمانەی کە مێژوونووسانی فارس پێی دەڵێن پەهلەوی لەگەڵ زمانی پارتەکاندا یەکیان گرتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە لە سەردەمی جیاوازدا بە پارتەکان دەگوترا پەهلەڤ، پەهلەوی، پاهلێی. لە سەرچاوە ئەرمەنییەکاندا پارتەکان بە پەهلەوان ناودەبران. لە کرمانجی و زازاکیشدا هێشتا وشەی پەهلەوان، پێلێوان بەکاردەهێنرێت.
مێژوونووس نیلسۆن سی دیبیڤۆیس لە پەڕتووکی مێژوویەکی سیاسی پارتیا (ئەم پەڕتووکە لە ساڵی 1938 چاپکراوە) دەڵێت لەو تەختەگڵینانەی کە لە ئوروک دۆزراونەتەوە، ئەو کەسانەی پێیان دەگوترا پارتەکان بە ڕەچەڵەک گۆتین. پارتەکان و گۆتی یەک گەلن. (ئەم تەختەگڵینانە لە ساڵی 213 پێش زایین نووسراون) .
بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی پارتەکان، بنەماڵەی ئەرشیکی، لە هۆزی پارنین. ئەم هۆزانە لە جەرگەی خوراسانی ئەمڕۆشدا بوونیان هەیە. لە سەردەمی لەشکرکێشی ئەسکەندەری مەکدۆنی کە هەموو ئێرانی داگیر کرد، ئەوانەی لە دژی لەشکرکێشی ئەسکەندەری مەکدۆنی شەڕیان کرد، چوونە پاڵی پارتەکان. ئەسکەندەر کەسێکی مەکدۆنی کردە والی ناوچەی خوراسان. بەشێک لە دانیشتووان دژی دەسەڵاتی والییەکەی ئەسکەندەر مەکەدۆنی بوونەوە. سەرکردەی ئەم یاخیبوونە ناوی ئەرشەک بوو و لە هۆزی پارتەکان بوو. لە داستانە کۆنەکانی ئێراندا، پارتەکان بە (ئەشکانی) ناودەبرێن.
خانووی کۆن و کۆشکەکانیش پێیان دەوترێت خانووی پەهلەوی. ناوی پاشاکانی پارتەکان: (فورات) و (میهردات) و (میترا) بوون.
دەگوترێ ڕۆستەم پاڵەوان کە لە داستانە کۆنەکانی ئێراندا باس دەکرێت، خودی ژەنەراڵی پارتە سوورێنە بوو. ژەنەراڵی پارتی سوورێنە سوپای ڕۆمانی تێکشکاند و بوو بە ئەفسانە. ناوی ڕاستەقینەی ژەنەڕاڵ سوورێن ڕۆستەمەی زاڵه. لە کرۆنۆلۆژیای داستانە ئێرانییەکاندا، ناوی (کیانیەکان) لەنێو (پاڵەوانە پارتەکاندا) لە بەشی داستانی پارتدا هاتووە. کورد تا ئێستاش خەریکی نووسینی پەڕتووکە لەسەر قارەمانێتی ڕۆستەمی زاڵ.
ڕووباری فورات سنوورێک بوو لەنێوان پارتەکان و ڕۆمەکان. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، دانیشتووانی هەردوو دیوی ڕووباری فورات، کرمانچ و زازان، واتا کوردن. چونکە بە بڕوای من کورد پارتە. بنەماڵەیەکی شانشینی پارتەکان پێی دگوترێت (کام-سار) . ئەمە زۆر لە ناوێکی زازاکی دەچێت.
دەڵێن شاری کرماشان لەلایەن پارتەکانەوە دامەزرا بوو. ئەم شارە لە ڕابردووەوە شارێکی کوردی بووە و تا ئێستاش لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندایە. دانیشتووانی شارەکە و دەوروبەری هەموویان کوردن. ئەو کوردانەی کە بە شێوەزاری (گۆران)ی قسە دەکەن (گۆران وەک زازاکی وایە) لەو ناوچەیەن. ڕەنگە ئەم کوردە گۆرانانە خۆیان پارت بن. شای کرماشان لەو سەردەمەدا ناوی (یەزدجەرد) بوو. ناوی باوکی (بەهرام گۆرە) . هەردوو ئەم ناوانە هاوشێوەی ناوە کوردییەکانی شێوەزاری زازاکین.
پارتەکان شارێکی دیکەیان بە ناوی (ئەستێر ئاباد) درووست کرد و (زەردەکارتافیان) کردە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکەیان. مێژوونووسانی ڕەگەزپەرست و شۆڤێنیستی تورک، پارتەکان بە تورکمان ناودەبەن. ئەم بانگەشەیە لە بنەڕەتدا بەتاڵ، بەتاڵ، درۆیە. پارتەکان و تورکمان هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە. پارتەکان ئایین و زمانیان هیندۆئەورووپییە.
هەندێک دەڵێن دامەزرێنەری ئایینی (مانی) ئاشووری/سووریاییە. بەڵام، ڕاست نییە. مانی شازادەیەکی بە ڕەچەڵەک پارتە. هەرچەندە پارتەکان کریستیان نەبوون، بەڵام پەیوەندییان لەگەڵ ئەرمەنە خاچپەرستەکان باش بوو. پاشای پارتەکان (فورات) کچەکەی دا بە پاشای ئەرمەنەکان کە ناوی (تیگران) بوو. لە سەردەمی حوکمڕانی پارتەکاندا، هەموو ئێرانی ئێستا و هەموو کوردستانی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی پارتەکان بوو.
لە مێژوودا کورد ناوی لێنراوە: وتی، حوری، میتانی، سوباری، خالیدی، کاردۆکسی، کاسی، شێدادی، مەروانی و میدی. بەشێک لە کورد یان هەندێک ناوچەی کوردی بە ناوی ئەردەڵانی، هەورامانی، گۆرانی، بادینانی، شیقاکی، بۆتانی، سۆرانی، دێرسیمی، ئامێدی، سەرهێدی ناونراون. کوردەکانی زازا بە دیمیلی، کرداسی، زازییش ناسراون. پارتەکان لەوانەیە ناوێکی کاتی بێت. یان ناویان لە کۆنەوە هەروابووە.
بە پێی بۆچوونی من پارتەکان باپیرانی کوردانی زازان. بەڵام ڕەنگە ئەم تێڕوانینەی من هەڵە بێت و پارت لە زازادا نییە. بۆیە پێویستە مشتومڕ لەسەر ئەم بابەتە بکرێت و لێکۆڵینەوەی وردتر بکرێت، ئایا کورد بەشێکە لە زازا یان نا؟. [1]