#کەرکووک# لە مێژووی سەردەمە جیاوازەکاندا
شوان خورشید
نووسین و لێکۆڵینەوە لەسەر شارێکی وەک کەرکووک، زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت، کە بمانەوێت لێرەدا باسی بکەین، چونکە شارێکی دێرینی وەک کەرکووک چ لە ڕووی مێژویی و شوێنەوارە دێرینیەکانییەوە، چ لە ڕووی ستراتیژی و جوگرافی و جیۆپۆلیتیکی و سامانی سرووشتی و بە پیتی زەوی و هەڵکەوتە جیۆپۆلیتیکیەکەوە، وەک و شارێکی گرنگی ناوچەکە ڕۆڵی بینیوە لە ڕووداوە مێژویەکان، بەهۆی بایەخی ئابووری و سەربازی و بەستنەوەی شارو ناوچە جیاجیاکانی دەوروبەری بە یەکەوە، بۆیە هەمیشە وەک مێژووی دورو نزیک دەیگێڕێتەوە کەوا کەرکووک جێگای ململانێی داگیرکەران بوەو هەوڵ دراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت لەبەر گرنگی و بایەخی شارەکەو ناوچەکەی دەوروبەری.
گەر لە مێژووی شاری کەرکووک ورد بینەوە وەک مێژوونووسان باسی لێوە دەکەن زۆر ڕای جیاواز هەیە لەسەر درووست بوونی، چونکە لە سەردەمێکی ئاڵۆزو پڕ لە ململانێ درووست کراوە، هەرچەندە بوونی قەڵاکەی گەواهی ئەوە دەدەن کەوا کەرکووک شارێکی مێژوویی گرنگە لە ناوچەکەو لە سەردەمی خۆی دا و لە سەردەمی گەشەکردنی شارستانییەتی نێوان دوو ڕوبارەکە (میزۆپۆتامیا) دا درووستکراوە، بە نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش زاین مەزەندە دەکرێت، ڕای جیاوازیش لەسەر درووست بوونی هەیە هەوڵ ئەدەین قسە لەسەر چەند بۆچونێک بکەین.
وەک مێژوونووس و لێکۆڵیاران نووسیویانە کە گۆتییەکان یەکەمین نەتەوەن، بەردی بناغەی شاری کەرکووکیان دانابێت و، سۆمەری و ئەکەدیەکانیش دان بەو ڕاستییەیەدا دەنێن کە پایتەختەکەیان (ئارابخا ) بوەو، مێژووی درووستکردن و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دەگێڕنەوە بۆ ساڵانی 3500-4500ی پێش زاین، کاتێ گۆتییەکان لە دامێنی پێدەشتەکانی شارەکە قەڵایان بنیات ناوە بە ناسنامەی ئارابخا.
بۆچونێکی تر هەیە مێژووی درووست بوونی کەرکووک بۆ سەردەمی کلدانی و بابلیەکان دەگەڕێنێتەوە، بە ناوی ئارفە یان ئارەفە ناوبراوە.
بڕوایەکی تر باس لەوە دەکات کەیەکەم خشتی بنیاتنانی شارەکە لەلایەن (لۆلۆیەکان) ەوە، بوەو دکتۆر کەمال مەزهەر مێژوونووسی بەناوبانگی کورد لەگەڵ ئەم بۆچونە هاوڕایەو، پێی وایە لۆلۆییەکان کەرکووکی کۆنیان درووستکردووە. بۆچونێکی تر پێی وایە کەرکووک لەسەردەمی سۆمەرو ئاشوری و ئەکەدیەکان درووستکراوە.
هەرچەندە تا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی پشکنین و لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر قەڵای کەرکووک نەکراوە کە کەرکووکی ئێستای لێ کەوتۆتەوە، وەک مێژوونووسەکان درووستبوونەکەی بۆ هەزارەی دووەمی پ.ز دەگەڕێننەوە، ئەوەیان سەلماندوە کە قەڵای شاری ئارابخا یان (ئان ئیلانی) شارێکی کۆنەو بە زمانی ئەکەدیەکان ئال ئیلانی گەڕەک یان خوداوەند دەگەیەنێت. هەر لەسەر ئەم ڕایە (س.ج.گاد) لە گۆڤاری ئاشوریان و زانستی شوێنەواری ڕۆژهەڵات، لە1926 ئارابخا شارێکی دێرین و ناوەندی ئایینی و سیاسی ناوچەکە بوەو، بەشاری خواوەندو پایتەخت ناوی دەبات.لەبەر ئەوەی کەرکووک ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژی بووە بەچەندین سەردەم دا تێ پەڕیوەو لە هەر سەردەمێکیش دا ناوێکی لێ نراوە، کۆنترین ناوێک لە هێڵی بسماری ئەکەدی (2473-2530) دا هاتووە ئارابخا بوەو تا حوکمڕانی میدیەکان مابوەوە، بەڵگە مێژویەکان ئەوەیان سەلماندوە ئارابخا کۆنترین ناوی کەرکووکە کە لە نووسراوێکی مێخی لەبەشی خوارووی قەڵاکە لە 1923 دۆزرایەوە کەهی سەردەمی هەزارەی دووەمی پێش زاین بوە. شاکر خصباک پێی وایە کە ئەکەدی و سۆمەریەکان دان بە ناوچەیەکی گۆتییەکان دا دەنێن کە پایتەختەکەی ئارابخایە نزیک کەرکووکی ئەمڕۆ. هەروەها لەسەرچاوەکانی حامورابی دا 1750هاتووە ناوی کەرکووک بە ئارابخا هاتووەو بابلیەکانیش بە ئامیخە یان عرفە چواندویانە، کلدانیەکانیش کەرکووکیان بە ئارفە یان ئارەفە ناوبردووە، لەسەرچاوە ئاشوریەکانیش آربخا-کیرخی هاتووە.
کاتی میزۆپۆتامیا لە ساڵی 33ی پێش زاین کەوتە دەس ئەسکەندەری مەقدۆنی، دوای مردنی قەڵەمڕەویەکەی دابەش بوو بۆ سەر سێ فەرمانڕەوا بگلیموس، سلۆقس. نیگیفونس، ئارابخا واتا کەرکووک کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی سلۆقس و بە کرخ-سلوخ ناسرا وەک لەسەرچاوە ئارامیەکان دا بە کرخ-دبیت سلوخ ناوی هاتووە. هەروەها سلۆقس لەسەرچاوە ئارامیەکانەوە ناوی بە کرخا، دبیت، سلوخ کە یەکێکە لەو فەرمانڕەوایانە لە ساڵانی 175-312پ.ز حوکمی کردووە، لە سەردەمی سلۆقس کالێکۆس ساڵی 226ی پ.ز دەستەواژەی (کرخ سلخ) بەئارامی ( کەرخابت سلوخ) بە مانای شار یان قەڵای سلۆقس هاتووە.
لەسەرچاوە ئیغریقیەکان بە ئارابخویس ناوی هاتووە، سترابۆ لە 19-63ی پ.ز لە نەخشەی یونتیجیربە و جوگرافیای بەتلیموس دا بە (کرخورا) ناوی هاتووە، هەروەها بەتلمۆس گاودی ناوی کەرکووکی بە گوڕگوڕ هێناوە، جەمال ڕەشید لەگەڵ ئەم بۆچونەدا هاوڕایەو کرکر بۆ شەپۆل و گڕی ئاگرەکە دەگەڕێنێتەوە و پێی وایە بە تێپەڕینی کات گۆڕاوە بۆ بابەگوڕگوڕ و، شی دەکاتەوە کە گڕ لە زمانی کوردی دا واتا بڵێسەی ئاگر و دووبارە بوونەوەی ئەو دەنگە واتە گڕی ئاگرەکە. هەروەها ناوی کەرکووک بە بابەگوڕگوریش هاتووە، پێ دەچێت لە گڕگڕەوە هاتبێت کە شوێنێکی ئاگراویە نزیک بە کەرکووک.
هەندێ مێژوونووسیش کەرکووک یان ئارابخا بە (منس) ناو دەبەن ئاماژەیە بۆ تێپەڕبوونی ئەسکەندەری مەقدۆنی پێی دا، مێژوونووسی ڕۆمانیش بە کارک ناوی بردووە، هەروەها کارشا کە لە کارخاوە هاتووە باسی کردووە، ساسانیەکان بە کەرکین و کۆڕەک واتا گوندە سوورکراوەکەی میدیەکان ناویان هێناوە، ئیسلامەکان بە الکرخینی و لە سەدەی حەوتەمی کۆچی بە الکرخان یان الکرخینی ناوی هێنراوە.
لە ئەنجامی ئەم ڕاو شیکردنەوانەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەتێپەڕبوونی مێژووی سەردەمەکان ناوی کەرکووک چەندین گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لە شێوەی ( کەرخو، کرکی، کرخا، ، کەرەک، کەرخ، کەرخی، کەرخ سلوخ، کڕ، گرگر، کەرخینی، کەرخی، ئەربەخ، ئەرەنجا، عەرەفە، کەرخورا، کۆرکورا، کەرکینی، ئەرغبویس، و زۆری تریش) ، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە کۆنترین ناوی کەرکووک ئارابخا یان کارکۆک بووە واتا کاری کۆک، یان کاری گەورە دەگەیەنێت کە لە درووستکردنی قەڵای ئەو شارەدا هێزی مرۆی تێ دا بەکار هاتووە چونکە مانای کارکۆک واتای کاری تەواو یان کاری قوورس و ئەستەم، یان ئیشی ڕێکوپێک دێت، کاری تەواو یان کاری ڕێکوپێکیش لە درووستکردنی قەڵاکەی دەرەکەوێت چونکە درووستکردنی قەڵایەکی ڕوبەر فراوان و گەورەی وەک قەڵای کەرکووک کە تاکە سەرچاوەو میکانزمی درووستکردنی هێزی مرۆی بووە و هیچی تر، بەڵام بە پێی فەرمانڕەوایی هەر گەل و نەتەوەیەک و زمان و شێوەزار ناوەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە تا گەیشتووە بە کەرکووکی ئێستا، تەنانەت ڕژێمی #بەعس#یش بەبازدان بەسەر هەموو ئەو ناوە مێژویانەدا، ناوی پارێزگاکە لە کەرکووکەوە، دەگۆڕێت بۆ التامیم وەک هەنگاوێک بۆ بەعەرەبکردن کردن و سڕینەوەی کوردستانییەتی کەرکووک، لەسەروبەندی خۆماڵی کردنی نەوتی کەرکووک، کەواتە کەرکووک لە مێژوی دورو نزیکی دا گۆڕانکاری زۆر لە باری دیموگرافی و کارگێڕی دا کراوە، تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!