ناونیشانی بابەت: ئێستای ئەدەبیاتی منداڵانی کورد
ناوی نووسەر: #ڕۆستەم خامۆش#
لە ساڵانی ڕابردوو چەندین فێستیڤاڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی ئەدەبیی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ساز کراون، سەرەڕای کەموکووڕی و نەبوونی دادپەروەریی لە بانگهێشت کردنی میوانەکان و بەیەک چاو سەیرنەکردنی قەڵەمەکان، کە ئەوەش نەنگییە بۆ ڕێکخەرانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەبێ بە چاوی پڕ لە ئومێدەوە لێی بڕوانرێ و بەرز تەماشا بکرێ، دەست خۆشی لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەو فێستیڤاڵانە بکرێ، چونکە خزمەتکردنە بە ئەدەبی کوردی و زیاتر ناساندنییەتی بە نێوخۆ و دەرەوە، وە هەنگاونانە بۆ ئەوەی ئەدەبی کوردی بگاتە ترۆپک و داهێنانە ئەدەبییەکان دەربکەون.
بەڵام ئەوەی لەم نووسینەدا زیاتر مەبەستمانە و دەمانەوێ قسەی لەسەر بکەین، ئەویش باسی ئێستای ئەدەبیاتی منداڵانی کوردە، دەپرسین و دەڵێین: بۆچی لەو فێستیڤاڵە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی کە ساز کراون، وەک پێویست ئاوڕ لە ئەدەبی منداڵان نەدراوەتەوە؟ یان بۆچی فێستیڤاڵی لەو شێوەیە، تایبەت بە ئەدەبی منداڵان ساز نەکراون؟
بێگومان ناڵێین هەر هیچ نەکراوە دەربارەی ئەدەبی منداڵان، وەلێ دەڵێین بە قەد ئەو ئەدەبە گرنگ و پێویستەی منداڵان، مافی خۆی نەدراوەتێ و قسەی جدی لەسەر نەکراوە، چونکە منداڵ، واتا: مانەوەی نەتەوە و زمان و ئاییندەی وڵات و گەشە و بەردەوامی مرۆڤایەتی.
وەک دەزانین ئەدەبی منداڵان بەردی بناغەی بە کەلتوور کردنی خوێندنەوەیە و ئاشنا کردنی منداڵانە بەپەڕتووک و گۆڤاری تایبەت بەخۆیان، دواتر هەر ئەوانن کە لە داهاتوودا دەبنە خوێنەری باش و کەسانی ڕۆشنبیر و خاوەن قەڵەمی جوان، یاخود دەتوانین بڵێین: ئەدەبی منداڵان، ڕەگی داری ئەدەبی گەورە ساڵانە.
بۆیە دڵ پڕ لە هیوا و بە گیانی تژی لە ئومێد و گەشبینییەوە لە ئەدەبی منداڵانی کورد دەڕوانین و هەوڵی گەیاندنی دەدەین بۆ ئەوەی بگاتە لوتکە.
جا ئەوانەی دەتوانن بەردێک بخەنە سەر بەردێک، با ناوی خۆیان لە لاپەڕەی مێژوو تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی جێ دەستیان دیار بێ لە بنیاتنان و گەشە کردنی زیاتری ئەدەبی منداڵانی کورد.
چی بکەن؟ بەڵێ با بەرهەمی شاعیران و نووسەرانی ئەو بوارە چاپ بکەن، بەڵام لەژێر چاودێری لیژنەیەکی شارەزا و لێهاتوو، بۆ ئەوەی باشترینی نووسراوەکانی، وەک: شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت بکەونە بەر دیدەی گەشی منداڵان.
یان گرنگی بەچاپکردنی ئەو پەڕتووکانە بدەن، کە دەبنە هۆی ناساندنی ئەدەبی منداڵان و بەرچاو ڕۆشنی و شارەزا بوونی زیاتری قەڵەم بەدەستانی ئەو بوارە.
یاخود کاری زۆرتر بکرێ بۆ کۆڕ و فێستیڤاڵ و توێژینەوەی زانستی دەربارەی ئەدەبی منداڵانی کورد، تاکوو ئێمەی کوردیش ببینە خاوەنی جوانترین دەقەکانی ئەدەبی منداڵان و لە ڕەوتی پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی جیهان شوێن و پێگەی خۆمان هەبێ. [1]