تا ئێستا #08-06-2023# #پارتی دیموکراتی کوردستان# و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارتی گرفتی لەگەڵ ئەو بانکە هەیە کە وابڕیارە داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی تیادا دابنرێت، هاوکات بە ئەگەرێکی زۆرەوە پارتی بەشداری کۆبوونەوەکەی پەڕڵەمانی ئێراق ناکات.
هێشتا گفتوگۆکانی پارتی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، بە جۆرێک پارتی گرفتی لەگەڵ ئەوەدا هەیە کە ئەو بانکەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی تیادا دانەدرێت یان دەبێت ئاڕتی بانک بێت یاخود بانکێک بێت لە تورکیا، ئەمەش لەلایەن سەرکردەکانی ئیدارەی دەوڵەت ڕەتکراوەتەوە و پێیان وایە دەبێت داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەژێر چاودێری وەزارەتی دارایی ئێراقدا بێت و پێویست ناکات بانکێکی دەرەکی هەڵسوکەوت بە داهاتی نەوتی هەرێم بکات.
پارتی زۆر پێداگرە کە دەبێت ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە بانکێک دابندرێت کە پارتی پێی ڕەزامەند بێت، ئەگەر ئەو داواکارییەی جێبەجێنەکرێت بە ئەگەری زۆرەوە پێناچێت فراکسیۆنی پارتی بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی 08-06-2023 پەڕڵەمانی ئێراق بکەن بۆ دەنگدان لەسەر بودجە.
هەرچی فراکسیۆنی یەکێتییە هیچ گرفتێکیان نییە لەسەر ماددە و بڕگەکانی بودجە. تەنیا جەختیان لەوەکردووەتەوە کە دەبێت بڕگەی پاشکەوتی مووچە وەک خۆی بمێنێتەوە و هەروەها بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکانیش یەکێکی دیکەیە لە داواکارییەکانی یەکێتی کە دەیەوێت ئەو بڕگەیە دەستکاری نەکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەگەر پارتی بەرانبەر بە #سلێمانی# کەمتەرخەمی کرد ڕاستەوخۆ داوا لە ئێراق بکەن بودجەی سلێمانی ڕەوانە بکەن. [1]